Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی:

Be First!
by March 25, 2008 گشتی

   گەندەلی وایکردووە بێ هزری ببێ بە کۆلەکەی هزر
-بەشی یەکەم-
ئازاد حەمە…….. 

 (لە زنجیرە باسی کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل)   
گەندەلی هزری و ئەکادیمی گەندەلیێ مەترسیدارە و توانای خستنەوەی کاریگەری و دەرخستەی روناکبیری جۆراوجۆری هەیە. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە گەندەلیە (واتە گەندەلی هزری و ئەکادیمی) لەسەر گەندەلییە سەرەکیەکان ، وەک گەندەلی سیاسی و ئابووری ، مشەخۆرە توانای بەخێوکردنی دیاردەی سەیرسەیر و دروستکردنی کێشەی جۆربەجۆریشی هەیە. هەر لەبەرئەوە بایەخی ئێمە لەم چەند لاپەرەیە بەم جۆرە گەندەلیە سەرچاوە لەچەند خواستێکەوە هەلدەگرێ گرینگترینیان ئەمانەن: 1- خواستی قسەهێنانەپێشەوە لەسەر گرفتە هزریەکانی نێوەندی رۆشنبیری کوردی کە نێوەندی مێدیاش دەگرێتەوە و، 2-خواستی گفتووگۆکردنی ئەو کێشانەی لە نێوەندی ئەکادیمی کوردی ئامادەن. ئەم دوو حواستە، کە بنمیچی مێتۆدی ئەم نووسینە پێکدێنن، بەچەند ئاقارێکدا دەبەین لەرێگایانەوە ئەو گەندەلییە بەرباس دەخەین بۆ نووسەر و ئەکادیمیکەرانی کورد جێیگفتووگۆ نەبووە. هۆیئەوەش ئێمە لەم نووسینە ،یان بەگشتی لەکاتی باس لەسەر گەندەلی، بایەخ بە کێشە هزریەکان دەدەین بۆئەوە دەگەرێنینەوە کە لە هەچ کۆمەلگەێ هزر ڕوو لە گەندەلی بنێ زۆرترین مەترسی لەو کۆمەلگەیە لە نەشونمادا دەبێ. بەشێ لەو مەترسیانەش، بەبێگومان، لەم لایەنانە پێکدێن: 1- هاتنەخوارەوەی ئاستی ڕوناکبیری تاک ، 2- داڕمانی واتای ماف و لەپێش هەمووشیانەوە مافی ئەو تاکانانەی بەتاکبوونیان لەبەردەم هەڕەشەدایە: لەوانە ئافرەت ، ، پیر، منال و لاو، 3- قێزەوەنبوونی واتای ڕاستی و بەلەجیاتیکردنی ئەم واتایە بە سەفسەتە و فانتازی. واتە بوونی بێ هزری بەکۆلەکەی هزر، ئەم لایەنەش کە یەکێکە لە دیاردە بەرچاوییەکانی کۆمەلگەی گەندەل ، وادەکا ڕیالیتێ و ، پێویستی بۆ بەرپرسیارێتی و دلسۆزی (بەمانای فایدێلیتی) هەروەها یەکسانیکردن لەنێوان ماف و ئەرک لە کۆمەلگەدا لە ئاوابووندا بێ. بەلام ئەوی ئەم ئاوابوونە بۆ گەلێ لە تاکەکانی ئەم کۆمەلگەیە ژیردەکاتەوە یادوەریەکانە. لەبەرئەوەی یادەوەریەکانیش ، بۆنموونە لە کۆمەلگەی گەندەلی کوردستان ، هێجگار تال و برینئامێزن دادماننادەن و بۆیە قەلاچۆکردنی گەندەلی هزری تەنیا بە کودەتاێ لۆژیکی و یاخیانەی هزری لەناودەچێ بەلام لێرەدا گەورەترین گرفت کە بەردەوام بانگەشە بۆ مانەوە و بوونی خۆیدەکا ئەوەیە گەندەلی بێهزری دەکا بە بناغە، بەکۆلەکە، بۆ هزر. واتە هزر لە ژیانی هزریا وون دەبێ. لەبەرئەوەش ئەو شوێنانەی لە کۆمەلگە گەندەلاویەکان هزر بەخێودەکەن هەمیشە دوو نێوەندن،  یەکەمیان نێوەندی ئەکادیمیە و ئەویتریش نێوەندی ڕوناکبیری، ئەم دوو نێوەندە دەبن بە بابەتی باسی ئەم بەشەی نووسینەکەمان.
