Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
17ی شوبات لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا

17ی شوبات لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا

Closed
by February 10, 2013 گشتی

 

 

چەند رۆژێكی كەممان ماوە دەگەینەوە بە 17ی شوبات، بەڵام بەرلەوەی بگەینەوە ئەو رۆژە ، پێویستە  ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە پێوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، نەك هەر باش نەبووە، بەڵكو خەریكە وردە وردە دژوارتر ئەبێت، چونكە دەسەڵات هیچ هەنگاوێكی جیدی بە ئاراستەی چاكسازی نەناوە، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژگەندەڵی تا دێت قەبەترو ئەستوورتر دەبێت، خەڵكیش بە گشتی لەبارودۆخی هەرێمی كوردستان بە تەواوی نیگەرانن و هیچ ئومێدێكیان بەو دەسەڵاتە نییە،بۆیە دەچیتە هەر شوێنێك دەنگی بۆڵە بۆڵی ناڕەزایی خەڵكە، لەو دەسەڵاتەی هەرێمی كوردستان. 

كەوابێ لە هەلومەرجێكی ئاوا ترسناك و دژواردا ، دەبێت ئاخۆ ئۆپۆزیسیۆن (بەتایبەت گۆڕان) بەرنامەی چییە بۆ ئەم بەهارە كە دەستپێكەكەی یادكردنەوەی 17ی شوباتە؟ من لەوە حاڵیم كە بزووتنەوەی گۆڕان نایەوێ 17ی شوبات بكات بە موڵكی خۆی، لە راستیشدا ئەو رۆژە موڵكی هیچ لایەنێكی سیاسی نەبووە بە تەنیا، بەڵام ئاخۆ گۆڕان له‌ جیاتی ، (بەدیل)ی بۆ 17ی شوبات چییە؟ ئایا دەتوانێ ئیمساڵ ئەویش بۆخۆی مێژوویەك دروست بكات؟ بەتایبەت،  خەڵك بە گشتی بە تەواوی نائومێد بوون لە پرسی چاكسازی ، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئیتر دەسەڵات چاكسازی ناكات، چونكە هەر هەنگاونانێكی دەسەڵات بە ئاراستەی چاكسازی ، هەنگاونانە بە ئاراستەی خۆ تواندنەوە.

لەولاشەوە حزبە ئیسلامییەكان كە ئه‌مڕۆ بە هەر حوكمێك بێت چوونەتە ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ، ئایا هەر ئاوا یاری مشك و پشیلە  لەگەڵ دەسەڵات دەكەن؟ ئایا رووحی رادیكاڵانە لە جەستەی حزبەكانیان بەرجەستە بووە؟ من بۆ خۆم گومانم هەیە، چونكە ناكرێ حزبێك دەست بە كاری رادیكاڵانە بكات لەكاتێكدا ئەمیندارەكەی كۆنزەرفاتیڤ بێت، مەبەستم یەكگرتووی ئیسلامییە، ئەگەرچی كۆنگرەكەیان تا رۆژانی دوایی زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، بەڵام كاتێك دەنگیان بە سەركردەیەكی  رادیكاڵ نەدا(مەبەستم لەو رادیكاڵە مامۆستا هادی عەلییە)و كەسێكی  كۆنزەرفاتیفیان هەڵبژارد، ئەو رۆژە هەموو رووحێكی رادیكاڵانە لەو حزبە وشكهەڵگەڕاو یەكگرتوو لە خاڵی سفر چەقی بەست، بۆیە كارێكی ئەستەمە یەكگرتوو بتوانێ بەو سەركردەیەی بێتە مەیدان.. لایەنەكەی تری ئیسلامی سیاسی  كە كۆمەڵە، ئەویش هی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێ و مێژووی 12-13 ساڵی رابردووی (ئەگەر دوورتر نەڕۆین) لەبەرچاومانە كە هەمیشە لەپێناو كەمێك بەرژەوەندی خۆیان سیاسەتێكی ناجێگیریان هەبووە. ئا لێرەیە گۆڕان ئەگەر هەر هەنگاوێكی گەورە بهاوێ، دەبێ هەر ئەوەندە بكات كە ئەو دوو حزبە ئیسلامییەی كە ئەمڕۆ لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنن، ئەگەر نەڕژێنە سەر شەقامیش ، ئەوا بە راگەیاندنێكی خەستەوە پشتگیری لەو بزووتنەوەیە بكەن . كەواتە ئێمە كە بەرەو یادی 17ی شوبات و بەرەو چڕ بوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی و نێوان پارتی و گۆڕان بە تایبەتی دەچین، دەبێ وەكوو خوێنەوارێكی ئەو هەرێمەو وەكوو چاودێرێك دەبێت چاوەڕوانی چی بكەین ؟. 

