Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

2008 .. ساڵی تووک و نه‌عله‌تی له‌هجه‌کان….. موحسين جوامێر

Be First!
by February 12, 2008 گشتی

ئه‌و بڕياره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی خوێندن به‌ شێوه‌زاری بادينی هه‌ر له‌ ساڵی داهاتووی خوێندنه‌وه‌، دای، گه‌وره‌ترين کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌يی و پيلان و مسته‌کۆڵه‌يه‌ که‌ به‌ر کورد ده‌که‌وێ و سه‌ره‌تايه‌کی حه‌تمييه‌ بۆ لێکهه‌ڵوه‌شانی کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و له‌دايکبوونی نه‌ته‌وه‌يه‌کی نوێ له‌ پزدانی ئه‌م گه‌له‌دا. هه‌ڵه‌يه‌که‌ هه‌رگیز شيمانه‌يه‌کی ديکه‌ له‌ خۆی هه‌ڵناگرێ، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رده‌مێکی نوێ به‌سه‌ر کوردا تێپه‌ر ده‌بێ که‌ ئه‌و يه‌کێتييه جۆراوجۆره‌ی له‌نێوان گه‌لی کوردستاندا هه‌بوو، به‌ره‌و هه‌ره‌س ده‌چێ و گه‌لێکی ديکه‌ به‌ناوی بادينی که‌ خاوه‌ن زمان و کولتوورێکی جياوازه‌؛ دێته‌ کايه‌وه‌. له‌سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه‌، چه‌مکه‌کانیش ده‌گۆڕێن و بۆچوونی ديکه‌ خۆیان ده‌سه‌پێنێن که‌ که‌مترينيان ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ گه‌لی کوردستان برێتی ده‌بێ له‌ دوو گه‌لی برا، سۆرانی و بادينی، هه‌ر يه‌ک له‌وان مافی زمان و ڕۆشنبيریی ـ له‌چوار چێوه‌ی ياسادا ـ پارێزراوه‌.

که‌ سه‌رۆکی کوردستان چووه‌ دهۆک و وتی ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵیک به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئاڕاسته‌ بکرێ که‌ زمانێکی يه‌کگرتوو بێته‌ ئاراوه‌، فه‌رامۆشييه‌کی خۆشی به‌ دڵسۆزان به‌خشی. که‌ ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ چه‌ند جارێکی ديکه‌ دووباره‌ بووه‌وه‌، زياتر هيوای ده‌قه‌به‌ڵ خه‌مخۆران کرد، وه‌لێ ئه‌وه‌ی پاشان تێبینی کرا، گشتی پێچه‌وانه‌ی مژده‌کان بوو و دژی قسه‌ و گفته‌کان بوو.. خۆی ئه‌گه‌ر بهاتايه‌ خوێندن به‌کوردی بوه‌ستێنرايه‌، تا چاره‌سه‌رییه‌ک ده‌دۆزرايه‌وه‌، زۆر ماقوول و که‌م مه‌ترسیتر ده‌بوو له‌وه‌ی زمانێکی ديکه‌ له‌ به‌رانبه‌ر زمانی خوێندندا قووت بکرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئێسته‌ له‌ ئارادايه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، جيابوونه‌وه‌ی بادينانه‌ له‌ به‌شه‌که‌ی ديکه‌ی باشووری کوردستان و سێبه‌رده‌ له‌مستنانه و ماڵئاواييه‌کی یه‌کجاره‌کییه‌ له‌ کورد،  له‌ژێر هه‌ر ناوێکدا بێ، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانی خوێندنه‌ی تا ئێسته‌ هه‌مانه‌، تا ڕاده‌يه‌کی سه‌رکه‌وتوو کوردانی به‌ده‌وردا کۆ بووبوونه‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌ر بۆ ئه‌م زمانه‌ی تا ئه‌مڕۆش بووه‌ته‌ زمانی يه‌کگرتوو، دانانه‌وێنێ، هه‌رگیز بۆ زمانێک ـ که‌ به‌ خه‌ياڵ ده‌گوترێ په‌يدا ده‌بێت ـ سه‌ر دانانه‌وێنێ. له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا که‌ناڵێکی ته‌له‌فزيۆنیی کوردی هه‌يه، که‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواکراو پێشکه‌ش ده‌کرێ، خوشکی بێژه‌ر ده‌يکاته‌ شامی شه‌ريفی له‌هجان، له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆرانييه‌ک ده‌فه‌رمێ : ئێسته‌يش گۆرانييه‌کتان به‌ له‌هجه‌ شيرینه‌که‌ی فيسار گه‌ڕه‌ک پێشکه‌ش ده‌که‌ين.. ماڵم هه‌قه‌، خه‌ريکه‌ کوردستان ببێته‌ داغستان که‌ بووه‌ته‌  ياريگه‌ی له‌هجان.!‌

