Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی:

12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی:

Closed
by April 4, 2008 گشتی

          گەندەلی وایکردووە بێ هزری ببێ بە کۆلەکەی هزر…..
  – بەشی سێهەم……
   ئازاد حەمە…….
بەواتاێکی تر، نووسەرە پەخشاننووسەکان ، ئەوانەی لەرێگای هۆنینەوەی غەزەلەوە دەیانەوێ رۆشنبیریێ هاوچەرخی کوردی دروستکەن، تێکرای تێگەیشتنی نووسینی کوردیان بێهۆشکردووە. ئەمانە کە لە وێژە (ئەدەب) ناگەن و لە بەوێژەیبوونی (بەئەدەبیبوونی) رۆشنبیری کوردی بەرپرسیارن لە هەقیقەتی ئەو کێشەیە ناگەن دروستکەرین. ئەم غەزەلنووسانە کە لەوەناگەن رۆشنبیری هیچ میلەتێ نە تەنیا لە وێژە (ئەدەب) پێکدێ و نەش رۆشنبیری دەکارێ پشت لە وێژە بکا هەمیشە لەپێناوی یەک ئامانج و مەرامی ئەدەبی دەنووسن. ئەم لایەنە کە کاریگەری بەسەر گشت لایەنە رۆشنبیریەکانی تریشەوە جێهێشتووە ئاکامەکەی دروستکردنی سەرمایەێکە لە نووسینی رەوانبێژیئاسا و سوفستای. ئەلبەتە لەگەلێ رووشەوە ئەو پەخشاننووسیەی رووی لە کاری رۆژنامەوانی کردووە هەر لەم جۆرە سەرمایەیەوە سەرچاوە هەلدەگرێ.گەر تەماشای زۆربەی ئەو وتارە شیعرگەرا سیاسیانەش بکەین هەندێ رۆژنامەوان یان بەرپرسی رۆژنامە و گۆڤار لە دەروازەی بەشێ زۆر لە رۆژنامە و گۆڤارەکانا دەینووسن بەووردی لەوەدەگەین بۆچی تەوژمی بەئەدەبیبوونی رۆشنبیری کوردی بەسەر رۆژنامەوانی نوێی کوردیەوە زالە. ئەلبەتە لەم بارەیەشەوە هەلەناکەین گەربلێین:لە مێژووی نووسینی کوردیدا ئەدەب و رۆژنامەوانی کە هەمیشە تەواوکەری یەکتربوونە لەئێستادا ماهیەتی رۆشنبیری تازەی کوردیش پێکدێنن. بەلام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە بەشێ زۆر لە پسپۆرانی ئەدەب و ئەمجار رۆژنامەوانیش لەوەحالینەبوونە ئەو ئەدەبەی زمانێ رۆژنامەوانی دەگرێتەبەر و ئەو رۆژنامەوانیەش کە سەرچاوە لە ئەدەبەوە هەلدەگرێ ناتوانێ زۆر بژی و ناشکارێ وتارێ رۆشنبیری فرەئاقاری بتەو دروستکا. بۆیە رۆشنبیری بۆئەوەی ستاتۆسی تایبەتی خۆیهەبێ پێویستە ئەدەب لە بەئەدەبیبوونی خۆیدا گیرخوا و رۆژنامەوانیش لەسەر کاری دیاریکراوی خۆی بەردەوامکا. واتە ئەدەب دەکرێ سنوور بۆ خۆیدانێ و رۆژنامەوانیش مەرجە لەو سنوورە بگا و تێینەپەرێنێ ئەگەرنا جیاوازی لەنێوان ئەدەب و رۆژنامەوانی نامێنێ. چونکە پێویستە بۆهەموان ئەوە روون و والابێ  ئەدەب هزرە یان بوارێ هزریە و رۆژنامەوانیش بوارێکە بە گەیاندنی فاکتە و هەوال و زانیاریەوە تایبەتە. بۆیە دەبێ جیاوازی لەنێوان ئەو زانینەی ئەدەب دەمانداتێ و ئەوی