Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی: – بەشی شەشەم و کۆتای-

Be First!
by April 22, 2008 گشتی

  گەندەلی وایکردووە بێ هزری ببێ بە کۆلەکەی هزر
  ئازاد حەمە…….


بەێپی ئەوی ووتمان، کاتی ئەوە هاتووە پەروەردە گۆرانی بنەچەی بەسەرابێ.ئەم گۆرانە کە زێدە جەوهەری و پێویستە ئەرکی سەرشانی گشت روناکبیر و هزرخاوێنێکی کوردە. گۆرانی پەروەردە کە گۆرانی سێستەمی فێربوون و زانین دەگۆرێ نەوەێ دادپەروەر و پەروەردەکاری ئەسیل دروستدەکا.بەلام کێ ئەمە بکا؟چۆن ئەمە بکرێ لەکاتێکا گشت بواری پەروەردە دەردەدارە؟ بەدلنیاییەوە وەلامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە نە  لەسەر بۆچوونی شەخسی وەستاوە و نەش سانایە. لێرەوە دەگەینە دۆخێتر لە تێگەیشتن کە بۆنی رارای و دژواریێ گەورەی لێدێ. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی کارکردن بۆ گۆرینی سێستەمی پەروەردەی هەنووکەی کوردی کارێ لەرادەبەدەر ئەستەم و کێشاوییە. هۆ لەم روەوە زۆرە و بەشێکی پێوەندی بە تاکی روناکبیر و خوێندەواری کوردەوە هەیە و بەشەکەی تریشی پێوەندی بە دۆزی سیاسی ئەمێستای کوردیەوە. ئێمە لایخوارەوە پۆلریزیێ تایبەت بەو دوو لایەنە بەرچاو خوێنەر دەخەین و ئەوەش روون و والادەکەین چەند گۆرانی پەروەردە لە هەنووکەدا دژواراوی و نا-سانایە.
* ئەو گەندەلیە روناکبیرییەی نێوەندی روناکبیری ئەمرۆی کوردی تەنیوەتەوە کارێ وایکردوە گۆرینی سێستەمی پەروەردە بکا بە خەونێ ئەفسانەی و ئەستەماوی (موستەحیل).ئەو گەندەلییە کە پەروەردە تێکدەرە زۆرینەی توێژی روناکبیری کوردیشی تێکداوە. ئەم توێژە کە ناکاریگەر و ناچالاکە قووربانی ئەو گەندەلیە سیاسییەیە سێستەمی پەروەردەی شێواندووە.
بۆ ئێمە بەوجۆرەی سەرەوە تەماشای نێوەندی روناکبیری دەکەین؟ ئاشکرایە وەلامی ئەم پرسیارە لە دووتۆی ئەم نووسینە و بەشەکانی تری نووسینەکەمان تایبەت بە دیاردەکانی کۆمەلگەی گەندەلی ئەمرۆی کوردستان بە گەلێ شێوە بەرباس کردنخراوە.بەلام ئەوەی لێرە و تایبەت بەم گۆشەیە دەیلێین ئەوەیە کە گرفتەکانی نێوەندی روناکبیری کە بەشێکی هزرییە و بەشەکەی تریشی سەرچاوە لە گەندەلیە سیاسی و کۆمەلایەتیکەوە هەلدەگرێ نە لە گوزارەی گەندەلی پەروەردە دەگا و نەش دەکارێ هەنگاوی دروست و شیاوئامێزانە بۆ گۆرینی سێستەمی پەروەردەی هەنووکە بنێ.لەلاێ لەبەرئەوەی خۆی گرفتاری گەندەلییە و لەلاێتر نا-توانایە بکارێ ئەوە بکا. ئەمەش وەکیتر نیشانەیە لەسەرئەوەی کە نێوەندی روناکبیری بەخۆشی قووربانی ئەو گەندەلیەیە بەرۆکی سێستەمی پەروەردە و فێربوونی گرتووە. ئەی بەشێ زۆر لە روناکبیری ئەمرۆی کورد پەروەردەی ئەو پەروەردە گەندەل و هیچنەکردەیە نیین کە سێستەمی زانین و فێربوون لە کوردستان لەئێستا خۆی لەسەر راهێناوە؟ ئەی بەشێ زۆر لە روناکبیرانی کورد دەرچووی بەشێ لەو کۆلێجانە نیین کە وانەی گەندەل و بێ بنەمای سیاسی و کۆمەلایەتی و ئەدەبی تیادەووترێتەوە؟ لە هەردوو حالەتەکەدا دەلێین  بەلێ. بەلێ چونکە پەروەردەی گەندەل هزر و زانیاری گەندەل بەرهەمدێنێ و هیوا لەبەردەم گشت گۆرانێ رادیکال و پێویست لەباردەبا.  