بۆئەوەی ئەو چەند دێرەی لایسەرەوە روونتر خۆیبەدەستەوە بدا دەلێین: بەتەماشاکردنێکی خێرای دۆزی هزری و ئەکادیمی لە کۆمەلەی گەندەل و کۆلاپسی ئەمرۆی کوردستان دەشێ بەهەندێ دیتن بگەین گرنگترینیان ئەمانەن: 1- ژیانی هزریمان ، نێوەندی رۆشنبیریمان ، دووچاری گەندەلی بووە، 2- توانای زانکۆیمان ،  نێوەندی ئەکادیمان ، بێ هزر گوزەردەکا، 3- نە هزر لە بەئەکادیمیبووندایە و نەش ئەکادیمیا بە هزرەوە پێوەندیدارە. ئەمەش وادەکا باس لە گەندەلی هزری و دواتر گەندەلی ئەکادیمی لەمیانەی باس لە دیاردەکانی کۆمەلگەی گەندەل لەباسە هەستیارەکان بن. بۆیە ئامانج لە نووسینی ئام بەشە هێنانە پێشەوەی گفتووگۆیە لەسەر هەندێ لایەن ڕەنگە لەهەندێ ڕوەوە بایەخێزۆریان بۆ ژیانی ڕوناکبیری و ئەکادیمی لەمەولامان هەبێ. بەشێ لەو گفتووگۆیەش شێوازی نووسین لەو باس و لێکدانەوانە دەگرێتەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئەهلی و حیزبیەکانا بەناو باس و بابەتی هزری (ئەدەبی، سیاسی، کۆمەلایەتی، ئابووری، فەلسەفی)  بلاودەبنەوە و ، بەشەکەیتریشی دۆزی نووسینی ئەکادیمی دەگرێتەوە. ئەم دوو لایەنە کە لەژێر یەکبنمیچا بەرباسدەخرێن ئەو هەل و مەرج و دۆزە نوێیانەش لەبەرچاودەگرن پێوەندی بەتێکدانی باری هەردوو نێوەندی ڕوناکبیری و ئەکادیمی کوردیەوە هەیە.
ئاشکرایە باسکردنی ئەم مەسەلەیە تاڕادەێزۆر فەرامۆشکراوە و فەرامۆشکردنەکەشی لەلاێ زیانی لە ڕەوتی نەشونمای ڕوانین و بیرکردنەوەی ڕۆشنبیر و نووسەران داوە و ،لەلاێتر ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی بەسەر لێکدانەوە و شیکردنەوە ئەکادیمیەکان بەجێهێشتووە. ئاکام و دەرئەنجامی ئەم مەسەلەیەش لە کۆتایدا بووە بە بەرهەمهێنانی سەرمایەێ لە نووسین و ئاخافتن کە دیدی نابەجێ و شێواوییان لە نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا بەگشتیکردووە و ڕۆلیشیان لە خولقانی نووسین و داهێنانی بێ هیوا و بێ ناوەڕۆک و پڕلە هەلەی هزری و تیۆریی دیووە، یان بەگشتی ئەم مەسەلەیە بووەتەهۆی ئەوەی کردە هزرییەکان بێ ئامانج و نەزۆک بن و لەبڕیئەوەی پێشنیاری چارەسەر و بەلگەی پێویست و گرینگ بکەن کار بۆ دروستکردنی ڕوانین و لێکدانەوەی نادروست و پەلە و هەڕەمەکی دەکەن. بۆیە خەمی ئێمە تایبەت بەم لایەنە لەوێوە سەرچاوەدەگرێ بەرهەمهێنانی بیروبۆچوون و تێگەیشتن لەهەچ بوارێ ڕۆشنبیری یان پۆلێ لە پۆلەکانی زانین لەبەرئەوەی لەدواینباردا لە دادوەری و دادسازی بەسەر هەستیارترین شتی ژیانمانەوە، بۆنموونە شتە شتە مرۆیی و ڕەوشتییەکان  بریتین ئەمەوادەکا ئێمە ئەم لایەنە بە هەند وەرگرین و وەک کێشەێ رۆژانەش سێریکەین. بۆیە نابێ و ناشێ هیچکات بیرلە فەرامۆشکردنی ئەو گەندەلییە هزری و ئەکادیمییە کوردییە بکرێ لەئێستادا نێوەندی ڕۆشنبیری و زانکۆیی کوردی گرتۆتەوە .
