17 ی شوباتی خوێناوی زه‌ماوه‌ندی شه‌هیدبوونی شارێك
ئه‌م وتاره له‌ساته‌وه‌ختی رووداوه‌كانی هه‌ڤده‌ی شوباتی ساڵی پار نووسراوه به‌لام به‌هۆی هێشتا كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی گرنگ هه‌یه كه نه‌یدۆراندووه، ده‌شێت له‌سالیادی ئه‌و رووداوه سه‌ر له‌نوێ بلاو بكرێته‌وه، چونكه ئه‌وه دیدێكی ڕه‌خنه‌ییه به‌درێژایی ئه‌زمونی كوردیی ده‌شێت ئه‌و ره‌خنانه بۆ ماناكانی فاشیزم و سه‌ركوتكردنه‌وه ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی بكرێت
********
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی رۆژی 17ی شوباتی 2011 له سلێمانی و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان له‌لایان ده‌سه‌ڵاتی كوردی به گولله كۆمه‌ڵێك پرسیاری جدی دێنێته پێشه‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان شه‌قام و فاشیزم.
فاشیزم كه دنیا له‌خۆی و له‌ده‌نگی خۆی كورت ده‌كاته‌وه‌و هیچ ده‌نگێكی تر قه‌بووڵ ناكات به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانێت جیاوازی قه‌بووڵ بكات، بۆیه هه‌موو سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی خۆی له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا ئایدیۆلۆژیاكانی حزبه‌وه خسته كار به درێژایی سالانی راپه‌رین تاوه‌كو شه‌قام له‌كار بخات وچیتر شه‌قام نه‌بێته شوێنێك بۆ ده‌نگی یاخی بوونی هاوڵاتی، بۆیه ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌قاممان لێ زه‌وت ئه‌كه‌ن بیانووی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ئیدی ماڵه‌كانمان ئارامه پێویست ناكات له شه‌قام بمێنینه‌وه، به‌ڵام كاتێك ئه‌بینین نه ماڵه‌كان ئارامه‌و نه دنیاكه‌مان ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌نگه‌كانمان له‌ناو سندوقی هه‌ڵبژاردنیش جگه له مه‌هزه‌له‌یه‌ك زیاتر نیه، چونكه سه‌ره‌نجام چاو سوركردنهوهكان وسامان دابه‌ش كردن وزه‌وی دابه‌ش كردن ده‌نگه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌وه تێ ناگات قه‌ت ئه‌و ناتوانێ ته‌مه‌نی خۆی به‌قه‌د ته‌مه‌نی به‌عس درێژ بكاته‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌عس له‌ڕێگه‌ی فاشیزمێكی تۆكمه‌ی ڕه‌مزی و عه‌سكه‌ری خۆی ڕێكخستبوو، به‌لام ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه‌ی نمایشی كردووه ته‌نیا هێزه سه‌ربازیه‌كه‌ی بووه نه‌ك رهمزیهكهی، هه‌ڵبه‌ت ویستوویه‌تی بۆ ستایش كردن به‌كاری بێنێت، به‌لام هه‌میشه ئه‌وه‌ی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه ته‌نیا وه‌ك جۆرێك له كه‌رنه‌ڤاڵ سه‌یری كردووه، به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆردیۆ وه‌ربگرینه‌وه كه فاشیزمی ڕه‌مزی ده‌ره‌نجامه‌كانی زۆر ترسناكتره له فاشیزمی عه‌سكه‌ری ئه‌وه ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رئه‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ی هێزی به به‌عس به‌خشیبوو سووپا دڕنده‌كه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و فاشیزمه ڕه‌مزیه بوو كه له‌ڕێگه‌ی میدیاكان و به‌تایبه‌ت ته‌له‌فزیۆن كاریزمای سه‌ددام حوسێنی كردووه به شێك له‌هێزی تۆقێنه‌ری ناو ژیانمان، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی سووپا مانایه‌كی ڕه‌مزی وای كردبوو بوونی ببێته ده‌سه‌ڵات، به‌لام كاتێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌و هێزه تۆكمه‌و رێكخهرهش نیه ئه‌وه به دلنیاییه‌وه ناتوانێ به‌و شێوه‌یه كۆمه‌ڵگا سه‌ركوت بكات، به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شارانه‌ی كه خاوه‌نی ئیراده‌ی تایبه‌ت به خۆیانن ئێمه پێشتر له نووسینی تردا باسمان له‌و خه‌سڵه‌ته‌ی شاری نوێ كردووه و سلێمانی وه‌كو نمونه‌ی شاری نوێ جێی قسه‌كردنمان بووه به‌وه‌ی شاری نوێ هه‌میشه چونكه خۆی به هه‌ڵگری هه‌ڵگری تازه ئه‌زانێت وه‌ك شاری مێژوویی نیه كه ته‌سلیمی عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانی ده‌سه‌ڵات بێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر سلێمانی له هه‌شتاكاندا ئه‌و شاره بێت چ له‌ڕووی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی زانكۆ یا گه‌نجانی ئه‌و شاره توانی شه‌قام بكاته ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی كه یه‌ك ده‌نگی له‌دژی فاشیزم درووست بكات، بۆیه ئه‌و شاره كه ئێواره‌ی 17 ی شوباتَ هاته‌وه شه‌قام له ڕاستیدا ئه‌وه هێزی یاده‌وه‌ری ئه‌م شاره بوو كه سه‌لماندیه‌وه ئه‌توانێ سه‌رله‌نوێ شه‌قام بكاته‌وه ڕووبه‌ری به‌گژداچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڵام ئه‌گه‌ر فاشیزمی به‌عس له‌رێگه‌ی توندوتیژیی وتهقهكردنهوه ڕووبه‌رووی ئه‌م شاره بۆته‌وه ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی كوردیش ئه‌و هه‌قیقه‌ته به‌م شاره ئه‌ڵێته‌وه كه ئه‌وان هه‌میشه ده‌نگی یاخی بوونی خۆیان به‌گژ ده‌سه‌ڵات به‌كار ئه‌خه‌نه‌وه، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتیش به‌عس بێت یا ده‌سه‌ڵاتی كوردیی سه‌ره‌نجام به گولله ڕووبه‌روویان ئه‌بێته‌وه، به‌لام شارێك كه خاوه‌نی یاده‌وه‌ریه‌كی تۆكمه بێت بۆ به‌گژداچوونه‌وه به دڵنیاییه‌وه گوولله بی كێ سی یه‌كێتی و پارتی توانای ئه‌وه‌ی نیه بیانترسێنێت، چونكه سه‌ره‌نجام ئه‌وه ده‌نگێكه له‌پێناو ئازادبوونی ناخی چه‌پێنراو كه له ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا به بیانووی كوردبوون و سه‌رده‌می ئازادیه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌ك فریو ئه‌درێت سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی كۆتایی ڕێگاكه نیه، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌تی به‌لام وه‌ك هه‌میشه ئاساییه سه‌ره‌تاكه‌ی دیسان له سلێمانی ده‌ست پێ بكاته‌وه، به‌لام كۆمه‌لگایه‌ك به‌ته‌واوی دێته‌وه ده‌نگ و به‌ره‌و رووی ده‌سه‌لاتی كوردی ئه‌وه‌ستێته‌وه و به‌گژ ده‌سه‌لاته تۆقێنهرو ده‌زگا سه‌ربازی وموخابه‌راتی و توندوتیژیه‌كانی ئه‌وه‌ستێته‌وه.