* نێوەندی سیاسی کە لەگەلێ لە دیاردەکانی گەندەلی ئەمرۆی گۆرەپانی کوردستانی تازە بەرپرسیارە فابریکە(مەعمەل)ی ئەو گەندەلیەشە نەک هەر سێستەمی پەروەردەی ئەمرۆ پێوەیدەتلێتەوە بەلکو ئەو گەندەلیەش کە نێوەندی مێدیا و روناکبیری و سەرووی ئەوانەش کردەی هزراندن پێوەیگیرۆدەبووە. راستە جارجارە وەزارەتی پەروەردە و دەزگاکانی ئەم وەزارەتە کار بۆچاککردنی هەندێ چەوتی و نالەباریەکانی بواری پەروەردە دەکەن بەلام ئەم جۆرە هەنگاوانە لەو هەنگاوانە دەچێ کە پزیشکێکی غەشیم  بیەوێ نەخۆشێکی دووچاربوو بە نەخۆشی سەرەتان بە راهێنان لەسەر خواردنی ڤیتامین چارەسەرکا. وەزارەتی پەروەردە و دەزگاکانی سالانە پارەێ زۆر بۆ چاکسازی لەبواری پەروەردە هەلدەرێژن بەلام بەشێ لەم پارەیە گەندەلی قووتیدەدا و بەشەکەی تریشی بۆ دامەزراندنی قووتابخانە و کرینی پێویستیەکانی بواری پەروەردە و خوێندن بەکاردەبرێ. بەلام چاکسازی لە بواری پەروەردە و خوێندن نە بریتییە لە پارە هەلرشتن و نەش لە دروستکردنی قووتابخانە بەلکو بریتییە لە دروستکردنی پسپۆر لە بواری فێربوون و زانین هەروەها راهێنانی مامۆستا و قووتابی لەسەر بەرزراگرتنی پرنسیپەکانی بواری پەروەرە و فێربوون و گۆرینی مێتۆدی وانە ووتنەوە و خوێندن..
لەویووترا گرینگتر ئەوەیە کە دەسەلاتی سیاسی تێگەیشتنی بۆ پەروەردە نە جێگیرە و نەش شارستانییە. ئەم (واتە دەسەلاتی سیاسی کوردی).کە پەروەردەپارێز نییە بەچاوێ بەرز و پرلەبەهاش تەماشای بواری پەروەردە و فێربوون ناکا. یان ئەم دەسەلاتە پەروەردە وەک بوارێ یان کەرتێ وێران تەماشادەکا کە شایانی هەلسانەوە و دروستکردنەوەیە بەلام ئەمە تاکە کێشەێکی بواری پەروەردە نیە بەلکو یەکێکە لە کێشە بەرچاوییەکانی کەرتی پەروەردە. کەرتی پەروەردە کە بەتازەگی لە چنگ رژێمێ شۆفێنی و دژەپەروەردە دەربازکراوە شتێئ ئەوتۆی بۆنەکراوە یان لەوەیکە دەربازکرا خرایە چنگ ریزێ گرفتی ترەوە کە یەکێکیان گەندەلییە.بۆیە هەمیشە کە باس لە دیاردەکانی گەندەلی دەکەین زۆرترین جەخت لەسەر خودی گەندەلی دەکرێ وەک پرۆسە کۆمەلایەتی و سیاسی و رۆوناکبیرییەکە تا دیاردەکانی. 
هەندێ لەو دیتنانەی لەکۆتای ئەم بەشەی نووسینەکەمان تایبەت بە گەندەلی هزری و ئەکادیمی کۆمەلگەی تازەی کوردی سەرنجیدەخەینەسەر ئەمانەن.