لەم سەرەتایەشەوە دەخوازین دەستبۆئەو لایەنە راکێشین کە پێشتر و لەهەندێ نووسینی ترمان باسمان لێوەکردوە ، واتە مەترسی تێکەلکردنی بیری بیریارانی ڕۆژئاوا یان بیروبۆچوونی بزووتنەوە و قوتابخانە فەلسەفی و هزریە ڕۆژئاوایەکان بەیەکتر. ئەلبەتە ئێمە ئەو مەسەلەیەشمان هەمیشە وەک تاوانێک تەماشاکردوە و پێیشمان وابووە پێویستە دادوەریێ هزری پووخت بەسەر ئەم لایەنەوەبکرێ. بەلام لێرە دەمانەوێ بەجۆرێ تر بێینەوە سەر ئەم لایەنە و لەتەک ئەو دۆزە ناهەموارە یەکیخەینەوە نێوەندی ئەکادیمی پێوەیگلاوە. ئێمە زۆریش دلنیاین ئەو تاوانە ، کە کاریگەریی خۆی لەڕادەبەدەر بەسەر ڕەوتی نووسین و ئاخافتنە ڕۆشنبیریەکانمانەوە جێهێشتووە ، زۆرجار بە مەبەست و بە بەرنامەوە نەکراوە و بەلکو ئەو تاوانە بەزۆری بەرهەمی بێئاگایی و تێنەگەیشتن بووە. ئەم تێکەلکردنە کە ڕوو و لای زۆرە بەشێکی بەو نووسین و ئاخافتن و تەماشاکردنانەوە تایبەتە لەژێرناوی تێکست و دوان و یان بەکورتی بەناو کاری ڕۆشنفکرییەوە بەرهەمهاتوون. لەبەرئەوە بەپێویستی دەزانین بەپێی توانا و لەچوارچێوەی تیۆری باسەکەدا ئەم مەسەلەیە و هەندێ مەسەلەی تریش بەرباسیخەین و چارەسەر و ئارگومێنتی (بەلگە) دیاریکراو و وەلامی گونجاو و پەسەندکراو لەبارەیانەوە پێشنیارکەین. بۆئەوەی ئەوەش بکەین بەپێویستی دەزانین باسەکەمان دابەش دوو پەرەگراف بکەین و بەشی یەکەم بە گەندەلی هزرییەوە تایبەت کەین کە لەنێوەندی رۆشنبیریدا نەشونمادەکا و ئەویتریش بە گەندەلی ئەکادیمییەوە. ئەم دوو گەندەلیە کە شتی هاوبەشیان زۆرە هەردوو بە کرداری هزرەوە وابەستەن.
