Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

1ی ئه‌یار، رۆژی هاوپێوه‌ندی کرێکاران‌، پێویستی خه‌باتێکی یه‌کگرتوو!

Be First!
by May 2, 2008 گشتی

ره‌حیم ره‌شیدی…..

وه‌کوو ده‌زانیین، مێژووی یه‌کی مانگی ئه‌یار، به‌رانبه‌ر به‌ 11ی بانه‌مه‌ڕ، ده‌ستپێکه‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ رێپێوانێکی به‌رینی کرێکارانی شاری شیکاگۆ، له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا.
ساڵی 1886ی زایینی‌، کرێکارانی بێبه‌ش‌و بێده‌ره‌تانی کارگه‌که‌ جۆراوجۆره‌کانی شاری شیکاگۆ، وه‌کوو هێزی به‌رهه‌م هێنه‌ری سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگا، به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانیان‌و ئاوڕدانه‌وه‌ی ده‌ستمایه‌داره‌کان له‌ ژیان‌و گوزه‌رانی پڕ له‌ کوله‌ مه‌رگی ئه‌و کریکارانه‌، رێپێوانێکی هێمنانه‌و ئاشتیخوازانه‌یان وه‌رێخست، ئه‌و ڕێپێوانه‌‌ به‌ فیتی ده‌ستمایه‌داره‌کان، له‌ لایه‌ن پۆلیسی شاری شیکاگۆوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بێبه‌زه‌یانه‌، که‌وته‌ به‌ر شاڵاوی سه‌رکوتی هه‌مه‌ لایه‌نه‌و خه‌ڵتانی خوێن کرا.
ئاشکرایه‌، یه‌کێک له‌ ئامانجی ئه‌و کرێکارانه‌ی‌ رێپێوانی رۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مای ساڵی 1886 یان له‌ شاری شیکاگۆ وه‌رێخستبوو، دابین کردنی مافی 8 کاتژمێر کار کردن له‌ رۆژدا بوو.
ئه‌م داوا ڕه‌وایه، له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌ پێوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ نه‌ک وڵامی ئه‌رێنی پێنه‌درایه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ لایه‌ن ده‌ستمایه‌داره‌ چاوچنۆکه‌کانی تینووی که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌‌وه‌ وه‌کوو هه‌ره‌شه‌یه‌ک بۆ که‌م بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و باندۆری ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌موو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا،  لێکدرایه‌وه‌، هه‌ر بۆیه به‌ دنه‌دان‌و ته‌ماح وه‌به‌رنانی ده‌ستمایه‌داره‌کان،‌ پۆلیس رێپێوانی هێمنانه‌ی کرێکارانی خسته‌ ژێر نیری زۆرداری‌، دڵرقانه‌ سه‌رکوتی کرد.
پاش ئه‌م رووداوه‌، ئینگلس، ساڵی 1889، واته‌ سێ ساڵ پاش رێپێوانی مه‌زن‌و به‌ربڵاوی کرێکاران له‌ شاری شیکاگۆ،  له‌ کاتی کۆبوونه‌وه‌ بۆ پێکهێنانی ئه‌نته‌رناسیۆناڵی دووهه‌م‌، پێشنیاری کرد رۆژی 1ی ئه‌یار، به‌رانبه‌ر به‌ 11ی بانه‌مه‌ڕ، بکرێته‌ رۆژی هاوپێوه‌ندی کرێکاران.
 له‌و کاته‌وه‌ تاکوو ئێستا، له‌  زۆریه‌ک له‌ وڵاتانی دونیا، رێوره‌سمه‌کانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی، به‌ به‌شداری سه‌دان هه‌زار کرێکار به‌رێوه‌ ده‌چێت. ئه‌و کرێکارانه‌ی که‌ به‌ کارو تێکۆشانی خۆیان پێشکه‌وتن دێنه‌ ئاراوه‌و به‌رده‌وامی به‌ ژیان ده‌به‌خش.
دیارده‌ی سه‌رکوت‌و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌مه‌ لایه‌نه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای پێشکه‌وتووی ئامرازه‌کانی زانست‌و گواستنه‌وه‌‌و په‌ره‌ گرتنی هه‌رچی خێراتری زانیاری‌و ده‌نگ‌و باسه‌کان، تاکوو ئه‌مرۆش لێره‌و له‌وێ، له‌ بوارو شێوازی جۆراوجۆردا ده‌بیندرێ‌و به‌ ئاشکرا به‌ به‌رچاوی مرۆفایه‌تییه‌وه‌، زۆر جاران رووخسارێکی قیزه‌ون‌و بێزئه‌ستێن به‌خۆوه‌ ده‌گرێ، له‌ لایه‌ن سیستمه‌ سه‌ره‌ڕۆو نادێموڕاتیکه‌کانه‌وه‌، به‌رێوه‌ ده‌چێت.
