Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
2009 ساڵی قوڵبونەوەی زیاتری ئەزمەی ئابوری و گەڕانەوەی ماركس و  ئەگەری شۆرشە

2009 ساڵی قوڵبونەوەی زیاتری ئەزمەی ئابوری و گەڕانەوەی ماركس و ئەگەری شۆرشە

Closed
by December 29, 2008 گشتی

  2009 ساڵی قوڵبونەوەی زیاتری ئەزمەی ئابوری و گەڕانەوەی ماركس و  ئەگەری شۆرشە
    عبداللە مەحمود

 abdulla.mahmud@gmail.com                                                         
 
 
 ساڵی 2008 ساڵێكی ئاوس لە ڕووداو گۆرانكاری بوو، ئەمە نە لە دنیای دوور لە ئێمە، بەڵكە لە عێراق و كوردستانیش. نەك تەنها بۆ بلۆك و قوتب و بەرە و چینێكی دیاریكراو بەڵكە بۆ هەمووان بەهەموو چین و توێژەكانەوە.
 ئەژماركردنی ڕوداوەكان و وڵات و جێگاكانیان و هەمەچەشن بوونیان. ئەژماركردنی جەنگەكان، ڕوداوە دەستكردو سروشتیەكان، ئەژماركردنی جەلادو قوربانیەكان،…. كارێكی سادە نییە. ڕێگە بدەن تەنها سەرخەتی گرنگترین و بەرجەستەترین رووداوەكان بە دیر نیشان بدەین كە دەزگا ڕاگەیاندنەكانی دنیا بڵاویان كردۆتەوە.
 *بومەلەرزەیەك لە خواروی ڕۆژئاوای چین زیاتر لە 80000 هەزار ئینسانی لە بەین برد.
 *لە پێناو دیموكراسیدا خۆپیشاندانێكی فراوانی جەماوەری لە تایلەند، گەمارۆدانی فرۆكەخانەی سەرەكی ئەم وڵاتە لێكەوتەوە كە بوو بەهۆی ئەوەی 300000 هەزار ئینسان سەرگەردان بن.
 *لە پاكستانی دوای تیرۆری بۆنەزیر بۆتۆ پەرویز موشەرەف دەستی لە كار كێشایەوەو هاوسەری بۆنەزیر بۆتۆ جێگای موشەرفی گرتەوە.
 *دوو میوانخانەی گەورە لە شاری بۆمبای هیندوستان كرانە نیشانەی گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەكان، كە لانی كەم 170 ئینسان تیایدا بوونە قوربانی و كوژران.
 *دزانی دەریایی سۆمالی دەیان هێرشیان كردە سەر كەشتیەكانی نێوان دەریای سور و ئۆقیانووسی هیند، چەندین كەشتیان رفاندو چەندین كەسیشیان بە بارمتە گرت.
 *لە ئیسرائیل ئهود ئۆلمراید بە هۆی فەسادی مالیەوە تاوانباركراو زیبی لیونی وەزیری خارجی ئەو ولاتە جێگای گرتەوە.
 *ئاگربەستی نیوان ئیسرائیل و گروپە فەلەستینەیكان كۆتایی پێهات و ئیستا شەرو بەیەكدادانیان زۆر بە توندی بەردەوامە.
 *لە رووسیا دیمتری مۆدۆف جێگای فلادیمیر پۆتینی گرتەوە. روسیا لەبەرامبەر كردەوەی جۆرجیا و داگیركردنی ئۆستینیای خوارو، لە هەڵمەتێكی سەربازی خیرادا جۆرجیای داگیركردو پاشان بە كەڵەگایی سەربەخۆی ئۆستینای خوارو و ئەبخازیای ڕاگەیاند.
 *رادوان كاراجیچ یەكێك لە ڕابەرانی سربەكانی بۆسنە بەتاوانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە دەیەی نەوەدەكان و لە جەنگی ناوخۆدا، لە پایتەختی سربستان دەستیگیر كرا. 