هاتنه ده‌نگ له بێده‌نگی
تا گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ بوونی ئینسانیمان، ڕه‌وایه‌تی دان به مرۆڤبوونمان پێویسته فه‌زایه‌كی تر بۆ ژیان بدۆزینه‌وه فه‌زای هاتنه ده‌نگ له بێده‌نگی.
له دنیایه‌كدا كه پاكیزه‌یی بوونی نه‌ماوه هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه حزب پاكی پیس كرد، به‌رائه‌تی ناو ماڵهكانمانی كووشت چیتر ڕێگای نه‌دا هه‌مووان له ماڵه‌كاندا له‌سه‌ر سفره‌یه‌ك دابنیشین.. له گازینۆ و مه‌یخانه‌كاندا مێزێك به‌ناوی مێزی جوانی كۆمان بكاته‌وه.. چونكه شوێنه گشتیه‌كانی پڕ كرد له ناشیرینی و پیسیه‌كانی خۆی، حزب بیست ساڵه درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كات پێمان ده‌ڵێت چیتان له شه‌قام ئه‌وێ ئه‌وه له‌سه‌رده‌می داگیركه‌ر بوو ئه‌هاتنه شه‌قام ئێستا ووڵات ئارامه، به‌ڵام كاتێ پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ ئه‌كه‌ین: كامه‌یه ئارامی ئه‌و كاته‌ی هه‌ره پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانمان نیه كاتێ ژیانتان زه‌وت كردووه بۆ خۆتان، ئه‌و ده‌مه‌ی دێینه شه‌قام تێده‌گه‌ین كه ژیان دۆزه‌خێكه هیچ شتێك ڕووی نه‌داوه جگه له گۆڕینی ده‌مووچاوه‌كان، ئه‌وه‌ته شه‌قام كه ئێوه هه‌میشه لێی ترساون بۆیه نه‌تانویستووه ئێمه له‌وێ بین ئێوه هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینه‌وه تۆمه‌تتان بۆ بزووتنه‌وه‌ی شوراكان وكۆمۆنیسته‌كان درووست ده‌كرد كه ئه‌هاتنه شه‌قام، له‌ڕاستیدا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئێوه درۆیه‌ك بوو خۆشتان باوه‌ڕتان پێی نه‌بوو ته‌نیا ترستان بوو له شه‌قام.
ئێستا هیچ بیانوویه‌كتان نه‌ماوه نه حكومه‌ت ساوایه ونه ئێوه كه‌م ئه‌زموونن، چونكه ئێوه بیست ساڵه خه‌ریكی به كاریزماكردنی بێده‌نگی و سهركوتكردنهوهن، بۆیه كاتێ بیانووه‌كانتان كۆتایی هاتووه سه‌رله‌نوێ له‌به‌رده‌م ئه‌زموونێكی سه‌ختدان ئه‌زموونی بێده‌نگی ئێوه‌و ده‌نگی ئێمه له شه‌قام.. چیتر ئێمه بێده‌نگ نابین ئه‌مجاره ئه‌وه‌ی بێده‌نگ ئه‌بێت ئێوه‌ن، گه‌وره‌ترین بێده‌نگی ئێوه ته‌قه‌كردنه له ئێمه ئێوه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن كه بێده‌نگن هیچتان پێ ناكرێت ئه‌بێت ته‌قه بكه‌ن ئه‌بێت گه‌نجه‌كانی ئه‌م ووڵاته بكوژن تا له‌به‌رده‌م داواكانمان سه‌ر له‌نوێ فه‌زای خوێناوی درووست بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لافاوی خوێن هه‌ڵبستێت ئه‌وه‌ی گیانی سوور ئه‌بێت ئێمه نین، به‌ڵكو ئێوه‌ن به خوێنی تفه‌نگه‌كانتان ڕه‌نگی جیاوازی حزبه‌كانتان ئه‌كه‌ن به ڕه‌نگی خوێنی تفه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی كه له شه‌قامدا به پێشتان تێپه‌ڕین خێرا بتانناسینه‌وه هاوار بكه‌ین “گه‌نجان چاوه‌ڕوان بن ئێستا تفه‌نگه ترسنۆكه‌كان ته‌قه ئه‌كه‌ن”
ئێمه له‌به‌رده‌م ئه‌و گه‌نجه‌ی تفه‌نگی ئێوه ته‌قه‌ی لێ ده‌كات وتفهنگهكانتان پڕن له خوێنی سوور ئه‌زانین ئه‌و چ ڕقێكی گه‌وره‌یه له هاوڵاتی بوون چ ڕقێكی گه‌وره‌یه له شارێك كه جگه له ئازادی خۆی هیچی تر ناناسێت، كه‌چی ئێوه تۆمه‌تیان ئه‌خه‌نه پاڵ بۆ ئه‌وه‌بێت به‌ده‌نگ هاتن له مافی ژیان بوون و ئازادیه‌كانمان خه‌ڵكی فێرمان بكات بۆ ئه‌بێت به جهههنهمهكانی ئێوه ڕازی بین بۆچی ئێوه جارێك به‌خۆتاندا نایه‌نه‌وه كه له‌ته‌واوی مه‌ینه‌تیه‌كانی ئه‌م ووڵاته ئێوه به‌رپرسیارن.. بۆچی هه‌میشه له‌پشت ده‌نگی ئێمه‌وه مۆڕهكردنێكی سه‌ختی ئێوه بوونی هه‌یه بۆچی له‌پشت هاتنه شه‌قامی گه‌نجان ئێوه‌ی توڕه له ژیان ده‌ست ئه‌خه‌نه‌وه سه‌ر میلی تفه‌نگه‌كانتان و دواتریش ڕه‌وایه‌تی به‌و كوشتنه ئه‌ده‌ن گوایه دیفاعتان له‌خۆتان كردووه ئاخر ئێوه دیفاعی چی ئه‌كه‌ن ئێوه خۆتان جبه‌خانه‌ی سه‌ربازین خۆتان دنیاتان كردووه به جه‌هه‌نه‌م به‌ویستی خۆتان ئه‌توانن لێمان بكوژن چاومان ده‌ربكه‌ن له‌ناو خوێنی تفه‌نگه‌كانتان بمانگهوزێنن ده‌سا ئیتر ئێوه تفه‌نگ و هێزه‌كانتان زیاتر بخه‌نه كار چونكه ئیدی ده‌نگی ئێمه له شه‌قامدا كپ نابێته‌وه تا گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ ژیانی ئینسانی بوونمان.