سیاسه‌تی چه‌وسانه‌وه‌و ماف پێشلکردنی کرێکاران به‌ تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگاو وڵاتانه‌ی ناوه‌نده‌ پیشه‌یه‌کانی کرێکاران‌و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌ستیان ناڕوات‌و ده‌ورو ڕۆڵیکی ئه‌وتۆیان نییه‌، ئاشکراترو به‌رچاوتره‌ دێته‌ ئاراوه‌، ده‌ستمایه‌داره‌کان له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا، هه‌وسار پچڕاوانه‌ته‌ر سیاسه‌تی که‌ڵه‌که‌ کردنی ده‌ستمایه‌ به‌رێوه‌ ده‌بن، ئه‌وان بۆ خۆیان ده‌سه‌ڵاتدارن‌و له‌ پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان‌دا، یاساو رێسا، پێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌و میکانیزمه‌کانی ئیداره‌ی وڵات به‌چه‌شنێک داده‌مه‌زرێنن‌و به‌رێوه‌ی ده‌بن له‌ خزمه‌ت به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی هێژمونی‌و باڵاده‌ستی توێژی ده‌سه‌ڵاتداردا بێت‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و یاساو په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانی بۆ خۆیان ده‌بێ پاپه‌ند به‌ به‌رێوه‌ بردنی بن، ڕه‌چاو ناکه‌ن.
له‌ کوردستان، کرێکاران به‌ هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌رۆو نادێموکڕاته‌کان، که‌ هه‌رچه‌شنه‌ تێکۆشانێکی پیشه‌یان له‌گه‌ڵ دژواری تاقه‌ت پروکێن به‌ره‌وڕوو کردوه‌، له‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیش ئازار ده‌بینن‌و له‌ ڕاستی‌دا وێرای نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سه‌ته‌کانی دیکه‌، دووقات سته‌میان له‌سه‌ره‌، ئه‌وان هاورێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بێ بۆ دابین بوونی ژیانێکی مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌ تێبکۆشن، ئه‌رکی سه‌رشانیانه‌ بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی به‌شێکی زۆر له‌ چاره‌ڕشیه‌کانی‌ زه‌حمه‌تکێشانه‌، خه‌باتی خۆیان له‌گه‌ڵ باقی نه‌ته‌وه ژێر سته‌مه‌‌کانی دیکه‌ له‌ ریزی یه‌کگرتوودا بۆ  پێشه‌وه‌ به‌رن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له‌ وڵاتانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست، بۆ وێنه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ئێران، په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کانیان واژو کردوه‌، به‌وحاڵه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌عدو به‌ڵێنی خۆیان له‌م به‌ستێنه‌دا، مافی هاوڵاتیان پێشێل ده‌که‌ن‌و هه‌رچه‌شنه‌ بزاوت‌و جووڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و پیشه‌ی گرێده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ دورشمی مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌‌، پاشان له‌م بازنه‌یه‌دا، سووک‌و ساکار، یان وه‌کوو گێره‌ شێوێن‌و سه‌ره‌رۆ سه‌رکوتیان ده‌که‌ن، یان به‌ تاوانی گرێدراو بوون به‌ بێگانه‌، له‌ به‌ندیخانه‌یان ده‌په‌ستێوون‌و له‌ نێویان ده‌به‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ ڕاده‌ی نایاسایی‌و سه‌ره‌رۆیی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌ له‌هه‌مبه‌ر زه‌حمه‌تکێشانی وڵاته‌که‌یان‌دا تێبگه‌ین، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ‌و بڕگه‌ له‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌که‌ین،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێک بێت زۆرتر به‌ مافه‌کانمان ئاشنا بین، هاوکات کردارو کرده‌وه‌ی سه‌ره‌رۆیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ ناخه‌ڵکیه‌کان ڕوونتر له‌قاو به‌ده‌ین‌و به‌ به‌رنامه‌ی تۆکمه‌وه‌ له‌ دژیان ڕاوه‌ستین.
مافی پێکهێنانی رێکخراوگه‌لی پیشه‌یی:
 ماده‌ی 23ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، ئه‌و ئیزنه‌ به‌هه‌موو که‌س ده‌دات، بۆ به‌رگری کردن له‌ مافه‌کانی خۆی، رێکخراوو کۆمه‌ڵی دڵخواز پێکبێنێ، یان ئه‌ندامی یه‌کیه‌تییه‌کان بێ.
