Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
یوسف عیزەدین له‌ تەوەرى نووسەر و خۆكوشتن

یوسف عیزەدین له‌ تەوەرى نووسەر و خۆكوشتن

Closed
by August 27, 2008 گشتی

 یوسف عیزەدین له‌ تەوەرى نووسەر و خۆكوشتن
 سازدانى: رابەر فاریق


  
 رابەر فاریق: چى كۆمەكمان دەكات بۆ ئەوەى بزانین كە نووسەر لەڕووى جەستەیى، یاخود رۆحى لەناوچووە؟

  یوسف عیزەدین: دیارە بەوپێیەى تەوەرەكەتان پێوەندى بەخۆكوشتنەوە هەیە، بەواتایەكى دیكە مەرگى ئیختیارى، یان ئیختیارى مەرگ. بۆیە بەپێویستى دەزانم كەئاماژە بەوە بدەم، مەرگیش بۆخۆى مێژوویەكى لەبیركراو یان هەندێك جار نەزانراوى هەیە، سەربارى ئەو مەرگەى كەبەپێى جیاوازى كۆمەڵەكان و لەڕوانگەى جوداوە زانراون. "ئیڤان ئیلیچ" زۆر بەوردى توانیویەتى لەو وتارێكیدا بەناوى ( مەرگ دژ بەمەرگ )، رۆبچێتە نێو نەزانراوەكانى مەرگەوەو بەتایبەتیش كەئاماژە بەچاخەكانى نێوەڕاستى ئەوروپا دەدات، هەر بۆنمونە باس لەنەخشى سەر گۆڕێكى پاریس دەكات لەساڵى"1424"دا كەوێنەى كۆمەڵێك كەسى مردووى تێدایە لەكاتى سەماكردنداو هەر لەقەشەوە بۆ كەسە ئاساییەكان و ئەمەش لەو سەردەمەدا بە"سەماى مەرگ" ناسراو بووە، ئەوەشى سەیرە گاڵتەجاڕى ئەو وێنەو نەخش و نیگارانەیە بەخودى مەرگ و هەوڵدانێتى بۆ دەرهێنانى لەو تەقدیسكردنەى كە مەرگ بەدرێژایى سەردەمانێك هەیبووە. گرنگیدان بەمەرگ لەو سەردەمانەداو هەوڵدان بۆ تێكشكاندنى قودسیەتى بوونى، وا لە"هانس هۆلبین" دەكات لەساڵى"1538"دا بۆ یەكەمینجار كتێبێك بەوێنەوە دەربارەى مەرگ بڵاوبكاتەوە، ئەمە لەو سەردەمەدا رێنیسانسێك بووە، گۆڕانكارییەكى زۆر قوولأ بووە دەرحەق بەچەمكى مەرگ. خۆكوشتنیش شانبەشانى مەرگ، لەدێر زەمانەوە هەبووەو ئێستاش هەیە، رەنگە گەڕان بەشوێن مێژووى نەزانراو نەنووسراوى خۆكوشتندا یەكێك بێت لەكارە سەختەكان، بەڵكو ئاستەمەكان. چونكە كۆنترین كتێبەكانى میسیۆلۆژیاو دواتر ئایینەكان باسى كوژرانى مرۆڤمان بۆ دەكەن بەدەست مرۆڤێكى دیكە، گەرچى هەرهەموویان كردەى خۆكوشتنیان بەحەرام زانیوەو لەڕوانگەى تابۆ ئاینییەكانەوە یاساغیان كردووە، كەواتە ئەگەر هەر لەترازانى مرۆڤ لەدنیاى ئاژەڵان خۆكوشتنیش هەبووبێت، ئەوە بۆ هەبووە، هۆكارەكانى چیبوون، لەمڕۆدا خوێندنەوەى ئێمە بۆ مێژووى ئەو كردەیە چییە و ئەمانە زۆر پرسیارى دیكە قابیل بەكردنن.
