Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی:- بەشی پێنجەم –

12- گەندەلی هزری و ئەکادیمی:- بەشی پێنجەم –

Closed
by April 16, 2008 گشتی

گەندەلی وایکردووە بێ هزری ببێ بە کۆلەکەی هزر…..

  ئازاد حەمە…..

پاشئەوەی لایسەرەوە بەشێ لەو گرفتانەمان خستەروو کە نێوەندی ئەکادیمی کوردی بەرهەمهێنەریەتی کە کاریگەری راستەوخۆی بەسەر دروستکردنی هەوێنی گەندەلی هزری لە کۆمەلگە و دامەزراوە مەدەنیەکانی ئەمرۆی کوردستانیش هەیە لێرەوە بەپێویستی دەزانین بێینەسەر هەندێ لایەنیتر کە بە خودی زانکۆ وەک دامەزراو و وەک شوێنێکی زانستیەوە تایبەتە.لەمروەشەوە لەوێوە وەسەرەتادێین کە پێشتر و لە نووسینێترمان بەناوی "" کۆلاپسی (دارمانی) نێوەندی ئەکادیمی"" باسمانلێوەکردووە.ئەم گەرانەوەیەشمان بۆ نوسینی ناوبراو لەوەوە سەرچاوەدەگرێ کە نێوەندی ئەکادیمی کوردی دەمێکە گلێنراوە بەگەلێ کێشەی ئەکادیمی جۆراوجۆرەوە کە بەرچاویترینیان ئەو کێشەیە کە مانگرتنی قووتابیان دوو سالێ لەمەوبەر ئاشکرایکرد. چونکە ئەو مانگرتنە ئەوەی پێووتین زانکۆیەک وەک زانکۆی سلێمانی بەوهەموو کەموکوریانەوەی چۆن دەتوانێ زانکۆیێ ئەهلی وەک زانکۆی ئایندە بەخێوکا کاتێ زۆربەی بەشەکانی زانکۆی سلێمانی ئەو مێتۆدانە تیایدا سەرپشکە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوو لە رۆژئاوا پێرەوکراوە. گەر  تایبەت بەم دیتنەشمان هەندێ لە بەشەکانی زانستە مرۆییەکان (وەک کۆمەلناسی، مێژوو یاخود ئابووری و تەنانەت زانستە سیاسیەکان و یاساش ) بەنموونە وەرگرین دەبینین تەنیا لە یەک بەش پێکدێن و ئەم بەشانە لە ولاتانی تر و بەتایبەت لە ولاتانی رۆژئاوا چەندین بەشی تری لێدەبێتەوە و جگەلە هەندێ کۆرسی لابەلایتر کە گشت یەکێ لەو بەشانە لەماوەی وەرزی خوێندن دا دەیگرنە خۆیان. هەربۆنموونەش لە زانکۆی ستۆکۆلم بەشێ وەک ئابووری تەنیا لە بەشی ئابووری و بەرێوەبردن پێکناێ بەلکو لە چەندین لابەشیتر و بەشی سەرەکی تریش پێکدێ کە زۆربەیان پێوەندی لە لاێ بەگەشەی بازاری ئابووری و تەکنیکی رۆژئاوای جیهانگیرییەوەیە و لەلاێ دیش بەخودی ویست و هۆشمەندی تاکی ولاتانی رۆژئاواوە. بەلام لە زانکۆکانی کوردستان  بەشی ئابووری نە ئەو گرنگیەی هەیە و نەش بازاری کار و بەرهەمهێنانی کوردستان پێویستی بەو ئالۆزیانەی زانستی ئابووری نوێیە کە لە کۆلێجەکانی ئابووری ولاتانی هاوچەرخ دەخوێندرێ. وەکیتریش ئەو بازارە تازەیەی لە کوردستانی ئەمرۆ دروستبووە بەرهەمی ئەوەنییە کورد بەشێکە لە بازاری نەخت و تەکنیکی نوێ بەلکو پێوەندی بە مەزاجی هەندێ پارەداری کوردەوەیە کە شمەکی بەرخۆری و تەنانەت تەکنیکی و ئەلەکترۆنی سەرەتای لە ولاتانی دراوسێوە