Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
8ى مارسو ژنى ئێكسپایەر!….. خەندە جەمال رەئووف

8ى مارسو ژنى ئێكسپایەر!….. خەندە جەمال رەئووف

Closed
by March 15, 2008 گشتی

  8ى مارس كە رۆژى ژنانە لەسەرتاپای جیهان، بەڵام… بۆ ئەم رۆژە نازانم پیرۆزبایی لەو مامۆستایانەى قوتابخانەكەى خورماڵ بكەم كە بێڕەحمانە كەوتنە بڕینو ئەتككردنى  پرچو زوڵفى حەریری 26 كیژ لەخوێندكارە هەرزەكارەكان؟ كەبەداخەوە مرۆڤى هەرزەكار لەو تەمەنەیدا دەكرێ چەندین هەڵەى جۆراوجۆر بكات! بەڵام ئایا ئەوەیە پەروەردەى مامۆستاى ئەم سەردەمە بۆ خوێندكارەكان كە لەتەمەنێكى هەستیاریاندان؟ ئایا ئەو مامۆستایانە لەو تەمەنەى خوێندكارییاندا فریشتەیەكى گەردوونى بوونو خۆیان هیچ هەڵەیەكیان نەكردووە؟ بەداخەوە كە توندوتیژی نەك لەلایەن پیاوانەوە بۆ ژنان بەڵكو هەندێكجار لەلایەن ژنێك بۆ ژنێك یان كچێكەوە دەكرێت كەئەمەیان جێگەى داخێكى زیاترو تێڕوانینێكى جدیانەترە!
  پیرۆزبایی لەو ژنە هەناسە ساردە بكەم كەدایكى پێنج منداڵی پیاوێكەو تەنها پێنج جارێكیش لەگەڵ یەكتریدا چونەتە دەرەوەى ماڵەكەیان بەدرێژایی ژیانى هاوسەرێتیان كە نزیكەى20ساڵێك دەبێت… كەڕەنگە بەلاى هەموانەوە سەیر بێت..خوا پێشم نەگرێت دەڵێن مێردەكەى نیازیشێتى ژنى دووەەم بێنێتەوە كاتێكیش بەو پیاوە بەڕێزەى كەبڕوانامەى بەرزیشی هەیە پرسیویانە  بۆ دەتەوەىَ ژنى دووەم بێنێتەوە؟ ئەویش خولاسەى وەڵامەكەى ئەوەبووە كە وتویەتى (ژنەكەم ئێكسپایەر بووە)!!!!
 سەیرە من هەندىَ لە خۆراكى بایەعییەكەو ناو بازاڕە حەیاتەكەى خۆمانو هەندێ لەموعەلەباتى سوپەرماركێتەكانم بیستووە ئێكسپایەر بێت، بەڵام (ژنى ئیكسپایەر) ئەمەیان زۆر سەیرەو تێناگەم…بەڵام بەداواى لێبوردنەوە دەمەوێت بڵێم ژنانێك هەبن كە لەم سەدەى بیستویەكەدا هێشتا بە وشەى (ئاسایش) بڵێن (ئاشایست)و بە وشەى (ئیعتیادى) بڵێن (ئیحتیادی)و نەزانن مافو ئەركو بڕیاردانەكانى ژنێتیو مرۆڤبوونی خۆیان چەندە و چییەو رۆژنامە تەنها بۆ سفرەى نانخواردن بەكاربهێنو دووربن لەدنیاى خۆرۆشنبیركردنو یەكسانبوونیان لەگەڵ رەگەزى بەرامبەرو تێگەیشتن لەدنیاى عەولەمەو تازەگەری، ئیتر بۆچی سەیر بێت ژنانێك پێیان بووترێت ئێكسپایەر!!! ناوەڵا سەیر نییە……………
 برادەرێك دیارە مەبەستم (نێرێكە)و رۆشنبیرە.. رۆژێك لەئاخاوتنەكانیدا گوێم لێبوو وتى: بەخوا من حەزدەكەم ژنە هاوسەرم هیچ نەزانىَ! ئاگاى لەدنیای خوێندنو خوێندنەوەو دەرەوە نەبێت، تەنها ماڵو منداڵ بەخێوكردنو چێشت لێنان بزانێت.. هەر شتێكیشت پێ وت، یاخود هەر موناقەشەیەكت كرد ئەو بڵێ: بەڵێ، وایە، راستە…. چونكە كەئەو شتى زۆر زانى كەواتە لەئاستى خۆتدایە كە لەئاستى خۆشتدا بوو كەواتە موناقەشەى هەموو شتەكانت لەگەڵ دەكاتو سەرت دەیەشێنێت كەسەریشی ئێشانیت كەواتە (ژنێكى دەم هەراشە)…كەواتە بەڕێزان پیاوی ئاوەهاش هەن كە رۆشنبیرییان نە گەرەكە…
 كاتىَ پیرێژنە تەمەن 70ساڵەكەش وتى: ئەوە بەنیازن ژن بۆ كوڕەكەتان بێنن؟ دەك یاڕەبی موبارەكى بێو ئینشائەڵا كچێكى رێكوپێكوموسوڵمانو بەحەیاو حورمەت دەبێ بەنسیبتان.. بەخوا رۆڵە حەیاو حورمەت نەماوە!!
 لەلاى ئەو  ژنە كیژە جوانەكانى ئەم سەردەمە كەنەوەى سێهەمنو من هەمیشە بەنەوەیەكى سەرلێشێواو ناوزەدیان دەكەم ( چونكە گەر وەك نەنكو باپیریان هەڵسوكەوت بكەنو بیر بكەنەوە پێیان دەڵێن "دواكەوتوو نەگۆڕ".. گەر وەك سەردەمە تازەكەى خۆیان بیری نوێخوازیو جلوبەرگى گەنجانەى ئەوروپیانە جوڵانەوە ئەوا دیسان پێیان دەڵێنەوە بەرەڵاو بێحورمەتو شتى تریش)… بەهەرحاڵ بەپێی بیركردنەوەى نەنەگیان بێ ، هەندێكیان نەبێت حەیاو حورمەتیان نەماوە، چونكە وەكو نەوەى سەردەمەكەى خۆى بیرناكاتەوەو بەدڵى خۆى جل دەپۆشێتو بەدڵی خۆى هاوسەر بۆ خۆى دەستنیشان دەكاتو كەمیوانێكى تێكەڵ لەهەردوو رەگەزى دێت دەچێتە لایان دادەنیشێتو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات، نەك وەك نەوەی نەنەگیان كە بە گەنجى دایان بەشوو بەپیاوێكى بەساڵاچوو كەژنى یەكەمى مردبوو ئەم هات بووە دایكى پێنج منداڵی ئەو پیاوە، هەروەها نەشیتوانیوە پانتۆڵی سێ چارەكو بۆدى رەنگاورەنگ لەبەربكات وەك جلوبەرگى گەنجانى ئەم سەردەمەو كاتێكیش میوانیان هاتووە،  ئەو خواردنو پێویستى لەو دیو دەرگاوە داوەتە دیوەخانو نەشیزانیوە سەروبیچمى میوانەكانیش چۆن بوون…
 دەمەوىَ لەكۆتاییدا بڵێم، لەكۆمەڵگەیەكى ئاخنراو بەمامۆستایانى (پرچ بڕ)و (ژنانى ئێكسپایەر)و (پیاوانێكى دژ بەژنى رۆشنبیرو واعی بەژیان)و (پیرێژنەكانى حەیاو حورمەت) بەهەناسە ساردییەوە دەڵێم رۆژی 8ى مارس لەهەموومان پیرۆز بێت.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.