کەوابێ ئێمە باوەرمان بەوەیە ئەو دەمەی هزر گەندەل دەبێ پرۆسەی روناکبیری ناساغ و هیچگەرائامانج دەبێ و نە نێوەندی رۆشنبیری دەکارێ کاری خۆی بەچاکی ئەنجامدا و نەش نێوەندی ئەکادیمی. لەبەرئەوەی ئەم دوو نێوەندەش کار لەسەر هزر دەکەن هەریەکەیان بەجۆرێ ناسنامە بە هزر دەدەن بەلام ئەو هزرەی ئەمانە لەژێرسایەی گەندەلی سیاسی و ئابووری کار بۆ بەرهەمهێنانی دەکەن هزرێ بێ هزرە. بۆیە پێداگیری ئێمە لەم بەشەی نووسینەکەمەمان لەسەر گەندەلی هزری وەکیتر پێداگیریە لەسەر ئەو گرفتانەش دووچاری نێوەندی ئەکادیمی و نێوەندی رۆشنبیری و مێدیای کوردی بوونە.  
بۆئەوەی خوێنەر روونتر ڕۆچێتە نێو باسەکانی ئەم بەشەوە ئاماژەبەوەدەکەین یەک لەو لایەنانەی نیازمەندین بەرباسیخەین کە بەخۆی پێوەندیێ گەورەشی بە گەندەلی هزریەوە هەیە مەسەلەی تێکەلکردنی هزری هزرەڤان و قووتابخانە یان رێبازە هزریەکانە بەیەکتر. پێشئەوەش بێینەسەر ئەو دەرئەنجامانەی لەئاکامی ئەم کێشەیەوە دروستدەبن بەپێویستی دەزانین سەرەتا بێینە سەر ئەو هۆ و هۆکارانەی لەپال ئەو دەرئەنجامانەوەن. ئەلبەتە بواری دروستبوونی ئەم کێشەیە بەزۆری ئەو شوێنانەن نووسین و ئاخاوتنی کوردی تیابلاودەبێتەوە. بۆیە گەر خوێنەری ئەم تێکستە بەووردی سەرنجی بەشێ زۆر لە نووسینەکانی نێو مالپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤارە حیزبی و ئەهلیەکان ،و تەنانەت لێدوانە تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەییەکان و  سمینارەکانی ناو هۆلە ڕۆشنبیرەکانی دابێ دەرکی بەوە کردووە هەموو ئەوانە لە دروستکردنی تاوانێ بەشدارن دەشێ ناونرێ تاوانی تێکەلکردنی هزری هزرەڤان و ڕێباز و قوتابخانە هزریەکان بەیەکتر. بێکومان بەدەم ئەو تاوانەوە هەندێ ووردە تاوانیتریشکراوە: بۆنموونە ئەوەی کە پۆلی زانستیە مرۆیی و کۆمەلایەتیەکان بەیەکدی تێکەلدەکرێن. واتە فەلسەفە بە تیۆری سیاسی و ئەوەش بە زانستی مێژوو و ئەمیشیان بە کۆمەلناسی و هەر هەمووش بە وێژەی (ئەدەبی) کراوە. خراپیشنیە لێرە بپرسین چۆن هزری هزرەڤان و قوتابخانە هزریەکان و ئەمجار پۆلی زانستە کۆمەلایەتی و مرۆیەکان بەیەکترتێکەلکراون؟ و بۆ ئەمە روویداوە؟ و دواتر ئایا بەرهەمهێنانی نووسین و دید و لێکدانەوەی بێ ئامانج و ناهۆمۆجین ئەمانە دەرئەنجامی بێئاگای هزری و پاشکەوتوویی ئەکادیمیین یاخود بەرهەمی دیاردەی ترن؟ بۆئەوەی خوێنەری ئەم بەشە لە وەلامی ئەو پرسیارانە بەئاگابێنین داوایلێدەکەین لەسەر خوێندنەوەی دواتری نووسینەکەمان بەردەوامبێ.
لایسەرەوە ووتمان گەر بەووردی سەرنجی بەشێ زۆر لەو نووسینانە بدرێ لە مالپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤارە حیزبی و ئەهلیەکان ( یان ئەوانەی لەلایەن گرووپ و دەستە هاورێ جۆراوجۆرەکانەوە دەردەچن) بلاودەبنەوە دەبینرێ گەلێ لەو نووسینانە لەلاێ بەشداری لە تێکەلکردنی دید و تەماشاکردنە ئەدەبی و فەلسەفی و کۆمەلایەتیەکان بەیەکتردەکەن و هەروەها لەلاێتر ئەو نووسینانە نەک هەر رۆل لە تێکەلکردنی بیری بیریار و روناکبیرە جیهانیەکان دەبینن بەلکو رۆل لە تێکەلکردنی پۆلی زانستە مرۆیی و کۆمەلایەتیە کانیش دەبینن. بەباوەری ئێمە لێرە تاوانەکە تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی نووسەر بەلکو بەشێ لەو تاوانە دەکەوێتە ئەستۆی سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی ئەو مالپەڕ و رۆژنامە و گۆڤارە حیزبی و ئەهلیانەش چونکە بەشێ زۆر لەو سەرنووسەر و یان دەستەی نووسەرانانە لەلاێ لە پۆلە زانستیە کۆمەلایەتی و مرۆییە جۆراوجۆرەکان پسپۆر و شارەزا نیین و ، لەلاێدیش لەو گۆرانکارییە مێتۆدی و قوتابخانەییانەش بێئاگان هاتوونەتە سەر بەکاربردنی چەمک و واتا فەلسەفی و ئەدەبی و سۆسیۆلۆژیەکان. ئەم لایەنەش دۆزێ ئەوتۆی هێناوەتەپێشێ چەمک و واتاکان لە شوێنی خۆیاندا بەکارنەبرێن و ئەمەش لەسەرێترەوە کارێوایکردووە ئەو چەمک و واتایەنە مانا نەبەخشن و هیچگۆرانێکیش لە شێوازی نووسین و ئاخاوتندا نەکەن. زۆرجاریش ئەم جۆرە کێشانە ئەم جۆرە فۆرمە وەردەگرن: بۆنموونە گەلێجار هەندێ نووسەر لە هەندێ نووسینا بەبێبناغە و بەشێوەێ زێدە هەرەمەکی بەبالی واتاهاێکی وەک مۆدێرنە، رادیکال، لیبرال ، دیموکراسی، شارستانی و عەقلانی هەلدەدا کەچی لە نووسینێ تر ، و یان لەهەمان نووسینا ، پشت لەو واتایانە دەکا و یان دژی دەوەستێتەوە و ئەمەش روودەدا بەبێ ئەوەی سەرنووسەری ئەو مالپەر و یان رۆژنامە یان گۆڤارە ئەهلی یان حیزبیانە دەرک بەوەبکەن روویداوە،. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئەم کێشەیە ناودەنێین تێنەژیان لەوی دەنووسرێ و دەووترێ یان تێنەژیان لەوی بیری لێدەکرێتەوە و گوزارەی لێدەکرێ. ئەم کێشەیەش کە یەکێکە لە کێشە دووبارە و بەرچاویەکانی نووسینی کوردی کاریگەریێ زۆری بەسەر ئەو گەندەلیە هزریەوە جێهێشتووە وتاری نووسینی کوردی دووچاریبووە..