23 په‌یك له قه‌صیده‌ی هۆنراوه‌یه‌ك له ئاو…
1
ئه‌ی ئاو وه‌ره
جه‌سته‌ی ناشیم ئاوپرژێنكه
ساتێك له‌به‌رده‌م
خۆر ڕام وه‌شێنه و
هۆنراوه‌كانی بارانم فێركه..
2
جه‌خار ئه‌م تینویه‌تیه
درێژه‌ی كێشا
ئه‌م ته‌م و تومانه
هه‌ر نه‌بڕایه‌وه.
3
خۆر هێشتا میوانه لای هه‌ور
بارانیش ده‌مامكی شعری پۆشیوه
له‌كڵاو ڕۆژنه وه‌ستاوه
وه‌ك دڵی من ماته
به‌دوای ڕۆشنتر له‌خامۆشیدا
ده‌گه‌ڕێت.
4
ئاو هێشتا
له هه‌وادایه چاوه‌ڕوانی
فه‌رمانی هه‌ورده‌كات
تا میهره‌بانێك
ڕایژه‌نێ و بۆنی باران
به‌زه‌ویدا په‌خش بكات.
5
شێعریش هێشتا
له كۆڵانه‌كانی مه‌نفاوه
له ته‌نیش دورگه‌ی وه‌فاوه
هێڵنج ده‌دا و
چاوه‌ڕوانی مه‌وسیمی بارینه..
6
ئاخ ئه‌م ڕوحه چه‌ند
ته‌ڕه بۆ باران
چه‌ند ماندووه‌بۆ
پارچه هۆنراوه‌یه‌كی كرستاڵی.
7
ئاو تا شێعر تێری نه‌كات
تینویه‌تی نه‌شكێت.
8
شێعر به ئاو ده‌ژێته‌وه و
ڕوح ناسك ده‌كاته‌وه.
9
دڵ چاوه‌ڕوانی كه‌رنه‌ڤاڵی
هۆنراوه‌كانی ئاوه .
10
بولبول شێعر دۆست نه‌بێت
ناتوانێت بۆسروشت بخوێنێت.
11
ئاو هه‌تا ڕونتربێت
زیاتر له شێعر ده‌چێت
12
ده‌ریا هه‌تا میهره‌بانتربێت
شێعر دۆست تره.
13
سه‌راب
عاره‌قی شێعره
به گۆنای بیابانه‌وه.
14
چیا قامه‌تی شێعره
به هه‌ناسه‌ی ساردی
پرچی ووشه‌ی سپی كردووه.
له هاویندا..
هه‌رله پێڵوی شێعره‌وه
فرمێسك ده‌كات به ئاو
15
ئاو تاشێعر نه‌بینێت
جریوه ناكات.
16
خه‌زان له‌تاو بێئاویدا.
گه‌ڵا ڕێزان ده‌كات به دروشم.
17
شێعر كه به‌رگی
پاییزی پۆشی
بۆ ئاو ده‌گری.
18
باران ده‌ستێكی ئاوه و
ده‌سته‌كه‌ی تری با
ده‌ستی میهره‌بانی
به‌سه‌ر پاییزدا دێنێت.
ماڵی ئه‌و ڕوحه تێرده‌كات
كه تینوه به
هۆنراوه‌كانی ئاو
19
ئاو و شێعر
دوو دێوانه‌ی یه‌ك خانه‌قان
نزاكان ده‌كه‌ن به سروت
ئاوازه‌كانی ژیانه‌وه
ده‌ڵێنه‌وه..
20
ئاو و شێعر
شێعر و ئاو
تینویه‌تی یه‌كتر ده‌شكێنن.
21
ئاو و شێعر جاویدانین
له یه‌كتردا ڕۆده‌چن.
22
ئاو و شێعر
ئه‌گه‌ر ون بن
مه‌گه‌ر خۆر بیان دۆزێته‌وه.
23
ئاو و شێعر
شه‌و ده‌كه‌ن به ژوانگه و
له ژێر چه‌تری ئه‌ستێره‌دا..
ماچی ته‌ڕ ده‌گۆڕننه‌وه..
كازم جه‌باری
1/1/ 2011زستانی 2011