* زۆربەی کێشەکانی یان کێشە بنەرەتیەکانی نێوەندی ئەکادیمی کوردی وەک کێشەی هزری دەبینین ئەو نەختە کێشەیەی لێدەرچێ ئیداری و بیرۆکراتین. ئەم کێشانە ، واتە هزریەکان کە جۆراوجۆرن بەشێکی خودی نێوەندی ئەکادیمی بە مامۆستا و قووتابیانەوە لێیبەرپرسیارن و بەشەکەیتر دەسەلاتی سیاسی کوردی. کێشە هزریەکان کە کێشەی ئەکادیمی بەرچاوی و گومانلێنەکراون پێویستیان بەوەیە گفتوکۆکرێن و چارەسەری بنەبر و راستەقینەیان بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمەش ناکرێ ئەنجامدرێ تا نێوەندی ئەکادیمی خۆی لەو بێ هزرییە پاکنەکاتەوە پێوەی گلاوە. هەروەها کێشە هزریەکان کە کێشەی ئیندفیدوالین (تاکین) کێشەی تاکی کوردە و چارەسەرەکەشی لەسەر توانا و شیاویەکانی تاکی کۆمەلگەی ئەمرۆی کوردی وەستاوە. واتە ئەوە تاکە کە دەکارێ هزر بخاتەگەر و بەرەنگاری گەندەلیەکانی کۆمەلگە ببێتەوە لەپێش هەمووشیانەوە گەندەلی سیاسی کە هەلوێستی بنەبرانە و کۆلێکتیفی (جەماعی) گەورەی دەوێ.

* گەندەلی هزری و گەندەلی سیاسی وایکردووە ناوی ئەکادیمیکەر ناوێ بێ هزر و گەندەل بێ. ئەمەش وەکیتر کارێوایکردووە زانکۆ ستاتۆسی نەبێ و زانینی ئەکادیمیش بێ سام بێ. ئۆبالی ئەم کێشەیەش بەتەنیا ناکەوێتە سەرئەستۆی مامۆستا و ئەکادیمیکەرەکانی کورد بەلکو سەرئەستۆی خودی قووتابی زانکۆ و لەپێش هەمووشیانەوە دەسەلاتی سیاسی کە رابەری راستەوخۆی گەندەلییە بنەماییەکەیە.
یەکێ لە گرفتەکانی نێوەندی ئەکادیمی کوردی کە بەخۆی کێشەێ زانستی و ئەکادیمیە و ئەوەش گرفتی هزری لەپاشخۆی دروستکردووە ئەوەیە کە بروانامەکانی ئەکادیمیکەرانی کورد لەچەند بوار و پۆلێ زانکۆی هێنراون کە زۆر دووبارە و زۆرجار زۆر نا- پێویستیشن. بۆنموونە.زۆربەی هەلگرانی ماستەر و دکتۆرای کورد (جا خوێندنیان لە یەکێ لە زانکۆکانی عێراقی جاران تەواوکردبێ یان زانکۆکانی ئێستای کوردستان یان ئەوروپای رۆژهەلاتی سەردەمی بلۆکی سۆسیالیزمی جاران یان ئەوروپای رۆژئاوا و ئەسکەندەنافیا و ئەوروپای باشوور یانیش ئەمەریکای باکوور) لە بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووەکەی پسپسۆرن و ، لەمانەش بگەرێتەوە ئەوا یان باسوخواسی ئەکادیمین لەسەر ناسیۆنالیزم و مێژووی ئەدەبی کۆن و تازەی کوردی یانیش تراژیدیا سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کورد. کەواتە خالی هاوبەشی نێوان تێزە ئەکادیمیە کوردیەکان بەگشتی لەهەرکوێ ئامادەکرابێتن زمان و ئەدەبی کوردی، رۆژنامەوانی، سیاسەت و مێژووی کوردن. ئەمانەش هەرهەموو بەگشتی دەچنە خانەی کوردناسییەوە. واتە نێوەندی ئەکادیمی کوردی پرن لە کوردناس. پرن لەوانەی شیعر، چپرۆک، هەقایەتی مێژووی و درامای سیاسی و رووداوە مێژووی و سیاسیەکان بە ئارەزووی خۆیان لێکدەدەنەوە. بائەوەشمان بیرنەچێ کە کوردناسی لە زانکۆکانی کوردستانی