چونکە بەشێ زۆر لە نووسەرانی کورد تێرامان لەوەناکەن دەیلێن یان دەینووسن. یاخود بەشێ زۆر لە نووسەرانی کورد زۆرجار لە نووسینەکانیانا یان دژی بیری خۆیان دەوەستنەوە و بەپێچەوانەی ئەوەوە قسەدەکەن لەهەمان باس و ووتنیخۆیانا پشتگیرییانلێکردووە و بە ووتن و دیتنهاێ گرینگ و بەمانایان زانیووە یان داکۆکی لەوەدەکەن پێشتر پووچیانکردۆتەوە و بە جۆرە بیر و تێگەیشتنێ بێ کەلک و بێ مانایان زانیووە. هەر ئەم دیاردەیە کە ئێمە لێرەدا باسیلێوەدەکەین لە لێدوانە تەلەفزیۆنی و سمینارەکانی هۆلە رۆشنبیریەکانیشا بەدیدەکرێن. بۆنموونە زۆرجار کەسی سمینارسازکەر یان ئەوی لە کەنالێ تەلەفزیۆنیدا لێدوان دەدا دەکەوێتە بارێواوە ئاگایلەوەنامێنێ لەبارەی چییەوە دەدوێ و ئەویشی دەیلێ زۆرجار پێچەوانەی ئەوەیە لەهەمان ووتن و یان لەشوێنێتر لێیدواوە. رەنگە هەندێ جار ئەمە پێوەندی بەو دیتنە پراگماتیستیەوە بێ کەسەکە باوەری پێیەتی. بۆنموونە ئەو کەسە لەبەرئەوەی لە کەنالی یان رۆژنامەی حیزبێ سیاسی دەدوێ ئەمەوادەکا بۆچوونی ئەم کەسە بۆ ئەو شتانە لە کەنالی یان رۆژنامەی حیزبێ سیاسی تر وەکیەک نەبێ. ئەم جۆرە دیاردانە کە زۆر دووبارەن زۆرجار بەوپەری ئاگایی و بە بەرنامەشەوە دەکرێن.ئەمانەش تەنیا لە مەسەلەی تێکەلکردنێ میکانیکیانەی بیر و زانینەکان بەیەکتر بریتینیین بەلکو ئەمە بەخۆی دیاردەێ دژە  روناکبیرییشە و وەکیتر نەژیانیشە لەوی ووتراوە و یان بیرنەکردنەوەیە لەوی بیریلێکراوەتەوە. ئەمە کە گەندەلیێ هزری دروستدەکا تێکدەری پرۆسەی گشت خولقانێ هزری و بیریاریشە. وەکیتریش دوژمنی گەورەی راستیە. بۆیە لەگەل بەگەندەلیبوونی هزر راستی مالوێران دەبێ. چونکە مالی راستەقینەی راستی تەنیا ئەو دەمە دەشێ دروستکرێ کە هزر، هزری راستەقینە نەک هزری هیچگەرا و بێ ئایندە.، سەروەرە.
ئەوی لایسەرەوە باسکرا زۆر بەکورتی دەکرێ لەم دەربرینەشدا پووختکرێتەوە: بەردەوامبوونی گەندەلی هزری لە کۆمەلگە وادەکا بێ هزری لە  گشت درز و کون و کەلەبەرە رۆشنبیریەکانی هزراندندا خۆی مەلاس دا. ئەلبەتە نیشتەجێبوونی بێ هزریش لە هزردا زۆرترین کێشە بۆ ئەو نووسین و ئاخافتن و کردە روناکبیرییانە دروستدەکا دەیانەوێ قسە لەسەر ئەو باسانە بهێننەپێشەوە پێیان وایە باسهایەکی تەنگوچەلەماوی و کێشەئامێزن. ئەمان ناکارن و ناتوانن ئەمە بکەن چونکە ئەو کەسانە لەنووسینەکانیانا هەرجارەو داکۆکی لە گوزارە و واژە و یان رێباز و ئاراستەێ هزری و ئەدەبی و سیاسی دەکەن و یان هەرجارەو تێگەیشتن و بیرۆکەێ دەکەن بە هۆکاری وێرانسازی و نەهامەتی و سەرچاوەی نایەکسانی و دووبەرەکی و، یان بەپێچەوانەوە دێن و بەبێ فاکتە و بەبێ روونکردنەوە و بەبێ ئاماژەکردنیش بۆ سەرچاوە و ئەو ئەدەبیاتانەی پشتگیری لەو دەکا کە دەیلێن داکۆکی و پشتگیری لە هەندێ دیاردەی مێژووی و هزری یان رووداوی سیاسی و کۆمەلایەتی دەکەن. ئەمە کە تائەوپەری بەسەر سەرنووسەری یان دەستەی نووسەرانی رۆژنامە و گۆڤارەکان تێپەریووە رۆلی خۆی لە دروستکردنی لێکدانەوە و یان بەلانی کەمەوە لە دروستکردنی روانین و دیدی بێ ئامانج و دژە مێتۆد و هەلەش دیووە کە لایخوارەوە هەندێ لە رووەکانی ئەم کێشەیە بەرباسدەخەین.
