Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

5 وردیله‌ چیرۆک ….. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن

Be First!

فڕین

(ئاخ، له‌و به‌رزایییه‌وه‌ به‌رتدامه‌وه!)‌ سامان ئاوای وت، کاتێک ئه‌و له‌ ده‌نگی زیقنی ‌ژنه‌که‌ی ڕاپه‌ڕی و لێفه‌که‌یشی به ‌کۆڵه‌وه‌ گرتبوو. ده‌ستی به‌چاوانیدا هێنا. له ‌په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ سه‌رنجێکی خه‌واڵووی ده‌رێی دا، دیتی هێشتا دنیا تاریکه‌.
((به‌ر‌منه‌داویته‌وه‌. ئه‌وه‌ نییه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی نوستنه‌که‌تی؟ ئێواره‌ پێت وتم زوو هه‌ڵمسێنه‌ چیمه‌نتۆ تێده‌که‌ین))
((وایه‌، به‌ڵام تۆ له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌رتدامه‌وه‌. ئاخر من خه‌ونم ده‌بینی، له‌و خه‌ونه‌دا به‌سه‌ر هه‌یکه‌لی خانووه‌که‌ی حاجی و به‌سه‌ر خۆیدا و به‌سه‌ر شاریشدا به‌باڵ ده‌فڕیم.. له‌ ئاسمانه‌وه‌ سه‌یری شار و هه‌یکه‌لی ته‌لار و حاجیی خاوه‌نکارم ده‌کرد، کاتێک تۆ بانگت لێ کردم دولبه‌ر گیان! بریا به‌ده‌م فڕینه‌وه‌ بمردمایه‌و خه‌به‌رم نه‌بوایه‌ته‌وه‌!))

2011-05-16

هاوڕێ

فڕۆکه‌که‌ گه‌یشته‌ هه‌وای خۆی.‌ کورده‌که‌ پشتوێنی دڵنیایی ترازاند، ڕستێکی هۆنراوه‌ی درێژی ده‌نک وردی له ‌باخه‌ڵی ده‌رهێنا و به ‌نێوگه‌ڵیدا شۆڕی کردوو‌ه، ئه‌وجا سه‌ری هه‌ڵێنا و چاوی بڕییه‌ تیڤییه‌که‌ی به‌رانبه‌ری‌. سه‌رنشینه‌ دانیمارکییه‌که‌ی ته‌نیشتی، لایه‌کی لاپڕه‌سه‌نانه‌ی‌ لێکرده‌وه‌ و لێویشی به‌‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک کشا. کورده‌که‌ وتی:
((ئه‌م ته‌زبیحه،‌ له‌وه‌ ده‌رچووه‌ هه‌ر به‌ته‌نیا هاوڕێم بێت، بوویشه‌ به ‌به‌شێک له ‌خۆم، ته‌مه‌نێکه‌ بۆ هه‌رکوێیه‌ک بچین پێکه‌وه‌ین.))
دانیمارکییه‌که‌یش وتی: ((به‌هیوام کاتێکی خۆش پێکه‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رن. منیش هاوڕێیه‌کی له‌و جۆره‌م هه‌یه!))
له‌ ‌گیرفانی کورسییه‌که‌ی پێشی، کتێبێکی ده‌رهێنا و سه‌ری به‌سه‌ردا داژه‌ند.