رۆژنامەوانی دەیدا بکەین. ئەم جیاوازیکردنە یارمەتی ئەوەشمان دەدا لە دەسەلاتی هزری ئەدەب بگەین. بەلام ئەو دەمەی ئەدەب بەخۆی لە هزرەڤانی خۆیناگا و ئەمجار زمانی ئەدەبی خۆی لە زمانی رۆژنامەوانی جیاناکاتەوە ئەوە کێشەێکە و ئەدەب و ئەدەبنووسانی کورد ، نەک رۆژنامەوان و رۆژنامەوانانی کورد ، لێیبەرپرسیارن. بەلام نابێ ئەوەشمانبیرچێ کە ئەدەب و رۆژنامەوانی دەتوانن بەبێ شێواندنی ناسنامەی یەکتر یەکتربەکاربەرن و سوود لە ستاتۆسی یەکتر لە سنووری دیاریکراودا وەرگرن. چونکە بۆئێمە ئەوە شێواندنە گشت رۆژنامەوانی بریتیکرێ لە ئەدەب و ئەدەبیش بە زمانی رۆژنامەوانی بێتەگۆ. راستە چ ئەدەب و چش رۆژنامەوانی دەکارن لەگەلێ روەوە رەکیزە سەرەتای و بناغەیەکانی رۆشنبیری پێکبهێنن بەلام ئەم پێکهێنانە لەسەر ئەوە وەستاوە چۆن ئەمە دەکرێ. چونکە ئەدەب و رۆژنامەوانی گەندەل هەرگیز ناکارن ئەوە بکەن و ئەو هزرەش لەئاکامی ئەم جۆرە ئەدەب و رۆژنامەوانیەوە دروستدەبێ گەندەل و بێسوودە.  گەندەل و بێسوودە چونکە ئامانجدار نییە و توانای گولبژێری و پالفتەکردنیشی نییە. یەک لە دەرخستەکانی ئەم گەندەلی و بێسوودیەش تێکەلکردنی هزری هزرەڤان و رێبازە هزریەکانە بەیەکتر. بۆئەوەی بەشێ لەو گەندەلیە بەسەرکەینەوە کە پیێمانوایە ئەدەب و رۆژنامەوانی گەندەل دروستکەرین بەپێویستیدەزانین داوا لەخوێنەرکەین ئەم چەند خالەی لایخوارەوە لەبەرچاوبگرێ.     
خالی یەکەم: لەم دوایە گەلێ نووسەر، بەتایبەت نووسەری رۆژنامەوان و ئەدەبدۆست کەوتنە نووسین لەسەر باسی وەک کۆمەلگەی مەدەنی ، جیهانگیری و ئیسلامی سیاسی و هەروەها هەندێ باسی هزریی قوول بەزمانێ ئەدەبی و رۆژنامەوانی سادە و ناهزری. ئەمەو هەر ئەم رۆژنامەوان و ئەدەبدۆستانە کەوتنە لێدوان دان و یان سمینار سازکردن لەسەر باس وخواسێ کە لە ئەدەب و رۆژنامەوانیەوە دوورە و ئەمەش وایکرد ئەمانە بکەونە هەلەیواوە کە لە لێدوان و سمینارێکیانەوە بۆئەوی تر ناکۆکی و پەرتی و تێکەلاوی لەپاشخۆیان لە ووتنەکانیانا جێبێلن. بەلام ئەوەی لەمە زۆر ئیرۆنی ترە ئەوەیە کە نە سەرنووسەری ئەو گۆڤار و رۆژنامە و یان بەرێوەبەری ئەو لێدوانانە پەییان بەو ناکۆکی و پەرتی و تێکەلییانە بردوە ئەو نووسەر و رۆژنامەوانانە دروستیانکردووە  و نەش کەسێ تائەورۆ هاتووە و لەم دیاردە پرلەکەموکورییە دواوە. بۆئێمە هەرگیز سەیر نییە هۆیئەوەی ئەم لایەنە تائەمرۆ نەبووە بە باس چونکە ئەو بەشە زۆرەی لە دروستکردنی ئەم دیاردەیە بەرپرسیارن سەربەو خێلە رۆشنبیرییەن لە بەسوفستایکردنی نووسینی ئەدەبی و رۆژنامەوانی کوردی بەرپرسیارە.