 *دوای كوشتنی لاوێك لە یۆنان لە لایەن پۆلیسەوە، خۆپیشاندان و توندو تیژی زۆرێك لە شارەكانی یۆنانی گرتەوە، زیاتر لە هەفتەیك درێژەی كیشا. كوژرانی ئەم لاوە كرایە سەكۆیەك بۆ نشاندانی نارەزایەتی و نەفرەت بەدژی وەزعی فەلاكەتباری ئابوریدا.
 *فیدل كاسترۆی ڕابەری كوبا بەهۆی توش بوونی بە نەخۆشییەوە، وازی لەدەسەڵات هێناو دەسەڵاتی خۆی سپارد بە ڕائۆلی برا بچوكی خۆی.
 *توندوتیژیەكانی وڵاتی كۆنگۆ زیاتر لە 300 هەزار كەسی لە مال و حالی خۆیان وەدەرنا.
 *توندوتیژی لە كۆماری كینیا لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەدەیان كوژراو وبرینداری لێكەوتەوە. 
 *دوای دەسەلاتی هەشت ساڵەی جۆرج بۆشی كور، باراك ئۆباما لە حزبی دیموكراتی ئەمریكا، لەبەرامبەر جان مەكینی ركەبەرەكەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناو بۆیەكەمین جار ڕەش پێستێك پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكای وەرگرت و گەیشتە كۆشكی سپی.
 *جۆرج بۆش لە دوا سەردانیدا بۆ عیراق و لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ مالكی بەر كەوشەكانی مونەتەزیر زەیدی كەوت.
  *لە عیراق توافوق و سازانەكان بەسەریەكدا ڕمان و بالانسی هێزەكان گۆرانی بەسەردا هات و كێشمەكێشی دوای ئەم تێكچونی هاوسەنگی هێزە درێژەی هەیە.  ڕێكەوتننامەی ئەمنی!! عیراق و ئەمریكا لەژێر ناوی ڕێكەوتنامەی كێشانەوەی هێزە بیانیەكان، مۆر كرا. 
 *لە كوردستان قڵشتی نێوان دەسەلات و هەردوو حزبی حاكم بەرەو قوڵبونەوە چووە، تاڵانی داهات و پاروی دەمی خەڵك درێژەی هەیە، دواین دیاری ئەم دەسەلاتە بۆ ژنان و كۆمەڵگا پەسەندكردرنی یاسای فرەژنی بوو لە پەرلەمانەكەیان.
 لە رونگەی ژۆرنالیزمی بەكریگیراو مفتەخۆری بالادەستی ئیستای دنیاوە ئەمانە سەرخەتی گرنگترین رووداوەكانی سالی 2008 پیكدەهینن، لەكاتیكدا كە هەوالەكانی پیس بوونی ژینگەو ئالودەبوونی، ئاماری برسیەكان و خێڵی رۆژ لە رۆژ زیاتری بێكاران، كارەساتە سروشتیەكان، جەنگە نەپساوەكەی نیوان تیرۆرزمی  دەولەتی و و نیودەولەتتی و تیرۆریزمی ئیسلامی، سەرهەلدانەوەی راسیزم، بەردانی هەوساری ئیسلامی بۆ گیانی بەشەریەت، بەرەوا لەقەلەمدانی برسیتی وەكو مافی هەژاران، بەكارهینانی منالان لە كارو بەكارهینانیان لە جەنگەكان، توندوتیژی دژ بەژنان و قەسابی كردنیان، سەركوتی ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەری، ئاوارەیی و تسۆنامی نەخۆشیەكانی وەكو ئایدزو شیرپەنجەو دەیان نەخۆشی تر، نەخویندەواری،  ئاماری تەقینەوەكان، ئالوگۆرەكانی ژینگە، هەژاری سەرسورهینەر، گرانی…  كە بەحەق رووداوی تەكاندەر و گرنگن،  كەمترین ئاماژەیان پیدەكریت.