بۆ کوردستان دەهێنن. پارەدارەکانی شاریش ، بەتایبەت ئەو بەشەی پێیێکیان لەناو سیاسەتە و یان بەشێکیان بریتین لە سیاسیەکانی ئەمرۆ و یان دوێنێ ، فوورسەت لەبەردەمیانا بۆ بازرگانی لەو بازرگانانە زۆرترە پێیێکیان لەناو سیاسەت نییە. بۆیە وانەکانی بەشی ئابووری پربەپێستی بازاری ئەمرۆی کوردستانن و هیچوەخت لەگەل پێداویستیەکانی بازار و سێستەمی بەرهەمێنان و کارکردنی ئەمرۆی کوردستان لەناکۆکیدا نیین. دواتر ئەو دەستەبژێرەی لای ئێمە بازرگانی شاریان بەدەستەوەیە نە وەک سەرمایەدارە رۆژئاوایەکان لەو کۆلێجانەدا ئابووری و بەرێوەبردنیان خوێندووە کە زۆربەی تیۆرییە نوێیکانی کار و بەرهەمهێنان و بەرێوەبردنیان تیادەووترێتەوە و نەش ئەو زانیاریە نوێیانەیان لەبارەی سێستەمی نەخت و فرۆشتنەوە پێیە کە بەو گەشەیەوە گرێدراوە تەکنەلۆژیای زانیاری خستوویەتیە ناو بازارەوە. بەپێچەوانەوە بازرگانەکانی شارەکانی ئەمرۆی کوردستان پۆلێ نەخوێندەوار و کۆنە سیاسی و لاوی پارەپەرستن بیرۆکەی ""مەیک مۆنی-پارە دروستکردن""  کە بیرۆکەێ مولتی سەرمایەداری و ئەمەریکییە گشت رەفتارێکی بازرگانییان بەرێوە دەبا. هەرچی بەشەکانی تریشە کەمتر لە بەشی ئابووری بێگرفت نییە و ئەو وانانەی تیای دەووترێتەوە لە پرۆگرامی کۆرسە وەرزیەکانی هیچ زانکۆیەکی رۆژئاوا نەماوە. ئەی باشە زانکۆی ئایندە و تایبەت یان ئەهلیمان بۆ چییە؟ بەباوەری ئێمە پێویستیەکە پێویستیێ بەرژەوەندیکارانەیە و هیچ پێوەندیێکی بە گەشەدان بە زانست و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی قوتابیانەوە نییە و هەچ پێویستیەکیش بەرژەوەندیکارانە بێ بێکەلک و بێفەرە چونکە سوود و کەلکی تاقم و گروپێکی تیایا و بەس.
هەر تایبەت بەوی لایسەرەوە ووترا ئەوەش دەلێین، زانکۆی سلێمانی سالانێکە بەکالاریۆس (لێسانس) هەلگرێ زۆر لە ئابووری، کۆمەلناسی، یاسا، زمان و ئەدەبی کوردی، مێژوو و تادەگاتە بەشەکانی زانستە سروشتیەکانیش (کیمیا، فیزیا، بیرکاری و هتد) فرێداوەتە ناو بازاری کارەوە بەبێ پلان و تێگەیشتنێ بۆ ئایندەی بازار و پێویستیەکانی دامەزراوەکان. ئەمەش وایکردووەا رێژەی بێکاری لەنێو هەلگرانی بروانامەی زانکۆی بەرزبێتەوە و بۆچوون بۆ خوێندن لە زانکۆ و بۆ کەسی ئەکادیمی بگۆردرێ. راستە ئەو بووژانەوە ئابووریەی لەئێستادا لە کوردستان لەسەرپێیە – ئەگەرچی بێسەروبەر و پەلەیە – بەشێ لەو بێکارە ئەکادیمییانەی خستۆتەسەرکار بەلام لەبەرئەوەی لەئێستادا ئابووری کوردستان سەرچاوەکەی سیاسیە و خۆیی نییە ناشێ ئەو بووژانەوەیە لەئەمرۆدا ئومێدی گەورەی پێبکرێ گەر پلانی ئابووری ناوخۆی درێژخایەن دانەرێژرێ و توانایی لە بازار و لەناو کەرتە جیاوازەکانی ئابووری ولات لەئارادا نەبێ. لەوەشبەئاگاین کە نەخستنەسەرکاری دەرچوانی زانکۆ هەریەک بەپێی پسپۆری و پیشەیان ئەئەمێستادا کێشەیەکە و تەنیا پێوەندی بەبازاری کار لە کوردستان نییە و تارادەیەک بووە بە دیاردەێ گلوبال و کێشەێ نێودەولەتی بەلام لە ولاتانی جیهانگیریدا شیاوی لەبەردەم دەزگاکانی کار و دامەزراوەکانی خوێندن و فێربوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشانە زۆرترە. باشە ئەمە بێ واقیعی بازاری کار بۆ دەبێ زانکۆی تایبەتمان هەبێ؟ باشە زانکۆێ وا پێویستی بە مامۆستا و کادیری ئەکادیمی تایبەت نییە کە لەگەل ئەدرێسەکەیدا تەبا بێ؟ یان زانکۆ کە بە پارە بێ نابێ ئەو وانانەی تیایا بووترێنەوە تایبەت و دەگمەن بن؟ بەباوەری ئێمە ئەم زانکۆ و کۆلێجە تایبەتانەی لایئێمە دروستدەکرێن پێوەندییان بە دوو خالەوەیە: خالی یەکەم ئەوەیە ئەو زانکۆ و کۆلێجە تایبەتانە (یان ئەهلیانە) بریارێ سیاسی لەپشت دروستکردنیانەوەیە. واتە حکومەتی هەرێم لەپشتیەوەیەتی ئەمەش وادەکا ئیدارەی زانکۆکە یان کۆلێجەکە گالتە بەگشت داوایەکی ئێستا و داهاتووی قووتابیان بکا. جەوهەری ئەم بریارە سیاسیەش پێوەندی بەجۆرە سازشێ سیاسیەوەیە کە ئەوەش بەو وتارە سیاسیەوە وابەستەیە کوردستانی ئەمرۆی بە عێراقەوە گرێداوە. خالی دووەمیش ئەوەیە کە بنەمالە سیاسی و بازرگانەکانی شار پێویستیێ زۆریان بەو زانکۆ و کۆلێجە تایبەت و ئەهلیانەیە.مادەمەکی وەرگرتن لە زانکۆی تایبەت لەسەربناغەی دراو بێ و نەک پلە و زانین و توانای ئەوا زارۆکی سیاسی و بازرگانەکانی شار یەکەم پۆلی قووتابیانی ئەم جۆرە زانکۆ و کۆلێجە ئەهلیانە پێکدێنن. پارە کە بۆ ئەم دوو بنەمالەیە هیچوەخت کێشە نییە ئەوا بەئاسانی زارۆکەکانی ئەم دوو بنەمالەیە لەم جۆرە زانکۆ و کۆلێجە ئەهلییانە وەردەگیرێن و ، لەسەرێتریشەوە خودی ئەم زانکۆ و کۆلێجانە لەبەرئەوەی ویستی بنەمالە پارەدار و دەسەلاتدارەکانی شار پردەکەنەوە و هەرخۆشیان لەپشت بەردەوامبوونیەوەن بەئاسانی دەتوانن لەو جۆرە گرفتانە خۆیان دەربازکەن دووچاریدەبن.  بەلام با بپرسین بۆ دامەزراندنی ئەم زانکۆیە بریارێ سیاسی لەپشت دروستبوونیەوەیە؟ لەمروەوە گەلێ هۆ دەکرێ بۆلکرێ لەوانە. ئەو مامۆستا عەرەبانەی لەسەر بناغەێ سیاسی لە کوردستان دامەزرێندراون دەەبێ پرۆژەێ ئاوایان لەبەردەمدا بکرێتەوە تا وەبەربهێنرێن. ئەوانیش چونکە لەسەر بوونیادێ پراگماتی جێنیشینکراون هیچوەخت نە لەسەر هیچ داوایەکی قووتابیان دێینەگۆ و نەش لەسەر رەفتاری چەوتی دەسەلاتی سیاسی کوردی. بۆیە دەسەلاتی سیاسی لەم روەوە دەزانێ چیدەکا. مەبەستمان دەسەلاتی سیاسی یان ئەوەتا زاتکۆ پردەکا لە مامۆستای بەتالی حیزبی یان دەیخاتەبەردەست کۆمەلێ بازرگانی ئەکادیمیەوە. ئەم دوو گروپەش کە هیچکات لە کەموکوری و هەلەکانی دەسەلاتی سیاسی کورد نایەنە قسە ستاتۆسی ئەکادیمی کوردی دێننەئاستی کۆلاپس، ئەوەش کە خەونی سیاسی کوردیە مرۆڤی پراگماتی و هەلپەرست گشت گۆرەپانەکانی شار پرکاتەوە زۆرترین دەگە لە واتای زانست و لە تێگەیشتن بۆ مامۆستا و قووتابی زانکۆ دەدا. هۆێ تر کە زانکۆ و کۆلێجی تایبەت بریارێ سیاسی لەپشت دروستبوونیەوەیە ئەوەیە کە بازرگان و سیاسیەکانی شار ، کە بەهێزترین بەرژەوەندی لەنێوانیادایە، دەیانەوێ نەوەکانیان دواتر لە فۆرمێ دیدا جێیانبگرنەوە. بۆئەوەی ئەمانیش جیاتر لە باوباپیرانیان گۆرەپانی سیاسەتکردن و بارزگانی بگرنە دەست چاترە زانکۆی بن و بروانامەیان لەبەرباخەلدابێ. پاشان گەر ئێستا رەخنەی ئەوە لە بەشێ زۆر لە سیاسی و بازرگانەکانی شار دەگیرێ نەخوێنەدەوار و نائەکادیمین ئەم کێشەیە نەک هەر بە کرین و مسۆگەرکردنی کورسی خوێندن لە زانکۆ و کۆلێجە تایبەتەکانا بۆ جگەرگۆشەکانیان چارەسەردەکەن بەلکو بۆ خۆشیانی دابینکەن. چما لە زانکۆی سلێمانی یەک دوو بەش لەلایەن ئەمانەوە قۆرخنەکراوە. کەواتە گەر لە زانکۆ حکومی و مەرکەزیەکە ئەمە سەد دەر سەد بۆ ئەم سیاسی و بازرگانانە نەچووبێتە سەر ئەوا بەناوی خوێندن بەپارە لە زانکۆ و کۆلێجی ئەهلی ئەم نیازەیان بەچاکی بۆخۆیان هێناوەتە دی. رەنگە بۆگەلێ ئەوەش پرسیار بێ بۆ بازرگان و سیاسیەکانی شار رۆلەکانیان رەوانەی زانکۆکانی وەک زانکۆی ستۆکۆلم. سۆربۆن، هارڤارد، یال ، کۆلۆمبیا و کامبرچ و… هتد  ناکەن گەر بە فیعلی ئەمانە پارەدارن و دەیانەوێ منالەکانیان لە منالەکانی تری کورد جیاوازبن؟
ئێمە وەلامی ئەو پرسیارە بۆ خۆیان بەجێدێلین بەلام لەپال ئەو پرسیارە دەمانەوێ ئەوەبلێین کە زانکۆی تایبەت لەئێستادا لە کوردستان نە شوێنی جیاوازە و نەش توانای دروستکردنی جیاوازی هەیە. جیاوازی دروستکردن شیاوی و توانایێ تری دەوێ کە لە هەنووکەدا لە نێوەندی زانکۆ و کۆلێجە ئەهلیەکانا  دەستناکەوێ. راستە زانکۆ و کۆلێج و ئینستیتووتی ئەهلی لە ولاتانی تر و بۆنموونە لە ولاتانی هاوچەرخ زۆرە بەلام بەهیچجۆرێ بەو شێوەیەی کوردستان نییە. هۆی ئەوەی کە زانکۆ و کۆلێجە ئەهلیەکانی ولاتانی بۆنموونە رۆژئاوا لەوی کوردستان ناچێ زۆرە بەلام زۆر بەکورتی لێرە باس لە یەک دوو جیاوازی دەکەین. بۆنموونە وەرگرتن لە زانکۆ و کۆلێجە ئەهلییەکان لە ولاتانی رۆژئاوا زۆر سەختە و ئەوەی زۆری گرنگی دەدرێتێ مەسەلەی پلە و ئاستی خوێندنە. هەروەها لە زانکۆ و کۆلێجە ئەهلیەکانی ولاتانی رۆژئاوا  مامۆستای بەمانای وشەکە تایبەت وانەی تیادەلێنەوە و مێتۆدەکانی خوێندنیش زۆر سەردەمیین.