 بەڵام كاتێك باس و خواس دێتە سەر تەوەرێكى تایبەت بەخۆكوشتنى نووسەران ئەوەندەى لێرەدا دەرفەت هەبێت هەوڵى راڤەكردنى دەدەین، ئەوەى كەتایبەتە بەپرسیارەكەشتان ئەگەر مەبەستتان لەنووسەر "دانەرى" تێكست بێت، نەك نووسەر بەواتا فراوانەكەى و بوارە جیاجیاكانى نووسین. ئەوە دەكارێت بڵێین دانەرى تێكست كەئێوە بە"نووسەر" ناوى دەبەن، وەك ناوێك بۆ شووناس پێبەخشینى تێكستێك، یان ناسینەوەى بەرهەمێكى دیاریكراو، زادەى زەمەنێكى هێندە كۆن نییە. پێشتر حیكایەتخوانەكان لەپشت حیكایەتەكانەوە سەربارى بوونیان، بەڵام وندەبوون، یان لەجێى ئەوەى یەك كەس بن چەندین كەس بوون و پاش سەفەرى دوور و درێژى حیكایەتیش لەزارێكەوە بۆ زارێكى دیكە، ئەوەى نەدەناسرایەوە حیكایەتخوان بوو، لەكاتێكدا كاراكتەرى نێو حیكایەتەكان هەردەم حزوریان هەبوو.
 كردنە ئەفسانەى نووسەر"دانەرى" تێكست زادەى واقیعێكى كۆمەڵ و زەمەنى بەهادانانە بۆ تاك وەك خوڵقێنەر، ئیدى ئەمە دەگاتە ئاستێك خودى حیكایەتى ژیان و بەسەرهاتى لەجێى دانەر یان بابڵێین"نووسەر" دێتە پێش تێكستەوە، بەچەشنێك وەك نمونەیەك ماجەراى ژیانى دۆستەیێڤسكى و بەسەرهات و چەرمەسەرییەكانى بۆتە ئەو كۆریدۆرەى كەخوێنەران لەوێوە دەچنە نێو پاساژى دنیاى نووسینى ئەو زاتە، ئەمە فێلێكە بۆ تەشویقكردن و راكێشانى خوێنەر و بردنە ناوەوەى بۆ نێو دیناى تایبەتى نووسین، بەڵام ئاشكرایە كەبەشێكى زۆرى ئەو خوێنەرەى ئاوا پەلكێشى خوێندنەوە دەكرێت، ئاگایەكى لەتێكست وەك خۆى نییەو ئەمەش ئیشكالێكى گەورەى دنیاى نووسینە، بەلەبەرچاو گرتنى جودایى نووسەر و تێكست.
 " فۆكنەر" دەڵێت:( ئەوەى كەگرنگە هاملێت و خەونى شەوێك لەنێوەڕاستى هاوین- دایە، نەك ئەو كەسەى كەنووسیویەتى، دانەر هیچ گرنگییەكى نییە، گرنگ ئەو شتەیە كەدایدەهێنێت ).