ئەو نووسینانە لەبەرئەوەی مەرجەکانی نووسینینیشان تیانییە بواری ئەوەشیان تیانییە ببن بە رێفرێنس بۆ کەسانێ کە لە دەرەوەی ئەو خێلەن.هەر بۆیشە ئەو جۆرە نووسینانە هەمیشە لە دەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی دەمێننەوە و لە قووژبنی چایخانەکانا نەبێ ناخوێنرێنەوە و دواتر هەر لەوێش رەتدەکرێنەوە و یان بەهاداردەکرێن. ئەم دیمەنەش یەکێکە لەو دیمەنە ناشرینانەی سالەهایە بینەقاقای نووسین و کاری رۆشنبیری کوردیان گرتووە. ئەم دیمەنە کە بەخۆی یەکێکە لە دیمەنە ناهزریەکان مانای لە تێکەلکردنی بیری بیریارانیشدا دیووە.چونکە زۆربەی ئەو باس و تێزە قوورس و ئالۆزانەی ئەو نووسەرانە دەخوازن لە سەرووتارێ یان سمینار و لێدوانێکدا باسیلێوەکەن و ناتوانن ئەوە وەکخۆیبکەن کێشەی مێتۆدی و هزری گەورە لەپاشخۆیان دروستدەکەن و نامۆیێ هزری مەزنیش لەناو نووسینی کوردی بەجێدێلن.بەلام ئەم کێشەیە دەکرا چارەسەرکرێ یان دەکرا ئەم کێشەیە لەم ئاستە دا نەبێ بەمەرجێ ئەگەر لەبری ئەو هەموو رۆژنامە و گۆڤارە ئەهلیانە یەک دوو گۆڤاری ئەکادیمی تایبەت بەیەک دوو بواری زانینی هەبایە.
لێرەدا ئێمە مەبەستمان لە گۆڤاری ئەکادیمی ئەو جۆرە گۆڤارانەیە دەستەی ئەکادیمیکەری شارەزاو و پسپۆر لە بواری تایبەت لە دەرهێنانیدا بەشداردەبن و ئەوی لەوێدا بلاویدەکەنەوە بەرهەمی توێژینەوە و راڤەکردنەکانیان دەبێ و ، هەروەها ئەو مشتومر و گفتوگۆ و رەخنانەی لەوێرا بلاودەبنەوە نەک هەر جێی باوەردەبن بەلکو زانیاری و زانینەکانی شایانی بەکاربردن و تێرامانی جۆراوجۆریش دەبن.
بەخۆی دروستبوونی گۆڤار لەلایەن دەستەێ پسپۆری شارەزا لە بوار و پۆلی جیاجیا لە زۆربەی ولاتان ترادبسیۆنێ باوە و زۆربەی شارەزا و پسپۆران لە بوارێ تایبەتدا لەسەرئەوە کۆکدەبن کار بۆ دەرهێنانی گۆڤاری تایبەت بە بوارێ بکەن و هەر ئەم لایەنەش کارێ وادەکا ئەو گۆڤارە رەوتی خۆی هەبێ و خوێنەرانیشی جیا و تایبەتیشبن. ئەمەو ئەم لایەنە رۆشنبیری ئەو کۆمەلگەیەش لەو گەندەلیە هزریە دەپارێزێ کە لەهەندێ روەوە دوچاریدەبێ. چونکە یەک لەو فۆرمەی ئەو گەندەلییە هزریە وەریدەگرێ بەدلنیایەوە ئەوەیە کە لە لاپەرەکانی لایسەرەوە پێشووتر ئاماژەیبۆکرا (واتە تێکەلکردنی دیدە هزری و قوتابخانەییەکان بەیەکتر).