کە دەشلێین سەردەمیین مەبەستمان مرۆیی نییە چونکە زانکۆ ناتوانێ کەسی مرۆیی دروستکا بەلکو مەبەستمان لە سەردەمیی ئەوەیە قووتابیێ کاتێ ئابووری یان بەرێوەبردن یاخود پزیشکی دان لە یەکێ لەو زانکۆ یان کۆلێجە ئەهلییانە دەخوێنی بەو جۆرە فێردەکرێ کە بازاری نوێی جیهانی داوای دەکا. بۆنموونە خوێندن لە کۆلێجێ وەک پزیشکی دان زۆر بەو گۆرانکاریانەوە وابەستەیە هاتۆتە سەر تەکنەلۆژیای زانیاری و مێتۆدە نوێیەکانی چاککردن و تیمارکردنی دان. ئەمەو ئەو وابەستە بوونە بە بازاری کار و گەشەی ئیداری بۆنموونە بەشێ وەک بەشی یاساش دەگرێتەوە. بۆنموونە بەشی یاسا لە زانکۆ تایبەتەکانی رۆژئاوا لە چەند بەشێ مۆدێرن پێکدێ کە بەجۆرێ قووتابی پەروەردەدەکەن کە پاشان بکاری کاری لە دامەزراوە یاسایەکان یان کارگە و دەزگا رەسمی و حکومیەکانا بۆ مسۆگەرکا نەک دەرچووی بەشی یاسا تەنیا بۆ ئەوە بەکارببرێ بکرێ بە پارێزەر لە پۆلیسخانەیەک یان دادگایەکی گەندەلی شار یان بکرێ بە مودیر ناحیە. بەواتاێتر دەمانەوێ بلێین کۆلێجی یاسا لای ئێمە تەنیا کەوادری لەم جۆرە دروست دەکا و ئەمەش ئەو پێویستیانەیە بازار و دامەزراوەکانی کۆمەلگە پێویستیەتی.چونکە نە کارگەکانمان پێویستیان بەو یاسا ناسە مۆدێرنانەیە و نەش دەزگا و دامەزراوە سیاسی و ئابووری و مافیەکانمان ئەوەندە ئالۆز و تایبەتن پێویستیان بەو جۆرە پسپۆریانە هەبێ کە لە کۆمەلگە مەدەنیەکانی ولاتانی جیهانگیریدا باوە و ، لەهەموو ئەوانەش گرینگتر نە مێتۆدەکانی خوێندنیش لەو بەشە قوتابی بەجۆرێ پەروەردە دەکا کە دواتر بکارێ بیر لە کارکردن لە هەندێ دامەزراوی جیا بکاتەوە و یان بکاری لەو جۆرە شوێنە نێودەولەتیانە کاریدەستکەوێ کە کاری یاسای و مافی لەئاستێ مەدەنی و سەربازی و بازرگانی بالادا بەرێوەدەبەن. جیهانگیری کۆمەلگە مەدەنیەکان نەک هەر وایکردوە گشت دامەزراو و دەزگایەک تایبەت بە بواری یاسا پێویستی بە جۆرێ لە پسپۆریی بێ بەلکو ئەو نێوەند و بنکە نێودەولەتیانەش کە زۆربەی بریارە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی بەدەستەوەیە پسپۆری یاسای خۆیانیان هەیە و زۆربەی کارمەندەکانیشیان دەرچووی کۆلێجەکانی یاسان و بۆیە ئەم کۆلێجانە سالانە گۆران دێننە سەر پرۆگررامی خوێندنیان و یاسای نوێش لەم دامەزراو و کۆلێجانە هەمیشە پێیکی لەناو زانستە سیاسی و ئابووریە نوێکانە و ئەویتریشی لەناو فەلسەفەی یاسا و رەوشتی تازەیە.تەناتەت بێماناش نییە گەر بلێین توێژەرەوەکانیش لەبواری یاسا و ئابووری و سیاسەت لە زانکۆکانی ولاتای جیهانگیری کارەکانیان لە سەر ئەو جۆرە تێز و باسانە دەنووسن کە ئابووری و سیاسەت و یاسای نوێ ژیانی تیاگوزەردەکا. واتە رێک بەپێچەوانەی لایئێمەوە.
