Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یەکەم …. نەوزاد بەندی

یەکەم …. نەوزاد بەندی

Closed

 

 

 

-1-
یەکەم شیعرم ،
جەمال خەمبار خوێندیەوە
لە تەلەفزیۆنى کەرکوک
بەرنامە گۆڤارى ئەدەب ..
سالى 1983
وابزانم بەم دێڕە دەستى پێکرد :
(ئەى تەنیایى تۆ قوڵنگى خۆتت وەشاند…)
کەواتە دووەم وشە و
یەکەم بیرۆکەیشم : تەنیایى بوو ..

-2-
یەکەم جار کە مرۆڤ دروست بوو ،
ئیدى وەرزى لەناو چونى پاندا دەستى پێکرد ..
وەرزى لەناو چوونى توت فەڕەنگى
وەرزى لەناو چوونى باران ..
وەرزى لەناوچوونى کوالا..
وەرزى لەناو چوونى شنەى شەماڵ ..
یەکەمجار مرۆڤ پێى خستە سەر زەوى ،
دەریاى سپى ناوەڕاست ڕەنگە سپیەکەى ون کرد ،
هێشتا نەیدۆزیوەتەوە ..
بیشیدۆزێتەوە ،
لە مزگەوتیش داینێ ، هەر لێى ئەدزنەوە ..
وەرزى مردنى شاخە سەهۆڵەکان دەستى پێکرد ..
وەرزى مردنى گوڵە مێخەک ..
وەرزى تۆرانى ڕیشۆڵە ..
دراماى هەزاران ئەڵقەیى وشکە ساڵى دەستى پێکرد ..
یەکەمجار مرۆڤ زەوى داگیر کرد ..
وەرزى لە دایک بوونى فیشەک دەستى پێکرد ..
کێڵگەى ئاگر دۆزرایەوە ..
کارگەى دروستکردنى چەقۆ و بۆکس خەنجەر ..
پیشەى بەرهەمهێنانى ژەهر ..
یارییەک داهات بە ناوى (جەنگ )
نەخۆشییەک پەیدا بوو بە ناوى ( برسێتى )
وەیشومەیەک سەرى دەرهێنا بە ناوى ( خیانەت )
دەردێک دنیاى گرتەوە بە ناوى ( دڵەڕاوکێ )
کۆمەڵکوژیى
تیرۆر
نهێنگرى
خۆفرۆشتن
سیخوڕیى
لەشفرۆشیى
ئایدز
جینۆساید
خۆکوژیى
دوکەڵ
پاشماوەى ناوکى
سوپا
ملیۆنێر
پێشبڕکێ
قومار
دزیى
جگەرە
درۆ
مەى
فێڵ
گەندەڵیى
ملیاردێر
هێڵى هەژاریى
موعارەزە
ڕووداو
هەتیو کەوتن
گیاندار برژاندن
بێوەژن
گیاندار سەربڕین
بێوە پیاو
قەفەز
قات و قڕیى
زیندان
فڕۆکەى جەنگیى
تەعزیب
گوڵەوەچنى ..
پاکتاویى ڕەگەزیى
تانک و زرێپۆش
کۆنەپەرستى
موشەکى جۆرا و جۆر
ئەم شتە ناشیرینانە و
شتى تریشى داهێنا مرۆڤ ،
کە هاتە سەر زەوى..
(  زەوى بوو بە سێوێکى بۆگەن ،
لەناو سندوقە سێوى ،
ئەستێرەکاندا )

-3-
یەکەمجار کە لە مرۆڤایەتى پەشیمان بوومەوە ،
ئەو کاتە بوو یەکەم کڵاشینکۆفم بینى لە کۆڵانەکەمان ..

-4-
یەکەم گۆرانى لە ژیانما ،
( هیوا .. هیوا ) ى شەماڵ سائیب بوو ..
وامئەزانى شەماڵ سائیب وەکیلى گشتى بەختەوەرییە و
هەر کەسێ ئەو نەناسێ ،
تامى پێکەنین ناکا ..
( پاشان کە گەورە بووم ،
بۆم دەرکەوت ئەو پیاوە پارچەیەک بووە لە نائومێدیى ..
ڕۆمانێک بووە لە موعانات ..
کانیاوێ بووە لە فرمێسک ..)

-5-
یەکەم پێشمەرگە بینیبێتم ،
ساڵى 1972
شەوێک بە کۆڵانەکەماندا دابەش بوون ..
پێشمەرگەیەکى زۆر شەرمن ..
کڵاشینکۆفەکەى بە دیوارەکەوە هەڵپەسارد ..
قاپێک ساوەر و
قاپێک هێلکە و ڕۆن و
دوو نانى تیریى تەڕکراومان لەبەردەمییا دانا ..
باوکم هەواڵى شاخى لێ ئەپرسى ..
منیش سەرقاڵى چەکەکەى بووم ،
لە دڵى خۆما ئەموت :
(تۆ بڵێى نەمداتێ ، یەک – دوو چۆلەکەى پێ بکوژم !؟ )

-6-
یەکەم نوێژ کە کردم ،
لە مزگەوتى حاجى عەلى ،
باوکى عوسمان شارباژێریى گۆرانیبێژ بوو ..
مەلاى مزگەوتەکە : مەلا ئەحمەد بێتوشى بوو ..
( چاوەڕوانى جەماعەتم نەکرد ،
هەر لەگەڵ دوو ڕکاتى سونەتدا ،
نوێژەکەیشم نەجات دا ! )
وامئەزانى هەر کەسە و بە تەنیا نوێژى خۆى ئەکا و
ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ..
هەتا ناسکە فەقێیەک بۆى باسکردم ..
وتى : سوجدەیەکى سەهو ببە و
دووبارە لەگەڵ ئێمەدا نوێژ دابەستە !

-7-
یەکەم موکافەئەى ئەدەبیم
لە ئەمانەتى عامەى سەقافە و شەباب لە ئەربیل
کە بریتى بوو لە ئەمینداریى گشتى رۆشنبیریى و لاوان لە هەولێر ، وەرگرت ..
گۆڤارى کاروان
ژمارە 32
شیعرەکەیش بە ناوى : بەرگى چیا ..
لە لاپەڕەی ئەدەبى لاوان ،
خۆم و جەنڕاڵى پاییز ،
دوو پارچە شیعرمان بڵاو کردبۆوە
( ئەو کاتە ئەو جەنڕاڵ نەبوو ،
جوندى ئەوەلى پاییز بوو )
زۆر بە شەرمەوە موکافەئەکەم وەرگرت و
ئیمزام کرد و
چوومە دەرەوە

nawzadbandy@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.