 لەوەش واوەتر خەریكە گەورەترین ڕووداوی ساڵی 2008  كە سەرەتای ڕووداو ئالۆگۆری دەورەییشە، لە درێژەی خۆیدا ئاكامەكانی دەبێتە هۆی پیناسەكردنەوەی زۆرێك لە هاوكێشە سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئابوری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و ئیدارو حكومیەكان و پەیوەندی نێودەوڵەتی تازەو سەرهەڵدانی قوتب و بلۆك بەندی تر، هۆشیارانە پەردەپۆش دەكرێت.
 گرنگترین رووداو ئاڵوگۆری ساڵی 2008 ساڵی چونە ژێرپرسیاری بەرجەستە و سەرەتای دارمانی مۆدیلی ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆژی زاڵی دنیا بوو.
 ساڵی روولە دارمانی لیبرلیزمی ریگانیزم و تاتچەریزم بوو كە لەئاكامی ناكامیەكانی نیوەی یەكەمی سالانی هەفتاكانی ناسیونال ریفۆرمیزمی" سۆسیال دیموكراسی" گرسایەوە و بە كەوتنی قوتبە بەناو سوسیالستیەكەی" بلۆكی شەرق" لە كۆتایی هەشتاكاندا جەژنی سەركەوتنی گێرا.
 ساڵی بەكردەوە داچۆرانی درۆزەبەلاحەكەی "كۆتایی هاتنی میژوو" لە جوعبەی بۆرژوازی سەركەوتوو بو.
 ساڵی سەرەتایی دارمانی ئابوری بازاری ئازاد بوو كە بە ئەزمەی لەدەستدانی متمانەی بانكەكانەوە دەستی پێكردو كێشرایە جەستەی پیشەسازی و  شارەگی ئابوری زاڵی دنیا.
 دوای نزیك بە چوار دەهە لە  شەیپوری شیاو بوونی بازاری ئازادی بێكۆنترۆل و بانگەشەی كۆتایی هاتنی كۆتایی مێژوو لە ژێر ناوی ئەوەی كە ئەم نیزامە بەدواین ئەلگوی شیاوی خۆی گەیشتووەو مێژوو تەواو بووە، لەناودڵی ئەو مەمەلەكەتەی كۆتایی میژووی تیا راگەیەنرا،  لەناو دڵی زبەلاحترین هێزی ئابوری دنیاوە، مارشی ڕەوەندی ڕوولەلێژی ئەم نەزمە لێدرا.
 وەكو ژۆنالیزمی بەكرێگیراو ڕایدەگەیەنن ئەم ئەزمەیە تەنها ئەزمەیەكی مالی نییە، تەنانەت تەنها ئەزمەیەكی ئابوریش نییە، بەڵكە ئەزمەی نیزامی سەرمایەداری و سەركردەی تا ئێستای ئەم نیزامەیە، ئەزمەی بالادەستی و سیاسی و بالادەستی ئایدۆلۆژی و ئەزمەی عملەی دۆلارە لە بۆرسەی دنیای ئێستادا.
 بۆرژوازی لەهەموو گۆشەكانی دنیاوە، خەریك دەست وەرئەداتە ئابوری و بازاری ئازاد!!، وە بە ئاشكرا خەریكی داتەكاندنی كیسەی خەڵكی كریكار و بەرهەم هینەرانە بۆ ئەوەی رەوەندی داروخانی ئابوریان بەرپیبگرن و وەكو پیشەی هەمیشەییان قەرەبووی ئەزمەكە بكەنەوە. بەلام فریا ناكەون. ئەزمە لە بانقە زەبەلاحەكانەوە هاتووە لە ول ستریت وە  تا لیمن برازەر  سیستی گروپ و بانقەكانی  ئەوروپا و لەوێشەوە دوا پەرەسەندنی  یەخەگیری جەنرال مۆتۆر بووە، و لەویشەوە بەرەو نیسۆزۆی یابان و تویتاو نیسان و فۆلفۆو فۆرد كشاوە،  ئێستا لەملی زوربەی كۆمپانیاكانی سەیارە ئالاوە، گەیشتووە بە رۆلز رۆیسی دروستكەری