به بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن ….. ته‌رزه جاف
نامه‌یه‌كی به په‌له بۆ جه‌نابی سه‌رۆك كاك مه‌سعوود بارزانی
جه‌نابی سه‌رۆك ,
قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه"دواناوه‌ندی هه‌ولێری نموونه‌یی" شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه به‌ڕێزتان دوو ساڵ پێش ئێستا سه‌ردانتان كردین و له چه‌ند پۆلێكدا ئاماده بوون .
ئه‌م كێشه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مه به‌رده‌ستتان كێشه‌ی ده‌یان له‌و منداڵانه‌یه كه‌له ئه‌وروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ژیاون و ساڵانه به پابه‌ند بوون به بڕیاری كه‌س و كاریانه‌وه دێنه‌وه وڵاتی خۆیان و تووشی ئه‌زموونێكی تاڵ ده‌بن كه كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگه‌تیڤ له هزری ئه‌و منداڵانه‌دا به‌جێده‌هێڵێت كه له قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردان و ده‌بێته هۆیه‌ك تا كوردستانیان له به‌رچاو بكه‌وێت و هه‌ستی ئینتیمایان نه‌بێت.
له یه‌كه‌مین ڕۆژی چوونه‌وه‌م بۆ قوتابخانه بینیم دیسان ژماره‌یه‌كی تر له‌م قوتابیانه له قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه وه‌رده‌گیرێن , ئه‌وان كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جیاواز له كوردستان په‌روه‌رده بوون ده‌یان گرفت ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه له هه‌موو بواره‌كاندا ؛ ئه‌م گرفتانه جۆراوجۆرن و جیاوازی په‌روه‌رده و كۆمه‌ڵگا تیایدا به زه‌قی به‌دی ده‌كرێت به‌ڵام له هه‌مووی زه‌قتر و سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه هیچ ئاماده‌كاریه‌كی زانستی نه‌كراوه بۆ خوێندنی ئه‌م قوتابیانه‌ی كه زۆربه‌ی یاخود هه‌موو ژیانی خۆیان له وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌سه‌ربردووه و زۆربه‌یان به بڕیاری كه‌س و كاریان به ناچاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه كوردستان .
ده‌بێت ئه‌وه‌مان له بیر بێت كه ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كورد له وڵاتانی ڕۆژئاوا په‌ناهه‌نده‌ن و ئه‌و منداڵانه‌ی كه دێنه‌وه به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌ن له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حكوومه‌ت.
قوتابخانه‌ی هه‌ولێری نموونه‌یی "كه پێشتر ناوی هه‌ولێری به‌هره‌داران بوو" تایبه‌ته به و قوتابیانه‌ی كه ئاستی زیره‌كیان له سه‌رووی قوتابی ئاساییه‌وه‌یه .
زمانی خوێندن تێیدا گۆڕاوه بۆ زمانی ئینگلیزی و ئه‌مساڵ ده‌بێته یه‌كه‌مین ساڵ كه هیچ پۆلێكی كوردی له‌م قوتابخانه‌یه نامێنێت و سه‌رتاپا ده‌بێته ئینگلیزی , كه‌واته ئه‌م قوتابخانه‌یه له سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی قوتابیه‌كانی زمانی خوێندن تێیدا بوه‌ته ئینگلیزی و نمره‌ی وه‌رگرتن له‌م قوتابخانه‌یه‌دا له سه‌رووی هه‌موو قوتابخانه نموونه‌ییه‌كانی تره‌وه‌یه.
من وا بۆ سێ ساڵه له‌م قوتابخانه‌یه كاری ڕابه‌ری په‌روه‌رده‌یی ده‌كه‌م , بواری كاركردنم وایكردووه زۆر له نزیكه‌وه ئاگاداری گرفتی قوتابیه‌كان بم و له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌ختترین گرفتێك كه بێچاره وه‌ستاوم له به‌رده‌میدا گرفتی قوتابیه گه‌ڕاوه‌كانه له هه‌نده‌رانه‌وه .
ئه‌مه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بوو كه من له و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسم كرد كه دوابه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی جه‌نابتان سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێز دكتۆر فوئاد حوسێن له قوتابخانه‌كه‌ماندا ئه‌نجامی دا و پێشنیاری ئه‌وه‌م خسته پێشی كه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت دابمه‌زرێت بۆ دانانی میتۆدێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌م قوتابیانه كه گونجاو بێت له گه‌ڵ ئاستی ئه‌و پۆلانه‌ی وه‌ریان ده‌گرێت و ئه‌م قوتابیانه به پێی ئه‌م میتۆده زمانی كوردی و عه‌ره‌بی فێربكرێن و بابه‌تێكی تایبه‌ت به مێژووی كوردستان و ناوچه‌كه‌ش بخوێنن تا شاره‌زاییه‌ك له باره‌ی زمان و مێژووی وڵاتی خۆیان په‌یدا بكه‌ن كه ئاماده‌یان بكات بۆ خوێندن له كوردستاندا , جه‌نابی دكتۆر فوئاد به بایه‌خه‌وه گوێی بۆ ڕاگرتم و گرنگی به مه‌سه‌له‌كه دا كه‌چی بۆ ساڵی دواتر كه قوتابخانه كرایه‌وه من تووشی شۆك هاتم : له باتی چارسه‌ر كردنی ئه‌م گرفته گه‌وره‌یه زانیم كه پۆلی ته‌مهیدی داخراوه!!!