زۆرجاریش ئەم کێشەیە لە نێوەندی رۆشنبیری و مێدیای کوردی بەمجۆرە خۆینیشاندەدا بۆنموونە نووسەرێ یان روناکبیر و هزرەڤانێ دەکرێ بە بنێشتە خۆشەی سەر زمان و هێندە گەورە و ناسراو و پایەدار دەکرێ کە بەدلنیاییەوە لەسەر حسێبی بیستەها و سیەها نووسەر یان روناکبیر و هزرەڤانی تر دەبێ و یان هەمانشت سەبارەت بە هەندێ شەپۆل و ئاراستەی هزری و ئەدەبی و فەلسەفیش دەکرێ. واتە زۆرجار بزووتنەوە و قووتابخانەێ هزری ئەوەندە زلدەکرێ کە ئیدی گشت هزری مرۆڤایەتی لە ئاراستەی ئەو شەپۆلە هزریەدا بەرجەستەدەکرێ ئەو بزووتنەوە و قووتابخانە هزریەی بەرهەمیهێناوە. زۆر دووریش نارۆین ئەو بایەخدانە زۆرەی چەند سالێ لەمەوبەر هەندێ لە نووسەرانی کورد لەناوەوە یان لەدەرەوە بە هەندێ بیریار و مێژووکردی فەرەنسی ( فوکۆ، دێریدا، بارت) دایان لەسەر حسێبی ناوی چەندین کۆمەلناس و روناکبیر و فەیلەسوفی تری رۆژئاوای و غەیرە رۆژئاوای بوو. هەروەها ئەو بایەخدانە بەو بیریارانە سەرچاوەی لەوەوە هەلنەگرت کە ژیانی کەسی کورد لە تێزەکانی بیریاری ناوبراوەوە زیاد لەپێویست نزدیکە  بەلکو بەپێچەوانەوە باسکردنی ئەو بیریارانە و گۆکردنی ناویان بوو بە داردەستێ بەدەست هەندێ کەسەوە بۆ ئیدیعاکردنی روناکبیری.هەر ئەم لایەنە مەسەلەی ئەوەش بەدووی خۆدا رادەکێشێ کە هەندێجار نەک هەر بیری بیریارێ لەسەر حسێبی بیریار و روناکبیرانی تر بەکاربراوە بەلکو بەشێ لە بیری ئەو بیریارە لەسەر حسێبی بەشکەیتری بەکاربراوە. واتە زۆرجار بایەخ بە تێزێکی بیریارێ دراوە و تێز و توێژینەوەکانیتری فەرامۆشکراون.
خالی دووەم: مەسەلەێتر کە لێرەدا گرینگە سەبارەت بە هۆی تێکەلکردنی قووتابخانە هزریەکان بەیەکتر باسکرێ کە رەنگە لایسەرەوە راگوزاریانە باسیلێوەکرا و ئەو بەئەدەبیبوون و بەرۆژنامەوانیبوونەش لێیبەرپرسیارە کە رۆشنبیری کوردی دووچاریبووە ئەوەیە، لەنێو بەشێ لە دەستەی نووسەر و رۆژنامەکارانی کورد تێگەیشتنێ ئەوتۆ لەسەر پۆلی زانستەمرۆیی و کۆمەلایەتیەکان بەدیناکرێ و تەنانەت ئەو دوو پۆلە جیایە لەیەکدیش جووداناکرێتەوە و بەجۆرێ لە نووسین و لێکدانەوەکانیشا بەیەکدی تێکەلدەکرێن کە یناغەیان بۆ ئەو تێکەلکردنە لە رێباز و مێتۆدە هزری و فەلسەفیە جیاجیاکانیش دروستکردووە.. بەسێرکردنێکی ئەو نووسینانەش لە هەندێ بەشی ئەدەبی و یان هزری زۆربەی رۆژنامەکان دەنووسرێ بەئاسانی هەست بەوەدەکرێ چەند نووسەر و رۆژنامەکار و یان رەخنەگران بوارەکانی زانستە کۆمەلایەتیەکانیان بەیەکتر تێکەلکردووە و چەند ئەم نووسەر و رۆژنامەکارانە ئاگایان لەوە نییە هەریەک لەو بوارانە رێگای خۆیان لە خستنەرووی فاکتە و بەلگە هەیە و.یان لە توێژینەوەی کێشە و دیاردەکان خاوەنی شێوازی جیاواز و تایبەتی خۆیانن. ئەم لایەنە کە دواتر دێینەوە سەری و بە مەسەلەی بە ئاکادیمیبوونی گۆڤار و بێ ئاگایی زانکۆکان لە بەشە تازەکان و گۆرانکارییە مێتۆدی و تیۆرییەکان دەیبەستینەوە لێرە نموونە لەسەر مەسەلەیەکی تر دێنینەوە کە پێوەندی بە رۆلی گۆڤارە کوردیەکانەوەیە لە تێکەلکردنی دیدی قووتابخانە هزرییەکان بەیەکتر.
