Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هاوارى (ئەیوب) لەناو بێدەنگى ویژداندا ….نورى بێخاڵى

هاوارى (ئەیوب) لەناو بێدەنگى ویژداندا ….نورى بێخاڵى

Closed
by February 18, 2008 گشتی

 بنوو ئەى ئەو پەپوولەیەى خەزانى رقى باوك و گەردەلوولى دڵڕەشى باوەژن رێگەیان نەدایت تێر بۆن بە چڵە نێرگزەكانى بەهارێكى نوێوە بكەیت..بنوو ئەى بەرائەتى ئەو مناڵەى هێشتا بەو ئازار و تلانەوانەى دەستى باوكى قەساب و باوەژنى جەللادیشتەوە قەترانى سیماى رووڕەشیانت كردە سكێچى جەستە بێنازەكەت..بنوو ئەى ئەو فریشتەیەى لە غەفڵەتى بەزەییدا، لە ئاوزنگى ویژداندا، لە كەڕى گوێچكەكانى غەریزەدا، لە لاڵبوونى زمانەكانى وەعز و ئیرشاددا، لە نەزۆكى هوتافەكانى یاسا و مەدەنیەت و مافەكانى مرۆڤدا، نە هەناسەكانى كۆڵان و نە چراكانى شەقام و نە تریقانەوەكانى گەڕەك و هاوسىَ و نە مایكڕۆفۆن و مینبەرەكانى وەعز و نە ئاژیرەكانى یاسا و نەلافیتەى بەردەمى كۆنفرانسەكانى وەزارەت و كۆڕ و كۆمەڵەكانى مافى ئاژەڵیش بەهاناتەوە نەهاتن..
 بنوو.. ئیدى لێرەوە میقاتى كاتژمێرەكانمان دەبەینەوە سەر چاخى بەربەریەت، دەچینەوە بۆ نێو هەناوى ئەو زاكیرە رەشەمان، كە پڕیەتى لە چیڕۆكەكانى خوێن، دەگەڕێینەوە بۆ ماڵى ئەو بیرەوەرییانەى بنمیچەكانیان جگە لە بۆنى ژەهر و مەرگ هیچى تریان لێنایەت، دەچینەوە بۆ ماڵى راستەقینەى مرۆڤ، مرۆڤێك كە پڕیەتى لە نهێنى مەرگدۆستى و خنكاندنى هەناسەكانى ژیان..مرۆڤێك دڕندەترین گیانەوەر سڵ لە سەرنجە نامۆو نیازە رەشەكانى دەكاتەوە..مرۆڤێك هەمیشە لە خەیاڵى نێچیرە و بەس..مرۆڤێك باكى بەوە نییە دونیا بكاتە ئاگردانى پشكۆى گەرمكردنەوەى ئارەزووەكانى!
 دەزانى تۆ لە رۆحى (مەسیح) دەچى، كە خاچى جەهل نەیتوانى جوانییەكانى بدزىَ، بڕوا دەكەى لە رۆحى ئەو (یونس)ـە پاكترى، كە هەناوى نەهەنگ نەیتوانى بۆگەنى بكات؟ بنوو و دڵگیر مەبە، ئاخر خودا لە تراژیدیاى تۆدا و لە سەردەمى نەمانى موعجیزەدا بە (ئەیوب)ێكى دیكەى بێدەنگ و خۆڕاگرى نێو ئازارەكان ئاشناى كردینەوە و بردینییەوە بۆ ئەو چیڕۆكانەى پڕن لە دڕندەیى مرۆڤ و هێشتاش پێمان وایە ئەفسانەن و بەس..
 من دڵنیام بەر لەوەى ئەو دوو جانەوەرە چێژ لە هەلاهەلاكردنت ببینن، بەرلەوەى كوڵى رەشى دڵیان و هەڵپەى ئارەزووى هەوەسیان دامركێننەوە، خودا رۆحتى دایە دەستى فریشتەیەك و بردیەوە بۆ شوێنێك، مرۆڤ ئەدرەسەكەى نەزانىَ، بۆ شوێنێك  هاوسێكانت رووى ئەوەیان نەبێت سەرى پێدا بكەن..بۆ شوێنێك هاوڕێكانى كۆڵان بە حەسرەتى بینینیەوە بن.. بۆ شوێنێك شەرم دایدەگرىَ زیكرى ریاى واعیزەكان ژوورەكانى كاس بكەن لە یاهوو.. بۆ شوێنێك بەشورەیى دەزانىَ تەرازووى یاسا بە بەردەرگا و لادیوار و پشتى مێزەكانیەوە هەڵواسرىَ..بۆ شوێنێك تف لە چارەى قوڕسى رێكخراوە بازرگانەكان دەكات!
 ئەوە چ گەڕەكێكە لە ئامێزیدا پەپوولەیەك بەو هەموو جوانى و بەرائەت و خەونە نەخەمڵیوانەیەوە رادەستى مەرگ بكرىَ و لە نوزەى سەرەمەرگیدا بێدار نەبێتەوە.. ئەوە چ كۆڵانێكە سۆراخى قیژە و پاڕانەوەى فریشتەیەكى كۆت كراو نەكات.. ئەوە چ گومبەزێكە لەو حەشرە رەشەدا دەنگى (قریب الفرج)ێكى تێدا بەرز نەبووەوە..ئەوە كام كۆمەڵەى مناڵ و ماف پارێزە رووى شەقام و سەر شاشە و وەعزدانى خەڵكى هەیە.. ئەوە كام وەزیرێكى داد و مافەكانى مرۆڤە لەو بازاڕى بىَ حورمەتكردنى مرۆڤدا جورئەت دەكا بىَ هەڵوێست لەسەر مێزەكەى بخولێتەوە؟
 (ئەیوب)، بڵێى جارێكى دى ئەو كۆمەڵگەیە رووى هەبێت سڵاو لە (یوسف)ى ئەهریمەن و بەناو (شیرین)ى ژەهرى گوژاڵك بكەن..بڵێى لە ئاست بەرائەتتدا كۆڕ و رێكخراوەكان بوێرى ئەوەیان هەبێت دەرگاكانیان قوفڵ دەن و بە لێبووردنەوە لە تۆ و هەموو ئەو رۆحانەى تاوان لێمانى سەندن، دان بە دەستەپاچەیى خۆیان بنێن.. بڵێى واعیزەكان بوێرن فەتواى تەكفیرى ئەو باوك و دایكانە نەكەن، كە كەمتر لە ئاژەڵ دەڕواننە جگەر گۆشەكانیان.. بڵێى وەزیرەكانى داد و ماف نەدەنە بەرخۆیان دەستلەكار كێشانەوە بخەنە سەر مێزەكانیان.. بڵێى بەشى بەرائەتى تۆ و نیو بارتەقاى دڵڕەشى زڕباوانت یاسا دڵڕەق نەبىَ و دادگاى ئەو دەنگانەش نەكات، كە نزاى بەخشین و تكاى عەفوو دەكەن؟
 دوا پرسیارم ئەوەیە، بەڕاست بۆ ئەو حەشاماتى كوردە موسڵمانە، لە ماڵ و كۆڵان و مزگەت و tv  و كوىَ و كوێیتردا، كە بۆ (غایە فی نفس یعقوب) كوشتنى (حەوا)یان كردە بنێشتە خۆشەى سەر زاران و شەوچەرەى مەجلیسان، كەچى مەرگەساتى تراژیاى تۆیان وەك (با) بە گوێچكەدا رەت بوو؟!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.