 دیارە زۆر راستە دانەر"نووسەر" هیچ گرنگییەكى نییە، بەڵام ئەوەى لەمڕۆدا خودى رەخنەكارانیش كارى لەسەر دەكەن ژیان و ماجەراى نووسەرەكانە، زۆر بەسانایى لەوە حاڵیمان دەكەن مادەم كافكا باوكى لەگەڵى خراپ بووە، كەواتە تەواو دۆزیمانەوە، كۆمپلێكسى ئەو نووسەرە باوكەو ئیدى بەم چەشنە تێكست دەبێتە سفر لەئاست باڵابوونى نووسەردا و ئەگەر ئەم جۆرە خوێندنەوانەش نووزەیەك لەتێكستدا بهێڵن، ئەوە ئاستەمە تێكست و خودى نووسەرەكە لێك جودابكرێنەوە.
 "مالارمآ" یەكێكە لەوانەى كەهەستى بەو گرفت و لەمپەرەكردووە بۆیە دەڵێت:( ئەوەى كەدەدوێت زمانە نەك دانەر )، دیارە ئەم گوتەیەش بەمەبەستى دانانى تێكستە لەشوێنى شیاوى خۆى، سەربارى جێهێشتنى شوێن بۆ خوێنەر، چونكە وەك دەڵێن: ( لەدایك بوونى خوێنەر پەیوەستە بەمەرگى دانەرەوە)، بەڵام بەشێكى زۆرى ئێستاى نێوەندى ئەدەبى كوردى بەنووسین و رەخنەشەوە، كاركردنێكى شەخسییە لەسەر خودى دانەر و پەیوەستە بەژیانى شەخسى و شەشنى هەڵوێست و كێشمانكێش و ململانێیەكانى و جۆرى ئینتیماى بۆ شتگەلێك یان شتێكى دیاریكراو، ئەگینا قسەو باس لەسەر تێكست بەدەر لەوەى كآ نووسیویەتى هێشتاكە جێگەى قسەو باس نییە. ئەگەر وەك گریمانێك ئەگەر لەمڕۆوە ناو نەخرێتە سەر تێكست و دانەر بخرێتە پەراوێزەوە، دەبێت چەند لەڕێژەى ئەو هەموو نووسینەى ئەمڕۆ كەم ببێتەوە، رەنگە كەسانێكى زۆر كەم بەدەر لەبوونى ناویان و ناوهێنانیان بەجدییەتەوە هەوڵى نووسین بدەن؟!.. ئەودەمیش بەڕاستى خوێنەر تووشى ئەم چەواشەكارییەى ئێستا نابێت، چونكە ئەوەى لەبەردەستیدایەو دەیناسێت تەنها تێكستە، نەك ناوێكى تەقدیسكراو كەهچ ئیرادەیەكى رەتدانەوەو بەرپەرچدانەوەو رەفزكردنى تێدا نەهێڵێت. وەك "رۆلان بارت" یش دەڵێت:( دانەر تەنها لەساتەوەختى بەرهەمهێنانیدا نەبێت بوونى نییە، منیش وەك خۆم لەئەزموونە خاكییەكەمەوە هەستم بەمەكردووە، پاش نووسین هیچ نامێنێت لەبارەیەوە بڵێم، هیچ پێوەندییەكى خاوەندارێتى و بەڕێوەبردن بەوم نابەستێتەوە ).
 جا سەبارەت بەپرسیارەكەتان دەتوانم بڵێم، كاتێك دانەرمان لەدەرەوەى ساتەوەختى نووسین بینییەوەو وەك هەر كەسێكى دیكە تێمان روانى، ئەودەم دەتوانین بڵێین چى دەبێتە مایەى لەناوچوونى رۆحى یان ماتەریالى كەسێكى ئاسایى هەر هەمان شتیش نووسەریش دەگرێتەوە.
 