ئێمە لایسەرەوە هەندێ لە رووەکانی ئەم دیاردەیەمان خستەروو والێرەدا لە رووێترەوە بەسەریدەکەینەوە کە پتر ئەو تاوانە رووندەکاتەوە پێشتر بە تاوانی تێکەلکردنی هزری هزرەڤان و قووتابخانە هزریەکان بەیەکتر ناوماننا. ئێمە گەر لەمبارەیەوە بۆزێتر روونکردنەوەی مەبەستەکەمان بمانەوێ ولاتێ یان کۆمەلگەێ بەنموونە وەرگرین ئەوە باس لە سوید دەکەین کە ژمارەێ گۆڤاری زۆری لێدەردەچێ و هەریەک لەو گۆڤارانەش ئامانج و مەرامی خۆیان لەگەل دەرچوونی یەکەم ژمارەوە دیاری کردووە و ژمارە لە پاش ژمارەش پتر ئامانج و مەرامەکانی رووندەکاتەوە. نەک هەر ئەوە بەلکو لە مەسەلە هەرە گرینگەکان کە مەرجە لێرەدا دەستنیشانکرێ دوو مەسەلەیە. مەسەلەی یەکەم ئەوەیە گۆڤار، لە ولاتی سوید بێ یان لە هەچ ولاتێ تری رۆژئاوایی، لەسەردەمی ئەمرۆدا زیاد لەپێویست تایبەت کراوە و رەوتێ پسپۆریانەشی بەخۆوەگرتووە. بۆنموونە گۆڤاری تایبەت لەسەر فەلسەفە یان شانۆ یاخود فیزیا یا کۆمەلناسی، سەما ، بالێت دەردەچێ ئەمە و زۆرجار گۆڤارەکان نەک هەر لەبارەی پۆلێ دیاریکراو لە پۆلەکانی زانستە مرۆیی یان کۆمەلایەتیەکانەوەن بەلکو گۆڤارەکان سالانێکە بەجۆرێ ئەوتۆ تێماتیسێرە (بەبابەتی) ش کراون هەرجارەو ژمارەی گۆڤارێ بە تێمایێ دیاریکراوەوە تایبەتدەکرێ. بۆنموونە گۆڤاری تایبەت هەیە نەک هەر تەنیا لەسەر فەلسەفە بەلکو جوانکاری یان میتافیزیک یاخود مورال (رەوشت) یا لۆژیک (مەنتیق) یش و تەنانەت گۆڤاری تایبەت لەژێر ناوی فەلسەفەی شیکردنەوەی یان فەلسەفەی پراکتیک یاخود تیۆریش هەیە و هەروەها گۆڤاری جۆراوجۆر لەسەر پرسی ئافرەت یان جۆرێ کێشەی کۆمەلایەتی و سیاسی دیاریکراویش هەیە، لەوانە رەگەز یان ناسنامە. هەرچی مەسەلەی دووەمە ئەوەیە کە دەستەی نووسەرانی گشت گۆڤارێ ئەوە کۆیان دەکاتەوە هەموو پسپۆریان لەسەر ئەو باس و بابەتانە هەیە گۆڤارەکەی لەسەر بوونیاد نراوە و، ئەمەش بەخۆی مەرجێ سەرەکیە بۆ پێشکەوتن و بەردەوامبوونی