لایئێمە زۆربەی تێزە زانکۆیەکان لەسەر رووداو و دیاردە لۆکالیەکانن و بەشێکیشیان وەک هەموو جارێ لەسەر ئەو کێشانەن کە دەکرێ لەژێرخانەی دیراساتی ناسیۆنالیزم و کوردناسی پۆلکرێن. پاشان لای ئێمە نە پسپۆری لە تێز باوە و نەش توێژینەوە لە زانکۆدا بووە بە ترادیسیۆن (تەقلید). ئەوی هەیە لای ئێمە جەنگە لەپێناو بوون بە راگر و یان وانە ووتنەوە لەیەکاتدا لەچەند کۆلێجێک بۆ پتر پارە وەرگرتن هەروەها یان ئەوەیە گەر کەسێ بەکالاریۆسی هەبێ چۆن وابکا لە ماستەرقبوولکرێ یان گەر ماستەری هەبێ بەچ رێگایێ ببی بە دکتۆرانت و گەر ئەوەش بێ چۆن ببێ بە پۆست دکتۆرانت. ئەلبەتە ئێستا مۆدی بوون بە پەرلەمێنتار و سەفیر و وەزیریشە. گەر ئەمەش بێ ناوەرۆکی ئەو ژیانە ئەکادیمیەی هەنووکە لە کوردستان بەرێوەیە برسیاری ئێمە لەم حالەتە ئەمەیە: بۆ دەبێ زانکۆی تایبەت لای ئێمە لەم فۆرمەی ئێستای نەبێ کە هەیە؟ بۆ زانکۆی تایبەت نەبێ بە بنەکەێ بۆ مامۆستای پارەپەرست و هەلپەرستی سیاسی و هەروەها قووتابی ناهۆشمەند و نیمچەخوێندەوار کاتێ بناغەی زانکۆ گەندەلی و دژە هزری بێ ؟
لەراستیدا تەنیا ئەوانە نیین پرسیارە سەرەکیەکان کە دەشێ تایبەت بەملایەنە بیرخرێنەوە بەلکو ئەوانەشن کە ئایا هیچ پێوەندیێ لەنێوان وەزارەتەکانی ئەمرۆمان و دونیای ئەکادیمیا هەیە؟ کوان ئەو راوێژکارە ئەکادیمیانەی کە دەکرێ وەک کەسە نەبینراوەکانی پشت سیاسەتمەدار و وەزیرە سیاسیەکانمان ببینرێن؟ بۆ تاهەنووکە لە دونیای سیاسەتکردنی سەرانی کورد شتێ نییە پێیبووترێ پشتبەستن بە راوێژکار و بایەخدان بە راوێژکاری؟ کەسی راوێژکار کە کەسێ پسپۆرە لە بواری بۆنموونە زانستەسیاسیەکان یان ئابووری، ئاین، فەلسەفە  یان  ….هتد دەکارێ لە بواری پسپسۆرییەکەیدا گەلێ ئامۆژگاری و راوێژکاری پێویست و بەجێ و بەئەزموون بخاتە بەردەست بەلام پێکهاتەی خێزانی سیاسەتکردنی کوردی –  موخابن ئێستا ئەم پێکاتەیە گشت بوارەکانیتریشی گرتۆتەوە، لەوانە مێدیا ، رۆشنبیری و تادەگاتە زۆربەی هەرە زۆری شتە ناسکەکانی تریش- ئەو هیوایەی لەبەردەم ئەم جۆرە داخوازی و تێگەیشتنەی ئێمە کوشتووە. ئەوەتا ماوەیەکە خوێندنی یاسا بووە بە مۆد و چ سیاسی و ئەندام پەرلەمان و حیزبی و بازرگانی شارە دەیانەوێ بۆ خۆشی یاسا بخوێنن.