Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

كرانه‌وه‌ی پرسی باكور‌و رۆڵی نابه‌رپرسیارانه‌ی باشور …. ستاره‌ عارف

Closed
by September 7, 2009 گشتی

 

له‌دوای هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كان له‌29/3ی ئه‌مساڵدا توركیا پڕۆژه‌ی كرانه‌وه‌ی به‌ڕووی دۆزی كوردا راگه‌یاند، كه‌ ئێستا گۆڕاوه‌ به‌كرانه‌وه‌ به‌رووی دیموكراتیكدا‌و له‌رۆژه‌ڤدایه‌ له‌15ی ئابی ئه‌مساڵدا به‌تایبه‌تی ئه‌م پرسه‌ به‌چڕی كه‌وته‌ به‌ر باس به‌هۆی راگه‌یاندنی نه‌خشه‌ی رێگه‌ی به‌ڕێز" عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان" ئه‌م یاده‌ مێژوویه‌ی كه‌به‌ قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئاب ده‌ناسرێت بۆ راگه‌یاندنی ده‌ستنیشان كردبوو، چونكه‌ زۆر به‌واتایه‌ له‌و مه‌نزڵگه‌ی یه‌كه‌م فیشه‌كی ژیانه‌وه‌ی كورد له‌ساڵی 1984دا‌و له‌ئه‌ڕۆ شه‌مزینان ته‌قێنرا، له‌هه‌مان مه‌نزڵ نه‌خشه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ری دۆزی كورد رابگه‌یه‌نرێت، له‌روانینێكی خێرای ئه‌م هه‌نگاوه‌دا ئامانجی25ساڵ شه‌ڕی چه‌كداری نیشانده‌دات، كه‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری‌و فه‌رهه‌نگی دیموكراتیدا بوه‌‌و شه‌ڕ بوه‌ به‌رامبه‌ر رژێمێكی كوده‌تاچی سه‌ربازی كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌كی ئاشتیانه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌‌و زمانی چه‌كی ناسیوه‌ بۆیه‌ پێویست بوه‌ به‌شه‌ڕ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌‌و له‌وه‌ زیاتر ته‌سلیم بون بوه‌.
توركیا له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی كوردییه‌وه‌ دژایه‌تی كردوه‌‌و لوتبه‌رزانه‌ ماف‌و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و بونی پێكهاته‌ی جودای ره‌تكردۆته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای بونی فره‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌توركیا هه‌ر له‌كورد‌و لاس‌و چه‌ركه‌س‌و عه‌ره‌ب‌و ئه‌ڕمه‌نی‌و كلدانی‌و هتد….به‌ندی 3ی ده‌ستوریش ته‌نها ددانی به‌ یه‌ك پارچه‌یی‌و یه‌ك زمان كه‌زمانی توركیه‌ ناوه‌‌و سوپا باڵاده‌ست بوه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئاگربه‌ستێكی په‌كه‌كه‌ یه‌كلایه‌نه‌ بوه‌‌و هیچ كاتێك توركیا پابه‌ند نه‌بوه‌ پێوه‌ی، به‌حوكمی دووربینی رێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كه‌ له‌ساڵی 1993دا هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی دۆزه‌كه‌ی به‌ئاشتی‌و وتویژ داوه‌‌و ئۆزال به‌پیر ئه‌م هه‌وڵه‌وه‌ هات‌و بۆ ماوه‌ی45 رۆژ په‌كه‌كه‌ ئاگر به‌ستی راگه‌یاند، به‌ڵام به‌پیلان ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا‌و ئۆزالیان كوشت‌و 33سه‌ربازی بێ چه‌كی توركیش له‌كه‌مینێكدا كوژران، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ په‌كخرا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌ یه‌كلایه‌نه‌كانی په‌كه‌كه‌ هه‌میشه‌یی بون‌و له‌ساڵی 1999یشدا نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان كه‌نامه‌ی بۆ به‌ڕێز ئۆجه‌لان نارد‌و ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ دانیشتن‌و وتویژی ئاشتیانه‌، ئه‌ویش به‌سزای سیاسی13ساڵ حوكمی بۆ بڕایه‌وه‌، كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سعود یه‌ڵماز‌و بڵه‌ند ئه‌جه‌ویدیش گه‌یشتبونه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌پرسی كورد به‌ڕێگه‌ی وتوێژ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه‌ مردنی ئه‌جه‌ویدیش له‌و قۆناغه‌دا گومانی لای ده‌وروبه‌ر دروستكرد.
بۆ پیشاندانی نیازپاكی په‌كه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك كادێری به‌توانای خۆی نارده‌ ناو جه‌رگه‌ی توركیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌جیدیبونی كورد بۆ ئاگربه‌ست دڵنیا بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ڵێنی پاراستی گیانیانی دا، به‌ڵام بێ گفتوگۆ خرانه‌ زیندانه‌وه‌ دادگایی كران.
فشاری ناوخۆیی گه‌لێكی 25ملیۆنی كه‌كوردن‌و چالاكی به‌رده‌وامی بێ ماندوو بون‌و دروستبونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی‌و گه‌وهه‌ری له‌ناو ئه‌م گه‌له‌دا‌و هه‌وڵه‌كانی رێزدار ئۆجه‌لان له‌زیندانی تاكه‌كه‌سی ئیمڕاڵی‌و كاردانه‌وه‌ی پاراستننامه‌كانی‌و فشار‌و چالاكی به‌رده‌وامی په‌كه‌كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كین كه‌توركیا ددان به‌و ئیراده‌یه‌دا بنێت‌و توانای سانسۆركردنی لاواز بێت، واته‌ پێش ئه‌وه‌ی توركیا ددان به‌ناسنامه‌ی كوردیدا بنێت گه‌ل خۆی بۆ ئاماده‌كردوه‌‌و به‌هه‌ر جۆرێك بێت گوزارشت له‌ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و كه‌لتوری خۆی ده‌كات، پێكهاتنی هوشیاری‌و ئیراده‌ی سیاسی گه‌لێك گه‌وره‌ترین فشاره‌ بۆ سه‌ر سیسته‌مێك كه‌هه‌موو جۆرێكی زه‌بری تاقیكردۆته‌وه‌، ئه‌مانه‌ بێجگه‌ له‌فشاره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌په‌سندنه‌كردنی توركیا بۆ ئه‌ندامێتی‌و رێزنه‌گرتن له‌مافی مرۆڤ رێگر بون له‌به‌رده‌م به‌ئه‌ندام نه‌بونیدا وتراوه‌ به‌پێی مه‌رجه‌كانی كۆپنهاگن مامه‌ڵه‌ی نه‌كردوه‌.
شكستی ئه‌ردۆگان له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی 29/3له‌باكوری كوردستان‌و كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان له‌كوردستانی باكور باشترین په‌یام بو كه‌ده‌وڵه‌ت ناچاره‌ ددان به‌ناسنامه‌ی گه‌لدا بنێت، چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌داریه‌كانی ساڵی 2005دا ئه‌ردۆگان به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه‌ی دا به‌كورد، ده‌نگیان بۆ دا‌و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵكشا، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌چوار ساڵی رابردودا وایكرد له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی شاره‌وانیه‌كاندا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆگان دابه‌زێت‌و پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك له‌53شاره‌وانیه‌وه‌ بۆ 99شاره‌وانی هه‌ڵكشا، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش بو عه‌بدوڵا گویل داوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورك كرد، چونكه‌ پاش سه‌ركه‌وتنی ده‌ته‌په‌ له‌هه‌ڵبژاردندا حكومه‌تی ئه‌ردۆگان ناچار بوو به‌به‌ڵێنه‌كانیدا بچێته‌وه‌‌و به‌دوای چاره‌سه‌ریدا بگه‌ڕێت فاكته‌رێكی تری گرنگ هاتنی ئۆباما بو بۆ توركیا‌و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورك‌و به‌موخاته‌ب وه‌رگرتنی وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی كورد به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م پاش هه‌ڵبژاردن.
بۆیه‌ له‌ئێستادا كه‌ په‌كه‌كه‌ وا به‌ئاسانی ناكه‌وێته‌ ژێر باری پێكهێنانی مه‌رجه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌م راستیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌گه‌لی باكور ئیدی ئیراده‌یه‌كی سیاسی هوشیاره‌‌و ده‌وڵه‌ت ناچاره‌ بیر له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی بكاته‌وه‌، شه‌ڕی كورد بۆته‌ هۆی هه‌ڵته‌كاندنی ژێرخانی ئابوریی‌و دروستبونی بێكاری‌و شڵه‌ژانی باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌هێزبونی تیمه‌كانی مافیا‌و قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كان له‌ئاستی ده‌وڵه‌ت‌و سوپا‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا، له‌م پێواژۆیه‌دا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت‌و سوپا به‌هێمنی نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌و گروری زاڵیان رێگه‌یان پێنه‌دات، به‌ڵام گه‌لێك بونی هه‌یه‌ كه‌هه‌موو جیهان  دۆزه‌كه‌ی ده‌ناسێت‌و بێ ئیراده‌ ناكرێت، دوركه‌وتنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد دواخستنی ئه‌ندامێتی توركیا له‌یه‌كێـتی ئه‌وروپا‌و قوڵبونه‌وه‌ی كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌ ناوخۆییه‌كانیه‌تی.
هه‌وڵی باشوری كوردستان به‌رامبه‌ر دۆزی ره‌وای باكوری كوردستان
رۆڵی سه‌ركرده‌كانی باشوری كوردستان هه‌میشه‌ به‌رامبه‌ر دۆزی كورد له‌باكور خراپ‌و نه‌رێێ بوه‌، هه‌ر له‌شه‌ڕی خیانه‌تی ساڵی 1992وه‌ تا كۆكوژییه‌كه‌ی 16ی گوڵانی ساڵی1997 له‌هه‌ولێر‌و چاوساغیكردن بۆ له‌شكری توركیا‌و له‌م دواییه‌شدا كردنه‌وه‌ی ده‌زگای سیخوڕی بۆ چاودێری ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌‌و به‌ستنی كۆنگره‌ی بلاتفۆرمی ئابانت له‌هه‌ولێر له‌15ی شوباتی شوم كه‌رۆژی ده‌ستگیركردنی به‌ڕٍێز ئۆجه‌لان بوو، چونی مام جه‌لال بۆ ئه‌نكه‌ره‌‌و دواكه‌وتنی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌هۆی 10خوله‌ك مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورك‌و دركاندنی مه‌ترسیدارترین په‌یڤی خه‌ونی شاعیرانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م گویلدا‌و له‌جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزدا كه‌تاكه‌ خاڵی هاوبه‌شه‌ بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌و مانایه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركرده‌‌و ره‌وتی سیاسی باشوری كوردستان رۆڵی له‌چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌باكوردا نه‌بینیوه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی توركیایان مه‌به‌ست بوه‌، وێڕای بێده‌نگبونیان له‌سنور به‌زاندنه‌كانی توركیا باشور، ئه‌مانه‌ مشتێكن له‌و عه‌یب‌و رۆڵه‌ نابه‌رپرسیاریانه‌ی بینیویانه‌.
له‌م كاته‌شدا كه‌ داوای به‌ئاشتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ده‌ستیپێكردوه‌، مام جه‌لال هه‌مان ئه‌و وته‌ی جارانی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ پابه‌ند بێت به‌و داوایه‌ی توركیاوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانێكه‌ ئه‌وه‌ توركیا بێت ئاگر به‌ست راده‌گه‌یه‌نێت‌و په‌كه‌كه‌ پابه‌ند نابێت پێوه‌ی كه‌ده‌یانه‌وێت له‌م كرانه‌وه‌یه‌ به‌رووی كوردی باكوردا كه‌ به‌هه‌وڵی په‌كه‌كه‌‌و ده‌ته‌په‌‌و گه‌لی باكوری كوردستان پێكهاتوه‌‌و ئه‌وان ته‌نها ئاگر خۆشكه‌ری پرسه‌كه‌ بون، پشكی شێر بۆ خۆیان رابكێشن‌و خۆیان بكه‌نه‌ فریادڕه‌سی سه‌ره‌كی كێشه‌كه‌ كه‌پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌. له‌دیارترین ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی كه‌هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی تێدا گێڕاوه‌ رێكه‌وتنی سه‌ر فه‌رمانداری تورك"بیویك ئانت" بو كه‌ كۆردیناسۆنێكی له‌نێوان ئێراق‌و ئه‌مریكا‌و توركیادا دروستكرد‌و هه‌رێمی كوردستانیشی به‌شدار كرد تێیدا دژ به‌په‌كه‌كه‌، سه‌ردانه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ توركیا كه‌هه‌میشه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌توركیا ئۆپه‌راسیۆنی ده‌وڵه‌ت  ده‌ستی پێكردوه‌‌و وته‌ ناهاوسه‌نگه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادینی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو كه‌كوردی باكورو په‌كه‌كه‌ی به‌تیرۆریست ناو برد‌و هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم داوایان له‌په‌كه‌كه‌ كردوه‌ سازش بۆ توركیا بكات‌و به‌هه‌ندێك مه‌رجی ساده‌‌و ئاسان رازی بێت له‌ساڵی 2002وه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان هاتۆته‌ سه‌ر حوكم زۆرترین تۆپبارانی سنوره‌كانی هه‌رێم كراوه‌ به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران‌و به‌بیانوی جۆراوجۆر‌و هه‌رێمیش هه‌ر بێ ده‌نگ بووه‌.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌رانی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا له‌داواكردن زیاتر هانی توركیا  بده‌ن رێز له‌ئیراده‌ی كورد بگرێت‌و پشتگیری خۆیان وه‌ك هه‌رێمێك به‌ئاشكرا بۆ ئاشتی باكور یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌‌و به‌جیدی هه‌نگاوی ستراتیژی بۆ سه‌رخستن‌و پاڵپشتی ده‌ته‌په‌‌و كوردی باكور پیشانبده‌ن ته‌نها رۆڵیان شیكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كه‌‌و لایه‌نگیری توركیا نه‌بێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌‌و هه‌وڵه‌ قوڵ‌و ژیره‌كانی رێبه‌ر ئۆجه‌لانه‌ كه‌هه‌میشه‌ مۆدێڵكی وه‌ك باشوری ره‌تكردۆته‌وه‌‌و هه‌وڵی سه‌رده‌میانه‌ی داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌‌و ماوه‌ی 10ساڵه‌ له‌زیندانێكی تاكه‌كه‌سیدایه‌ له‌سه‌ر ده‌ریای ئیجه‌‌و دوورگه‌ی ئیمراڵی كه‌ئۆجه‌لان دووه‌م كه‌سه‌ له‌و زیندانه‌دا به‌رگه‌ ده‌گرێت‌و یه‌كه‌م كه‌س كه‌ له‌توركیاوه‌ بۆ دورگه‌ی ئیمڕاڵی ده‌برێت ته‌نها دوو ساڵ توانیویه‌تی به‌رگه‌ی ئه‌و دورگه‌‌و نامۆبون‌و سه‌رنگوم كردنه‌ بگرێت، به‌ڵام به‌رێز ئۆجه‌لان كه‌به‌رده‌وام ژه‌هر خوارد‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌روونی ده‌كرێت هێشتا بۆ چاره‌سه‌ری‌و له‌سه‌ر پێ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ئیراده‌ به‌هێزه‌ی له‌گه‌لدا دروستی كردوه‌ به‌رده‌وامه‌‌و ئێستاش ده‌ڵێت هه‌رچی شتێك بۆ ئازادی گه‌ل پێویست بكات ده‌یكه‌م‌و هه‌رگیز بیری له‌ته‌سلیمبون‌و سازش بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌كردۆته‌وه‌ په‌كه‌كه‌ كه‌28مین سه‌رهه‌ڵدانی كوردییه‌ له‌مێژوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كوردیدا به‌هێزترین‌و ستراتیژیترین رێكخستنه‌ كه‌ پشتی به‌هێزی ده‌ره‌كی له‌گه‌ل زیاتر نه‌به‌ستوه‌‌و هێشتا پڕ وره‌ترین رێكخستنه‌ به‌رامبه‌ر به‌داگیركه‌رێكه‌ كه‌ئه‌ندامی ناتۆیه‌‌و سنوری گه‌یاندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌ به‌ ئه‌وروپا بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ش سه‌رنه‌گرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كانی باشور‌و سه‌رانی به‌شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی رابردویان بگۆڕێت.

Stare_arif@hotmail.com

ببورن له‌رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا 16گوڵانی 1997م به‌ساڵی 2007 نوسیوه‌.

 

Previous
Next