ئەمرۆ، کە سالەهاشە لەناوماندا تاکە بەشێ سەردەست و پۆپولێرە لەم دوادوایە تێندێنسێ(ئاراستەێ) زۆر سیاسی و ئایدیۆلۆژیشی وەرگرتووە و بووشە بە فۆرمێ لە دیراساتی ناسیۆنالی و هەروەها رەوانبێژیێ زۆر تراژیدی و شێوە شیعرگەرایش. ئەکادیمیکەرانی کورد کە لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی پێشوەوە لەمروەوە دەستبەکاربوونە تائێستاش لەسەری بەردەوامن  بەواتاێتر، نامیلکەکانی ئەکادیمیکەرانی کورد جا لە ئەوروپای رۆژهەلات نووسرابێ یان لە ئەوروپای رۆژئاوا یانیش لە کوردستان لەبواری کوردناسیێ تەسک و سنووردار دا نووسراوە و دەشنووسرێ کە موخابن لە هیچ شوێنێ ئەو کەلکەی لێوەرناگیرێ کە لە زانکۆکانی کوردستان لێیوەردەگیرێ. هۆیئەوەش زۆر بەکورتی ئەوەیە کە ئەو نامیلکە و تێزانە زۆر دووبارە و لۆکالین و، هەموو لە چوارچێوەی چەند باسێکیش دەخولێنەوە کە ناشێ ئەو هەموو تێزانەی لەبارەوە بنووسرێ و دواتر ، کە ئەمەیان پێمان وایە زۆر لە سەرنجەکانی ترمان گرینگترە، ئەوەیە کە ئەو تێزانە شوهرەتێ نێودەولەتیشیان نییە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی رۆژئاواش ناسراو نین و لەهیچ کونێکەوە ناویشیان نییە.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ئەوەش دەلێین کە، بەشداری ئەکادیمیکەرانی کورد لە ئاستێ گلوبال و لە نێوەندە ئەکادیمیەکانی رۆژئاوا و ناوچەکەش زۆر وون و نادیارە. تەنانەت پێوەندی زانکۆکانی کوردستانیش بە زانکۆکانی ولاتانی تر یان نێوەندە ئەکادیمیەکانی جیهان پێوەندیێ کلاسیکە و سنووری پێوەندیێ سادە و وابەستەیانەی تێنەپەراندووە  یان پێوەندی نێوەندی ئەکادیمی کوردی لەرێگای زانکۆکانیەوە بە نێوەندە ئەکادیمیەکانی تر پێوەندیێکە لەسەر داوای یارمەتی و هاریکاری وەستاوە نەک گۆرینەوەی پسپۆر و توێژینەوە و سازکردنی کۆنفرانس. زانکۆکانی کوردستان کە گرفتاری گەلێ گێشەی گەندەلاوی و کەموکوریی ئیداریین ناپەرژنەسەرئەوەی بایەخ بە توێژینەوە و ئاستی زانستی و ئەکادیمی توێژەرەوە و مامۆستاکان بدەن. بۆیە ئەوە وادەکا ئەو هەر لە قۆناغی یارمەتیوەرگرتن دا بێ و چاوی لەدەست ئەویتر بێ لەو گەندەلیە هزری و ئەکادیمیە دەربازیکا دووچاریبووە.    

* زۆربەی گرفت و کەموکوریەکانی بواری ئەکادیمی وا لە زۆرینە دەکەن ئەو دیتنەی لا بەرجەستەبێ ئەو زانینە ئەکادیمیەی لە زانکۆکانی ئەمرۆی کوردستاندا دەستدەکەون ئەو توانایەیان تێدا بەدینەکرێ کە خەلکی ئاسای لە خەلکی نا- ئەکادیمی لێگدیجیاکاتەوە و هەروەها کەسە زانکۆیەکانیش بەو خوێندنە زانکۆییەی هەلگرین نەکارن ئەو کودەتا ئیندڤیدوالیە لەخۆیاندا دروستکەن کە پێویستبێ. لەوانەش گرینگتر ئەوەیە کە زۆرجار خوێندنی ئەکادیمی ناتوانێ کار بۆ ئەو کەسانە پەیداکا هەلگری بروانامەن ئەمەش وادەکا خوێندن لە زانکۆ رێزەوەن نەبێ و جێیئومێدێ کۆمەلایەتیش نەبێ.