ئێستا کە خوێندنی یاسا بۆ پیاوانی سیاسی و بەتەمەنەکان بووە بە رێگاێ بۆدووبارەهاتنەناوەوە بۆناو  سیاسەت و بانگەشەکردن بۆ شتێ بوونییە زیانی لە واتای یاساخوازی و مافپەروەری داوە. زۆربەی ئەو سیاسیانەش کە گەراونەتەوە سەر کورسی خوێندن جا ئەوە بۆ خوێندنی یاسا بێ یان ئەدەبی کوردی یانیش راگەیاندن مەرجی قبوولکردنیان لەو کۆلێجەنەدا تیابەدیناکرێ بەلام ئەمان ئەمە دەکەن لەبەردوو هۆ. هۆی یەکەم ئەوەیە ئەم سیاسی و پیاوە حیزبیانە لەمدوادوایە کە گەراونەتەوە سەر کورسی خوێندن دەیانەوێ لەرێگای ئەو خوێندنەیانەوە پتر شوێنیخۆیان لەناو سیاسەت بێ یان نێوەندی ئەکادیمی و رۆشنبیری و دامەزراوەکانی تر قایمکەن.هۆی دووەمیش ئەوەیە  ئەمانە دەکارن ئەمە بکەن ، واتە بگەرێنەوە سەر کورسی خوێندن لەو بەشەی ئارەزوویان لێییە، چونکە نێوەندی ئەکادیمی لاوازە و پابەندی ئیدارەی سیاسی حیزبەکانە بەتایبەت یەکیەتی و پارتی  بەلام با ئەوەمان بیرنەچێ سیاسی و حیزبیەکانی کورد ئەو میراتەیان لە بەعسیەکانەوە بۆماوەتەوە. چونکە ئەوانەی لە ناو دەزگا مەدەنی و سەربازی و پۆلیسیەکانی رژێمی بەعس کاریان دەکرد ، واتە بەرپرسە سیاسی و یان کەسایەتییە حیزبی و ئیدارییەکانی بەعس، پێیان باشبوو بروانامەێکیان هەبێ و بەزۆریش هەولیان دەدا ئەو بروانامەیە لە یاسا دا بێنن بۆیە بەشی شەوانی کۆلێجی یاسا لە بەغدا سەرەتای 1980 جمەی دەهات لە پیاوانی رژێم. ئەوەبوو لەو کاتەدا ئەوانەی لە دەزگا سیاسی و سەربازی و رۆشنبیریە پۆلیسیەکان بەرپرس و راوێژکاربوون هەریەکەیان بەکالۆریۆسیێکیان لە یاسا بەدەستهێنا و وێنەشیان لەگشت دامەزراوێکی وەک تاپۆ، تەجنید  تادەگاتە پۆلیسخانە و شوێنە داپلۆسێنەرەکان بلاوبوەوە. بەلام زۆر حەیف ئەو بەکالۆریۆسە نە ئەندێشەی یاسای و روناکبیری ئەو کەسانەی گۆریبوو و نەش رەفتاری مرۆییان. بەلام ئێمە چی لەوەوە فێربووین؟ بەبێگومانەوە دەلێین هیچ. چونکە ئەو گالتەیەی بەعس هەمیشە بە بروانامە و ستاتۆسی زانکۆی دەیکرد ئێستا لایئێمە پتر لەوەدەکرێ. ئەو گەندەلەی نێوەندی ئەکادیمی ئەمرۆ پێوەی دەتلێتەوە رێگ بەو ستەم و جەورە یەکسانە نێوەندی ئەکادیمی لە سەردەمی بەعس پێوەی دەینالاند. بەعس لەرێگای تۆقاندن و زۆرداری زانکۆی کردبوو بە بارەگای حیزبی و بە خەندەقێ لە خەندەقەکانی بەرەی جەنگ. بەعس لە زانکۆ و کۆلێجەکانا کەسایەتیێ زۆری دروستکردبوو کە هەرهەموو گرنگن و هیچلەبارەنەبووبوون بەلام هەرهەمووش ناونیشانی ئەکادیمیان هەلگرتبوو. بەعس بلیمەت بوو لەناوزرانی واتای زانست و ناوی مامۆستا و قووتابی. ئەم (واتە بەعس) کە لەرێگای ترس و زۆرداریەوە هزری لە هزر خستبوو بەشتی تر بەلەجیاتی دەکرد. هزر لایئەم ئەوەبوو کە مامۆستا و قووتابی کۆیلەی وتارە ناسیۆنالییە