Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
نه‌نكم ئاشنای كردینه‌وه‌ به‌ باران ……  داستان به‌رزان

نه‌نكم ئاشنای كردینه‌وه‌ به‌ باران …… داستان به‌رزان

Closed
by September 11, 2009 ئەدەب

1
ڕیشۆڵه‌كان به‌یانیان دێن و
به‌ دزیی نه‌نكمه‌وه‌
زه‌یتونی حه‌وشه‌كه‌مان ده‌خۆن
نه‌نكم به‌ دزیی ڕیشۆڵه‌كانه‌وه‌
له‌ حه‌وشه‌كه‌دا داو ده‌نێته‌وه‌،
ئێواران ڕیشۆڵه‌كان دێن و
به‌ دزی داوه‌كه‌وه‌
زه‌یتونی حه‌وشه‌كه‌مان ده‌خۆن
داوه‌كه‌ به‌دزیی نه‌نكمه‌وه‌ خۆی ده‌خافڵێنێ‌
ده‌نكه‌ زه‌یتونه‌كانیش به‌ دزیی داوه‌كه‌وه‌
خۆ گلۆر ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م ڕیشۆڵه‌كان.

2
فرمێسكه‌كانی چاوی نه‌نكم
ده‌بنه‌ گۆرانی
ده‌تكێنه‌ دڵی منه‌وه‌.

3
نه‌نكم له‌ نێو حه‌وشه‌كه‌دا
دڵۆپه‌ باران ده‌چنێته‌وه‌ و
ده‌یبه‌خشێت به‌ دار هه‌نار.

4
شاعیره‌كه‌ بڕیاریدا
ئیتر به‌مه‌ستی بنوسێت
به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان بۆیه‌وه‌
كاتێك بینی وشه‌كانی به‌ سه‌رخۆشی
به‌ قسه‌ی ناكه‌ن و ناوه‌ستن،
به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت ڕیز نابن و
هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ سوچێكی په‌ڕه‌كه‌دا به‌لادا دێن!

5
گه‌ر شاعیره‌كان ده‌سه‌ڵاتداربن
ژیان ده‌بێته‌ قه‌سیده‌یه‌كی دێژ
وه‌لێ‌ تۆ بڵێی ژیان له‌ ناو قه‌سیده‌دا
چه‌نده‌ جوان بێت!

6
نیوه‌ڕۆیه‌كی وشكی هاوین
باخچه‌كه‌مان پڕ ده‌بێت له‌ باران
ئه‌مه‌ له‌ خه‌ونێكمدایه‌ كه‌ تۆ دێیت و
ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان ده‌كه‌یته‌وه‌.

7
له‌ شینایی چاوی كچێكدا به‌دوای شیعردا گه‌ڕام
كاتێك ته‌ماشای پشته‌وه‌ی خۆم كرد
پڕ پڕی بوو له‌ شیعری شین!

 

8
ئه‌و ڕۆژه‌ی دار هه‌ناری حه‌وشه‌كه‌یان بڕییه‌وه‌،
بۆ ئێواره‌ ئاگام لێبوو، دار نارنجی به‌رامبه‌ری
دوو سێ‌ گه‌ڵای ته‌ڕ و چه‌وری به‌ دار زه‌یتوندا بۆ نارد و
داوای لێكرد برینه‌كانی بپێچێت.

9
له‌سه‌ر ڕوومه‌تی چیا، درێژ ده‌بم
تا چاو بڕبكات ده‌نۆڕمه‌ شینایی
گژ و گیا ختوكه‌ی پشتم ده‌ده‌ن
شه‌ونمی به‌هارم لێده‌نیشێت
بۆنی ڕێواس لوتم پڕ ده‌كات
كراسه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ و
سنگم هه‌تاوی لێده‌ڕژێت
له‌ ناكاو بزه‌یه‌ك لێوانم ده‌جوڵێنێت و
چاو لێك ده‌نێنم و ده‌ڵێم:
چ جادوویه‌كی سه‌یری
ئه‌ی سروشت..؟!

10
هیچ شتێك ناتوانێت هێنده‌ی ئاوازێكی قاله‌ مه‌ڕه‌
ئینجانه‌.. ماسی.. مناڵی ناو وێنه‌ی ژووره‌كه‌م
بهێنێته‌ سه‌ما !

Dastan.barzan@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.