هه‌موو له شه‌قام ئه‌مێننه‌وه.. كه‌س ناگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه
“وه‌ختی خۆته‌و ههلمهبوێره هه‌ر ئێستاكه وه‌ره ده‌رێ خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده چونكه ئه‌و شۆڕشه زۆر ته‌مه‌ن كورته” ئه‌و دێره‌ی شانۆگه‌ری (مارا- صاد) له‌هه‌موو ساته‌وه‌ختێكی شۆڕشدا ڕه‌وایه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێت له‌په‌یوه‌ندیی نێوان هاولاتی وده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و ده‌مه‌ی هاولاتی شه‌قام ئه‌كاته‌وه به گۆڕه‌پانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵات به‌دوای فیشهگهكانی هێشتا هه‌ڕه‌شه ئه‌كات كه به‌ده‌نگ هاتن له ده‌سه‌ڵات به‌واتای ئیدی ئێمه له‌به‌رده‌م ئه‌واندا ئه‌بێت خۆمان ئاماده بكه‌ین كه ده‌ست وقاچمان ببردرێته‌وه، چونكه شه‌قام بۆ ده‌سه‌ڵات مانای فیتنه گیَِڕیه، ئه‌و تێگه‌یشتنه له ساته‌وه‌ختێكدا كه ده‌سه‌ڵات هه‌ست به مه‌ترسیه‌كان بكات به حاله‌تێكی سرووشتی وه‌رئه‌گیرێت، چونكه ده‌سه‌ڵات دڵنیایه له‌وه‌ی ئه‌وه فیتنه‌گێڕیی نیه شه‌قامی هێناوه‌ته له‌رزین، به‌ڵكو ئه‌وه بێ دادپه‌روه‌ری و زوڵم وسته‌می بیست ساڵی حاكمیه‌تی كوردیه، حاكمیهتێك ئیدی ئه‌وان چاوه‌ڕوانن به‌ماوه‌یه‌كی كورت شه‌قام هێمن بێته‌وه‌و هه‌موو بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ته‌مه‌نی كورتی هاتنه شه‌قام به‌هۆی ئارامبوونه‌وه نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به كورتی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه هه‌یه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌رفه‌تی باشی هه‌بوو بۆ خۆ چاككردن نه‌یكرد بۆیه ئێستا به‌زه‌بری به‌رد باران كردن هاولاتیان چاكی ئه‌كه‌ن، ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتیش واز له میلیشیاكانی و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كردنێك بێنێت بۆ هه‌ر قه‌سابخانه‌یه‌كی خوێناوی، ئێستا ئیدی شه‌قامه‌كان پڕ ئه‌بن له ده‌نگ، چونكه ئیدی ده‌رفه‌تێك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ خۆ شاردنه‌وه ئه‌و ده‌مانه‌ی شه‌قامه‌كان یه‌كده‌نگی ئێمه‌ن حزبه‌كان چیتر ناكرێ وێنه‌ی ڕابردویهكمان به سه‌روه‌ری به‌سه‌ردا بفرۆشنه‌وه، ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ به‌نه‌وه‌یه‌كی ناڕازیی به‌دنیا فرۆشرایه‌وه ئیدی ئهفسانهیهكهو سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه چیتر حیكایه‌ته‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌و كاره‌كته‌ره خورافیه توانای به‌شداری كردنی نیه له‌ناو زینده‌گی ئێمه‌دا، ئاره‌زووی ژیاندۆستی وامان لێ ده‌كات كه بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری نیشتیمان په‌روه‌ر بین ئه‌وه‌نده به‌س نیه له‌پێناو نیشتیمان‌دا بمرین، مردن له‌پێناو نیشتیمان له‌ئێستادا جگه له حیكایه‌تێكی به‌سه‌رچوو هیچیتر نیه، چونكه ئه‌كرێ نیشتیمانپهروهریت بگاته لووتكه ونهشمریت، به‌لام ده‌سه‌ڵات چونكه له نیشتیمانپه‌روه‌ری نه‌وه‌یه‌ك دڵنیایه بۆیه ئهیانكوژێت.. ئێمه كه نیشتیمانمان خۆش ئه‌وێ ئه‌مانه‌وێ خزمه‌تی بكه‌ین ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ ساتێك جێ‌مان نه‌هێشتووه وه‌ك ئێوه مانگانه سه‌فه‌ر ناكه‌ین و ناسنامه‌ی ووڵاتانی ترمان له گیرفان بێت، بۆیه كه نیشتیمانمان خۆش ئه‌وێ كه جێی نایه‌لین به‌ڵام ناشمانه‌وێ له‌پێناویدا بمرین نه‌خێر ئه‌مانه‌وێ له‌پێناویدا بژین.. ئه‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی دنیای كوردی له‌وه تێبگه‌ن كه ئه‌و نه‌وه‌یه شه‌ڕ له‌سه‌ر نیشتیمان ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بژی نه‌ك بمرێت، ئێوه كه خۆتان رۆحی خۆتان كوشتووه بۆ ئه‌تانه‌وێ گه‌نجان بمرن.. بۆ خه‌ونی مردنی ئه‌وانتان هه‌یه ئاخر ئه‌وه‌نده به‌سه كه خۆتان مردوون، كه‌رنه‌ڤاڵی سازكردن بۆ كوشتنی گه‌نجانی ڕاپه‌ڕیوو جگه له نائومێدبوون وتاریكترین ساته‌وه‌ختی مێژووی ئێمه هیچیتر نیه كه شانازی به ته‌قه‌كردن وبرینداركردن وشههیدكردنی گه‌نجان بكه‌نه‌وه.. ئه‌وه كه‌ڕنه‌ڤاڵ نیه نه‌خێر ئه‌وه مردنی خۆتانه.. ته‌نیا بۆ جارێك تێبگه له‌وه‌ی كه وا ئیدی ساتهوهختیهتی كه خۆتان له ڕاستی نه‌دزنه‌وه.. له‌ناو ژووری داخراو وه‌رنه ده‌ره‌وه چیتر به پاسه‌وان و فیشه‌گ و چه‌ك خۆتان مه‌شارنه‌وه خۆتان نیشانی خه‌ڵك بده‌ن وه‌رن پێیان بڵێن ئێمه له ڕاپه‌ڕینی ئێوه ئه‌ترسین بۆیه تهقهتتان لێ ده‌كه‌ین تا زووه فریای خۆتان بكه‌ون چونكه ئه‌م شۆڕشه زۆر ته‌مه‌ن كورته ته‌مه‌نی كورته بۆ ئێوه سه‌ركه‌وتنیش ئه‌به‌دیه بۆ ئێمه ئیدی ده‌بێت ئه‌م ئێواره‌یه‌ش كه شه‌قام ئهخرۆشێت پڕ به‌ده‌نگ هاوار له ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكه‌ین “وه‌ختی خۆته‌و ههلمهبوێره هه‌ر ئێستاكه وه‌ره ده‌رێ خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده چونكه ئه‌و شۆڕشه زۆر ته‌مه‌ن كورته” خێراكه خۆت نیشانی خه‌ڵكی بده چونكه هه‌موو له شه‌قام ئه‌مێنینه‌وه.. كه‌س ناگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه.
شه‌قامی سلێمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
خه‌ون بینین به‌دنیایه‌كی تره‌وه ساته‌وه‌ختێكی هه‌ڵچوون نیه له‌و خۆپیشاندانه‌وه ده‌ستی پێكردبێت، به‌ڵكو ئه‌وه نائومێدبوونی ته‌واوی نه‌وه‌ی نوێیه له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و شاره، به‌وه‌ی هه‌موو خه‌ونه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و په‌یوه‌ندیی نێوان (ده‌سه‌ڵات وشار) و (هاوڵاتی وشار) ته‌نیات وه‌ك بانگه‌شه‌یه‌كی سیاسی ڕووت مایه‌وه، بۆیه پێویستی به ڕه‌وتێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌بوو كه گوزارشت له‌بوونی شاره‌كه بكات.