2011-05-22

دره‌ختی بنه‌ماڵه‌

ئه‌ملای کرد، ئه‌ولای کرد، خۆی له‌ خزمه ده‌ستڕۆیشتووه نزیک و ‌دووره‌‌کانی برده‌پێش‌‌، نه‌کاری ده‌ستکه‌وت، نه‌ هیچی لێ هه‌ڵنه‌کڕاندن. دواجار بڕیاری دا، دره‌ختی بنه‌ماڵه‌که‌ی بفرۆشێت، به‌ڵکو چه‌ند ڕۆژێکی پێ بگوزه‌رێنێت. دره‌ختی بنه‌ماڵه‌، به ‌شکۆوه‌ له ‌جام و چوارچێوه‌دا جێگیره‌، به‌رز به‌ دیواری تاقه‌ ‌ژووره‌که‌یانه‌وه‌ قه‌راری گرتووه‌‌، تا هه‌موو ئه‌وانه‌ی هامشۆی ده‌که‌ن، بزانن ئه‌م خێزانه‌ نه‌جیبه‌، ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر کامه‌ سه‌رچاوه‌ی موباره‌ک و مه‌ردی مه‌یدان.. له‌ مه‌زاتخانه‌ی شار، خه‌ڵکێکی زۆر لێ خڕبووه‌وه‌ و بوو به‌مقۆ مقۆ. یه‌کێکیان، به‌ملبه‌ند و پۆشاکی نوێه‌وه‌‌، لێ هاته‌پێش و له ‌ژێڵدا به چڵ و لقه‌‌کانی ده‌ره‌ختی بنه‌ماڵه‌دا هه‌ڵگه‌ڕا تا‌ گه‌یه‌شته سه‌ر‌ ئه‌و باپیره‌ هه‌ره ‌گه‌وره‌یه‌ی،  نزیکه‌ی چوارده‌ سه‌ده‌ به‌ری نهۆ مه‌ردی مه‌یدان بوو. سووکێ باڵی گرت و بردییه‌ ‌په‌ناوه‌، ئاوای به ‌گوێدا چرپاند: ((به‌داخه‌وه‌، مێژوو ده‌ڵێت، سه‌رتۆپی بنه‌ماڵه‌که‌تان، که‌ هه‌مووتان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و‌، له‌و ژنانه‌ی، که‌ خواستوونی، به‌ که‌نیزه‌کانیشییه‌وه‌، نه‌وه‌ی نه‌خستووه‌ته‌وه‌!))

2011-06-01

ده‌سرۆکه‌ی سوور

ئێمه‌ له‌ چاو کارۆدا (حووچی بنی حه‌له‌ق) بووین. به‌درێژایی ڕۆژ پێکه‌وه‌ بووین، سوێندیشمان به‌سه‌ری یه‌ک ده‌خوارد، به‌ڵام له ‌هیچ گه‌مه‌یه‌کدا له‌سه‌رمان نه‌ده‌کرد. یه‌ک له‌باری گه‌مه‌ی تۆپی پێ، کارۆ نه‌بۆ هێڵی به‌رگری ده‌شیا نه‌بۆ ناوه‌ڕاست، نه‌بۆ شاڵاو، ‌بۆ گۆڵچێ، ئه‌وه‌یان‌ هه‌ر نه‌و.. کارۆ خۆیشی هه‌ڵبدایه‌ ده‌ستی نه‌ده‌گه‌ییه‌ داری گۆڵ. بۆ تۆپی سه‌به‌ته‌یش، ده‌بوو به‌جێی پێکه‌نین، ئه‌گه‌ر به‌شدارمان بکردایه‌. هه‌رچی ڤالیبۆڵه‌، نه ‌ده‌یتوانی که‌بسه‌ لێبدا، نه‌ گلیبداته‌وه، نه‌ پاسیش به‌رزبکاته‌وه‌‌‌. بۆیه‌ وه‌ختایێ‌ ئێمه‌ یاریمان ده‌کرد، ئه‌و زرته‌ی چاوی ده‌هات.
ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌سه‌یران چووینه‌ ئه‌و چیای کاردۆخه‌‌، هه‌ر یه‌که‌مان به‌کارێکه‌وه‌ خجڵ ما. هۆپێکمان زانی وا کارۆ به ‌ ‌دره‌ختێکی به‌رزی ستوونی هه‌ڵچوودا سه‌رده‌که‌وێت. ئه‌و سه‌رده‌که‌وت و ئێمه‌ هه‌نا‌سه‌مان‌ له ‌سینه‌دا ڕاگرتبوو، له‌ ناخیشه‌وه‌ هانامان بۆ پیر و چاکان ده‌برد بیپارێزن. ئێمه‌ هێشتا مژووڵی نزا بووین و‌ ئه‌و ده‌سرۆکه‌یه‌کی‌ سووری له ‌باخه‌ڵی ده‌رهینا و له‌ بڵندترین چڵی دار چناره‌که‌ی گرێدا. له‌ دابه‌زینیشدا، هێشتا دوو مه‌تری مابوو بگاته‌وه سه‌ر زه‌وی،‌ خۆی هه‌ڵدا، له‌سه‌ر‌ جووته ‌پێ خۆی گرته‌وه و‌ قنج وه‌ستا. ئێمه‌ ئاهێکمان تێگه‌ڕا و کارۆ له‌ کۆڵه‌پشته‌که‌ی سێوێکی ده‌رهینا وتی:
((هه‌ر کامتان ئه‌و ده‌سرۆکه‌ سووره‌م بۆ داگبرێت، ده‌سرۆکه‌که‌ بۆخۆی و ئه‌م سێوه‌ سووره‌یشی خه‌ڵات بێت!))
قه‌ده‌رێک به ‌گومانه‌وه‌ له ‌یه‌کمان ڕوانی، که‌سمان نه‌جووڵاین و نه‌دواین. ئێستایش ده‌سرۆکه‌ سووره‌که‌ی کارۆ‌ به‌ چڵه‌پۆپه‌ی دار چناره‌که‌وه‌‌ ڕاده‌شه‌کێ. له‌وساوه‌‌ وا هه‌ست ده‌که‌م، کارۆ باڵای له ‌باڵای ‌ئێمه‌ بڵندتره‌.

