Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
8ی مارج و پەیامە بێبەڵگەکان

8ی مارج و پەیامە بێبەڵگەکان

Closed
by March 12, 2012 ژنان

هەموو ساڵێك هەفتەیەك پێش هاتنی ساڵیادی 8ی مارچ، نووسەرانی کورد وەك مۆدێك کۆمەڵێك قسە چەندبارە دەکەنەوە، کە ئەم شێوازە لە لاسایی و جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی ئەم و ئەو، دەکرێت تەنیا لە ماسمیدیاکاندا باوبێت.

بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، ئەم مۆدە ئەو خاتوونانەشی گرتووەتەوە، کە پێیانوایە لە ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیدا هیچیان بۆ کەس نەهێشتووەتەوە. بەبێ ئەوەی سەرنج و بۆچوونیان لەلا دروست ببێت و گومان لە بێبەڵگەیی پاگەندەی نووسەران بکەن، دەقاودەق قسەی پارتەکان و دەزگەکانی ڕاگەیاندنی زاڵ دووبارە دەکەنەوە.

ئەم ساڵێش بە هیوای ئەوەی دەنگێکی جیاواز و بۆچوونێکی ڕادیکاڵ و نوێ لە وتارەکانی 8ی مارچدا بەدی بکەم، کەوتمەوە چاوگێڕان بە ماڵپەڕە کوردییەکاندا و نیوەی ڕۆژی 9ی مارچم بەفێڕۆ دا، بەڵام وەك ساڵانی ڕابوردوو هیوابڕاو و ماندوو پشت کۆمپیوتەرەکەمم بەجێهێشت.

ئەگەر ناوەڕۆکی زۆربەی وتارەکانی ئەم ڕۆژانە کوردت بکەمەوە، ئەوا لەم دەستەواژانەدا خۆی دەبینێتەوە “ژنانی وڵاتانی خۆراوا ئازاد و یەکسانن”، “ژنانی ئەوروپا بە زۆربەی مافەکانیان گەیشتوون” ،  “ئەگەر دەوڵەتی خۆمان هەبێت، ئێمەی ژنانیش ئازاد دەبین” ، “ئەگەر دەوڵەتی یاسا و تێکنۆکراتمان هەبێت، وەك ژنانی ئەوروپا بە زۆربەی مافەکانمان دەگەین” و زۆر قسە و قسەڵۆکی بێبەڵگەی دیکەی لەم جۆرە ….

پێش ئەوەی بڕۆمە سەر بەدرۆخستنەوەی ئەو پاگەندانەی کە میدیای دەسەلاتی بۆرجوازی کورد و قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم و فێمینیستە بۆرجواکان وەك نوشتەی مەلا و شێخەکان بۆ هەموو دەردێکی کۆمەڵگە و چین و توێژەکانی دەرخواردمان دەدەن، پێویستە لەو نووسەرانە بپرسین؛ ماف چییە و کێ دیاری دەکات ؟ مەبەستیان لە ئازادی چییە؟ لەسەر چ بنەمایەك یەکسانیمان بۆ مسۆگەر دەکەن؟

هەڵبەتە من نامەوێت بڵێم باری ژنان لە کۆمەڵگە خۆراواییەکاندا لە هی ژنانی کوردستان خراپترە یا باشتر نییە، نا بەڵکو دەمەوێت بڵێم ئازادی و یەکسانی بەو واتایەی مرۆڤی ئازادئەندێش و یەکسانیخواز وێنای دەکات، لەوێش بوونی نییە. لە وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوەدا چاوەڕوانی وەڵامی ڕادیکاڵی ئاوا لەو نووسەرە لاساییگەرانە ناکەم، کە بوێری و توانای هرزاندنی ئەوەیان هەبێت، کە خۆیان لە تێڕامان و قسەکردن لە زەمینە و پێکهێنەرەکانی کۆیلەتی و نایەکسانی ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی ژن و نادادوەری کۆمەڵایەتیی بدەن. چونکە بە دڵنیاییەوە پەنا بۆ وەڵامە پێشتر ئامادەکراوەکان و بۆچوونە جێکەوتەکان دەبەن، کە مافی تاك بەگشتی و مافی یەکسانی ژن و پیاو لە وەكو یەك چوونەبەردەم سندووقەکانی هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، وەكو یەك کۆیلەبوون لە بازارەکانی کاری کرێگرتەدا و وەكو یەك بوونە بەشێك لە دەزگەی سەرکوت و وەکو یەك ڕاپێچکران بۆ بەردەم دادگەکانی سەروەری و .. هتد، ئازادیش لەلایان پۆشینی پۆشاك و ئازادبوونە لە کارکردن لە لەشفرۆشخانەکاندا و .. تد، یەکسانیش بەهەمان شێوە لە باشترین باردا یەکسانبوون لە ئاستی کۆیلەتیدا دەبین و بەس.

