(10)برووسكه چیرۆك … به‌هزاد حه‌وێزی
باران
ئه‌وه‌نده به توندی دایكرد ده‌رفه‌تی نه‌دا چه‌تره‌كه‌ی هه‌ڵدا..هه‌ڵخلیسكاو…پێكه‌نی، تومه‌ز ئه‌و به یه‌كێكی دی ده‌چوو یا هه‌ر خۆی نه‌بوو.
شه‌و
ده‌ستی نایه ئێخه‌ی ئه‌ستێره‌كانه‌وه..وه‌كو به‌نه‌كه بپسێ…په‌رتوبڵاو بوونه‌وه..ویستی خڕیان بكاته‌وه، به‌ڵام بێهوده بوو، نزیك به‌ره‌به‌یان بوو.
ژن
ده‌یویست بچێته جێی مانگ..ئاخر ناشێ، ئه‌و سوور بوو، سه‌ری هه‌ڵگرت، ون بوو.. ئیدی له‌و رۆژه‌وه مانگیش به تاقی ئاسمانه‌وه یاخی بوو.
سه‌فه‌ر
دڵی هه‌ڵگرت..په‌نجا ساڵ رابرد.هاته‌وه به رۆحێكی كزوسهرێكی سپی…وهجاغێك یاوه‌ری بوو.
ژوور
تا دیواره‌كانی ته‌واو كرد…ده‌رگاكه‌ی مابوو..تا ده‌رگاكه‌ی چه‌سپ كرد…كلیله‌كه‌ی ون كرد.
شه‌قام
دۆستێكی دێرینه‌ی منه..ده‌فته‌رێكه له ناووبۆن و سه‌ربرده..ده‌ڵێن ئێستا ئه‌درێسه‌كه‌ی گۆڕاوه بووه به(سێ ده‌بلیو).
ئیشق
باخچه‌كه‌مان زوو ژاكا، تووڕه بوو له‌و وه‌رزه، چۆله‌كه‌یه‌ك به‌ته‌نیا به ئیشقه‌وه ده‌یجریواند..دڵی پڕ بوو له حه‌سره‌تا وه‌ك لایلایهكانی دایكم.
كه‌شوهه‌وا
به هۆی به‌هاری عهجهمیهوه، تۆفانێك ناوچه‌كه ده‌كرێته‌وه، سنووره‌كانی خۆرهه‌ڵات ده‌سڕێته‌وه، په‌ڵه‌هه‌ورێك له باكووره‌وه ده‌كشێ و خۆرئاوا ته‌ڕ ده‌كات.. له باشووریش نیمچه با.
شار
زه‌لامه‌كان یا بنیاده‌مه‌كان به جانتای شانیانه‌وه، بیستوچوار سعات جرتوفرتیانه…رۆژێ دادێ..شار جانتابێ و به شانی سواڵكه‌رێكی چڵكنه‌وه.
وڵات
قاله مه‌ڕه شمشاڵه‌كه‌ی گرته‌وه ده‌ست و چوار فووی پیاكرد، وه‌ك نه‌فخی سوور (عه‌شره‌ت هاواره) ئه‌مه وڵاته یا قه‌ره‌برووت.
27/2/2013