Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
17ی شوبات ….. دارا عه‌لی

17ی شوبات ….. دارا عه‌لی

Closed
by April 12, 2011 ئەدەب

 

نەپێکدادانی نێوانی باڵی ڕاست و باڵی ‌چەپ بوو
نە بۆ‌سەی ڕەشی سەردەمی دۆزەخ ئاسای براکوژی دەورەی خەباتی شاختان بوو
ئێوەی قەتیسماو لەسووڕی بازنەیی گڕی ڕەشەباکانتان و پەڕۆی سپی ئاشتیخوازتان
وەک گومانی هەمیشەتان
بێ ترس و سڵەمینەوە
میلی چەکی کورد کوژەتان
لەسەر پێیە بۆ دەستڕێژی گڕپژێن و
پێکانی دڵی هاواری جادە و شەقام
پەڕاندنی دەست و پەنجەی پڕ لە هیوای قەڵەم و پێنووسەکانمان
تیرۆرکردنی گەرووی پڕ لە ناسۆری و “نا”یەکانمان

17ی شوبات
بێ باکانە لەسەر شکۆی باڵەخانەی شوشەییتان
بە چەشنی ئەمنە زەردەکە
دەستە دەستە
گوللە فیشەکتان وەک ڕقی تووڕەهاتتان
وەکو ترسی ڕاچڵەکیوتان
بەچواردەورا بڵاوبۆوە
ڕوو لەسینەی ئەو خۆرانەی…بێ لە تیشکی دواڕۆژ لە نیگای چاوانیان
بە ئاڕستەی ئەو خەونانەی …بێ لە هاواری ئازادی لەسەریاندا
ڕوو لە جەستەی ئەو دەنگانەی…بێ لە سۆز و لە ئاواز و چرپەی گۆرانیەک تازە لە گەروویان
ڕوو لە باڵای ئەو کەسەرومەراقانەی…بێ لە کسپەی ئازاری زامی تەمەنێ لە ناخیاندا
ڕوو لە لاشەی ئەو لاوانەی…بێ لەتووڕەیی و بێزاری ڕۆحی سرک و مەراق لە مشتی دەستیاندا
شتێکی تریان پێ نەبوو
شتێکی تریان پێ نەبوو.

17ی شوبات
ئاگری دەستڕێژی بێ خەیاڵ
لەسەنگەری ترس و مەرگ نشینەوە
بە ڕۆژی ڕوون
گەڵا گەڵا
هەناسە هەناسە چرپە و هەنسکی نەمامەکانتان
لەبەردەم باخی گشتی دا هەڵپڕووکاند….
پەڕوباڵی گوڵ و ماچی پەپوولەتان
بەسەر جەستەی سەرشەقام دا
لە خوێنی خۆیاندا گەوزاند…..
لە ئاسمانی شارەزووردا خەونامەی عەشق و دڵداری
چەند تریفە و چەند سیوەیلتان هەڵوەراند….
لە گەرمیان و لە کوێستاندا
سەری چەند گوڵەگەنم و چەندگوڵە نێرگستان پەڕاند….
لە جەرگەی کوردستانیشدا
چەند ڕووباری خوێنتان خوڵقاند….
هەواتان چەندە سیخناخ کرد،
بەدرۆ و ڕیاکاریتان.
چیتان نەکرد؟
هاوارێکی ئازاد نەما،
سیخوڕەکان نەیفڕێنن و بە چەقۆکان ئاشنای نەکەن.
دەنگێکی بێزار نەمابوو،
ئێشکگری شەووڕۆژتان کۆتی نەکا و بە قامچییەکان ڕای نەهێنن.
“نا”یەک نەما
نەیخەنە ژێر چاودێری یەوە و
مەیدانەکانی ئازادیش،
ئابڵوقە و گەماڕۆ نەدەن.

