
راگه‌یاندن و سایكۆلۆژیای زمان
روانگه
زمان وه‌ك چه‌كێكی دوو سه‌ره‌ی ئاخاوتن، ده‌شێ له یه‌ك كاتدا دوو رۆڵی چاك و خراپ بگێڕێ، كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به سایكۆلۆژیا و بیركردنه‌وه‌ی خودی كه‌سی به‌كاربه‌ری زمانه‌كه، به مانایه‌كی روونتر، دوور نییه كه‌سێك نیازێكی پاكیشی هه‌بێت له خستنه‌ڕووی پرسێكدا، به‌ڵام زمانی قسه‌كردن و شێوازی ده‌ربڕینی گوتاره‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك بێت، كه نیگه‌رانی بنێته‌وه و ئامانجی دروست و ویستراوی خۆی نه‌پێكێ، له‌وه‌ش ترسناكتر ئه‌وه‌یه دوور نییه ببێته هۆی نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و دڵڕه‌شی له‌ناو كۆمه‌ڵگه و له‌سه‌ر كۆی پێكهات و ئاسته جیاوازه‌كانی، چ جای ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه له ده‌روونێكی نه‌خۆش و رقێكی كوێره‌وه گوتاره‌كه‌ی ئاراسته بكات، به جۆرێك ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی بێت ناتوانێت ده‌ست بۆ زمانێك ببات، كه هه‌ڵگری به‌ها و مانایه‌كی شارستانی و شیاوی گفتوگۆ بێت. كاتێكیش میدیا به‌و زمانه سواخ ده‌درێ، نه‌ك سه‌یر نییه نه‌توانێ ببێته ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م و جێ متمانه‌ی خه‌ڵك، به‌ڵكو زۆر ئاساییه سوكایه‌تی به خۆی بكات و ده‌ستبه‌رداری كۆی بنه‌ما و به‌ها و پره‌نسیپه پیشه‌یی و ئه‌خلاقییه‌كانی په‌یام و كاره‌كه‌ی بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه عه‌یبه و نه عاجباتیشه كه له كوردستان میدیای ئه‌هلی هه‌بێت، وێڕای ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واوم به بوونی ئاراسته‌یه‌كی له‌و چه‌شنه میدیایه هه‌یه، كه كه‌مترین سێبه‌ری ئایدیۆلۆژی به‌سه‌ره‌وه بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له گوتاری زۆرێك له كاراكته‌ر و كه‌ناڵه‌كانی میدیای (ئه‌هلی، ئازاد، سه‌ربه‌خۆ) هه‌رچی ناو ده‌نێنن، ده‌بینرێ، باڵاده‌ستی زمانێكه، كه ئایینده‌كه‌ی به‌خێر بۆ هیچ كام له كۆمه‌ڵگه و پرۆسه‌ی سیاسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌كردنی خودی میدیاش ناشكێته‌وه، به‌و پێیه‌ی ئه‌و زمانه بارگاویه به جۆرێك له رق و سڕینه‌وه‌ی جیاوازی له په‌نا دروشمی دیموكراسی و قه‌بوڵكردنی جیاوازییه‌كانه‌وه، سایكۆلۆژیایه‌ك زۆرێك له‌و كه‌سانه به‌رهه‌م هێنین، كه كوڕی گوتارێكن، سه‌رچاوه‌ی روانین و بیركردنه‌وه و دونیابینیان ئه‌و لۆژیكه نا ته‌ندروسته‌یه كه ده‌ڵێ (كه بۆ من نییه با بۆ تۆش نه‌بێ).
به واتایه‌كی دی سه‌رچاوه‌ی خه‌م و نیگه‌رانی به‌شێكی دیار له‌و گوتار و تایپه‌ی زمانی نووسین و قسه‌كردنی نێو میدیای ناوبراو (به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی)، ئێستای نیگه‌رانی و گلله‌ییه‌كانی شه‌قام و ئایینده‌ی كۆمه‌ڵگه و ئاسۆكانی دیموكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی جۆرێكه له نه‌رجسیه‌ت و خۆویستی قسه‌كه‌ره‌كانی، نه‌رجسیه‌تێك ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه له پێناوی خۆیدا قوربانی به خه‌ونی هه‌موو به‌رامبه‌ره‌كانی بدات، سایكۆلۆژییه‌تێك له رێگه‌ی زمانێكی ته‌مومژاوی و كاركردن له‌سه‌ر ژێی سۆزی خه‌ڵك و گازانده‌كانی ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان مه‌به‌ستییه‌تی حه‌قیقه‌تی ره‌هامان پێ بفرۆشێته‌وه.
بێگومان بوونێكی زمانێكی له‌م چه‌شنه و لۆژیكێكی وا بارگاوی به رق، دواجار هه‌موومان ده‌خاته‌وه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی پیشه‌یی و مۆرالی له سه‌ر له‌نوێ پێدانه‌وه‌ی شوناسێكی جوانتر به راگه‌یاندن و په‌یامه مرۆیی و ژیاندۆستییه‌كه‌ی، بێته ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م، ده‌سه‌ڵاتێكی راسته‌قینه كه له گوتار و رووماڵكردن و ئه‌ركه رۆژنامه‌گه‌رییه‌كانیدا پره‌نسیپه پیشه‌یی و ئه‌خلاقییه‌كانی له راستگۆیی و بێلایه‌نی و هاوسه‌نگی و وردبینی له ده‌ست نه‌دات. بۆیه به‌ر له هه‌ر شتێك پێویست ده‌كات راگه‌یاندن زمانی گوتار و گوزارشت و ده‌ربڕینی خۆی بگۆڕێ، به جۆرێك هه‌ڵگری مانا و په‌یامێكی شارستانی و مرۆیی و ژیاندۆست بێ، زمانێك كۆمه‌ڵگه بباته‌وه سه‌ر خوانی ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی و به یه‌كه‌وه ژیان و یه‌ك ئیراده‌ی سیاسی (نه‌ك یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی سیاسی)، زمانێك له پشتی ماسكی ره‌خنه و توڕه‌ییه‌وه نه‌بێته تریبۆنی بانگه‌شه‌ی ئایدیۆلۆژی، زمان شته‌كان وه‌ك هه‌ن قسه‌یان له‌سه‌ر بكات، هه‌ر كاتێكیش راگه‌یاندن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و زمان و ئاراسته‌یه، بووه به‌شێك له سیاسیه‌تێكی ده‌مامكدراو به به‌رگی ره‌خنه ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بێت، كه متمانه‌ی رای شه‌قام له ده‌ست بدات،.
بۆیه هه‌ق وایه میدیای كوردی له ئاراسته‌كردنی په‌یام و گوتاری خۆی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی كۆنفۆشیۆس له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی "كه ئه‌گه‌ر حوكمی ده‌وڵه‌تێكی كرد یه‌كه‌م شت چی ده‌كات؟"ده‌ڵێ " زمانم راست ده‌كه‌مه‌وه". راگه‌یاندنیش كه تایپێكی تری ده‌سه‌ڵاته، ده‌بێ زمانی خۆی ته‌ندروست و راست بكاته‌وه!