 رابەر فاریق: ئەگەر نووسین رۆنانى دنیایەكى دى بێت بەوشە، دەكرێت لەهیچ حاڵەتێكدا، خۆكوشتن دەلالەت لەوەها حاڵەتێك بكات؟

 یوسف عیزەدین: "فۆكنەر" دەڵێت:( هەموومان سەبارەت بەرێكردنمان لەگەلأ خەونەكانمان بەرەو كاملأ بوون شكستمان هێنا، بۆیە من سەركۆنەى خۆمان دەكەم دەرحەق بەو شكستە گەورەیەمان بۆ بەدیهێنانى ئاستەم… هەر ئەمەشە هۆكارى بەردەوامبوونى دانەر و هەوڵدانى چەند جارەى، چونكە هەر جارەى وا هەست دەكات، كەلەهەوڵدانەكەیدا سەركەوتوو دەبێت، دیارە بێگومانیش نایگاتآ و سەركەوتوو نابێت.. ئەگەر توانیشى كارەكەى لەگەلأ وێنە و خەون بگونجێنێت و ئەو كارە بەئەنجام بگەیەنێت، ئەوە هیچ شتێكى بۆ نامێنێتەوە بێجگە لەبڕینى قوڕقوڕاگەى و بازدان لەترۆپكى كاملأ بوونەوە، واتە بەرەو هەڵدێرى خۆكوشتن ). كەواتە لەڕوانگەى "فۆكنەر" ەوە، دانەر كاتێك ناچارە خۆى بكوژێت گەر بەشێوەیەكى مەجازیش بێت، ئەو دەمەى دەتوانێت تێكستێكى كاملأ بنووسێت، كەواتە بەڕاى ئەو ئەوەى كەخۆكوشتنى دانەر دوور دەخاتەوە، هەوڵدانیەتى بۆ نووسینى ئاستەم یان گەیشتنە ئاستەم. دیارە ئەمەش پێچەوانەى ئەو راوبۆچوونەیە كەپێى وایە زۆرێك لەو نووسەرانەى كەخۆیان كوشتوە، هۆكارەكەى نەتوانینى نووسینى تێكستێكى جوداو جیاواز بووە، كەواتە خۆكوشتنى دانەر پەیوەست دەكەن بەشكستەوە. زۆر میتۆدى دیكەو راو بۆچوونى دیكەش هەن، كەهەریەك لەڕوانگەى جیاجیاوە مامەڵە لەگەلأ پێوەندى دانەر و خۆكوشتن دەكەن، بەڵام وەك "مالارمآ" دەڵێت:( هەموو میتۆدەكان وەهمن ).
 نیگەرانى و دڵەڕاوكێمان بەرانبەر بەوەى لەمڕۆدا كامەیە بەهاكانى مرۆڤبوون، بەتایبەت مرۆڤبوون بەهایەكى سەقامگیر و جێگرى نییەو سایەو سێبەرى ریالیتەیەكى دەرەوەى خۆشى نییە. دنیاى جەنجاڵى ئەمڕۆ تەراتێن لەمابەینى ئەڵتەرناتیڤەكاندا دەكات، ئەو ئەڵتەرناتیڤانەى بنەماى و سەركى و سەرەتاى دەركەوتنیان نەزانراوە، ئەگەر یەكێك لەبنەماكانى زیندەبوون، بوونى ئیرادەى خوڵقاندنى ژیان بێت، ئەوە مافى نەفیكردنەوەى زیندەبوون و نەمانیش بەشێكە لەسیماكانى زیندەبوون. كەواتە خۆكوشتن بەدەر لەماهیەت و تەفسیرە نێگەتیفەكانى، ئیختیارێكى مرۆڤەو جیاواز لەبوونەوەرەكانى دیكەو بەشێوەیەكى بەرچاوتر و زیاتر لەمێژەوە لەمێژوویى مرۆڤایەتیدا شوێنجێگەى لەژیانى مرۆڤدا هەبووەو هەیە. هەربۆیە زۆربەى ئایینەكان باسیان لەخراپى كردەى خۆكوشتن كردووەو هەوڵى قەدەغەكردنى خۆكوشتنیان داوە. سەیر و سەمەرەیى خۆكوشتنى "سامۆرایى"ییەكان وەك دیاردەیەك سەرنجى زۆر كەسى راكێشاوە، یەكێك لەحیكایەتەكان باس لەگروپێكى سامۆراى دەكات، پاش تۆڵە سەندنەوە دەرحەق بەكوژرانى سەرۆكەكەیان لەدەسەڵاتدارێك و كوشتنى خۆى و دارو دەستەكەى، هەرهەموویان بەكۆمەلأ خۆیان دەكوژن!؟.. ئەوەى تائێستا بۆتە پرسیار ئەوەیە كەبۆ پاش توانستیان بۆ تۆڵەسەندنەوەو لەناوبردنى نەیارەكەیان، خۆیان كوشتوە، باشە ئەگەر خۆیان نەكوشتایە چى روویدەدا، یان پاش خۆ كوشتنیان چى روویدا، ئەمانەو زۆر پرسیارى دیكە، شایانى گوتنن؟!.
 
