
په‌نهانه‌كانی ره‌نجده‌ر …. ئارام سدیق
له‌ئێستادا ده‌قگه‌لێكی زۆر به‌ناوی شیعره‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و بهلێشاویش كتێبی شیعری چاپ ده‌بن، به‌ڵام به‌شێكی زۆر كه‌م نه‌بێت له‌و ده‌قانه هیچیان ئه‌و هێزه‌یان نییه كه خوێنه‌ر توشی رامان بكهنو وێنه‌و خهیاڵو ئیستاتیكای نوێ به خوێنه‌ر ببه‌خشن. به‌شێكی ئه‌و ده‌قانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جوینه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی پێشخۆیان، یان شیعری نوێی فارسی‌و عه‌ره‌بییه هیچ شتێكی نوێیان تێدا نییه. ئه‌گه‌ر بپرسین ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ره‌نگه وه‌ڵامه‌كه‌ی قورس بێت‌و ئێمه نه‌توانین لێره‌دا وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌گشتی به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خودی نووسه‌ری ئه‌و ده‌قانه بێ‌ئاگان له دنیای داهێنانو شیعر ناناسن‌و تێكهڵكارییهكی زۆریان كردووه له‌نێوان دهقو دهردهدڵدا، كه شاعیر ده‌توانێت ده‌رده‌دڵ بكاته ده‌ق، به‌ڵام شاعیری ناوشیار توانای به‌ده‌قكردنی رووداو‌و حاڵه‌ته ئیستاتیكی‌و ده‌روونییه‌كانی نییه. واته گرنگ نووسینی ده‌ق نییه، به‌ڵكو گرنگ به‌ده‌قكردنی حاڵه‌ته جۆراوجۆره‌كانی ژیانی مرۆڤه.
سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌و شاعیرانه‌یه كه زیاده‌ڕه‌وی نییه پێی بڵێن داهێنه‌ر، چونكه ئه‌و هه‌م توانای به ده‌قكردنی رووداوه‌كانی هه‌یه‌و هه‌م شیعر له‌پێناو شیعردا ده‌نوسێت، نه‌ك له‌پێناو شاعیربووندا. ده‌قه‌كانی ئه‌م شاعیره له "زێوان"ه‌وه تا "سه‌دو یه‌كشه‌وه" به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندا بووه‌و به‌دوور بووه لهخۆدووبارهكردنهوه. ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه كه به‌ئاگابوونی ئه‌م شاعیره ده‌سه‌لمێنێت له‌و ئه‌زموونه‌ی له‌بناغه‌وه به رێكی هاتووه. ره‌نجده‌ر خۆی له‌و زۆر نوسییو خۆدووباره‌كردنه‌وه پاراستووه‌و ئه‌و شیعر ده‌نوسێت، نه‌ك ده‌رده‌دڵ، یان وتاری ئه‌ده‌بی. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه به‌شێك له‌و شیعرانه زیاتر له وتار ده‌چن، نه‌ك شیعر، چونكه ئه‌گه‌ر فۆرمی نوسینه‌كه‌یان بكرێته شێوه په‌خشانی له‌وتار زیاتر نین. نه هه‌ڵگری ئیستاتیكاو موزیكنو نه وێنه‌یه‌كی نوێ له زهنی خوێنه‌ردا ده‌خولقێنن. به‌ڵام ئه‌زموونی ره‌نجده‌ر دووره له‌و كه‌موكوڕیانه.
سه‌دویه‌ك شه‌وه سه‌دو یه‌ك هه‌ناسه‌ی شیعرییه. نوسینه‌وه‌ی ئه‌و چركه‌ساتانه‌یه كه مرۆڤ تیایاندا له‌نێوان بێداریو خه‌یاڵدایه، یان له‌نێوان بوون‌و نه‌بووندا هه‌ناسه ده‌دات. زه‌مه‌نی شیعری ئه‌م تێكستگهله زه‌مه‌نی ئاسایی مرۆڤه‌كان نییه، به‌ڵكو زه‌مه‌نێكی خولقێنراوه، كه ته‌نها شاعیر ده‌توانێت پێی بگات، یان ده‌كرێت بڵێن ئه‌م كتێبه دروستكردنی ماڵێكی شیعرییه كه سه‌دویه‌ك په‌نجه‌ری هه‌یه‌و مرۆڤ ده‌توانێت لێیان بڕوانێته خودی خۆی‌و ده‌وروبه‌ر.