ره‌وتێك چه‌نده هه‌ڵگری خه‌ونی مرۆڤه‌كان بێت هێنده‌ش له ڕۆحی شاره‌كه‌وه هاتبێته بوون، بۆیه له‌دایكبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وابه‌سته‌ی خه‌ونی مرۆڤه‌كانی ئه‌م شاره بوو، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ی ڕه‌وتێكی سیاسی كه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خۆی به ڕووی ده‌سه‌ڵات ڕابگه‌یه‌نێت وبشتوانێ به‌ره‌و خه‌ونی گۆڕانی مرۆڤه‌كان هه‌نگاو بنێت، ئه‌گه‌رچی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌كه خاڵیه له په‌یوه‌ندیی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، به‌ڵام ناكرێ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه داببڕین له‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر بزواندنی شه‌قامی سلێمانی، هه‌رچه‌نده كاریگه‌ری ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر شه‌قامی ئه‌و شاره هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕوویه‌كی تریشدا جۆرێك نائومێدی دێنێته كایه‌وه به‌وه‌ی هه‌ر خه‌ونێك وابه‌سته‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كرابێت سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌ونه‌ش وه‌ك هه‌ر خه‌ونێكی تر هه‌ڕه‌شه‌ی ترس ودڵه ڕاوكه له‌ناخی مرۆڤه‌كان جێ دێلێت، به‌ڵام به‌ر له قسه‌كردن له‌و نائومێدیه پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و بونیادانه قسه بكه‌ین كه گۆڕانی هێنایه بوون، ئاخۆ بونیاده‌كان به‌ته‌نیا په‌یوه‌ست بوون به خه‌ونی شاره‌وه یاخود په‌یوه‌ست بوون به عه‌قڵیه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و پاشماوه‌ی یاده‌وه‌ری سیاسیه‌وه؟
هه‌موو ستایشێكی سیاسیانه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی بۆ ئه‌م شاره له‌گه‌ڵ ئاشت بوونه‌وه‌ی ئه‌م هێزه له‌گه‌ڵ پارتی ئیدی ستایشه‌كان ده‌ركه‌وتن كه ته‌نها بانگه‌شه‌ی سیاسی بوونه ئیدی به‌كردار ده‌ركه‌وت ئه‌وان ئاوا سه‌یری سلێمانی ناكه‌ن، به‌ڵكو ناوبردنی سلێمانی وه‌ك شاری رۆشنبیریی وپێشكه‌وتن له‌ڕاستیدا كورت كردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره بوو له‌ناو یه‌كێتی خۆی، بۆیه كه شه‌ڕ ته‌واو ئه‌بێت ئه‌و شاره ئه‌بێته به‌شێك له پهراوێزو قوربانیه‌كی تری ئه‌م شه‌ڕه.
لێره‌وه بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی چالاك كه له‌ڕۆحی ئه‌م شاره‌وه بێته بوون خواستێكی سه‌ره‌كی ئه‌م شاره بوو، ده‌رفه‌تێكی چالاك هه‌بوو بۆ خوڵقاندنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، ئه‌وه بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوونی خۆی ڕاگه‌یاند، بۆیه به شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا توانی تهشهنهیهكی ته‌واو بكات وابكات زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م شاره له‌خۆی كۆ بكاته‌وه وبچێته ناو پێشبركێی هه‌ڵبژاردنه‌كان وده‌نگێكی باشی هاولاتیانیش وه‌ده‌ست بێنێت و بكه‌وێته ناو شه‌ڕێكی هه‌ڵبژاردنه‌وه كه دواتر ئه‌م شه‌ره ئیشكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری سیاسی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو یه‌كێتی.
له‌ناو پێكهاته‌ی سیاسی یه‌كێتی نوخبه‌یه‌ك هه‌یه خۆی به مۆدیلێكی رۆشنبیریی سیاسی كورد زانیووه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ئه‌و یاده‌وه‌ریه سیاسیه‌ی ئه‌وان بووه له كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران، نه‌وشێروان مسته‌فا دیارترین ناوی ناو ئه‌و مۆدیله بوو، وه‌ك چۆن شه‌هید ئارام ومه‌لا به‌ختیار دوو ناوی تری ناو ئه‌و مۆدیله بوونه، هه‌ڵبه‌ت ڕوانینه‌كانی مه‌لا به‌ختیار له‌ساته‌وه‌ختی شۆڕشدا وای كردووه له كۆمه‌ڵه جیابێته‌وه‌و گروپێكیتر به‌ناوی ئاڵای شۆڕش درووست بكه‌ن، له‌وێوه ململانێكان درووست ئه‌بن، كێشه‌ی بیركردنه‌وه‌و ناكۆكی عه‌قڵی به‌هۆی هێزه‌وه یه‌كلا ئه‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌خلاقێكی سیاسی كوردیه هه‌میشه كێشه‌كان به‌هۆی هێزه‌وه یه‌كلا كراوه‌ته‌وه.
گه‌ڕان به‌دوای تازه‌گه‌ری له‌ناو سیاسه‌تی یه‌كێتی وه‌همێكی سیاسی ئه‌و هێزه بووه له‌یه‌كه‌م ساتی دامه‌زراندنیدا تا ململانێی نێوان گۆڕان ویه‌كێتی، لێره‌وه ئه‌و ململانێیه لهڕوویهكیتردا ده‌یه‌وێت خۆی به ململانێیه‌كی فكری بخاته ڕوو، به‌وه‌ی ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌كی ته‌واو نه‌كراوی یاده‌وه‌ری شاخه.
بۆیه ئه‌و ململانێیه‌ی كۆمه‌ڵه‌و ئاڵای شۆڕش ئه‌مجاره له‌ڕێگه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی درێژ ئه‌بێته‌وه، له‌ڕێگه‌ی دوو ڕۆژنامه‌ی وه‌كو چاو‌دێر و ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه یاده‌وه‌ری به‌رهه‌م دێننه‌وه، ئه‌گه‌ر قسه‌كردنه‌كان له‌هه‌ر ساته‌وه‌ختێك له‌سه‌ر ململانێی جیاوازی فكری دوو هێز بێت، له‌ڕاستیدا هه‌میشه ده‌ركه‌وتووه هێزه‌كانی دنیای ئێمه ململانێی فكرییان نه‌بووه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ململانێی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر سه‌پاندنی ئه‌ویتریان هه‌بووه، بۆیه دانیشتنی نێوان نه‌وشێروان مسته‌فا ومه‌لا به‌ختیار له رۆژی 25 ی شوباتی 2010 له‌ناو گه‌رمه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شه‌قامی سلێمانی سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه كه جیاوازی له‌نێوان ئه‌و دوو ئۆرگانه نه‌بووه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه ئیشكردنه‌وه بووه له‌سه‌ر پاشماوه‌ی یاده‌وه‌ری.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌دوای خۆپیشاندانه‌كانی 17 ی شوبات بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، چونكه هێنده‌ی مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو توڕه‌یی پارتی له‌خۆی دوور بخاته‌وه، به‌هیچ جۆرێك شه‌قامی سلێمانی لا گرنگ نه‌بوو، ئه‌وه سه‌ره‌تای بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره بوو كه نه‌توانین ئومێدمان به‌و بزووتنه‌وه‌یه هه‌بێت، به‌ڵام كاتێ بینی باره‌گاكانیان له هه‌ولێر وسۆران و بادینان كه‌وتنه به‌ر سووتان وتاڵان كردن ئیدی خۆیان كرد به مودافیعی شه‌قام.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌بوو قسه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پالًَپشتی كردن بوایه له‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌ی شه‌قام ویه‌كده‌نگی نێوان گۆڕان و شه‌قام بوایه، بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری شاربوونی سلێمانی بنیاتنانی ده‌نگی جیاواز بوایه، بهلاًَم گۆڕان له‌ترسی له‌ناو چوونی بزووتنه‌وه‌كه‌ی خۆی ناچار بێده‌نگی هه‌ڵبژارد ولهسلێمانی و شه‌قامی سلێمانی نه‌هاته ده‌نگ، ئاخۆ له ئێستادا گۆڕان بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و وباره‌گاكانی له‌و گه‌نجانه وزیاتر نین كه له‌پێناو داواكانی كۆمه‌ڵگا شه‌هید كران.