 رابەر فاریق: كەنگآ پرۆسەى خۆكوشتن تێكەڵاویى ئاگایى، یان نائاگایى دەبێت؟

 یوسف عیزەدین: ئێمە هەموومان وەك بوونەوەرێك هەڵگرى دوالیزمى ژیان و مەرگین، ئەمە چ وەك غەریزەو چ وەك ئەو هۆشمەندییە رێژەییەى كەهەمانە، لەگەلأ جیاوازى كات و شوێن و رۆژگارەكان. دیارە ئەوەندەى حەزمان بەدرێژبوونەوەى تەمەنمانەو هیواى پآ دەخوازین، ئەوەندەش مەرگمان لا یەقینەو دەرفەتى گومانمان نییە لێى، هەرچەندە هەن پێیان وایە زیندوو دەبنەوە، یان وەك رۆحێك لەجەستەیەكى دیكەداو بەدەوران دەروى دۆناو دۆندا دێنەوە بوون، بەڵام ئەگەر هەموو ئەمانە تەنانەت لاى باوەڕدارانیشى یەقین بووایە ئەوە لەمەرگ نەدەترسان؟!.
 ئیدى زۆرجار باوەڕهێنان بەحەتمیەتى مەرگ یان هەر هۆكارێكى دیكە بەرەو خۆكوشتن پاڵمان پێوەدەنێت. لەدوایەمین ئامارى تایبەت بەرێژەى مردووانى چین ئەو راستیە دەركەوت، كەلەسآ بەشى ئەوانەى كەمردوون بەشێكیان ئەوانەن كەخۆیان كوشتوەو زۆررترین ژمارە خۆكوژەكانیش نێرینەكانن، ئەمانە زۆر شتى دیكەى تایبەت بەخۆكوشتن، لەمڕۆیەكدا كەبۆتە دیاردەیەكى جیهانى راڤەكارى و لێوردبوونەوەى زۆر وردى دەوێت. رەنگە ئەوەى كەپەیوەستە بەهۆكارەكانى خۆكوشتنەوە كارێك نەبێت راڤەكارییە تەقلیدییەكان دەڕۆستى بێن. زۆر پەنهان و نهێنى لەنێو ئەو ساتەوەختەدا خۆى حەشارداوە كەپێى دەگوترێت ساتەوەختى خۆكوشتن. سەیر نییە زۆرێك لەوانەى كەلەژوورى لەسێدارەداندا چاوەڕێى تەنفیزى حوكمن ئەگەر ئیختیارى خۆكوشتن بخەیتە بەردەستیان ناتوانن خۆیان بكوژن و چاوەڕێى جەللاد دەكەن تا وەك قوریانییەك بیانكوژێت. بۆیە تواناى ئەو كەسەى كەدەتوانێت خۆى بكوژێت، شتێكى سەرپێى و راگوزەر نییە، ناكرێت بەتەواویش پەیوەستى بكەین بەبارێكى دەروونییەوە. سەیر نییە كاتێك وەك راستییەك پەى بەوە دەبەین كەكەسە شێتەكان و نیمچە شێت و بارى دەرووونییە شێواوەكان كەمجار هەبووە خۆیان كوشتبێت، لەكاتێكدا زۆریان دەتوانن شاڵاو بۆ كەسانى تر بەرن و تەنانەت بشكوژن؟!.
 ئیدى خۆكوشتن وەك كردەیەك سەربارى هەر شتێك یەكێكە لەو كردانەى كەلەمێژەوە پاڵەوانى دروستكردووە، وەك چۆن "هانیبال" بەخۆكوشتنى بووە پاڵەوان و ئەفسانەو توانى لەكۆنترین زەمەنەوە وەك ناوێك بگاتە ئێستا. ئەم زاتە فینیقییە شتى زۆر سەیر و سەمەرەى كرد هەر لەڕێكردنى پێنج شەش مانگى نێو بەفر، بەخۆیى و سوپاكەیەو بڕینى چیاكانى ئەڵب و لەهەمووشى سەیرتر هێنانى فیل بوو لەگەلأ خۆى، تابردینیە بەدرەم دەركەكانى رۆما، كەچى ئەو پیاوەى لەمێژوودا هێشتەوە خۆكوشتنى بوو پاش شسكت هێنانى لەبەردەم رۆمانەكاندا. شتێكى سەیرى دیكەش زۆرێك لەو بیرمەندو نووسەرانەى تیۆریزەى خۆكوشتنیان كردووە، لەبارەیەو تەنزیر و نووسینیان هەبووە خۆیان نەكوشتووە، كەچى ئەوانەى لەژیانیاندا قسەو باسێكیان سەبارەت بەخۆكوشتن نەبووە، لەئان و ساتێكدا خۆیان كوشتووە، هەر بۆ نموونە كەسێكى وەك هێمنگواى كەخۆكوشتنى زۆر نائاسایى دێتە پێش چاو، بەبەراورد لەگەلأ ژیان و تێكستەكانى، لەكاتێكدا ئەگەر كامۆ و سارتر و بیكیت خۆیان كوشتبا زۆر ئاسایى دەهاتە پێش چاو، هەرچەندە خۆیان نەكوشت و كامۆ بەڕوداوێك مرد و دوانەكەى دیكەش بەمەرگى سروشتى.