ئەو کێشەیەی لایسەرەوە باسکرا بوونی خۆی هەیە و تەنانەت بووە بە مۆدێلێ هزریش کە نووسەرانی کورد ماوەیجارێ بیری خۆیان بگۆرن و یان لەیەک کات و قۆناغدا ببن بە هەلگری چەند بیر و تەماشاکردنێ کە هەرهەمووش دژ و پارادۆکسالن (ناکۆکئامێزن) لەتەکیەکا. ئەوەش لەسەرێترەوە ئاماژەیە لەسەر نەبوونی پارادایم و چوارچێوەێ دیاریکراو بۆ بیرکردنەوە و تێرامان و تێنەژیان لەوی لەوەوبەر ووتراوە. ئەم لایەنە کە بەری بیرێ پەرت و شاش و بێ ئامانجە بەرهەمی ئەندێشەێکیشە توانای تێهزرینێ بەرین و پری نییە و ، هەروەها ئەو جۆرە بیرانە بەرهەمی کەسانێکیشن سادە دەرواننە کاری بیرکردنەوە (هزراندن) و لە رەچەلەکی کێشە و دیاردە کۆمەلایەتی و سیاسی و رۆشنبیریەکان ناخوازن بکۆلنەوە و ئامانجیشیان نە گەرانە بەدووی رێگاچارە بۆ کێشەکان و نەش دۆزینەوەی ئەلتەرنەتیڤ بۆ کەموکورییەکان.
بەلام ئەوی پێوەندی بە شوێنی بلاوکردنەوەکانەوەیە، واتە ئەو شوێنەی تێکستەکان دەگرنە خۆیان و بە پوبلیک (جەماوەر) ی دەگەێنن، هەروەها ئەو جێگا و کەسانەش پشتگیری لە بیری بێ ئامانج و سەرەرۆی هزری دەکەن ئەوەیە ئەم لایەنە زۆرجار لەلاێ پێوەندی بەوەوەیە سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە لەلاێ تێگەیشتنێ دیاریکراویان لەسەر پۆلە (حقل) جیاوازەکانی بواری زانستە کۆمەلایەتی و مرۆییەکان نییە و لەلاێتریش پێشینە و زەمینەێ ئەکادیمیشان لەهیچ بوارێ هزریدا نییە و ئەمەش وادەکا لەو گۆرانانە بێئاگابن هاتوونەتە سەر مێتۆدی هزری و ئاراستەی قووتابخانە جۆراوجۆرەکانی نێو بوارەکانی وەک فەلسەفە ،زانستی زمان، کۆمەلناسی و تیۆری سیاسی. لەهەندێ حالەتی تردا ئەم مەسەلەیە پێوەندی بە دیاردەیەکی تریشەوە هەیە ئەوەش بریتیە لە بوونی ئەو دۆستایەتی و خزمایەتیەی لەنێوان زۆربەی نووسەر و بەرپرسی (مەبەستمان سەرنووسەری) رۆژنامە و گۆڤارەکاناوە هەیە کە ئەوەش کارێ وادەکا بەووردی سەرنجی ئەوەنەدەن بلاویدەکەنەوە و  لەوەش نەکۆلنەوە ئەو نووسینەی بلاویدەکەنەوە چەند ئامانجی خۆی دەستنیشان کردووە و بە چ رێگا و شێوازێ ئەو نووسینە چارەسەر پێشکەشدەکا و هەروەها ئەو ئارگومێنتانە چین ئەم نووسەرە بەهۆی باسەکەیەوە دەیەوێ دەستنیشانیکا و چۆنیش ئەم ئارگومێنتانە بەکاردەبا. هەروەها ئەو دۆستایەتیە زۆرجار کارێ واشدەکا پاش