لێره‌وه بۆمان ده‌ر ئه‌كه‌وێت خه‌ونی دنیایه‌كی نوێی ئه‌م شاره په‌یوه‌ست نه‌بوو به گۆڕان، هاوڵاتیانیش له‌م بزووتنه‌وه‌یه بێ ئومێد بوون بۆیه هاتونه‌ته شه‌قام و بۆ خۆیان بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی بنیات بنێت، لێره‌دا پێویسته ئه‌و پرسیاره بكه‌ین:به‌دوای خۆپیشاندانه‌كان ئه‌مجاره چۆن سه‌یری سلێمانی بكه‌ین؟ ئاخۆ سلێمانی خه‌سڵه‌تی شار بوون وجیاوازی ده‌نگی خۆی بنیات نه‌ناوه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش شه‌قامی كوردی ئه‌توانێ سه‌یری شه‌قامی سلێمانی بكات وبیبینێت كه چۆن ئه‌م شاره خۆی له شاری كوردی جیا كرده‌وه‌و جێی خۆیه‌تی له ڕوانینی شه‌قامی سلێمانیه‌وه سه‌یری ڕوانینی خۆیان بكه‌ن له‌پێش هه‌مووشیان هاوڕێیانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.
ئۆدیبهكانی سلێمانی ناگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه
هاتنه ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ له‌ماڵ یاخی بوونه به‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ی ماڵ كه ئازادی تیایدا خنكاوه، ئه‌گه‌رچی زۆرجار ماڵ هاوكێشه‌كه یه‌كسان ئه‌كاته‌وه به‌مه‌رگ، به‌ڵام هاتنه ده‌ره‌وه دڵنیابوونه له‌وه‌ی ئیتر ماڵ ئارام نیه، ئه‌بێت به‌دوای ڕووبه‌رێك بگه‌ڕێین كه ئارامی تیا وه‌ده‌ست بێنین.
مرۆڤ كه له‌ماڵ هاته ده‌ره‌وه جارێكی‌تر ناگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ هاتنه ده‌ره‌وه ئه‌خلاقێكی تر وه‌ده‌ست دێنێًت، بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ خوڵقاندنه‌وه‌ی تراژیدیایه، ئۆدیب له‌ڕێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ باوك ئه‌كوژێت ولهماڵیشدا سێكس له‌گه‌ڵ دایك ئه‌كات، ته‌واوی ئه‌و كارانه ئه‌نجام ئه‌دات به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆشیاری به‌رامبه‌ر به‌و كارانه هه‌بێت، له به‌ئاگا هاتنه‌وه‌ش چاوه‌كانی خۆی كوێر ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ماڵ كوشتن وكوێری وتاوان ئه‌نجام ئه‌دات، چونكه مرۆڤ كه له‌ماڵ هاته ده‌ره‌وه یا ناتوانێ جارێكی‌تر بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه یا له گه‌ڕانه‌وه تراژیدیا له‌دایك ئه‌بێت.
له‌گه‌ڵ راپه‌رینی به‌هاری بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌میشه باوكان به ئۆدیبهكانی كوردیان وتووه ماڵه‌كان ئارامن كه‌س ماڵ به‌جێ نه‌هێلێت، ده‌سه‌ڵاتی باوكان به‌شێوه‌یه‌ك تۆقێنه‌ر بوون تا كوشتارهكانیان زیادی ئه‌كرد ده‌سه‌ڵاتیان تۆكمه‌تر ئه‌كرد، جه‌به‌رووتی باوك بوون ئۆدیبهكانی له‌ماڵه‌وه زیاتر ئه‌ترساند، بۆیه به‌شێك به‌ترسه‌وه به‌دزی باوكه‌وه ڕایان ئه‌كرد وجارێكی تر نه‌گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا ئۆدیبهكانی سلێمانی له‌ماڵ هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌و ڕووی ئه‌و سیستمه ئه‌خلاقیه بێزاری خۆیان ده‌ربڕی به‌هۆی ئه‌وه‌ی چیتر ڕازی نین بێده‌نگ بن ئه‌وان به‌ڕووی باوكان هاتوونه‌ته ده‌نگ وشه‌قامه‌كان به‌جێ نایه‌لن.