مايه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، ئه‌وانه‌ی بانگه‌واز بۆ بره‌ودان به‌ ديالێکتان ده‌که‌ن، هه‌رگیز ده‌رک به‌و مه‌ترسييانه‌ ناکه‌ن که‌ بێ سێودوو دێنه‌ پێش، ياخود ئه‌وانه‌ی وا تێده‌گه‌ن خویندن به‌له‌هجه‌يه‌کی کوردی چێتره‌ له‌وه‌ی توێژێکی کورد به‌لای گه‌لی سه‌رده‌ستدا بڕوا، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌ق وه‌ک ئه‌و که‌سه‌يه‌ له‌ ئاگر ده‌رچێ و خۆی به‌ ئاودا بدا. گه‌وره‌ترين ته‌نگژه‌ی کورد له‌وه‌‌دايه‌، يان مرۆڤی نه‌زان خۆی له‌ مه‌سه‌له‌يه‌کی ناسک ده‌دا يان يه‌کێکی داخله‌دڵ، ده‌نا بڕوا ناکه‌م يه‌کێک تۆزێک شاره‌زا و ژير و دڵسۆز بێ، نه‌زانێت که‌ دوو له‌هجه‌ له‌نێو مه‌نجه‌ڵی يه‌ک نه‌ته‌وه‌ی تۆکمه، کۆ نابنه‌وه‌ و ناکوڵێن.

ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم هه‌رگیز ئه‌وه‌ ناگه‌يه‌نێ، تۆ له‌هجان فه‌رامۆش بکه‌يت.. نه‌خێر، له‌هجه‌کوردييه‌کان هه‌ميشه‌ سه‌رچاوه‌ی زمانی يه‌کگرتووی کوردين، به‌ڵام ده‌بێ و وه‌ک نوێژ فه‌رزه‌ يه‌ک زمانی خوێندن و ڕاگه‌ياندن هه‌بێت که‌ هه‌مووان کۆ بکاته‌وه‌، پاشان هه‌ر که‌س ئازاد بێ چ به‌ نووسين به‌م شێوه‌يه‌ يان به‌و شێوه‌يه‌، نه‌ک تۆ بێیت کوردستان بکه‌يت به‌ مه‌چکۆی له‌هجان. ده‌ڤه‌ری که‌نداوی عه‌ره‌ب، بازاڕی شيعری ميللييه‌ و سه‌دان ديوان به‌ شێوه‌کان چاپ ده‌کرێن، وه‌لێ چونکه‌ زمانێکی يه‌کگرووی خوێندن و ڕه‌سمييات هه‌يه‌، ئه‌و ترسه‌ له‌ ئارادا نييه‌، ئه‌گه‌رچی وا خه‌ريکه‌ خه‌ڵکانێکی دووربین له‌ دژی ئه‌م ديارده‌يه‌ش ڕاده‌په‌ڕن. ده‌کرێ بوترێ ديالێکتی میسری زاڵترين و به‌هیزترين ديالێکته‌ له‌ جيهانی عه‌ره‌بدا، ته‌نانه‌ت ـ به‌ واقیع ـ له‌ زمانی په‌تيش به‌هه‌ڕمێن و به‌تێنتره‌، که‌چی نه‌يتوانیوه‌ خۆی بچه‌سپێنێت، چونکه ڕای گشتی‌ دژی پرۆسه‌ی ئاوايه‌.