17ی شوبات
کە خواوەندێ،
تۆوی ترس و سام بچێنێ
سیحری جوانی لە قاڵب داو
نێڵە و قرچە قرچی لەزەت، لە دەرووندا دامرکێنێ.
کە خواوەندێ،
دۆزەخەکەی سەرزەمینی وەک سزایەکی ئەبەدی
بەسەر خەونی سرک و زیتی هەر گوڵێک و
شەقەی باڵی سنوور بەزێنی خەیاڵدا…. بسەپێنێ.
کە مەرگ کرا بە قەدەر،
باڵگرتن و ملشکانیش
یەقینێک بوو، دەسەڵات جڵەوی کێش کا،
که داد پاساو بۆ تاوان کا،
که تاوانبار،
 له نێوماندا بەئاشکرا هاتوچۆ کا و
لەسەر مانشێتی گۆڤار و ڕۆژنامەکان،
جارێ وەک نیشتمانپەروەر،
جارێ بە چەشنی قوربانی،
گشت شەوێکیش وەک شۆڕشگێڕێکی ترساو
لە بەرامبەر چاوانی چەشنی ئەستێرە داگیرساوی گۆڕەپان و شەقامەکان
تۆنی دەنگی هەڕەشەکەی تیژتر بکات.

کە تەورەکان دەم لە عەدالەت بکوتن،
کە مەخزەنە تەقیووەکان، قوربانی کێشکەنە دادگا،
کە تاوان بوو بە مۆدیلی دادوەریتان،
دەشێ کلکی تەورەکان هەر ئەسڵی دارگوێزی ڕەسەن بێ.
دەکرێ سیخوڕ بابایەکی دەم بەقسەی گۆڕەپان و ناو جەرگەی چایخانەکان بێ.
تێڵا بەدەست بەدبەخێکی کرێچی دراوسێمان بێ.
جەللاد دەشێ
ئەو پیاوە گۆشەگیرە بێت
لە سووچی تاروتەریکی مەیخانەکان
بە زمانی کوردی پەتی
دەمێک قاقا پێبکەنێ و
دەمێک مرۆڤەکەی ناخی،
لەخەوی قووڵ ڕایچڵەکێنێ و
گەرووی پڕ کا لە هەنسک و
تا دوا چۆڕی بیر‌چوونەوە، تەزووی ئازار دڵی تەنیایی بگوشێ.

17ی شوبات
بەردێک لەچنگی خۆرێکی پێکراودا
لە خەڵتانی خوینا گەوزا و
نەکەوتە خوار.
سەدای هاوارێک لە گەرووی عاشقێکی پێکراودا
لە خەڵتانی خوێنا گەوزا و
خەفە نەکرا.
مێژووی ئازار و ژان لەسەر، برینێکی خۆڕاگری پێکراودا
لە خەڵتانی خوێنا گەوزاو
سارێژ نەکرا.

ئێوە نەوەی گوڵەکانی 17ی شوبات
بە هەرێم و دۆزەخەکانی مەرگدا، ڕاگوزەر بوون
له کۆڵانەکانی ترس و تاریکی دا،
تەمەنێکتان بەسەر برد و  هاتنەدەرێ و
سنوورەکانی مۆتەکەی سامتان بەزاند
بوون بە پرشنگی ئەستێرەی مەیدانەکانی ئازادی و
بە چراخانی ژیان و
جوانتر لە حیلە و کوڕژنی مێژووی ڕەوە ئەسپەکانمان
جیاواز لە سەدا و ئاوازی مێژووی گشت سروودەکانمان
دەرکەوتوون و
وەک حەقیقەتی خۆرەتاو، بە ئاسمانی سەرمانەوە بوونەتە تەووژمی ئومێد
دیواری وەهم و تاریکی ڕاپێچ ئەکەن
لەودیو بەربەستەکانەوە،
بەسەر شانی شنەباوە
بۆوبەرامی بەهارێکی نوێ ئاوێتەی ژین ئەکەن.