بەلام ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ماف و ئازادی و یەکسانییە ڕووکەشەشیان بدەین, دەبینین کە ئەوەش پاگەندەی دەکەن، ئاوا نییە و تەنانەت لەسایەی دەوڵەتی نەتەوەیی سەراپاگیر و سەروەری یاسا و نوێنەرایەتی تێکنۆکراتەکاندا، ژنان سەرەڕای خەباتی درێژخایەن و نەپسانەوەی ژنان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە چەند سەدەی ڕابوردوودا لە جیهاندا بەگشتی و بزاڤی ژنان لە دەهەکانی شەستەکان و هەفتاکاندا لە ئەوروپا و ئەمەریکا بەتایبەتی، دەبینین لە ڕووی ئابووریی و ڕامیارییەوە نەك ژنان بوارییان نییە بەو ئاستە لەو ماف و ئازادی و یەکسانییە درۆینەیە بگەن، بەڵکو مرۆڤی هوشیار و ئازادیخواز شەرم دەکات، کە لە وەها کۆمەڵگەگەلێکدا دەژی. کەچی ژنە فێمینستە بۆرجوازییەکان و پیاوانی زۆربڵیی لاساییگەرەکانی کورد، سیستەمە بۆگەن و گەندەڵەکەی سەرمایەداریمان لێ دەکەن بە سیستەمی ئایدیال و کۆمەڵگەکانمان لێ دەکەنە بەهەشتی خەونەکان.

لێرەدا لە وەڵامی ئەو هەمووە درۆ و ساختەسازییەی نووسەرانی سەر بە ڕەوتی نیئۆلیبرالیزم و ڕەوتی فێمینیزمی بۆرجوازی، تەنیا نموونەیەکی زیندوو لەو بەهەشتەی کە دەیکەنە خەونی منالان و ژنانی ناڕازی کوردستان، بەسە بۆ نیشاندانی ڕووی راستەقینەی ئەو پاگەندە بێبنەمایانەی کە ڕۆژانە لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و لە ستدیۆی کاناڵەکاندا دەرخوارمان دەدەن.

لێرەدا ولاتی ئاڵمان بەنموونە دەهێنمەوە، چونکە هەم لە سەردەمی رژێمەکەی هتلەر و هەم لە ئەمڕۆشدا ڕامیاران و ڕۆشنبیرانی کورد (ئەوانەی کە میدیای بۆرجوازی کوردی ئەو نازناوەی پێبەخشیوون)، شەیدا و لایەنگر و پاگەندەگەری سیستەمی ئەم وڵاتە بوون و هەن.