باوكان هیچ كاتێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان له ئۆدیبهكان نه‌كردووه، چونكه پێیان وابوو له‌سه‌رده‌می شه‌ڕه‌كانیان ته‌واوی ئۆدیبهكانیان خه‌ساندووه، چاویان كوێر كردوون به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان بیر له كوێركردنی خۆیان بكه‌نه‌وه، زمانیان بڕیوون ، به‌ڵام ئه‌وان به هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵ به‌سه‌ر كوێریی خۆیان زاڵ بوون، باوكان هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌خته‌وه مه‌ترسی له‌ناوچونی ماڵه‌كانیان كرد، بۆیه خێرا كه‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌كردن له فه‌رزه‌نده‌كان، ئه‌وه‌یان به كوشتنی خۆیان ئه‌بینی، خه‌ونی كوڕه گه‌وره‌كانی حه‌سار ئه‌وانه‌ی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕاپه‌رینه‌كانی باوكان به‌شدار بوون وبه‌ردیان ئه‌گرته دیواره پۆلاینهكانی فاشیزم ئیدی ئه‌و خه‌ونه له‌ناو خه‌وندا نه‌ده‌مایه‌وه ئه‌و خه‌ونه له‌گه‌ڵ تازه‌ترین نه‌وه‌دا ئههێنرایه سه‌ر شه‌قام ئێمه كه ئه‌و كوڕه لاڵ وبێ زمانانه‌ی نه‌وه‌ی خۆمان به مناڵان ئه‌ناساند ئاوا ده‌ستمان پێ ده‌كرد “هه‌ر هه‌موو برای تۆن و باوكه لاڵی كردوون” ئیدی شه‌قام كۆبوونه‌وه‌ی زمان و بیًَ زمانه‌كانه هه‌موو به‌یه‌كه‌وه یه‌كده‌نگی تیا ئه‌پارێزین، به‌تایبه‌ت كه ئه‌بینین له‌یه‌كه‌م ساتی ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ی باوكان كه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی باوك بۆ ئه‌وان مه‌ترسی له‌ناو چوون بوو، بۆیه به پاسه‌وان وسهگهكانی حه‌ساریان ئه‌ووت “هۆ سه‌گه به وهفاكانم نه‌یه‌ڵن ئه‌و باوك كوژه بحه‌سێته‌وه” هه‌ڵبه‌ت هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆدیبهكانه بۆ ماڵه‌وه، به‌ڵام ئۆدیبهكانی شه‌قام ئه‌زانن كه ماڵ جگه له زیندانێك هیچیتر نیه، ماڵێك ڕۆژانه سیستمێكی تیا بێت كه سیستمی كۆنترۆڵ كردنی تواناكانی بوون بێت تیایدا پێمان ئه‌ووترێت “”ئێوه له‌سه‌رتانه یه‌ك شت بزانن، به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ستن و كه تاریك داهات ده‌رگاكانی حهسارهكه دابخه‌ن” ژیان بریتی بێت له‌زوو له‌خه‌و هه‌ڵسان بۆ ستایشی باوك وكه تاریكیش داهات ده‌رگاكانی ماڵ دابخه‌ین تا سه‌یری هه‌موو ئه‌و دزیوی تاڵان وبه‌د ئه‌خلاقیانه نه‌كه‌ین كه باوكان له‌نیوه شه‌ودا ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، كۆنتڕۆڵ كردنی ته‌واوی جوانیه‌كانی دنیا بۆ خۆیان و وێنه‌ی نێر بوون ته‌نیا له‌خۆیاندا ببینه‌وه ئیدی بۆچی ئه‌بێت ئۆدیبهكان بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه باوكێك كه نه‌ك كوڕه‌كان به‌ڵكو وای لێهات گیانداره‌كانیش به مه‌ترسی ئه‌بینێت “چۆنه پشیله‌كان بخهسێنم، بۆچی پیاوه‌كه؟ چۆن بۆ پیره قۆتڕه.. نه‌فام نابینی ئه‌م حیز باوكانه گوونیان له گوونی من خڕتره”
باوكێك كه‌به‌م شێوه‌یه نێربوونی بۆخۆی كۆنترۆڵ كردبوو هێزی پیاو بوون لهسێنترال بوونی خۆی ئه‌بینی ئهشبوو چاوه‌روانی ئه‌وه بكات ئۆدیبهكان بڕژێنه شه‌قام وبێده‌نگی به كوشتنی باوك بگۆڕن، ئه‌گه‌رچی له‌زۆر ساته‌وه‌ختدا سه‌گه‌كانی باوكه تانجی وقامچیهكانی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له ئۆدیبهكان بكه‌ن ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌قامه‌كان پڕ ئه‌كه‌ن له‌و پاسه‌وانانه‌ی بهحهیزهرانه ڕه‌شه‌كانه‌وه له‌سه‌ر شۆسته‌كان ئه‌وه‌ستن كه هه‌ر ئه‌لێی حهیزهرانهكانی سه‌رده‌می قوتابخانه‌یه، به‌لام كه‌ی ئه‌وه حهیزهرانانهی ئێوه توانیویه‌تی مناڵه‌كان بترسێنن، ئێمه ئه‌وساش كه حهیزهرانیش هه‌بوو قه‌ت ئاماده نه‌بووین خۆمان به‌وانه‌ی ماتماتیك سه‌رقاڵ بكه‌ین، به‌ڵكو خێرا فوومان له‌ده‌ستمان ئه‌كرد تا چوار حه‌یزه‌رانه‌كه‌ی خۆمان بخۆین، ئێستاش ئۆدیبهكان سه‌ر به‌رزن به‌وه‌ی كامیان حه‌یزه‌رانی ده‌ستی ئێوه‌یان خواردووه، وه‌ك چۆن ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌كێك له ئۆدیبهكانتان زامدار كردبوو له‌ترسی جه‌به‌رووتی ده‌نگی وه‌ڕینی سه‌گه‌كان به‌هه‌ردوو ده‌ست ئه‌یكێشا به‌سه‌ری خۆیدا، چونكه ئه‌یزانی سه‌گ و تانجیهكان پێی بگه‌ن بهكهڵبه تیژه‌كانیان ئه‌یخۆن، كه‌چی تۆ باوكه به‌ده‌نگی ئه‌وه‌وه نه‌هاتی كه هاواری ئه‌كرد “هۆ باوكه فریام كه‌وه.. سه‌گه‌كانت وا ده‌مخۆن.. فریام كه‌وه.. دهمخۆ”
تۆ چ باوكێكی دڵڕه‌ق بوویت كه نه‌هاتی به‌ته‌نگ هاواری ئه‌و مناڵه‌ی خۆته‌وه، پێت وانه‌بێت ئه‌وه‌ی ڕوویداوه ساته‌وه‌ختێكی هه‌ڵچوون ئامێز بێت نه‌خێر به‌ڵكو ئه‌وه ده‌نگی یار بوو كه ئه‌یبینی له‌دنیایه‌كدا باوكان هه‌موو شتێكیان كۆنترۆڵ كردبوو ده‌نگی یار پیاوهتیمانی به ئاگا ئه‌هێنا “تف له‌و شه‌وانه‌ی له‌بڕی ئه‌وه‌ی له‌باوه‌شی تۆدا بم.. له‌باوه‌شی باوكتا ده‌نووم، به‌ڵام هه‌قیشه وابێ گه‌ر كوڕان بێ ده‌مار و خه‌سیوو بن باوكان بۆ وا نه‌كه‌ن” باوكه ئیدی ئێمه پیاوین وڕازی نابین تۆ دنیا بۆ خۆت كورت بكه‌یته‌وه چیتر به به‌ڵێنه‌كانی چاره‌گه سهدهیهكت فریوو ناخۆین.. سه‌یر نیه ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ هاورێكانمان ئه‌مانه‌وێت له ڕه‌حیماوه به‌سه‌ر پردی خاسه‌وه سه‌ر ئه‌كه‌وین كه ئه‌بینین شه‌قامه‌كان بێده‌نگن كه‌س زمان له‌ده‌میا نیه ڕوو ئه‌كه‌مه ئه‌و كوڕه گه‌نجانه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌م شاره به‌ده‌ست فاشیزم و مۆدیله تۆقێنه‌ره‌كانی برده سه‌ر كه ئێستاش زمان له‌ده‌میان نه‌ماوه قسه بكه‌ن چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا ئاسووده بوون به ئازادبوونیان و‌ئێستا ئه‌و منالانه وا خه‌ریكه قژیان سپی ئه‌بێت پێیان ئه‌ڵێم “باوكه ئێوه‌شی حیز كرد.. خوا هاور بۆ نافڕن”
* ئه‌و دێرانه‌ی له‌ناو كه‌وانه دانراون له نۆڤلێتی (حه‌سار) ی شێرزاد حه‌سه‌ن وه‌رگیراون.