زۆر به‌داخه‌وه‌، ميلله‌تان ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیش ڕوويان تێ بکا، ڕاگره‌ سه‌ره‌کييه‌کانيان ـ وه‌ک زمان ـ پارێزراوه‌ و ده‌ستی بۆ نابردرێ، چونکه‌ ده‌ستنوێژی پێ ده‌شکێ، به‌ڵام کوردی به‌دبه‌خت که‌ گه‌نده‌ڵی ڕووی تێ کرد سه‌ری زمانه‌که‌يشی ده‌خوا و غه‌زه‌بی له‌هجانی به‌سه‌ردا ده‌بارێت.. پێتان سه‌ير نه‌بێ ئه‌گه‌ر بڵێم کاتێ به‌ مامۆستايه‌کی زانکۆی دهۆک وترا ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسه‌يه‌ به‌رده‌وام بێ، ئه‌وه‌ کورد شه‌ق و په‌ق ده‌بن، ئه‌ويش وتبێتی : يا ره‌ببی ده‌بنه‌ په‌نجا پارچه‌. به‌ر له‌ ماوه‌يه‌ک له‌ ستۆکهوڵمی پايته‌ختی سوێد، چاوم به‌ قوتابييه‌کی زانکۆی سوێد که‌ خزمی کوردانيشه‌، که‌وت، که‌ له‌ زۆر کوردان له‌ میژوو و زمانی وان شاره‌زاتره‌، هێندێ نووسراو و نامێلکه‌ی له‌باره‌ی زمانی کوردييه‌وه‌ پێشان دام، هاوکات وتی هه‌ر ده‌ڵێی له‌ کوردستاندا شه‌ڕه‌ له‌هجه‌يه‌. به‌ڕاستی شه‌رمم له‌خۆ کرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌نده‌ خه‌باتی هاوبه‌ش، خاوه‌ن يه‌کێک يان لايه‌نێک نه‌بین له‌ مه‌سه‌له‌ ناسکه‌کاندا خودان بڕياری يه‌کجاره‌کی و يه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بێت.. ئه‌وه‌ چ ميلله‌تێکه‌ و ڕووه‌ و چ گه‌نده‌ڵی و چاره‌نووسێک به‌ ڕێگه‌وه‌ين..؟! تۆيه‌ک کێشه‌ی زمانت پێ حه‌ل نه‌کرێ و به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست خۆت بکه‌يته‌ دوو زمان و دهۆک له‌ کوردانی باشوور داببڕێنی، به‌ته‌مايت عه‌ره‌ب کێشه‌ی که‌رکووکیشت بۆ چاره‌سه‌ر بکا و له‌سه‌ر سێنییه‌کی زێڕ پیشکه‌شت بکات.؟

ئه‌گه‌ر سه‌رکردايه‌تیی کورد ئاگادار نه‌بێ و بڕياری بێگه‌ڕانه‌وه‌ نه‌دا، ئه‌وه‌ هێنده‌ی پێناچێ ئه‌و مێژووه‌ هاوبه‌شه‌ی کورد هه‌يه‌تی، ئه‌ويش که‌رت ده‌بێ، به‌ره‌به‌ره‌ نالی، جه‌زيری، مه‌وله‌وی، جگه‌رخوێن، گۆران، حاجی قادری کۆیی و سه‌يدی هه‌ورامی، بگره‌ مه‌هاباد، هه‌ولێر، دهۆک، قامشلوو، دياربه‌کر و سلێمانی، هه‌روا بگره‌ شێخ سه‌عيدی پیران، به‌درخانییه‌کان، قازی محه‌مه‌د، خه‌زنه‌وی و شێخ مه‌حموود هه‌موو له‌هه‌موو لێک نامۆ ده‌بن و ساڵی 2008 ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای تووک و  نه‌عله‌تی له‌هجان و په‌رته‌وازه‌بوونی کورد ـ له‌لانی که‌مه‌وه‌ ـ بۆ دوو پارچه‌ و ده‌ستپێکردنی مێژوويه‌کی نوێ بۆ گه‌لێک که‌ تا دوێنی يه‌ک بوون و ئه‌مڕۆ ـ سه‌باره‌ت به‌خوێندن به‌ دوو له‌هجه‌ ـ ده‌بن به‌ بادينی و سۆرانی، هه‌رچه‌نده‌ بانگه‌شه‌ی کوردايه‌تی بکه‌ن.

 2008/02/08

mohsinjwamir@hotmail.com


Previous
Next

Leave a Reply