خوێنه‌ر كه ناونیشانی گشتی كتێبه‌كه ده‌بینێت، ده‌ستبه‌جێ خه‌یاڵی بۆ ناونیشانی كتێبی ههزاریهك شه‌وه ده‌چێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه بۆی لای ره‌نجده‌ر هه‌زارو یه‌ك شه‌و نییه و سه‌دو یه‌ك شه‌وه. به‌پێی سه‌رنجی ئێمه دوو وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسیاره شیاوه: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی كه ره‌نجده‌ر حه‌ز به‌دووباره كردنه‌وه‌و درێژكردنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی نه‌كردووه‌و ویستویه‌تی له سه‌دویه‌ك په‌نجه‌ره‌وه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیڵێت. هه‌روه‌ها له‌حاڵه‌تی دووه‌مدا ده‌كرێت بڵێن ئه‌مه به‌شی یه‌كه‌می ئه‌و ئهزموونو رامانانه‌ی ره‌نجده‌ره له خود‌و ده‌وروبه‌رو ده‌كرێت له‌داهاتوودا به به‌شی تر‌و به (900) شه‌وه‌كه‌ی تریش ئاشنابین.
خاڵێكی تر كه سه‌باح ره‌نجده‌ر له به‌شێكی زۆری شاعیرانی كورد جیاده‌كاته‌وه روانین‌و تێگه‌یشتنی ئه‌وه له شیعر كه ئه‌مه‌ش له پێشه‌كی دیوانه‌كانیدا هه‌ستی پێده‌كه‌ین. وه‌ك چۆن لای "عه‌تا محه‌مه‌د" پێشه‌كی چیرۆك و رۆمانه‌كانی بۆ مه‌به‌ستی قسه‌كردنه له‌سه‌ر چیرۆك‌و روانینه‌كانی خۆی له‌سه‌ر چیرۆك ته‌رخان كردووه، یان له رۆمانه‌كانیدا كلیلی چونه نێو ئه‌فسونی حیكایه‌ته‌كانی رۆمانه‌كه‌یه. به‌هه‌مان شێوه‌ش لای "سه‌باح ره‌نجده‌ر" پێشه‌كی كتێبه شیعرییه‌كان بۆ خستنه‌ڕووی دیدی ئه‌م شاعیره‌ن له‌سه‌ر شیعر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌و ئه‌و ئه‌زمونه‌ی له‌و كتێبه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو به‌تایبه‌تی. واته ده‌كرێت پێشه‌كی سهدویهكشهوهش وه‌ك كلیلێك ته‌ماشا بكه‌ین بۆ چوونه نێو ئه‌فسونی تێكستهكانو ئه‌و فه‌زا جۆربه‌جۆرانه‌ی ده‌قه‌كان له‌هه‌ناویاندا هه‌ڵیان گرتووه.
ره‌نجده‌ر له پێشه‌كی سهدویهكشهوهدا له‌باره‌ی شاعیری نوێخوازه‌وه ده‌نوسێت:" شاعیری نوێبه‌خش گیانی به‌ده‌وری هونه‌ری به‌كاربردنی هه‌زاران ساڵدا ده‌خولێته‌وه، له‌نێوان زه‌وی و ئاسمان لهسۆراخكردنی نوێبهخشیو چوونه ناو گیانه چالاكه‌كان دیدگای توندوتۆڵ ده‌خه‌مڵێنێ". بێگومان بوونی هه‌ستی نوێخوازی له‌نێو هه‌ر شاعیرێكدا سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌قی نه‌مر به‌رهه‌م بهێنرێت، چونكه ئه‌گه‌ر دیدگای شاعیر فراوان‌و تۆكمه نه‌بوو بۆ خود‌و ده‌وروبه‌ر ناتوانرێت نوێخوازی بێته‌كایه‌وه‌و ئه‌وكاته‌شی نوێخوازی هاته كایه‌وه ئه‌گه‌ری په‌یدابوونی ده‌قی نه‌مر ناموكین نابێت. ره‌نجده‌ر له‌پاشاندا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی شیعر‌و زمانه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه " شیعر له منداڵدانی زماندا گیانی دێته به‌رو هێزه راسته‌قینه‌ی شاعیر له‌و زمانه‌دایه، كه شیعرییه‌تی تێدا ئاشكرا ده‌كات، نه‌ك له‌و زمانه‌ی ژیانی رۆژانه‌ی پێ به‌ڕێوه ده‌بات، بۆ شیعر سهركهوتنو دابه‌زین به په‌یژه‌ی زماندا گرینگ نییه، به‌ڵكو نوسینه‌وه‌ی نۆته‌ی زمان گرینگه".
ئه‌گه‌ر شیعر له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌فراندنی وێنه‌ی نوێ‌و به‌خشینی وه‌زیفه‌ی نوێ بێت به به‌كاربراوه‌كان، ئه‌وا بوونی زمانێكی تۆكمه‌ش بۆ ده‌ربڕین خاڵێكی گرنگه‌و وه‌ك ره‌نجده‌ر ناوی بردووه به "نوسینه‌وه‌ی نۆته‌ی زمان"، واته ئه‌وه‌ی گرنگه نوسینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه خولقێنراوانهی خه‌یاڵه به زمانێكی تۆكمه، زمانێك كه له‌كاتی یه‌كه‌م بینینیدا هه‌موو ده‌رگاكان به‌ڕووی خوێنه‌ردا نه‌كاته‌وه‌و به‌شێك له په‌نهانی له‌خۆیدا حه‌شار بدات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نهانانه له ده‌قدا بونیان نه‌بێت، ئه‌وا شتێك نامێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوو سه‌رقاڵی كه‌شفكردنی بن. بۆیه له ئێستادا شیعری (نالی، مه‌حوی و مه‌وله‌وی) توانای ئه‌وه‌یان تێدا ماوه كه په‌نهانی نوێیان تێدا بدۆزرێته‌وه، چونكه زمانی شیعریان هێنده به‌هێزه كه ده‌رفه‌تی دۆزینه‌وه‌و كه‌شفكردنی پهنهانگهلی زۆریان تێدایه، بۆیه شیعری ئه‌و شاعیره كلاسیكیانه به‌رده‌وام نوێن.
سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌و شاعیره نوێخوازانه‌یه كه له ده‌قه‌كانیدا ده‌رفه‌تی په‌نهانی زۆره و خوێنه‌ر چه‌ندجار ده‌قێكی بخوێنێته‌وه ده‌توانێت هه‌ر جاره‌ی ئه‌نجامی نوێی لێوه چنگ بكه‌وێت. په‌نهانی پشتی شیعره‌كانی ره‌نجده‌ر توانای به‌خشینی وێنه‌ی نوێ‌و وه‌زیفه‌ی نوێیان هه‌یه. بێگومان ئه‌مه ئه‌و پله‌یه‌یه كه ته‌نها شاعیری به‌توانا ده‌یگاتێ. هه‌روه‌ها زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و زمانه‌و دۆزینه‌وه‌ی كۆدی په‌نهانكردنی دوانه‌ی (خود‌و بابه‌ت) له تێكستدا له توانای هه‌موو شاعیرێكدا نییه، به‌ڵام ره‌نجده‌ر له‌و شاعیرانه‌یه ئه‌و توانای په‌نهانكردنی تێدایه‌و به‌تایبه‌ت له سهدویهكشهوهدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یرو جوان هونه‌ری پهنهانكردن هه‌ستی پێده‌كرێت.*سه‌باح ره‌نجده‌ر،سه‌دویه‌كشه‌وه- شیعر، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس (2008.(