ئەو گۆڤارە. بۆیشە هەچ گۆڤارێ لە هەچ بوارێ لە بوارەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەلایەتیەکان بێ، کۆمەلناسی یان ئەنترۆپۆلۆژی یاخود ئێتنۆگرافی، کاتێ لە یەکێ لە ژمارەکانی تێمایێ پێشنیاردەکا کەسانهایەک لەو ژمارەیە بەشداریدەکەن کە پسپۆریێ تەواویان لەسەر ئەو تێمایە هەیە. بۆنموونە کاتێ گۆڤاری سەما تێمای جوولەی سەما و کولتوور دەکا بەتێمای ژمارەی داهاتووی ئەم گۆڤارە ئەو جۆرە باسانە لەو ژمارەیەدا بلاودەکاتەوە کە هەریەکەی بەجۆرێ ئەو تێمایە بەرباسدەخا بووە بە تێمای ژمارەی دیاریکراو  و ئەلبەتە لەپال ئەوەشەوە چەند تێکستێ وەرگێراویش تایبەت بە تێمای سەما و کولتوور لەتەک ئەو تێکستانەدا بلاودەکرێنەوە کە زادەی وەرگێرانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە و هەندێ شارەزا و پسپۆرانی ترن کە لە دەرەوەی دەستەی بەرێوەبەری گۆڤارەکەوەن. بەلام هەرچی گۆڤارە کوردیەکانە هەموو لە چەند خالێ یەکدەگرنەوە کە ئەوانەش ئەمانەن. خالی یەکەم ئەوەیە زۆرجار ئەو گۆڤارانە وەک حیزبە کوردیەکان دێنەپێکهاتن واتە لەئاکامی یەگرتنەوەی هەندێ بۆچوونی هاوشێوە و شێوە خێزانییەوە دروستدەبن. هەروەها ئەو باس و بابەتانەی لەم جۆرە گۆڤارانەدا بلاودەکرێنەوە ئەگەرچی بانگەشە بۆئەفسانەی تازەیی دەکەن بەلام لەجەوهەردا لە مەزاج و توانای کەسەکانەوە نزدیکە تا شتێتر و ، پاشان نووسینەکان کە ئاراستەێ دەمدەمی و جەمسەرگەرا و پەرتیان هەیە نێگەیشتن و بیرۆکەکانی پەرت و پچر و تێکەلن. هەروەها گرفتی سەرەکی ئەم جۆرە گۆڤارانە لە شێوازیشیاندایە چونکە ئەو نووسینانەی لەم جۆرە گۆڤارانەدا بلاودەکرێنەوە هەرجارەی ئاراستەێ وەردەگرن،  واتە جاریوایە وەسفی هەندێ لە دیاردە و ئاقارە ئەدەبی و فەلسەفی و یان سیاسییەکان دەکەن و جارێواشە دەکەونە دژایەتیکردنیان. ئەمەش بەخۆی کێشەیەکە لە گۆڤاری کوردی نابێتەوە و هەندێ لە خەوشەکانیشیمان لایسەرەوە نیشاندا. 