بەپێی ڕاپۆرتێك کە ساڵی ڕابوردوو کاناڵی (BBC) لەسەر ڕێوشوێنی ژنانی کۆمەڵگەی ئاڵمان ئامادەی کردبوو، موچەی ژنان لەچاو موچەی پیاوان لە هەمان کاردا 25% کەمترە و ڕێژەی ئەو ژنانەی کە پۆستی بەرزیان هەیە و ڕێژی پۆستی ژنان لە بواری ڕامیارییدا لە چارەکی پیاوان کەمترە و کەمی ئەم ڕێژەیە لەنێو مامۆستا و دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆکاندا بەرچاوترە. هەروەها بەپێی ڕەخنە و ئامارەکانی ناوخۆی ئەو ولاتە ڕێوشوێنی ژنان لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بەم جۆرەیە؛ بەپێی بەڵگەکانی خاتوو (Cristine Kronenberg) ئەم ڕێژەیە لە کارخانە و کۆمپانییە تایبەتەکاندا لە بەرامبەر هەمان کاردا کرێی کاتژێرێكی ژنان 15% کەمتر لە هی پیاوانە و لە کاری دەوڵەتیشدا -کە نیئۆلیبراڵەکان و فێمینیستە بۆرجواکان بە سەرچاوەی بوونی ئازادی و یەکسانی و دادپەوەری دەزانن- بۆ هەمان کار کرێی کاتژێرێكی ژنان 10% لە هی پیاوان کەمترە. هەروەها لە خێزانەکاندا نایەکسانی لەنێوان خەرجی ڕۆژانەی کوران و کچاندا هەیە. شایانی باسە ئەم خاتوونە (Cristine Kronenberg) نووسەرێکی خۆشباوەڕ بە دەوڵەت و یاسا و دیموکراتییە و ئەگەر ئەو چاویلکە خۆشباوەڕانەیەی لەچاو بکەیتەوە، ئەوا ئەو ڕێژانە زۆر لەوە زیاترن. لەمەش واوەتر لە هەر شارێکی ئەم وڵاتە دەیان پەناگە و یانەی ژنان هەن، کە ژنانی تێهەڵدرا و هەڵهاتوو ڕوویان تێدەکەن و خۆیان دەشارنەوە و لێدان و کوشتنی ژنانش تەنیا لەلایەن خەڵکی کۆچەرەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لەلایەن خەڵکانی ئەو ولاتەشەوە ئەنجام دەدرێت.

نووسەرانی کورد بۆ دەرکێشانی شانی ناسیونالیزم و دەسەلاتە بۆرجوازییەکەی لەژێر باری ڕەخنەی ژنانی نارازی و ئازادیخواز، زۆر نادەربەستانە هەموو سووچی چەوسانەوەی ژنان بۆ ئایینی ئیسلام دەگێڕنەوە و لە بەرامبەردا پەنا بۆ کۆمەڵێك درۆ و ڕازاندنەوەی ئایینە بۆگەنەکانی دیکەی وەك زەردەشتی و یەزیدی دەبەن. هەڵبەتە ئەوە نکۆڵی هەڵناگرێت، کە ئایینی ئیسلام وەك هەموو ئایینەکانی دیکە، بەشێکە لە بیرکردنەوەی بەسەرچووی مرۆڤایەتی و بەپێی سروشتە کۆنەپارێزییەکەی باشترین ئامرازی دەستی چەوسێنەرانە. بەڵام لێرەدا پرسیارێك یەخەمان دەگرێت، ئەگەر سەراپاو ڕێشەی چەوسانەوەی ژنانی کوردستان، ئایینی ئیسلامە، ئایا پێش هاتنی ئەم ئایینە لەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ بە کوردستان ناسراون -چونکە ئەوکات نە کوردستان هەبووە و نە عەرەبستان- و بە پاگەندەی ناسیونالیستەکان خاوەنی ئایینی زەردەشتی و یەزیدی بوون، ژنان نەچەوساونەتەوە و لەتەك پیاوان یەکسان بوون؟ ئایا ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و سوورانە و مارەیی و کڕین و فرۆشتن و گۆڕینەوەی ژن وەك کاڵا باو نەبووە؟ ئایا لوت و لچ بڕین و سەرتاشین و سواریکەرکردن نەبووە؟ ئایا سەربڕین و شاردنەوە و شاربەدەرکردن نەبووە؟ ئایا ئەوانەی کە بە بەهەشتی زەردەستی و یەزیدی خۆشخەیاڵمان دەکەن، دەتوانن ڕێوشوێنی یەکسانی ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی ژنان لەو سەردەمانەدا بسەلمێنن؟