توندوتیژیی له‌نێوان حزب وهاوڵاتیدا
خۆپیشاندانه‌كانی شه‌قامی كوردی كه له خۆپیشاندانه‌كانی 17 ی شوباتی خوێناویه‌وه ده‌ستی پێكرد به‌دوای ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی حزبی كوردی ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد وشه‌هید وبرینداری لێكهوتهوه، ئه‌و سه‌ره‌تایه بوو به ئیراده‌یه‌كی پته‌و بۆ هاتنه ده‌نگ له ده‌سه‌ڵاتی كوردی و بێده‌نگ نه‌بوون له‌كێشه‌كانی نێوان هاولاتی وده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی شه‌قامه‌وه.
شه‌قام كۆده‌نگی خۆپیشانده‌ران وروناكبیرانی یه‌كخسته‌وه توانی وا بكات نه روناكبیر به‌ته‌نیا بێت و نه هاولاتیان له شه‌قامدا وابزانن ته‌نیان، ڕۆڵی خوێندكارانی زانكۆ سه‌لماندنی نه‌وه‌یه‌كی به ئاگابوو له‌داواكانی شه‌قام، وه‌ك چۆن ناكرێ ته‌واوی ئه‌و ده‌نگانه فه‌رامۆش بكرێت كه له‌ئۆرگان ومیدیا ئازاده‌كان بوونه به‌شێك له‌داواكانی شه‌قام، ئه‌وه قسهكردنهوهیهكی تری دنیای ئێمه‌یه له‌ته‌ك زه‌بروزه‌نگ وتوندوتیژیهكانی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك چۆن نابێت ئه‌و بێده‌نگیه ترسناكه‌ی روناكبیرانی هه‌ولێر فه‌رامۆش بكرێت، ڕاسته زه‌مینه‌یه‌كی ترسناكتر له‌وێ به‌دی ئه‌كرێت تا كار ئه‌گاته ئه‌وه‌ی رێكخراوی قوتابیان بۆی هه‌یه زانكۆ له‌په‌ل وپۆ بخات، چونكه كاتێ قسه له‌وه ئهكریًَت كه ته‌ده‌خولی حزب له زانكۆ قه‌بووڵ ناكرێت له‌ڕاستیدا ئه‌و قسه‌یه زۆر مه‌جازه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی وه‌ك حزب سه‌یر ناكات رێكخراوه‌كه‌شی وه‌ك به‌شێك له زانكۆ ئه‌بینێت.
ئه‌و كاره‌ی رێكخراوی قوتابیان هه‌ڵه‌یه‌كه دووه‌م جاره له‌مێژووی ئه‌و رێكخراوه دووباره ئه‌بێته‌وه، جاری یه‌كه‌م له‌كاتی شه‌ری ناوخۆدا كاتێ حزبه‌كه‌ی له‌ناو هه‌ولێر نه‌ما داوای له قوتابیان كرد كه برۆنه‌وه ماڵه‌وه چونكه زانكۆی ماڵه‌وه‌ش پیرۆزه، پێویسته ئیتر سنورێك بۆ ئه‌و تهدهخولاتانه دابنرێت له‌به‌رامبه‌ر زانكۆ، هه‌رچه‌نده كاتێ سه‌یری په‌یوه‌ندیی نێوان زانكۆ وروناكبیران له‌شارێكی وه‌كو هه‌ولێر ئه‌كه‌یت ئه‌شێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه له‌ناو بێده‌نگی خۆیدا ڕه‌وایه‌تی وه‌ربگرێت، چونكه هه‌موو ده‌نگێك سه‌ره‌نجام یاخود وه‌كو ئه‌و ده‌نگه‌ی رێكخراوی قوتابیان ئه‌بێت یاخود وه‌ك ئه‌و نامه‌یه‌ی رێبوار سیوه‌یلی ئه‌بێت كه‌له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بڵاوی كردۆته‌وه.
له‌ڕاستیدا ئه‌و نامه‌یه وه‌ك جۆرێك له بێده‌نگی خۆی ئه‌خاته ڕوو، به‌ڵام بێدهنگیهك ئه‌توانێ كۆمه‌ڵێك پرسیار له‌شه‌قامدا بجولێنێ، ئه‌گه‌ر قسه‌كردن له‌وه‌بێت كه ئه‌و خۆپیشاندانه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه كۆتایی دێت، كه پێویسته له‌و پرسیاره‌وه بچینه ناوه‌رۆكی نامه‌كه‌وه: ئاخۆ له‌به‌ر ئه‌وه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی دێت چونكه ئێمه هێزێكمان هه‌یه وه‌ڵامی به‌رد به بی كه‌ی سی ئه‌داته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێكی ئه‌و نێوه‌نده‌ی زانكۆ و روناكبیران ولهنامهكهش ئه‌وه ده‌ست نیشان بكرابوایه كه بۆچی ئه‌و خۆپیشاندانانه به زیانی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی دێت ئه‌كرا ئه‌و پرسیاره به‌بێ وه‌ڵام به‌جێ بێلین، به‌ڵام چونكه كه‌س له‌وه نایه‌ته ده‌نگ ناچارین به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كه سیستمێكی گومانكاری به‌ره‌و ئه‌و لۆژكه به‌رین.
ئه‌وه زیانی نه‌ته‌وه‌یی نیه له‌و خۆپیشاندانه به‌ر كوردبوونمان كه‌وتووه، وه‌ك سیوه‌یلی تێیگه‌یشتووه به‌ڵكو ئه‌وه حزبی كوردیه زیانی به‌ر كه‌وتووه، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مرۆدا ڕوو ده‌دات میراتێكی خراپ بۆ داهاتوو به‌جێ نایه‌لێت، به‌ڵكو زه‌مینه‌یه‌ك بۆ داهاتوو ئه‌خوڵقێنێت كه چۆن جارێكی‌تر شه‌قام ئه‌بێته‌وه ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی ده‌نگی ئێمه ئه‌كاته‌وه ده‌سه‌ڵات، میراتی خراپ ئه‌وه نیه هاوڵاتیان له‌داواكانی خۆیان بێنه ده‌نگ، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌نیا حزبه‌كانن وه‌ك میراتی خراپ بۆیان سه‌یر ده‌كرێت، چونكه له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا هاوڵاتیان شه‌هید وبریندار ئه‌كه‌ن وئهیانخهنه سووچی زیندانه‌كانیان، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه ئاگادار كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌بوو قسه له‌وه بكرێت كه حزبی كوردی میراتێكی خراپ بۆ كوردبوون ئهخوڵقێنیت نه‌ك پشتگیریی كردن له‌خۆپیشانده‌ران به میراتی خراپ ناو ببردرێت.
سیوه‌یلی ئه‌وه‌ی بیر ده‌چێت كه ئه‌وانه‌ی پشتگیری‌یان له‌خۆپیشاندانه‌كان كردووه له‌ویش زیاتر خه‌ریكی پرۆژه فكریی وفه‌لسه‌فی وئه‌ده‌بی وهونه‌ریه‌كانی خۆیانن، به‌ڵام ئه‌وان پشتگیریی كردن وهاتنه ده‌نگ له‌شه‌قام به‌كارێكی ئه‌خلاقی سه‌یر ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك سیوه‌یلی روناكبیر ومامۆستای زانكۆ ئه‌و كاره بهتهرویج كردنی توندوتیژیی ناو به‌رێت، ئه‌بێت هه‌موومان نكوڵی له‌و ڕاستیه نه‌كه‌ین ئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رهه‌م دێنێت ئه‌و گه‌نجانه‌ی ناو شه‌قامه‌كانی سلێمانی نین، به‌ڵكو توندوتیژیی به‌رهه‌می ئه‌وه هێزه كۆنزهرفاتیزمانهی دنیای كوردیه كه هاتنه سه‌ر شه‌قام به قه‌سابخانه‌ی خوێناوی ئه‌گۆڕن.