فرۆكەو… ئەزمە درێژەی هەیە بازارەكانی ئەمریكا ئەوروپاو چین و ژاپۆن  و روسیاو تەنانەت ولاتانی ئاسیاو ئەفریقیا و ولاتە عەرەبیەكانی گرتۆتەوە،و هەموویان هاوریان لێهەڵساوە، كەم بونەوەی ئاستی فرۆش و  نرخی سود، لەڕاستیدا نرخی تالانی روو لەدابەزینە. لەگەڵ ئەم ئەزمەیدا شەپۆلی ڕاگرتنی چەندین كارگە و نیوەراگرتنی هەزاران كۆمپانیای تر،  گیرخواردنی دەیان بانك بەدەست ئەزمەوە، شەپۆلێكی بەرینی لە بێكاركردن بودوای خۆیدا هێناوە، تسۆنامی بێكاركردنەكان تائێستا زیاتر لەچەندین  ملیۆنە، زیاتر لە دوو ملیۆن كریكار لە 2008 تەنها لە ئەمریكادا بێكار كراون،و پێشبینی دەكرێت ئەم شەپۆلی بێكاركردنە چەند بەرابەر ببێت. ولاتە زەبەلاحە ئابوریەكان لەهەوڵی ئەوەدان كە كاریگەری ئەم ئەزمەیە ڕەوانەی ولاتە دواكەوتوەكان و دەرەوەی خۆیان بكەن.   
 ئەم رووداوە كە دەستی پێكردووە لەگەڵ خۆیدا بەرامبەركێیەكی فراوانی نێوان بۆرژوای و چینی كریكار بەدوای خۆیدا هێناوە،  كێشمەكێشێكی چینایەتی فراوان كە بە واقعی دەورەیەك لە گوزر وەشاندن و پێشرەوی، مانگرتن و خۆپیشاندان، تا دەگاتە كۆنترۆلكردنی كارگە و كۆمپانیاكانی بەدوای خۆیدا هیناوە، كۆتایی سالی 2008 لێوان لێوە لە كێشمەكێشی نیوان بۆرژازی و چینی كریكار. چینی كریكار لە دژی بیكاریكردنە بەربلاوەكان، نەبونی ئەمنیەتی پیشەیی، بۆ بردنە سەری كری، و وەستانەوە بەرووی سیاسەتی ئابوری ولاتەكاندا، هاتونەتە مەیدان.
 ڕێپێوانی كریكارانی كۆمپانای نیسانی یابان لەدژی دەركردنی نزیكەی 2000 هەزار كرێكار لە ئیسپانیا. مانگرتنی شەبەكەی گواستنەوەی گشتی لە ئیتالیا،كە پاس و قیتارو  میترۆكان گرتەوەو بە واقعی كۆمەلگای لە جولە خست، لەدژی نائەمنی كارو ریكەوتنە تازەكان.  رێپۆانی زیاتر لە 20 هەزار كریكار لە سیئۆلی پایتەختی كۆریای جنوبی لە دژی سیاسەتی ئابوری ولات، كە كرێكارانی هیلی ئاسن و كۆمپانیای كیمیاسازی و رستن و چنین بەشداریان تیاكرد. مانگرتنی زیاتر لە 16 هەزار كرێكاری هێڵی ئاسن  بۆ زیادكردنی كریكانیان، مانگرتن و لەهەندیك لە شارەكانیش لە ئەلمانیا  رێپیوان و خۆپیشاندانیان بۆ زیادردنی 8% كری و بۆ وەستانەوەی لەدژی سیاسەتی بە تایبەتی كردن. رێپێوان و خۆپیشاندان لە شاری سۆفیەی بولغاریا بۆ دووەم جار لە ماوەی دووهەفتەدا لەدژی دواخستنی كرێكانیان، خۆپیشاندانی دووبارەی خەڵكی ئیسلەند لە دژی  سیاسەتی ئابوری دەوڵەت دواكاری دەست لەكار كیشانەوەی حكومەت،…..تاد، چەند دیمەنێك               لە ڕاوەستاوی چینی كریكارە لە كۆتایی سالی 2008 دا،  لەدژی بۆرژوازی و دەولەتەكانیان. ئەم ململانی چینایەتییە گەورەترین رووداوی سالی 2008 و چونە پیشوازی ساڵی 2009 یە.