ماده‌ی 8، په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، ئازادی‌ رێکخراو بوون‌و مافی رێکخراو ده‌ستنیشان ده‌کات، هه‌وه‌ها ماده‌ی 22، سه‌باره‌ت به‌ مافه‌ سیاسیی‌و مه‌ده‌نییه‌کان‌، مافی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مووان کۆمه‌ڵی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ ده‌سته‌به‌ر ده‌کا‌و داوا ده‌کات ئه‌و مافه‌ بۆ هه‌مووان به‌ فه‌رمیی بناسرێ.
 مافی مانگرتن:
به‌ندی 1_د، ماده‌ی 8، له‌ په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، ئاماژه‌ ده‌کرێ، ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌ندامه‌کان، ده‌بێ پابه‌ند بن به‌وه‌ی، کۆمه‌ڵه‌کان‌و ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌کان مافی مانگرتنیان بۆ مسۆگه‌ر بکرێ.
مافی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هه‌لومه‌رجێکی باش بۆ کار:
ماده‌ی 23ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ ده‌ڵێ، هه‌ر که‌س کار ده‌کات، ده‌بێ مووچه‌یه‌کی ئه‌وتۆی بدرێتێ، سه‌ربه‌رزانه‌ ژیان‌و گوزه‌رانی خۆی‌و بنه‌ماڵه‌که‌ی دابین بکات.
به‌ندی ئه‌لف، مادی 7، مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری ده‌کات، ده‌بێ حه‌قده‌ستێکی باشیان بدرێتێ، ئه‌مه‌ش له‌ خاڵه‌کانی گرێبه‌ستی 26، 95‌و 131دا به‌ ڕووبی به‌رچاو ده‌که‌وێت.
ماده‌ی 23ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ، ده‌ڵێ، هه‌مووان به‌ ژن‌و پیاوه‌وه‌، ئه‌و مافه‌یان‌ هه‌یه‌‌ به‌ بێ هه‌ڵاواردن‌، بۆ کاری وه‌کوو یه‌ک مافی وه‌کوو یه‌کیان هه‌بێ‌و مووچه‌ی وه‌کوو یه‌کیش وه‌ربگرن.
به‌ندی ئا_ئه‌لف، ماده‌ی 7، سه‌باره‌ت به‌ مافی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر جێبه‌جی بوونی ئه‌و خاڵه‌ پێداگری ده‌کات.
کاری منداڵان:
ماده‌ی 25ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، وێرای پشتیوانی له‌ مافی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو مندالان، له‌ خاڵه‌کانی به‌ندی 3 ماده‌ی 9دا، هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ڕاده‌سپێرێ سه‌رجه‌م مافه‌کانی منداڵان ده‌سته‌به‌ر به‌که‌ن‌.
ئه‌م خاڵ‌و به‌ندانه‌ به‌ باشی ئه‌و ڕاستیه‌ نیشان ده‌ده‌ن، ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌ڕۆکان، بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی دۆزه‌خ  ئاسایان،  تا چ ڕاده‌یه‌ک مافی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک پێشێل ده‌که‌ن‌. مافێک که‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی، ده‌بێ هه‌مووان له‌ ریزێکی یه‌کگرتوودا به‌گژ هه‌موو ئه‌و تانوپۆیانه‌دا بچینه‌وه‌ که‌ سته‌م‌و نابه‌رابه‌ری سیاسیی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، دینی..هتد، دێنه‌ گۆرێ‌و به‌رهه‌می دێنه‌وه‌و دیپارێزن.
کۆنه‌په‌رستان، به‌ چڕکردنه‌وه‌ی ناکۆکی‌ له‌ نێو ئێمه‌ی بێبه‌ش له‌ شادی‌و ژیانێکی ئینسانی، به‌ به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن‌و دابه‌ش کردنمان به‌سه‌ر چین‌و توێژی جیاجیادا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ خه‌باتێکی ڕه‌وا بۆ به‌دی هێنانی ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری هه‌مه‌ لایه‌نه‌، لێکمان هه‌ڵاوێرن‌، ئه‌رکی ئێمه‌یه‌ به‌ هاوپشتی کردنی یه‌کترو خه‌بات له‌ ریزێکی یه‌کگرتوودا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌یارانی دێموکراسی‌و دادپه‌روه‌ری ناکام بێلینه‌وه‌‌و به‌م هه‌نگاوه‌مان خه‌بات له‌ دژی سه‌رۆیی به‌گوڕترو شێلگیرتر بکه‌ین.
rahim.rashidi@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply