Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كەركوك لە دڵو قودسەوە بۆ عەمامەكەى سیستانى… كرمانج عەلی

كەركوك لە دڵو قودسەوە بۆ عەمامەكەى سیستانى… كرمانج عەلی

Closed
by February 20, 2008 گشتی

  رەنگە كەم شار هەبآ وەك كەركوك نازناوى جۆراوجۆرى پێبەخشرابێو هەركەسو لایەنێك لە گۆشەنیگایەكى سیاسى خۆیەوە بە نازناوێك ویستوویەتى نازى شارە بێنازەكە بكێشێت (دڵی كوردستان، قودسی كوردستان، خۆری كوردستان، شاری بابەگوڕگوڕ، شاری كڵپەو بڵێسە، شاری برایەتی، عیراقی بچووككراوە….هتد)، لەگەڵ ئەو هەموو نازناوە زۆر و زل و قەبانەش هێشتا كەركوك شارێكە لە ژێر بارێكى قورسى ستەمو غەدرى مێژوو و بێخزمەتى ئێستاو ناڕوونى داهاتوویدایە.
 دوانازناوى كەركوك وەك تەلەڤزیۆنى توركمان ئیلى سەربە بەرەى توركمانى لە زارى یەكێك لە وەكیلەكانى سیستانى بڵاوى كردەوە ئەوەیە كە گوایە ئایەتوڵڵا عوزما عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعە گوتویەتى كەركوك عەمامەى منەو كەوتنى ماناى كەوتنى عەمامەى من دەگەیەنآ.
 ئەگەر چى قسەكە گومان هەڵدەگرآ بە هۆى ئەوەى هەم وەكیلەكانی سیستانى لە زۆر مەسەلەو بۆنەى جیاوازدا قسەى هەڵبەستراو بە ناوى سیستانى دەكەن (بە ئەندازەیەك كە سیستانى خۆى چەند جارێك بآ تاقەتى خۆى لەسەر ئەم مەسەلەیە دەربڕیوە)، هەم تەلەڤزیۆنى توركمان ئیلى ئەو كەناڵە راستگۆیە نیە كە بآ دوو دڵى باوەڕ بە هەواڵو قسەكانی بهێنین.
 ئەوەى مایەى سەرنجە كە بڵاوكردنەوەى ئەم گوتەیەى سیستانى هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكى مام جەلال بۆ نەجەفو دیدەنى سیستانى، سیستانى كە خۆى كارەكتەرێكى دینى شیعەیە، بەڵام لەدواى رووخانى سەدامەوە سێبەرى بەسەر زۆربەى رووداوە گرنگەكانى گۆڕەپانى سیاسى دیارە، لەسەردەمى پێكهێنانى مەجلیسى حوكمەوە تاكو قۆناغەكانى پاشتر و ئێستاشی لەگەڵدابێ، هەمیشە راى سیستانى بووەتە راى پەسەندكراوى لایەنە سیاسیەكانى شیعەو هەندآ جاریش خودى لایەنەكانى نێو ئیئتیلافی شیعە بۆ بردنەوەى گرەوى سیاسى لەیەكترى پەنایان بۆ پشتیوانى سیستانى بردووە.
 نازانم دواى بڵاوكردنەوەى ئەم هەواڵە لایەنى كوردستانی چەند بەدواداچوونی بۆ راستىو ناراستى هەواڵەكە كردووە، تا چەند پەیوەندى بە نووسینگەى سەرەكى سیستانى كراوە بۆ تەئكیدكردنەوە لەم لێدوانەى سیستانى، چونكە ئەمە ئاماژەیەكى ترسناكە گەر سیستانى بیەوآ لە نەجەفەوە خۆى لەمەسەلەى كەركوك هەڵبقورتێنآو ئەویش بێتە ریز ئەو كەسانەى كە بە پاساو و هەنجەتى بآ بنەماو لاواز دەیانەوآ جێبەجێكردنى ماددەى 140 پەكبخەن.
 كەركوك ئەوەندەی خۆی لە دروشمە سیاسییەكانی كورد (بە تایبەتی دوو حزبە سەرەكیەكەی كوردستان) بینیوەتەوە، ئەوەندە نەبۆتە بڕگەی ئەجێندای پرۆژە سیاسییەكان. لەبەر ئەوەی بوونی كەركوك زێتر لە چوارچێوەی شیعاردا بووە نەك كارو بەرنامەی ستراتیژی، بۆیە وەسفێكی لەم شێوەیە نیگەرانی بەدوا خۆیدا دێنێ. ئەگەر تاكو دوێنێ شیعە بە رووكەش لەگەڵ جێبەجێكردنی ماددەكە بووبن ئەوا پاش ئەم لێدوانەی مەرجەعیان ئاسان نیە بتوانن بە نەفەسی پێشتر قسە لە سەر كەركوك بكەن چونكە قسە كردن لەسەر عەمامەی مەرجەعی گەورەیان پێویستی بە حەزەرێكی زۆر هەیە.
 هەرچۆنێك، بآ نەسیستانىو نەكەسى دیكە بۆى نیە چارەنووسى كەركوك دیارى بكا. ئەوەى لە دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا هاتووە ئەوەیە كە خەڵًكى ئەم شارە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسى شارەكەیان دەدەن. ئەمەش لەو دەستوورەدا هاتووە كە خودى سیستانى هانى ئێراقییەكانیدا تاكو دەنگى پێبدەن. شوبهاندنى شارێكى سپی كوردستانی (كە هەموو بەڵگەنامە مێژوویەكان شایەدى هەقى بۆ دەدەن) بە عەمامەى رەشی مەرجەعێكى دینى عەرەبستانی لە وێنەیەكى كۆمیدى بەولاوە شتێكى دیكە نیە، بەڵام كۆمیدیاش هەیە لە مەرگەسات بە سوێترە.


 
kirmanjali@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.