بلاوبوونەوەی ئەو نووسینە هەلە و تێکەلاوانە ئەم رۆژنامە و گۆڤارانە رۆل نەک هەر لە دروستکردنی ناو و نووسەری سەیرسەیر ببینن بەلکو ئەم رەفتارەیان دەبێ بە بناغەێ بۆ دروستکردنی بۆچوون و روانینی فەلسەفی و سیاسی و ئەدەبی نادروست و بێ مەبەستیش. ئەم هەلە و نامێتۆدیەش لە نووسین و بلاوکردنەوە ، کە بەشێ زۆری بەرهەمی ئەو خزمایەتی و خێلەکیە رۆشنبیرییەیە لەسەرەوە ئاماژەی بۆکرا ،لەناو ئێمە ئەوەندە کۆنە دەتوانین بلێین کارێوایکردووە ئەو نووسینە تێکەل و بێ ئامانجانە تارادەێ زۆر ببن بە فاکتە و راستی و هەروەها بە سەرچاوەش بۆ بەلگەهێنانەوە و دارشتنی جیهانبینی تر. واتە لەو شێواوی و بێ ئامانجی و تێکەلییە راستیێ باوەر پێکراو و زانینێ تۆگمەی لێدروست بووە و بووشە بە رێفرێنس (مەرجەع) بۆ ئەو نووسین و لێکدانەوانەی پاشتر دەکرێن. ئەم لایەنە کە زۆر مەترسیدارە بەبۆچوونی ئێمە زۆرترین کێشەشی لەپاش خۆی بەجێێهێشتووە و زۆرترین برینیشی خستۆتە ناو جەستەی رۆشنبیری نوێ کوردیشەوە و بناغەێ تووندی بۆ گەندەلی هزری و مشەخۆری روناکبیریش دروستکردووە. هەربۆیشە پەشیمان نین لەوەی گەر بلێین: نووسینی هەلە و تێکەلاو ،کە بەهۆی نەبوونی زانیاری و بوونی رەوشتێ خێلەکی رۆشنبیری و تێنگەیشتنی پر و قوولەوە دروستبووە ، نووسینی کوردی تازەی لەرادەبەدەر تەنیوەتەوە و بووە بە بەشێ گەورە لە ژیانی نووسینی نوێی کوردیشمان.
بەدلنیایشەوە ئەو هۆیانەی لایسەرەوە باسکران تاکە هۆکارنین لە دروستکردنی ئەم دیاردەیە (دیاردەی دروستبوونی نووسینی تێکەلاو و بەهەلە و بێئامانج) بەلکو گەلێ رووداو و هۆی دی هەن کە لەدرێژەی باسەکەدا دێینەوە سەریان. یەک لەو هۆکارانەش کە شایانی بیرخستنەوەیە ئەوەیە تائێستا بەزمانی کوردی تێکستێ بەرچاوناکەوێ نەک هەر ئەوە روونکاتەوە نووسین چییە؟ یان بۆ دەنووسین؟ یاخود نووسەرایەتی چی دەگەێنێ و پەیامی نووسەر لە چی پێکدێ؟  بەلکو ئەوەش روونکاتەوە چۆن دەنووسین؟ و رەکیزەکانی نووسین لە چی پێکدێ؟ و چۆن نووسین لە خودی خۆیدا هەولێکە بۆ توێژینەوە و لێکۆلینەوە لە دیاردەیەکی دیاریکراو؟ هەروەها چۆن ئەو توێژینەوەیە لەناخیدا هەلگری ئامانج و خواستێ دیاریکراوە و کاریشی فاکتە بەدەستەوەدان و بەشداریکردنە لە دروستکردنی گۆرانکاری و ئالۆگۆری پێویست و بەجێ؟

Previous
Next

Leave a Reply