ئه‌وانه‌ی ته‌قه له‌خۆپیشانده‌ران ئه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌وانه‌شن تۆمه‌ت بۆ ده‌نگه جدیه‌كانی دنیای كوردی ئه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌وانیش بوون ووتیان كه تۆ خۆت كتێبخانه‌كه‌ی خۆت سووتاندووه نه‌ك ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا له شه‌قامه‌كانن كه من دڵنیام به‌شێكی زۆری ئه‌و گه‌نجانه خوێنه‌ری كتێب و ووتاره‌كانی ئێوه بوونه، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌م نامه‌یه‌ت هه‌موویانت نا‌ئومێد ودڵشكاو كرد، تۆ وه‌ك خۆت ئه‌لێی هێشتا نیوه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ت نه‌خوێندۆته‌وه كه بۆ مه‌نهه‌جی خوێندنه‌كه‌ت داخیل بوونه، باشه ئه‌ی چۆن هێشتا پشووت نه‌دابوو له‌سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه كه گه‌ڕایته‌وه به‌زۆر هێنانی خه‌ڵكی هه‌ولێر بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان له كوشتنی فره‌نسۆ حه‌ریری توانیت ووتارێكی یه‌ك لاپه‌ڕه‌یی رۆژنامه‌ی خه‌بات بنووسیت به‌ناوی “شارێك به پێوه” كه له‌ڕاستیدا شارێك به پێوه نه‌بوو، به‌ڵكو شارێك به‌زۆر به‌پێوه ڕاگیرابوو.
كاتێك دوو هه‌ڵوێستی دژ به‌یه‌ك یه‌كه‌میان له‌پێناو ده‌سه‌ڵات دێیته ده‌نگ ولهوهیتریشیان له‌دژی هاولاتیان بێده‌نگی هه‌ڵئه‌بژێریت مرۆڤ ناچاره هه‌ڵوه‌سته بكات، به‌تایبه‌ت وه‌ك خۆت ئه‌لێیت “ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دڵسۆزان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سلێمانییه‌وه ئامۆژگارییان كردم كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداریی له‌به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژیدا نه‌كه‌م” ئه‌شێت ئه‌و كه‌سانه‌ی ئامۆژگاری سیوه‌یلی بكه‌ن ئه‌وانه بن كه به‌شێكن له‌وانه‌ی به‌رهه‌م هێنانی توندوتیژیی به دیفاع له‌خۆیان ناو ئه‌به‌ن كه‌چی هاتنه سه‌ر شه‌قام وداكۆكیكردن له هاولاتیانی سه‌ر شه‌قامه‌كان به توندوتیژیی ناو به‌رن له‌ڕاستیدا ئه‌و لۆژیكه هێنده تێگه‌یشتنێكی كۆمیدیه كه هیچ كاتێك ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌م نووسه‌رێكی وه‌ك مامۆستا رێبوار بگاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه پێكهنینیاویانه، به‌تایبه‌ت كاتێ ئه‌بینین به زمانی خۆی ووته‌نی كه نه‌یانویستووه له‌هه‌ولێریش هیچ كارێكی وا ڕٍوو بدات ناچارین گومان له‌كۆی ئه‌و نامه‌یه بكه‌ین كه وه‌ك جۆرێك له‌بێده‌نگی وداكۆكی كردنێكی ناشیرینانه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌سه‌ڵاتێك باڵه‌خانه درووست ئه‌كات وشه‌قامه‌كان قیرتاو ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بێده‌نگ بكات قیرتاو كردنی شه‌قامه‌كان وه‌ك سه‌روه‌ری به هاوڵاتیه‌كانی ئه‌فرۆشێته‌وه نه‌وه‌ك وه‌ك به‌شێك له‌كاری خۆی كه ئه‌بێت بیكات، به‌ڵام هاتنه ده‌نگی هاوڵاتیان به گێره‌شێوێن ناویان ئه‌بات وداواكاریه مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر له‌لایان كه‌سانی وه‌كو مامۆستا رێبوار سیوه‌یلی به توندوتیژیی ناو ئه‌برێت.
ئه‌وه‌ی مناڵی خه‌ڵكی به‌كوشتن ئه‌دات ئه‌وه نه ئێمه‌ین له‌رێگه‌ی نووسین ونه گه‌نجانی ڕاپه‌ڕیوون، به‌ڵكو ئه‌و هێزه‌ی ناتوانێ ئه‌و مناڵانه وه‌ك گه‌نج وعه‌قڵی نه‌وه‌یه‌كی نوێ سه‌یر بكات بۆیه ئهیانكوژێت، نه‌ك مه‌سه‌له‌كه كۆنه قین بێت وه‌ك سیوه‌یلی تێیگه‌یشتووه، چونكه كۆنه قین یانی چی ئه‌وه قسه‌یه‌كی ڕاست نیه پێمان وابێت قینی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆیه، كه‌سێكی ئه‌كادیمی وه‌كو سیوه‌یلی نابێت حوكمی وا نالۆژیكانه له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه بدات، چونكه هێزێكی وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی نه‌ك هه‌ر ئه‌وه نیه له‌پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه بێت، به‌ڵكو سه‌لماندی ترسنۆكترین وبێدهنگترین هێزی دنیای ئێمه‌یه، ئه‌وه یه‌كێتیه‌كان نین وا ده‌كه‌ن كێم له‌و برینه بێته ده‌ره‌وه به‌ڵكو یه‌كێتی بۆخۆی به‌شێكه له‌و كێم وجهراعهته كه جه‌سته‌ی كوردی نه‌خۆش خستووه، دواین قسه‌شمان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ك دێره شیعری نالی ومه‌حوی له خوێندنه‌وه كاری تێكردبین ئه‌بێت به‌ته‌نگ شه‌قامه‌وه بێین، چونكه ئه‌وه داكۆكی كردنه له‌جوانی ئه‌بێت له‌پشت شیعری نالی باخه‌كان هه‌ڵگری مانای ئازادی بن بۆ حورمه‌ت به‌خشین به چاوی یار، ناكرێ شیعری مه‌حوی ببه‌ینه خه‌ڵوه‌تی جوانی به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان بكه‌ینه ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی زمان وبوون وشوناسمان ئازاد بكه‌ین له‌و توندوتیژیه‌ی كه حزب موماره‌سه‌ی ده‌كات وسیوهیلی وه‌ك دواین ئامۆژگاری نامه‌یه‌ك ئاراسته ئه‌كات كه ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌بین ئه‌كرێت ڕووداوه‌كان توندوتیژیی خراپتری لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی نووسه‌ران وته‌واوی خۆپیشانده‌ران هه‌ر ئه‌وه له‌ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕوان ئه‌كه‌ین كه توندوتیژیی زۆر خوێناوی تر به‌رهه‌م بێنێت.
نیهاد جامی