   هاوكات گەڕانەوەی ماركس و ئیدەكانی و پیشوازیەكی فراوان كە لە كتیبەكانی ماركس دەكرێت. لەكاتێكدایە كە ڕاستی بۆچونەكانی ماركس بۆ نیزانی سەرمایەداری و قەیرانەكانی دەردەخات، هاوكات هەراوهۆریای ریفۆرم و چاكسازی و بانگەشەی فەردگەرایی و ئازادی وسەربەخۆی فەردی لیبرالەكان و سوسیال ریفۆرمیستەكانی، بەرەو بن بەست پەلكێش كردووە.
 ئیستا كۆتایی سالی 2008 ە كە بۆرژوازی ئەمریكا لەترسی شۆرشی بیبەشان ئامادەكاری دەكات، دواین راپۆرت پێمان ڕادەگەیەنێت، سوپای ئەمریكا خۆی بۆ ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە شۆرش ئامادەئەكات و حكومەتی نیزامی پێشنیاریكی جدیییە. رۆژنامەیPhoenix Business Journal  كە رۆژی 17 سیبتەمبەر بڵاوكراوەتەوە لە بابەتێكدا ئاماژە دەدات بە سیمای ئێستای دنیا و ئەمریكا، دامەزراوەی U.S. Army War College كە یەكێكە لەو قوتابخانەی كە بالاترین دەستەی سوپای ئەمریكا تیایدا پەروەردەدەكرین  لە گوزارشیكدا  ڕایدەگەیەنێت كە پێویستە پننتاگۆن سەرچاوەی توانایەكانی خۆی بۆرووبەرووی بونەوەی ئەگەری شۆرش  كە لەئاكامی ئەزمەی ئابوریەوە لە ڕێگادایە لە ناوخۆی ئەمریكاو دەروەی ئەمریكادا، ئامادەبكات. هاوكات لە یاداشتێكدا كە سەرۆكی سندوقی دراوی نیودەولەتی Dominique Strauss-Kahn لەهەمان بەرواردا واتە 17 دیسەمبەر  هوشداری دەدات و دەلێت ئەگەر ڕێگەی خیرا نەگیرێتە بەر بۆ بەرگرتن بە ئەزمەی ئابوری ئێستا، ئەگەری شۆرش لە زوربەی ولاتەكانی دنیادا لە پێشمانە،  لەوانەش واوەتر دوو لە ئەندامانی سەناو كۆنگریسی ئەمریكا باس لەوەدەكەن كە بەرپرسی خەزنەداری ئەمریكا Henry Paulson،  باس لە راگەیاندنی حكومەتی نیزامی دەكات و بەرپرسانی پۆلیس لەهەموو شارەكانی ئەمریكادا ئاگاداركراون و هێواش هیواش خەریكی ئامادەكارین بۆ وەستانەوە بەدژی هەڵسانی جەماوەری خێڵی بێخانەو لانەو ئۆردوی بێكاران و بەرهەمهێنەرانی كۆمەڵگادا.
  2008 ساڵی ئەزمەی ئابوری  بازاری ئازاد و  شكستی تاتچەریزم و ریگانیزم، سەرەتای وەجۆش كەوتنەوەی چینی كرێكار و گەرانەوەی ماركس و ماركسیزمە. ئەمە گەورەترین رووداوی نەك تەنها سالی 2008 و سەرەتای سالی 2009 یە، بەڵكە سەرەتای گەورەترین رووداوی سەدەی بیست و یەكە، ئەمە كە بەكوێ ئەگات و ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆرە چۆن دەچێتە پێشەوەو كۆمەڵگا چ سیمایەكی تر بەخۆیەوە دەگرێت، پەیوەستە بە سەنگ و سوكی هێزی چینی كریكارو و رادەی ریكخراوبوون و یەكگرتووی بوون و ململانی لەگەل بۆرژوازی و نیزامەكەی و پراكتیكی بەكردەوەی كۆمۆنیستەكان و …تاد.  
 
 
      
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.