2011-06-01

به‌هه‌ڵمبوون

دوای نیو سه‌عاتێک چاوه‌ڕوانی، خانمه‌ سکرتێره‌ چاو سه‌وزه‌که‌ی جه‌نابی وه‌زیر پێـشمانکه‌وت و سه‌رۆکی شانده‌که‌مان دوایکه‌وت. ئێمه‌یش به‌شوێن سه‌رۆکی شانددا، له‌ جه‌نابی وه‌زیر وه‌ژوورکه‌وتین‌. ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دانیشتندا، سه‌رۆکی شانده‌که‌مان که‌وته‌ په‌سنددانی جه‌نابی وه‌زیر و خۆی بچووک ده‌بووه‌وه‌، به‌ مێژووی گه‌شیدا هه‌ڵیده‌گوت و خۆی بچووک ده‌بووه‌وه‌، به‌ هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌ی ئه‌ودا شانازیی ده‌کرد و خۆی بچووک ده‌بووه‌وه‌. ‌فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌زیری په‌سه‌ندده‌دا و خۆی بچووک ده‌بووه‌وه‌. هۆپێکمان زانی، سه‌رۆکی شاند، شوێن و هه‌ته‌ری نه‌ما‌وه‌. سه‌ر مێز و ته‌پله‌ک گه‌ڕاین، ژێر مێز و ته‌پڵه‌ک، نێو گوڵدان، پشتی په‌رده‌ و که‌ڤاڵه‌کان، ته‌نانه‌ت توالێته‌ تایبه‌تییه‌که‌ی جه‌نابی وه‌زیریشمان پشکنی و بۆمان نه‌دۆزرایه‌وه‌. پێده‌چوو سه‌رۆکی شانده‌که‌مان بووبێت به‌ هه‌ڵم. که‌چی ئێمه‌ی غه‌فڵه‌تزه‌ده‌، ئه‌ومان به‌ سه‌رۆک شاندی خۆمان هه‌ڵبژاردبوو.

2011-06-02

Previous
Next

Leave a Reply