 رابەر فاریق: خۆكوشتن پەیوەندى بەجورئەتەوە هەیە؟

 یوسف عیزەدین: ئەگەر بڵێین بەشێوەیەكى رێژەیى خۆكوشتن پێوەندى بەجورئەتەوە هەیە، ئەوە دەكەوێتە سەر ئەوەى تێڕوانینمان بۆ جورئەت چییە؟!.. دەبێت بڵێین كام جورئەت ئەو جورئەتەى كەلەڕوانگەیەكى تەقلیدییەوە راڤە دەكرێت، یان ئەوەى لەڕوانگەیەكى ناتەقلیدییەوە راڤە دەكرێت.. هەرچۆنێك بێت كوشتنى خود لەكوشتنى كەسێكى دى شەریفانەتر و جوانترە، هەر هیچ نەبێت ئەو كەسەى كەخۆى دەكوژێت تەجاوز ناكاتە سەر ژیانى خەڵكانى دیكەو مافى ژیانیان لىَ زەوت ناكات.
 رابەر فاریق: دەكرێت دەوروبەر بچنە نێو پرۆسەى خۆكوشتنەوە؟
 یوسف عیزەدین:   ئیشكالی زۆرێك لەتێزە فەلسەفییەكان لەوەدایە بوون وەك خۆى و مەعریفەى ئێمە سەبارەت بەبوون تێكەلأ دەكەن، بەم شێوەیەش بوون دەبێتە چەمكێكى ئەقڵى ئەبستراكت. هەردەم پێوەندى "من" بەكەسانێكەوە كەبەقەولى" هایدگەر" بە"ئەوان" ناودەبرێن و ئەوان بەشێكن لەو دیزاینە گەورەیەى كەهەمیشە بۆشاییەكانى نێوان شتەكان پڕ دەكەنەوە تا ئەو رادەیەى هەموو شتێك دەكەنە یەك و هاوشێوە، لەمیانى ئەمەشەوە تواى كەشف و گەڕانمان سنووردار دەكرێت، رآ بەموجازەفەو هەوڵدانمان بۆ زانین سنوردار دەكرێت، بەهەرحاڵ بەمەبەستى ئەوەى درێژەى نەدەمآ دەڵێم ئەوەى كەئێوە پێى دەڵێن دەوروبەر و ئەوەى كەپێشى دەگوترێت خۆمان، لەمڕۆدا جیاكردنەوەى ئەگەر ئاستەمیش نەبێت زەحمەتە.
 
رابەر فاریق: بەربەستبوونى دەوروبەر لەبەردەم پرۆسەى خۆكوشتندا واتەى لێسەندنەوەى ئازادیى تاكەكەس دەگەیەنێت؟

 یوسف عیزەدین: ئێمە پێش ئەوەى ئازادیى خۆكوشتنمان لىَ بسەنرێتەوە هەموو ئازادییەكانى دیكەمان لىَ سەندراوەتەوەو بەخۆڕا لەدنیایەكى بێمانادا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین، دواجار ئێمە جگە لەمەرگ چاوەڕێى چى تر دەكەین. وەك "تاوى"ییەكان دەڵێن: ( تاو دەفرێكى بەتاڵە، بەكاردەهێنرێت بەبآ ئەوەى كەپڕكرێتەوە ). ئیدى ژیانى ئێمە ئەو دەفرە بەتاڵەیە كەپڕ ناكرێتەوە، چونكە هەردەم خاڵییە، خاڵییە لەواتاكانى ژیان.. تۆ ئەگەر ماوەیەكى دیاریكراوت هەبێت بۆ ژیان چ واتایەكى هەیە بژیت یان بمریت، هەر هەمووى عەبەسێكەو ئێمەیەك بۆ بەدبەختیمان لەڕێى هۆشەوە دركى پێدەكەین و تامەرگ گیرۆدەى ئەو راڤەكاریانە دەبین كەهەوڵى بەخشینى مانایەك بەژیان دەدەن، بەڵام وەك راستییەك ژیان زۆر لەوە بێماناترە كەئێمە تەسەوورى دەكەین و خۆمان پێوە سەرقاڵكردووە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.