ئەوەی نووسەری کورد خەریکیەتی و دەیەوێت بیپارێزێت، شتێکە بەناوی کولتووری نەتەوەییی و دەیانەوێت بمانخەنە سەر ئەو بڕوایەی کە کولتووری ئەوان لە هی نەتەوەکانی دیکە پاکژترە و  هاوکاتیش خەریکن کولتوور وەك شتێکی نەگۆڕ و بەستەڵەكئاسا وێنای دەکەن. ئەوان تەواوی کات و لە هەموو نووسینەکانیاندا دەیانەوێت دوو شت بشارنەوە؛ یەکەم دەسەلاتی کولوتوور و ڕۆڵی لە کوشتوبری ژنان و بێمافی مناڵاندا، دووەم بەکاربردنی ئەو دەسەلاتە کولتوورییە وەك کۆڵەکەی دەسەلاتی سەپێنراوی چینایەتی بۆرجوازی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕامیارەوە و بەخەرجدانی بەشێکی زۆری سامان و داهاتی کۆمەڵگە بۆ دەستەمۆهێشتنەوەی تاکی ژێردەستە لە چوارچێوەی ئەو کولتوورە نەگۆڕەکەی نێو خەیاڵی نووسەرانی کورد.

لە کاتێکدا کە نووسەرانی کورد خەریکی دەرکێشانی لاقی کولتوورە نەتەوەییەکەیانن لە لیتەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان و دەیانەوێت بیخەنە پاڵ ئایینێکی -بەقسەی خۆیان ناکوردی- سەپاو، کەچی لەو لاوە هەم نووسەران و هەم ڕامیارانی ناسیونالیست لەسەر ئەوە کۆکن و پێی لەسەر دادەگرن، کە ئایینی هاوبەش یەکێکە لە مەرج و کۆڵەکەکانی نەتەوە، کە لە پرسی نەتەوەبوونی کوردا تەنیا ئایینی ئیسلامە، کە دەتوانێت تەنیا کۆڵەکەبوون و مەرجبوونی نەتەوەبوونی کورد بێت، ئەگینا کورد نە یەك زمانی هاوبەشی هەیە و نە کولتووری هەموو ناوچەکان لەیەك دەچێت و نە ڕێسا (ترادیشن)ە ناوچەییەکانی وەك یەکن. ئەدی چۆن دەتوانن ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام کە تاکە مەرج و کۆڵەکەی ناسیونالیزمەکەیانە بگرن، لە کاتێکدا کە ئایین بە بەشێك لە کولتووری نەتەوە دادەنرێت، ئایا دەکرێت ئایینی نەتەوە مرۆڤکوژ و کولتووری نەتەوە پاکژ و  مرۆڤدۆست بێت؟

زۆرێك لە نووسەران پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری یاسا -یاسای بۆجوازی-و ڕێگەچارەی بنبڕکردنی کوشتوبڕی ژنانن، ئەمە لە کاتێکدا کە لە هیچ سەردەمێکدا هێندەی سەردەمی دەسەڵاتداری بۆرجوازی کورد -بیستویەك ساڵی رابوردوو-، ژن لەسەر پرسی کۆمەلایەتی -مەبەست لە دەرەوەی جەنگی میلیتێری و ڕامیاریدا- نەکوژراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لەتەك ڕۆژانی یەکەمی گەڕانەوەی هێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی لە ئوردووگەکانی ئێرانەوە، ڕەشەکوژی ژنان دەستی پێکرد و زۆرێك لەوانەی کە ئەمڕۆ زوڕنای فێمنیزمی بۆرجوازی لێدەدەن و زۆرێك لەوانەی کە لە ڕێکخراوەکانی (NGO)دا کاردەکەن و سەراپای ڕێکخراوەکانی بەناو ژنانی سەر بە پارتەکانی بەرەی کوردستانی و پارتۆکە جیابووەکانی دواتریان، ئەوکات لەژێر پەردەی نامووسپەرستی و بیانووی دەستتێکەڵی ژنانی کوژراو لەتەك ڕژێمی بەعس، پاساویان بۆ ئەو ڕەشەکوژییە دەهێنایەوە*، کە ئەوڕۆکە لە درێژەیدا هەژماری قوربانیانی هێندە گەورەیە، کە مرۆڤ شەرم لەوە دەکات، خۆی بکاتە خاوەنی کولتووری کوردی. هەڵبەتە لەکاتێکدا چەکدارەکانی بەرە ژنانیان تیرۆر دەکرد و ئەو کەسانەش لەسەرەوە ناوم هێناون پاساویان بۆ دەهێنایەوە، کە بە سەدان هەزار چەکداری نێرینەی خۆفرۆش لەلایەن هەمان بەرەی کوردستانییەوە، لێبوردنی گشتی و نازناوی چەکداری شۆڕشگێڕیان پێبەخشرابوو. 20 ساڵە ئەم پرسیارە بەرۆکم بەرنادات؛ ئەو جادووە چییە، کە وای لە ژنانی نووسەری کورد کردووە، کە بانێك و دوو هەوای کولتووری نەتەوەیی و ڕامیاریی ناسیونالیزمی کورد و بەرە کوردستانییەکەی، لەماوەی 21 ساڵدا، لەلایان نەبووەتە جێی سەرنج و تێڕامانی قوڵ؟

