Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
یەکێتی   لە چاوەڕوانیدا …   رزگار عومەر

یەکێتی لە چاوەڕوانیدا … رزگار عومەر

Closed

 

 

 

      پاش نەخۆش کەوتنی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، کەم نین ئەو بۆچون و لێکدانەوانەی کە بە شوێن وێنا کردنی بارودۆخی ئەو حیزبە سیاسیەن بۆقۆناغی ئایندە  لە ئەگەری مردنی جەلال تاڵەبانیدا . پەرت بوون و ئینشیقاق و دابەش بوونی کوتلەکان بەلای بزوتنەوەی گۆڕان یان بەلای پارتی ، یان پێک هێنانی حیزبی بچووک هەمووی ئەو سیناریۆ و ئەلگۆیانەن کە شی کردنەوەکان پێمانی نیشان دەدەن ، هەندێکیشیان واوەتر دەڕۆن لەو بڕوایەن کە ڕەنگە شەڕیش لە نێو کوتلەکان ڕووبدات . 

     دەکرێ بەشێک لەو لێکدانەوانە پشتی بە چەند فاکتێکی مەوزوعی بستبێت بۆ ڕەوابوونی ساغ بوونەوەکانیان ، دەشێ هەندێکیان پشتی بە هەندێ هەواڵی زۆر تایبەت بستبێت کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە فۆرمی ( سەرچاوەیەک ) لە مەکتەبی سیاسی ” وای ووت ” و ئیتر دەبێ بە هەڵا لە نێو میدیادا ! کەلە ڕاستیدا  ئەم هەواڵ و سەرچاوانەش دەکرێ پۆلینیان بکەین بۆ دوو حالەت ،  یەکەم  حاڵەت ؛ دروستەو کەسایتیەکان راستەوخۆ یان بە نەهێنانی ناوی خۆیان تەسریحات دەدەن ، حاڵەتی دووەم زادەی خەیاڵی میدیایە کە لە ئەمڕۆی کوردستاندا نانی لەسەر بزنسی ” هەواڵە “ە بە تایبەتی هەواڵی شازو بە پەلە . 

     لە دەرەوەی هەموو ئەو تەپ و تۆزو دەرزەنە لە شیکارو لێکدانەوەیە بۆ قۆناغی دوای تاڵەبانی چەند ڕاستیەکی مەوزوعی  سەنگ و سێبەری وەکو خۆی ماوە . کە ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ تیشک خستنە سەر ئەو ڕاستیانە ، تا دەرفەتی ئەوە هەبێ خوێنەر خۆی بە لێکدانەوەیەکی ڕیژەیی بگات بۆ ئەمڕۆی ئەم بارودۆخە .

    بۆ ئەوەی وێڵ نەبین لە بەد حاڵی بوون ، پێویستە ئەوە بڵێین کە تێگەیشتنی ئێمە لەوە هاوبەشە کە مام جەلال بە هێزترین کەسایەتی دەستڕۆیشتوی ئەم حیزبەیە . لە گەڵ ئەوەشدا ، ئەو لێکدانەوەی کە پێی وایە مام جەلال تاقە فاکت و تەنیا چەتری کوتلەکان و بە یەکەوە مانەوەیانە بە یەکەوە لە یەک حیزبدا لێکدانەوەیەکە کەموکورتی بنەڕەتی تێدایەو ناتوانێ وەڵامی تەواو فەراهەم بکا ! 

چونکە ، مێژوی جیابوونەوەکانی نێو یەکێتی لە بابەتی : ئاڵای شۆڕش ، بزوتنەوەی گۆران پێمان نیشان دەدا کە بەشێک لە رەخنەکانیان و هۆی ڕۆیشتن و جیابونەوەکانیان پەیوەندی بە دەستڕۆیشتویی ئەو تاقە کەسە هەبووە ، بەو مانایەی ئەم ” چەتر ” بوونە هیچ پایەیەکی مادی نییە بۆ هێشتنەوەی کوتلەکان بەیەکەوە ئەگەر بێتو ئەلتەرناتیڤی کوتلەیەکی دیاری کراو ، یان ئیرادە سیاسیەکەی بەو رادەیە بووبێت کە تەسەوری درێژە دان و مانەوەی سیاسی خۆی کردبێت لە دەرەوەی ئەم حیزبە  ، کەیسی بزوتنەوەی گۆڕان نمونەیەکی زیندووی ئەم حاڵەتەیە . 

     دژایەتی کوتلەکان لەگەڵ یەکتر ڕاستیەکە پێویستی بە لێکدانەوەیەکی قوڵ یان مێژویی نیە . خەسڵەتەکانی ئەو کوتلانەی کە ئێستا لە نێو ئەم حیزبە ماونەتەوە بە کۆی جیاوازیەکانیان و دژایەتیەکانیان ،  هەندێکیان تەواو شەخسین ، هەندێکیشیان ناوچەگەرین . بەڵام ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە بە یەکەوە زۆر بە هێزترە لەو فاکتانەی لێکیان دوور دەخاتەوە ! لە بەر هۆیەک کە دانە دانەی سەرۆک و کەسایەتی ئەم کوتلانە دەرکی پێدەکەن و بە جدی حیسابی بۆ دەکەن . ئەوان هیچیان سەد لە سەد بەهرەمەند نین لە پایەکی بەهێزی جەماوەری کە وەک هێزی کۆمەڵایەتی یەکلاکەرەوە پشتی پێ ببەستن (هەروەکو ئەوەی گۆڕان خۆی گرێ دا بە توڕەیی جەماوەر لە دەسەلاتی سیاسی)، هیچیان سەرچاوەیەکی ئابوری ، یان سیاسی ڕۆشنیان نییە کە ئاسۆ بێت و هاندەر بێت و تا ” ئیرادەی ” جیابوونەوەی پێ بکەن ، چونکە مەعلومە بۆ هەر یەک لەم کوتلانە یەکەم ڕۆژی جیابوونەوە یەکەم ڕۆژی لە ناوچوونە لە باری سیاسیەوە .

ئەگەر بەم لێکدانەوەی سەرەوە ڕازی بین ، ڕەنگە پرسیارێکی جدی کە تەگەرە دروست بکات ئەوەیە ئەی ئەو فۆرمە یان ئەو شێوازو چوارچێوەیە چۆن دەبێت کە ئەم کوتلانە درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن لە گەڵ یەکتر ؟ مەرج نیە لە توانادا هەبێت لە ئەمڕۆدا وەڵامێکی کۆنکریت هەبێت بۆ ئەم پرسیارە جدیە . بەڵام ، خاڵێکی مەعلوم ئەوەیە کە لە دەرەوی ئەم حیزبە نیازێکی جدی ئیقلیمی و ناوخۆیی هەیە کە سەپۆرتی مانەوەی ” یەکێتی ” دەکا بە یەکگرتوویی ، ئەم نیازە کە کۆی دەکەیەوە لە گەڵ بێ ئاسۆیی دانەی دانەی ئەم کوتلانە بۆ سیاسەت کردن لە دەرەوەی یەکێتی ، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە یەکێتی ڕەنگە لەباری مێژویەوە دەست بۆ جۆرێک لە ” تەوافوق ” ی سیاسی ببا کە بتوانێ ئەگەر بۆ قۆناغێکی کاتیش بێ تەماحی هەموو کوتلەکان موراعات بکات و یەکێتی وەک  ” یەکێتی ” کوتلەکان بمێنێتەوە .

 

orezgar@yahoo.ca

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.