خالی سێهەم: یەکێ لەو لایەنانەی لایسەرەوە ماوەێ لەمەوبەر بەکراوەی بەجێمان هێشت و لێرەدا دەمانەوێ بێینەوە سەری ئەوەیە کە یەکێ لەو هۆیە سەرەکیانەی رۆل لە تێکەلکردنی قووتابخانە هزریەکان بەیەکتر دەگێرێ ئەوەیە زۆربەی نووسەر و رۆژنامەوانانی کورد شارەزایێ تەواویان لەسەر قووتابخانە هزری و ئاراستە ئەدەبی و فەلسەفی و کۆمەلایەتیەکان نییە. لێرەدا دەشێ باس لە هەندێ بەلگەی بەرچاوی بکرێ کە رۆل لە دروستکردنی ئەم لایەنەدا دەبینن.لەوانە رۆلی زانکۆکان. تایبەت بەم لایەنەش دێینە سەرئەوەی کە بلێین لە زانکۆکاندا لەبەرئەوەی گەلێ بەش تائەمرۆ  بوونی نییە (لەوانە فەلسەفە، ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەتنۆگرافیا، زانستی زمان و لقەکانی تری، مێژووی بیر و چەندین بەش و ئاراستەی تر) ئەمەوادەکا ئەوانەی دواتر دەنووسن و خۆیان وەک رۆژنامەوان و نووسەر دەخەنەروو نەتوانن جیاوازی لەنێوان بۆچوونی سیاسی و سۆسیۆلۆژی هەروەها ئەمەو و ئەدەبی و ، یان ئەدەبی و رۆژنامەوانیدا بکەن ،هەروەها لە زانکۆکانا ئەو جۆرە پسپۆر و ئەکادیمیکەرانەش ( بۆنموونە لەپلەی پرۆفیسۆر) بەدەگمەن بوونیان هەیە کە دەکارن نەوەی ئەکادیمی و کەس و پسپۆری تایبەت لە بوارە جیاجیاکان دروستکەن. چارەسەری ئەم کێشەیەش کاری سال و دوان نییە و بەکردنەوەی بەپەلەی زانکۆی نوێ و یان بەشێ یان هێنانی پسپۆرێ لە زانکۆیێ ترەوە چارەسەرنابێ. ئەمە کە کێشەێ کۆن و گەورەیە و پێویستی بە چارەسەرێ بەردەوام و هەمیشەیە ناشێ رەشمەی چارەسەرکردنەکەی بدرێتە دەست کەسانێ لە خەونی سیاسی گەندەلی خۆیاندان و بەرژەوەندیە گەندەلەکانیان لە چوارچێوەی ئەکادیمیدا بەدەستدێنن ، ئەمانە ئەو کەسانەشن دەیانەوێ بەبێ زانین و توێژینەوە  ببن بە دکتۆرانت یان  بە پرۆفیسۆر یاخودیش بە سەرۆک زانکۆ. ئەلبەتە لەسەرێترەوە ئەو بێ ماهیەتی و پووچیەی لە ژیانی گەندەلی سیاسیشماندا هەیە موحابن زۆر بەووردی راگوێزراوەتەوە ناو نێوەندی ئەکادیمیەوە و بۆنموونە یەشێ (دەلێین بەشێ) لە مامۆستایانی زانکۆ ئەو گەندەلە سیاسیە وایانلێکردوون خەبالیان تەنیا لایئەوەبێ چۆن ببن بە ئەندامی سەرکردایەتی فلان حیزب و یان چۆن ئەرزەێ لە فیسکانە حیزب وەرگرن، لەکاتێکدا ئەوجۆرە مامۆستایانە جارێ لەوە بە ئاگانیین ئەو ئابووریەی بەدەست حیزبە سیاسیەکانەوەیە ئابووری ئەو مامۆستا داماو و کۆمەلگەکەیەتی و هەروەها ئەو ئابوورییە بەری ئابووری نەتەوە و داهاتنی نەتەوەیە کە ئەوەش لەکۆتایدا بریتیە لە کۆکراوەی ئەو باج و یارمەتی و پارە دەرەکیانەی حیزبە کوردیەکان بەناوی تاک و هاولاتی کوردەوە دەستیان دەکەوێ.