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا بەرەو ئەو پرسیارەشمان دەبا کە بەمجۆرەیە  بۆ دەبێ ئێمە لە زانکۆ بخوێنین؟ ئایا ئەمە بۆ ئەوەیە کارێکمان دەستکەوێ یان گۆران بخەینە ستاتۆسی کۆمەلایەتیمانەوە؟ وەلامەکە دەشێ بەمشێوەیە بدرێتەوە. بەپێی تێگەیشتنی هەلگرانی بروانامە زانکۆیەکان لە ولاتانی رۆژئاوا بۆنموونە خوێندن لە زانکۆ دەبێ بۆ ئەوەبێ مرۆڤ دواتر بتوانێ بەبێ ترس خۆی فرێداتە ناو بازاری کارەوە کە لە بنەرەتدا ئەم بازارە بازارێ بێبەزیو و درە و، لەلاێدیش خوێندن لە زانکۆ و بەتایبەت ئەو رشتەیەی هەلدەبژێردرێ پێوەندیێ زۆری بە ئارەزوو و حەزی کەسەکانەوەیە تاشتێتر. زۆرجاریش ئارەزوو و حەزەکانیش سەرووی داوا نەبراوە و نامیهرەبانەکانی بازار دەبن. بۆنموونە کاتێ کەسێ ئارەزووی خوێندنی زمان و ئەدەبی چینی دەکا ئەم ئارەزووە تەنیا پێوەندی بەوەوە نییە کە ئەم کەسە حەز و ئارەزووی لە فێربوونی زمانێ نوێیە و یان دەیەوێ بە کولتوورێ جیاتر لە کولتووری رۆژئاوای ئاشنابێ بەلکو زۆر ئاساییە ئەم کەسە بیری لەوەش کردبێتەوە سوود لەم رشتەیە وەرگرێ لەگەل بوونی چین بەبەشێ لە بازاری کاری نێودەولەتی و یان بەهاتنەناوەوەی چین بۆ ناو سێستەمی سیاسی و ئابووری جیهانگیری بەلام نکولی لەوەشناکرێ کە هەمیشە شیاوی لەبەردەم کەسی رۆژئاوای بۆ بەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکانی ،یان ئەوەی ئەم کەسە بیەوێ خوێندن و فێربوون وەک هەوەس و ئارەزوو تەماشاکا ، لە کەسێتر زۆرترە ئەمە و تادەگاتە ئەوەش کە سێستەمی کۆرسەوەرزییەکان لە زانکۆکانی رۆژئاوا، بوونی دامەزراو و بانقی دیاریکراو ، کە پشتگیری لە پرۆژەی توێژینەوە و خویندنی ئیندڤیدوالی دەکەن ، ئەمە و لەهەمووشی گرینگتر دابرانی دامەزراوی زانکۆ لە بریاری سیاسی و سەربەخۆی ئەم دامەزراوە لە دەسەلاتی سیاسی، هەموو ئەمانە بەواتاێکیتر بەدلنیایەوە مانای خۆیان بۆئەوە هەیە کە گشت خوێنکارێ بکەوێتە ژێر رکێڤی خۆیەوە و نەک رکێڤی ئەویتر.ئەم پرۆسێسە کە لایئێمە بوونی نیە کاریگەریێ زۆر خراپی بەگشتی بەسەر نێوەندی ئەکادیمیەوە بەجێهێشتووە.
 
*  نکولیناکارێ کە باس دێتەسەر گەندەلی نێوەندی ئەکادیمی باس لە رۆلی گەندەلی قووتابیش کرێ. چونکە ئەو پەروەردە گەندەلەی لە نێوەندی ئەکادیمی پێرەودەکرێ دەستی لە گەندەلکردنی قووتابیش هەیە و ئەمە و بەشێ زۆریش لە قووتابیانی زانکۆکانی ئەمرۆی کوردستان دەستیان لە گەندەلکردنی خۆشیانا هەیە. بەشێ زۆری قووتابی زانکۆی ئەمرۆی کوردستان کە دەستبەرداری هزری خۆیان بوونە و خۆیان تەسلیمی دیاردە گەندەلەکان کردووە لەگەلێ روەوە بەرامبەر بەهاتنەخوارەوەی ستاتۆسی قووتابی زانکۆ بەرپرسیارن.