لەوانە هەمووی فریودەرتر، پاگەندەی ژاراویی فێمینیستانی سەربە ڕەوتی نیئۆلیبرالیزمە لە کوردستان، کە دەیانەوێت، چاوی ژنانی ناڕازی لە ئاستی ڕۆڵی دەسەڵاتی کولتووری و دەسەلاتی ڕامیاریی لە کوشتوبری ژناندا پەردەپۆش بکەن و هەموو تاوانەکە بخەنە پاڵ پیاو چ وەك تاك و چ وەك ڕەگەز، ئەمەش جۆرێك ڕێخۆشکردنە بۆ پاگەندەی ئازادبوونی هاولاتییان لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کە بۆ دیسانەوە بۆ ئەوەی پێی سیستەمەکە لە لیتەی چەوسانەوەی ژنان پاکژ بکەنەوە، کۆمەڵگەی کوردستان بە پاشکۆی دەرەبەگایەتی ناودەبەن، تاوەکو وێنای پیاوی تێدا وەك تاك و ڕەگەزی باڵا بکەن و ژنان بەوە خۆشباوەڕ بکەن، کە لە سیسەتمی سەرمایەداری پێشکەتوودا ژنان و پیاوان هەموو ئازادن و هەمووان لە سایەی بازارئازاد و دیمۆکراتییەتەکەیدا بە بەهەشتی سەر زەوی شاد دەبن.

لە کۆتاییدا، بەگشتی دەبینین ڕۆژی 8ی مارچ چ لەلایەن لایەنە چەپەکان –بە کۆن و نوێوە- و چ لەلایەن لایەنە راستەکان -بە مەزهەبی و نەتەوەیی- و دەسەلاتدارانەوە، کراوەتە ڕۆژی شایی و هەراجی پاگەندەکردنی ئایۆلۆجییەکان و لە خشتەبردنی ژنان و ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی لەدەستداوە، ئایا ئەم هۆکارانە بەس نین بۆ ئەوەی واز لە ڕۆژی 8ی مارچ بێنین و 364 ڕۆژەکانی دیکەی ساڵ بکەینە ڕۆژانی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە ژن و پیاو و مناڵ و پیر و نیشتەجێیان و پەناهێنەران و کرێکارانی کۆچەر و نەتەوە و کەمەنەتەوە و هەڵگرانی هەموو ئایینەکان ؟


هەژێن
10.03.20012

پەراوێز:
* چەند ڕۆژ پێش 8ی مارچی 1992 لە شاری سلێمانی، لەتەك دوو هاوڕێی دیکەدا ئەرکی سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە پارتەکان و لێژنەکانی بەرەی کوردستانیمان پێ سپێردرابوو، لە هەموو سەردانییەکاندا تەنیا لەتەك دوو شت ڕووبەڕوو دەبووین، یەکەم گاڵتەکردنیان بە یادی ڕۆژی 8ی مارچ و دووەم پاساوهێنانەوەی نامووسپەرستی و سیخوڕیی بۆ ئەو ڕەشەکوژییەی کە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی لە دوای ڕاپەڕینەوە پێیهەستابوون و لە بەرامبەر ئەو پرسیارەدا “ئەی بۆ چەکدارە نێرینە خۆفرۆشەکان نەکوژران و بەپێچەوانەوە کرانە شۆڕشگێڕ؟”، پەنایان دەبردە بەر تۆمەتبارکردنی ئێمە  “ئێوە ئاژاوەچین”.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.