بە رای من گرفتی گەورەی دەسەڵات لەوەدایە كە ناتوانێ بزووتنەوەی گۆڕان بە بەرژەوەندی كەسی و حزبی دەستەمۆ بكات، گۆڕان بەتایبەتی رێكخەری بزووتنەوەكە زۆر هه‌وڵی گۆڕینی سیستەمی سیاسییە كە لە ناوەرۆكدا دەبێتە گۆڕینی هەردوو حزبی دەسەڵات لە فەرمانڕەواییدا ، ئەم باوەڕەی رێكخەری گۆڕان بەهیچ ئیمتیازاتێك گۆڕانی بەسەردا نایەت، ئەمە تا ئێستا گەورەترین گرفتی دەسەڵاتە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت كەواتە گەیشتن بە یەك لەگەڵ دەسەڵات مەحاڵە، لەبەرچی؟ چونكە ئەنجامدانی چاكسازی لەلایەن دەسەڵاتەوە مەحاڵە. كەوابێ  لە حاڵەتی ئاوادا چەند پرسیارێك سەردەردێنن، ئایا ئەم بەهارە دەبێتە بەهارێكی تووڕەو یاخی؟ لەم بەهارە تووڕەیەدا لەنێوان پارتی و گۆڕان  بەریەككەوتن روودەدات؟ ئەگەر رووی دا، ئیتر چی بەدوای خۆیدا دێنێ؟ خەڵك بە گشتی هەڵوێستێكی ئەوتۆ دەنوێنن كە كێشەكان بە جۆرێك یەكلا بكەنەوە كە ئیتر رزگارمان ببێت لەدەست ئەم هەموو نایه‌کسانی و ئەم هەموو گەندەڵییە كە سەرتاپای وڵاتەكەمان بۆنی پێوەگرتووە؟ ئەی ئەگەر خەڵك بە پێی پێویست ئەو هەڵوێستەی نەنواند، چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو كوێ مل دەنێ، دەسەڵات كە ئه‌مڕۆ هەموومان لەسەر ئەوە رێكین كە دەسەڵاتێكی ستەمكارو سەركوتكارە، ئەو دەسەڵاتە ستەمكارو سەركوتكارە چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان دەكات؟

من لەوە دڵنیام تا دەسەڵات تەمەنی درێژتر بێت دیكتاتۆرییەتی زیاتردەبێت و گەندەڵیەكەشی ئەستوورتر دەبێت، كارێكی گاڵتەجارییانەشە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن یان هەر حزب و رێكخراوێك تەنانەت هەر كەسێكی قاڵبووی سیاسەت وا بزانێ دەسەڵات هەنگاو بە هەنگاو چاكسازی دەكات، بەڵام پێویستی بە رێكار و گرتنە بەری  رێ و شوێنی پێویست هەیە یان پێویستی بە  كات هەیە پێویستی بە تاوتوێكردنی هەموو پرسەكانەو ..هتد. ئەمە جگە لە خۆگێل كردن و گەوجاندنی خەڵك هیچ شتێكی تر نییە. دەسەڵات تا ئێستا رێگا نادا سەرۆكایەتی هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان بەتایبەت لیژنەی یاسایی، مافی مرۆڤ،نەزاهە، دارایی، رێگە نادات هیچ كام لەو لیژنانە بدرێن بە ئۆپۆزیسیۆن ئایا ئەمە لە بچووكترین مانایدا ئەوە ناگەیەنێ دەسەڵات بۆیە ئەو لیژنانە نادات بە ئۆپۆزیسیۆن چونكە هیچ ئیرادەیەك و هیچ نیەتێكی بۆ چاكسازی نییە؟ ئەگەر نا دەسەڵات دەبوو بە رێزەوە سەرۆكایەتی ئەم لیژنانەی بدایە به‌ ئۆپۆزیسیۆن تا هەنگاوی ریشەیی بۆ چاكسازی بنایە، بەڵام بینیمان ئەمە لە مەحاڵ مەحاڵترە. 