خالی چوارەم: هەر ئەو لایەنەی سەرەوە ئەوەشمانبیردەخاتەوە قسەلەسەر سێستەمی خوێندنیش بکەین، چونکە  سێستەمی خوێندن ، کە کێشە گەورەکەی پێکهێناوە و لەگەلێ لە گەندەلیە هزری و ئەکادیمیەکە بەرپرسیارە، باسی ئەو مەنهەج و کتێبانەش دەگرێتەوە لەبەردەست قووتابیاندان و ئەو وانانەش کە دەوترێنەوە، ئەمانە کە هەرهەمووشی لە ئاستی گەندەلی مامۆستاکان و کۆمەلگەوە نزدیکن لە بارودۆخی سیاسی و روناکبیری و تیۆری زانستی جیهانەوە دوورن. بەلام لەمحالەتەدا مەسەلە تەنیا گۆران هێنانەوەنیە بەسەر وانە و شێوازی ووتنەوە یان ناوەرۆکی کتێب و مێتۆدەکانی خوێندن بەلکو مەسەلەکە داوای گۆرینی سەرلەیەر ئەندێشە و روناکبیری ئەکادیمی بەشێ زۆر لە مامۆستا و ئەکادیمیکەرانیش دەکا. چونکە بەشێ زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ نەک هەر هەفتەی یەک کتێب لەسەر نێت (بووک ئۆن لاین) ناخوێننەوە بەلکو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەش ناخوێننەوە بەزمانی کوردی بلاودەکرێنەوە. ئێمە باشیش لەوە بەئاگاین کە بەشێ لەپاشکەوتووی مامۆستایانی زانکۆ لەمروەوە زمان نەزانینە بەلام ئەم لایەنە گشت کێشەکە پێکناهێنێ. چونکە ئەوانەش کە زمانێ بێگانە فێربوونە تائێستا دەرنەکەوتووە چەند و و چۆن ئەم زمانەیان وەبەرهێناوە هەروەها جەوهەری کێشەکە ئەوەشە کە ناواخنی روناکبیری و ئاستی مەعریفی گەلێ لە مامۆستا و ئەکادیمیکەر و نووسەری کورد لێلە و لە فۆناغ و حالەتێکی وەستاودایە کە نایەوێ بجوولێ و ناشخوازێ هیچ گۆرانێ بەسەر بوونیادی خۆیدا بهێنێ. لەمبارەشەوە زۆر دوور نارۆین گەربلێین ئەوی لە کۆلێجی زانستە مرۆییەکان دەخوێندرێ نەک هەر لە رەوتی مێتۆدی و زانستی هەنووکەی زانستەمرۆییەکان لە ولاتانی رۆژئاوا دوورە بەلکو لە گەلێ روەوە گەلێ جار پێچەوانەشیەتی. بۆنموونە گەر تەماشای زۆربەی بەشەکانی زانستە مرۆییەکانی ولاتانی رۆژئاوا بکەین دەبینین گشت کۆلێجێ لە کۆلێجەکانی زانستەمرۆییەکان سەرەتا بە خوێندنی کارە ئۆرژینالەکان دەستپێدەکا و لەگەلێ لە بەشاکانی زانستە مرۆییەکانا بەردەوام ئەو کتێبانە دەکرێن بە مەنهەج کە ئامانحێ گەورە و گلوبال لە پشت نووسینیانەوە بووە و هەنووکەن و نێوبانگیان لە نێوەندی ئەکادیمیدا هەیە. ئەمەو سالانە هەر ئەو کتێبە یان بەرهەمە سەرەکیانە ناکرێن بە مەنهەج لە خوێندن کە بناغەین و کۆلەکەی بیری سەدەێ یان قۆناغێ دیاریکراون بەلکو ئەو کتێبانەش دەکرێن بە مەنهەج لە خوێندن کە بەتازەکی نووسراون و لەگەل باری نوێی سیاسی و ئابووری و کولتووری جیهانا دەگونحێن. لەحالەتی ئەمرۆی کوردستان تایبەت بەملایەنە رووبەرووی دووجۆر لە کێشە دەبینەوە. کێشەی یەکەم ئەوەیە بەرهەمە ئۆریژینالەکانی نووسەر و بیریارە گەورەکان  و تادەگاتە نووسینە تازە و هەنووکەیەکان بە زمانی کوردی نین و بەمەش قووتابیانی کۆلێجەجیاکان ناتوانن بەئاسانی و بێگرفت ئەو نووسینانە بخوێننەوە و لەناوەرۆک و ئامانجی تێزەکانی بگەن. کێشەی دووەمیش ئەوەیە کێ ئەم کتێبانە یان کارە هزریانە بلێتەوە؟ چونکە ئەوی بیەوێ نووسینی روناکبیر و ئەکادیمیکەرە رۆژئاوایەکان بلێتەوە دەبێ خاوەنی خوێندنێ سەردەمی و ئەندێشەێ ئەکادیمی بەربلاو و قوولبێ.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.