خوێناوی و شەرخوازیەکانی بن بۆیە رۆژانە گۆرەپانی زانکۆ بە ئاهەنگ گێرانەوە سەرقالبوو. موناسەبەتەکان ئەوەندە زۆربوون لە هەلژماردن نەدەهاتن. بەواتاێ جیاتر لەوی لایسەرەوە لێیدواین دەمانەوێ ئەوەش بێژین، گەندەلی هزری کە لە زانکۆکانی ئەو دەمەی بەعس رۆژانە لە سەوزبووندابوو لەو گەندەلییە هزرییە جیایە ئەمرۆ بەرۆکی نێوەندی ئەکادیمی کوردی گرتووە. نێوەندی ئەکادیمی کوردی کە نووقمی ئازادیە ئەم ئازادییە دادی نادا. چونکە ئەم  ئازادییە ئازادیێ نا-دادپەروەر و هیچگەراخوزە. ئازادی گۆرەپانەکانی زانکۆی ئەمرۆی کوردستان بێسەروبەر و گەندەلە. ئازادی کە نەیتوانی مامۆستا و قووتابی کۆکاتەوە لەسەر مێزی گفتووگۆ ئازادیێ بێ فەر و بێ ئایندەیە. ئازادی نێوەندی ئەکادیمی گەر نەیتوانی هزر بەرهەمبهێنێ و رێز بۆ زانست و واتای فێربوون دانێ ئازادیێ نا-ئورژینال (نا-ئەسلی) و نا-راستەقینەیە. کەوابێ ئازادی کە نەکارێ هزر لای قووتابی تایبەت بە کێشەکانی زانکۆ و کۆمەلگە دروستکا ئازادیێ مشەخۆر و نا-پێویستە. ئەو ئازادیە بەرهەمهێنەر و بەپیتە کە نێوەندی ئەکادیمی بخاتە سەر رێگای گفتووگۆ لەتەک هزر و دانایی. هزر و دانای کە لە نێوەندی ئەکادیمی  نوێی کوردی بابەتی تێرامان نییە مامۆستا و قووتابی گەندەل دروستدەکا. بۆیە ئێمە دژی ئەو بیرۆکە سیسەوەبووەین کە پێیوایە ئازادی گۆرەپانی ئەمرۆی کوردستان بێ وێنەیە. مامۆستا و قووتابی ئەمرۆی نێوەندی ئەکادیمی نوێی کوردی کە پێکەوە ئازادی گەندەلدەکەن لەوەناگەن ئەوە خەونی دەسەلاتی سیاسییە و ئەمان بۆیمسۆگەردەکەن. بۆیە پێشئەوەی بابەتی ئازادی ببێ بە باس لە نێوەندی ئەکادیمی گرینگە هزردار و بیرکراوەبین.بۆئەوەی ئەمەش بین دەبێ قووتابی و مامۆستا بەجووتە پێوەندییان لەتەک فێربوون و زانین دا بتەوکەن. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکا دەبێ گۆران بهێنرێتە سەر سێستەمی پەروەردە و فێربوون. گۆرینی ئەم سێستەمە واتە گۆرینی ئاستەکانی خوێندن و فێربوون. ئەمەش ناشێ بێتەدی تا لە ماهیەتی پەروەردە نەگەین. نێوەندی ئەکادیمی تازەی کوردی کە پەروەردەکوژە نایەوێ بنەچەی کێشەکان بۆئەوێبباتەوە کە بۆشایێ زۆر لە دیتنمان بۆ پەروەردە و فێربوون هەیە. ئەو بۆشاییانە کە دژەهزرن گەورەترین زیان لە توانای زانین و زانیاریمان دەدەن. ئەو بۆشاییانە کە لە هەژاری هزریمان بەرپرسیارن  دروستکەری بەشێ لەو گەندەلیەشن نێوەندی ئەکادیمی کوردی لەئێستا پێوەیدەتلێتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.