دەسەڵات هەموو هەوڵێك دەدات،  گرێبەستە نەوتییەكان زۆر بكات، زۆرترین نەوتیش هاوردەی دەرەوەی هەرێم بكات، با هەرزانفرۆشیش بێت، گرنگ ئەوەیە هەر شتێكی دەستبكەوێ، تا بۆی بكرێ، ئەو هەموو موڵكە گشتییەی خستوویانەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ، نایدەنەوە و نایگەڕێننەوە بۆ خەڵك، تا بۆیان بكرێ وەزارەتەكان ئەكتیڤ چالاک  ناكەن و ئیتر چی باڵەخانەی بەرزە بۆ ئەوان و چی شوێنی گەشتە بۆ ئەوان . لەكاتێكدا دەسەڵات هیچ درێغی نەكردووە لە گەندەڵی و لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گشتی و لە بردنی قووتی خەڵك ، كەچی ئەیەوێ بە دیماگۆجییەتی خۆی درێژە بەو كارانەی بدات و ئۆپۆزیسیۆن بخافڵێنێت و هەڵیبخەڵەتێنێ بەوەی  ئۆپۆزیسیۆن یارمەتی بدات بۆ چاكسازی!! لەكاتێكدا ئۆپۆزیسیۆن جگە لە بەش مەینەتی نان بڕاوكردن و گرتن و چاوسووركردنەوە لێی شتێكی تری بەدەست نەبووە. 

 بە رای من ئێستا ئۆپۆزیسیۆن لەبەردەم دوڕیانێكی هەستیاردایە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە پەكبخات لەگەڵ دەسەڵات، بەرنامەی بۆ داهاتوویەكی نزیك چی دەبێت؟، چونكە خەڵك چیتر چاوەڕوانی ئەو وێنە سواو و ناشیرینانە ناكات كە دەسەڵات بۆمانی دەكێشێ، ئۆپۆزیسیۆنیش ئەگەر هەنگاوی جیدیانەتر نەهاوێ، متمانەی زۆرینەی خەڵك لە دەست دەدات و بە دەردی هەندێ لە حزبەكانی دیكەی كوردستان دەچێت كە ئیمڕۆ خاوەنی یەك دوو كورسین لە پەرلەمان یان بە چەند حزبێكەوە ئینجا كورسییەكیان بەردەكەوێ، كورد گوتەنی بە دوو برا مێزەرێك.

ئێستا ئێمە چاوەڕوانی گوتاری سیاسی ئۆپۆزیسیۆنین نەك گوتاری دەسەڵات، چونكە دەسەڵات ئەوەی هەیە هەر ئەوەیە، بەڵام با بزانین گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن دەچنە چ قۆناخێكی ئۆپۆزیسیۆن بوونیانەوە؟ ئایا پەنا دەبەنە بەر شەقام ، چونكە روونە تا ئێستا نەك هەر دەستوور نەگەڕاوەتەوە پەرلەمان، بەڵكو كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و  دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانیش ئەگەر بە دەست ئەم دەسەڵاتە بێت نایكات، ئەو دەسەڵاتە زۆر رقی لە هەڵبژاردنه‌  ، هەركە باسی هەڵبژاردن ئەكرێت تووشی  هیستیریا ئەبێت.

پێموابێ ئەبێت ئەوجارە ئۆپۆزیسیۆن بە تەواوی خۆی تاقیبكاتەوە، یان ئەوەتا مل بە دەسەڵاتی سەركوتكار بدات كە بێتە پێش، ئیتر گرێ كوێرەكان بە تەواوی خاو بكاتەوە و هەڵیانوەشێنێ، یان ئەوەتا دەبێ ئۆپۆزیسیۆن بیر لە كۆتاییبوونی خۆی بكاتەوە، چونكە مێژووی سیاسی هەموو گەلان پێمان دەڵێت ئەوە حزبەكانن دەتوانن متمانەی جەماوەر به‌ دەست بهێێنن، نەك خەڵك متمانەیان بداتێ، هەر حزبێكی سیاسیش لەشوێنی خۆی چەقی ئەوا بەرەو بچووكبوونەوە ئەڕوات، بۆیە هەموو حزبێك تا بەرەو پێش ئەچێ هیوایەكی هەیە، حزبەكەی هیتلەر هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن بەرەو پێشەوە ئەچوو، حزبەكەی ئێستای ئەردۆگان بە هەمان شێوە، بەڵام بینیمان حزبەكانی مەسعود یەڵمازو تانسۆ چیللەرو بڵند ئەجەوید و ..هتد چۆن تووشی چەقین هاتن و دوایش كەوتنە گەورەترین قەیرانی حوكمڕانییەوە لە نەوەدەكانی رابردوو، ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر  وەكوو حزبەكەی ئەردۆگان نەكات وهه‌نگاو بەرەو پێشەوە نەنێت بێگومان وەكوو ئەو حزبانەی تری لێ دێتەوە كە لە كوردستاندا هیچ ئاسۆیەكی روونیان لەبەردەمدا نەماوە لەوانە، حزبی شیوعی،سۆسیالیست، زەحمەتكێشان،…هتد. ئایندەیەكی نزیكیش شاهیدن بۆ ئەو قسانە.با چاوەڕێ بین.

 

 

شنه‌ پێنجوێنی

هۆله‌ندا 1-2-2013

shnapenjweny@live.nl

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.