17ی شوبات
کە میللەت بوو بە دیواری سپی و ئاشتی
کە پێکەنین گاڵتەی بە توندوتیژی هات
کە سیحری زمانی عەشق جێگەی بە دەم هەراش چۆڵکرد
کە نێرگس درا لە یەخە و
ئەوین باوەشی بۆ هەمووان ئاوەڵا کرد
کە چەکەکان، لوولەکانیان سەربەرەوخوار ئاراستەکرد
کە باڵندەی گۆرانییەکان هەڵنیشتنەوە سەر لێوان و
کە خەونەکان گەڕانەوە بۆ خەیاڵ و
ماچ بۆ لێو و
گوڵ بۆ باخ و
باران بە دیداری زەوی و
هەتاو بۆ تاریکی ڕۆح و
خۆشەویستی
بۆ ئه‌به‌دی گەڕایەوە بۆ جێژووانی گوڵی دیدار

17ی شوبات
لە گەمارۆی بارۆنەکانی خێڵەوە… بەرەو چاوگی ڕاپەڕین
لە ئابڵوقەی دۆزەخەوە،
لە خۆڵەمێشی مەرگەوە… هەستانەوە چەشنی قەقنەس، بەرەو باڵگرتن و فڕین.

ئەمە شەپۆلی بێزاری شەقامەکانی ئێوەیە… مەیدەنە دەست ڕەشەباکان.
ئەمە داهاتی زامانی تەمەنی ژینی ئێوەیە… مەیدەنە دەست قومارچییەکان.
زەمانی ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ قوربانی و مەعشوقە و لەگەڵ جوانی… مەیدەنە دەست چاوبرسییەکان.
ڕۆژگاری تێکشکاندنی قفڵەکان و کۆت و بەندە و
ڕاسپاردنی ڕەشەبای درۆ و ڕیایە بە مێژوو… مەیدەنە دەست جادووگەران.
ئەمە دەورانی خەیاڵ و خەون بینینە بە عەشقەوە و
ئاوەڵاکردنی دڵە لەسەر ژیان… مەیدەنە دەست بارۆنەکان.
ئەمە سەردەمی هەستان و هەنگاونان و ڕاپەڕینە
بەسەر خورافەی مۆتەکە و سامی ترسا… مەیدەنەوە دەست بتەکان.

ئێوە حەقیقەتی ئەمڕۆن
چرکەی کاتژمێر لە دەستی ئێوەدا هەناسە ئەدا
خەون لە چاوی بێداری ئێوەدا لە شەقەی باڵ ئەدا
ئێوە ‌چاوگی ڕۆشنایی ێەمڕۆ و سبەین
تەم و مژی پڕ گومانی ڕابوردووتان… کردە شنەی دڵنیایی
ئاگرەکان بە ماچ ڕام ئەکەن
‘توڕەیی’ تان دەستەمۆ کرد به ئامێز و
لە جێ ی گوللە، گوڵتان ڕواند
بەر دەرکی سەراتان گۆڕی بە باخێکی تەژی بە شیعر و بە جوانی

ئەی خۆشەویستە تەنیاکەم
ڕۆژانێک بوو
لە هەناوی چڕوپڕی خەزانێکی “90” ەکاندا، تەژی بە کزەبای غوربەت
وویستمان لەشەقەی باڵ بدەین… ئاسمانیان لێ ئابڵوقە داین
وویستمان خولیا بکەینە گوڵ… زەوییان لێ زەوت کردین
وویستمان دڕ بە تاریکی بەین… خۆرەتاویان لێ حەشار داین
خەونێ بکەین بە چراخان… ڕەشەباکانیان لێ هانداین

ئەم ئێستاکەش
له دووریتا نزیک وەک تۆ تاک و تەنێین
تیشکێ لە شەوقی برووسکەت،
تاڵی لە خەونی عاشقانەت،
یا تۆوی لە سیحری خەیاڵ،
یاخود تەنها هەناسەیەک بۆوبەرامی نێرگسەجاری ئازادی و ڕاپەڕینتمان پێ ببەخشە
تا ئاوێتە بە ژیان و خەونی عاشقانە ببمەوە
ببمە شەپۆلێ لە دەریای بێزاریتان
ببمە سەدایەک ئاوێزان بە هاوارتان

29/03/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.