Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یەک چارەک بە 3 چارەکەوە

یەک چارەک بە 3 چارەکەوە

Closed

 

 

 

 

 

من بۆ چارەکێک

شەوێکى درەنگ ..

لەبەردەرگا دائەنیشم ..

قسە لەگەڵ ئەو کزەبایە ئەکەم ،

کەوەکو مارێکى نیوە سەرخۆش ،

بە بەردەرگاکاندا ئەروات و

خشە خشێک لە کاغەزى بنیشت و کیسى جبس

هەڵئەسێنێ ..

قسە لەگەڵ ئەو درەختەدا ئەکەم ،

کە دوو ساڵە خزمەتى ئەکەم و 

هەفتەى دوو جار ڕەشەبا

گەڵاکانى ئەوەرێنێ ..

لقەکانیشى ئەشکێنێ ..

سەگێک لە دوورەوە ،

بە بآ ئومێدى تەماشایەکم ئەکا ..

وەک ئەوەى داواکارییەکى هەبێت و

متمانەى ئەوەم پێ نەکات پێمى بڵێ ..

کەمێک ئەوەستێت و ..

لە ناو پێچى کۆڵانێکدا ، خۆى ون ئەکا ..

بە 3 چەرەکێکەوە ،

شەوێکى درەنگ ..

لەبەردەرگا دائەنیشم ..

بۆ ئەوەى تەماشاى کۆڵانێک بکەم ،

خاڵى لە قیژە – قیژ ..

خاڵى لە شەڕە جنێو ..

خاڵى لە عەرەبانە ..

خاڵى ئوتومبیل ..

بۆ ئەوەى بزانم ئەم کۆڵانە ،

چۆن تەحەمولى ئێمە ئەکا..

ئەو ئۆکسجینەى هەیە ..

چۆن بەشى هەموومان ئەکا ..

ئەڵێم : سوباس بۆ تۆ ، خودا ..

ئەم ئێوارەیەیش گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ..

ئەزانن زۆر جوانە کە ئێواران ،

ئەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە ..

پۆلیسێک نابآ بە ڕێگر ،

بە کەلەپچەوە بمانباتەوە بۆ ژوورى ،

شێدارى زیندان ..

پەرستارێ نابآ بە ڕێگر ،

بە کانیۆلایەکەوە ،

بمانباتەوە سەر قەرەوێڵەى

نەخۆشخانە ..

دوو کێل نابن بە ڕێگر ،

نەهێڵن هەستینەوە و ..

بچین لە سەمونخانە ،

بە عەلاگەیەک سەمونى گەرمەوە ،

بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە ..

بە 3 چارەکێکەوە چارەکێک ،

لە بەردەرگا دائەنیشم ..

بیر لەو کەسانە ئەکەمەوە ،

بە درێژایى تەمەنم بینیومن ..

ئەوانەى پێکەوە چووین بۆ مەکتەب ..

چوین بۆ سینەما ..

چوین بۆ یاریگا ..

چوین بۆ زانکۆ ..

چوین بۆ سەربازگا ..

چوین بۆ شەڕ ..

چوین بۆ مەنفا ..

چوین بۆ کتێبخانەى ناوەندى ..

چوین بۆ مەزادخانە ..

چوین بۆ چایخانە ..

ئێستایش لەو کۆڵانەدا ،

کە وەک سینەمایەکى چۆڵى 

دواى فیلمیکى دوو سەعاتى :

پڕە لە دوکەڵى جگەرە ..

پڕە لە هەناسەى سارد ..

پڕە لە شەپۆلى : ئاخ ..

پڕە لە بۆنى هیوا ..

پڕە لە شێ ..

پڕە لە بۆنى کۆکا کۆلا ..

ئەمەوێ هەستمەوە ..

درەختەکە و

سەگەکە و

کۆڵانەکە و

کزەباکە ناهێڵن ..

پێم ئەڵێن :

بڕۆ دوو ڕەسمى ملەوەنى خۆت بێنە ..

لەگەڵ ئیستینساخى ملەوەنى فۆرمى بایعى ..

لەگەڵ ئیستینساخى ملەوەنى ئەحوال مەدەنى

لەگەڵ ئیستینساخى ملەوەنى جنسیە عیراقیە

لەگەڵ ئیستینساخى ملەوەنى کارتى زانیارى ..

با بتکەین بە ئەندام 

….

بە 3 چارەکێکەوە ئەبم بە ئەندام 

لە کۆمەڵەى ئەو ساتانەى کە بە کارى هیچ نایەن ..

بۆیە خەڵکەکە تیایدا ئەخەون …

 

شیعرى : نەوزاد بەندى 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.