* هەندێ لایەنی ئەو دیاردەیەی ناوماننا تێکەلکردنی قووتابخانە هزری و هزرڤانەکان بەیەکتر بۆ ئەو تەنگوچەلەمانە دەگەرێتەوە کە پێوەندی بە مەسەلەی دوورەپەرێزی نێوەندی ئەکادیمی لە شەپۆلە هزریەکان و بێئاگایی ئەکادیمیکەر و مامۆستای زانکۆ و ئینستیتووتەکانی کوردستان لە بیری بیریار و گەشەی پۆلەکانی زانستە مرۆییەکانەوە هەیە کە ئەمەش زیانێ زۆری لە رەوتی روناکبیری ئەکادیمی و ئاستی روناکبیرانی نێوەندی روناکبیری داوە و کاری نووسین و پشکنینی کردوە بە پیشەی نووسەری ئەماتۆر و رۆژنامەوانی عیسامی و ئەو پێنووسانەی کە تەنێ خەریکی کروزانەوە و واوەیلان بۆ کورد. لەکاتێکدا بیری ئەو بیریار و روناکبیرە جیهانیانەی یان ئەو شەپۆل و بزافە فکریانەی نووسەر و روناکبیرانی کورد لە رۆژنامە و گۆڤارەکان باسیلێوەدەکەن لە زانکۆ و ئینستیتووتەکانی ولاتانی رۆژئاوا دەوترێتەوە و بەشێ زۆر لەو بیریار و روناکبیرە جیهانیانەش کە لەناو رۆژئامەوان و نووسەراندا بووە بە سەری باس هەر لە زانکۆ و کۆلێجەکانا وانە دەلێنەوە و کاریگەریشیان گەیوەتە ناو مێدیا و نێوەندە کولتووری و کۆمەلایەتی و سیاسیە جیاجایاکان. نەک هەرئەوە بەلکو بەرهەمی تیۆری و فکری هەندێ لە بیریار و نووسەران لە گەلێ لە زانکۆکانا وەک بەرهەمی ئۆرژینال دەخوێنرێ و ماناێ زۆریشیان بۆ کۆرس و وانە ئەکادیمی و ئاستە جیاجیاکانی توێژینەوە زانکۆیەکانیش هەیە.کەواتە ئەوەی لە رۆژئاوا پێیدەلێن ئەکادیمیکەر ئەو روناکبیر و بیریارە جیهانیانەیە کە بە توێژینەوەکانیان نەک هەر هۆلێ زانکۆکانیان تەنیوەتەوە بەلکو سەرلاپەرەی رۆژئامە و گۆڤار و سەنتەرە روناکبیریەکانیشیان تەنیوەتەوە. بۆیە رەخنەی ئێمە لە روناکبیر و ئەکادیمیکەری کورد ئەوەیە کە نەک لەسەر ئاستی گلوبال بەلکو لەسەر ئاستی لۆکال و ناوخۆش ئەو مانا و گرنگیەیان بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و بنیتنانی هزری نییە و بەلکو ئەوەی پێیدەلێین شتی هزری هەروەک لەسەرەوەش لەگەلێ شوێن لێیدواین لە دەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی بەرهەمدێ.بەلام ئەم بەرهەمهێنانە زۆر لەئاستێ لەپاش و هیچگەرائامێزدایە کە هەمیشە رێی بۆ ئەو تێکەلکردنە هزریەش خۆشکردووە کە دەروازەی ئەم بەشەی نووسینەکەمانمان پێکردەوە. هەر لەبەرئەوەش ئێمە ئامانجی خۆمان هەر لەسەرەتای باسەکەدا دەستنیشانکرد و ئەوەمان روونکردەوە کە باسی تێکەلکردنی بیری بیریار و قووتابخانە یان رێبازە فکریەکان بەیەکتر باسێکە مانای خۆی بۆ نێوەندی روناکبیری و هەروەها نێوەندی ئەکادیمیشمان هەیە. چۆن ئەم دیاردەیە ،واتە دیاردەی تێکەلکردنەکە، روودەدا تارادەیەک بەشێوازێ پووخت بەردەستمان خست و ئەو هۆ و هۆکارانەشمان بەردەست خست کە مانایان لە دروستکردنی ئەو حالەتەدا دیووە. واتە ئەوەمان بەر باس خست کە بۆ ئەم دیاردەیە روویداوە و کێ و چی لە روودانی دیاردەی ناوبراو بەرپرسیارە. ئەمە هەولێکی کورت و چری ئێمە بوو بۆ دوان لە کێشەێ کە بینەقاقای نووسین و ئاخافتنە رۆژنامەوانی و توێژینەوە ئەکادیمیەکانیان گرتووە

Previous
Next

Leave a Reply