ئه‌مه‌ش مانای وایه قوتابیه‌كی گه‌ڕاوه له ئه‌وروپاوه یاخود له ئه‌مریكاوه ده‌بێت بچێته پۆله‌كانی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و ناچار بێت بێ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بزانێت تاقیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێزمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی بكات ,! له‌مه كاره‌سات گه‌وره‌تر هه‌یه؟پێش ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌م كه له ڕێگه‌ی نامه‌یه‌كی كراوه‌وه بۆ جه‌نابتان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مه‌تره‌ح بكه‌م چه‌ند هه‌وڵێكی بێ ئه‌نجامم له گه‌ڵ قوتابیه‌كان داوه , هه‌روه‌ها له نزیكه‌وه ئاگاداری چه‌ند هه‌وڵێكم كه كه‌س و كاری هه‌ندێك له‌م قوتابیانه داویانه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه‌یان , به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌وره و مه‌ترسیداره و په‌یوه‌ندی به داهاتووی نه‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌یه كه‌چی زۆر به ساردی و بێبایه‌خانه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ كراوه و هیچ هه‌نگاوێكی جیدی بۆ نه‌كراوه له راستیشدا كه‌مته‌رخه‌میه‌كه ته‌نها له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وه سه‌رچاوه ناگرێت به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مته‌رخه‌می كه‌س و كاره‌كانی ئه‌م قوتابیانه‌ش كه ژماره‌یه‌كی زۆریان له وڵاتانی ڕۆژئاواوه هاتوونه‌ته‌وه و پۆستی به‌رزی وه‌زاره‌ت و ڕاگرایه‌تی و به‌ڕیوه‌به‌رێتیه‌كانیان هه‌یه كه‌چی تا ئێستا هه‌وڵی جیددیان نه‌داوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ڕۆڵه‌كانیان و ته‌نها ڕێگاچاره‌یه‌ك كه زۆربه‌ی دایك و باوكه‌كان گرتوویانه‌ته به‌ر گرتنی مامۆستای خسوسی بووه بۆ منداڵه‌كانیان كه ئه‌مه‌ش به هه‌موو كه‌س و كاره‌كان ناكرێت , جگه له‌وه‌ی ئمه ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حكومه‌ته ,ئه‌وانیش له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن كه له وڵاتانی رۆژئاوا كاتێك وه‌كو په‌ناهه‌نده ڕوویان كردۆته ئه‌وێ به پرۆگرامێكی تێر و ته‌سه‌ل فێری زمانی ئه‌و وڵاته كراون كه‌چی له وڵاتی خۆیاندا منداڵه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی گرفتانێك ده‌بنه‌وه كه چاره‌سه‌ر كردنیان ته‌نها له ڕێگه‌ی پرۆگرامێكی جیدیه‌وه ده‌كرێت كه ده‌بێت له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه بێت.
ده‌بێت میتۆدێكی تایبه‌تی و به دیراسه‌ته‌وه بۆ ئه‌م قوتابیانه ئاماده بكرێت و ئه‌مساڵی خوێندن وا ده‌ست پێده‌كاته‌وه , قوتابیه‌كانیش ئه‌مانه‌تن له ئه‌ستۆی ئێمه‌دا , ئه‌وان لای من گرفته‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژن و ده‌گرین و تووڕه‌ده‌بن منیش ته‌نها ڕێگه‌م ئه‌مه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه.
ساڵانه ده‌یان قوتابی دێنه‌وه كوردستان كه من له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌م توێژه‌یانم كه له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدان به حوكمی كاره‌كه‌م له‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه ئه‌م قوتابیانه‌ی ته‌نها له به‌ر ئه‌وه بۆ ده‌نێردرێن چونكه زمانی خوێندن تیایدا ئینگلیزیه!
زۆربه‌ی زۆری ئه‌م قوتابیانه ئه‌لف و بێی نووسینی كوردی فێر نه‌بوون كه‌چی راسته‌و خۆ ده‌خرێنه ناو پۆله‌كانه‌وه و ناچارن تاقیكردنه‌وه‌ی زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و كوردی و ئینگلیزی و مێژوو وجوگرافیا ئه‌نجام بده‌ن له ته‌نیشت ئه‌و قوتابیانه‌وه كه له كوردستان ژیاون و قوتابی سه‌ربژارده‌ی ناو شاره‌كه‌ی خۆیانن , ته‌نها چاره‌سه‌رێك كه كراوه تا ئێستا ئه‌وه‌یه كه ئه‌و قوتابیانه به نمره‌یه‌كی دیاریكراو یارمه‌تی ده‌درێن كه بۆ ئه‌مساڵ 20 بوو به‌ڵام ئایا ئه‌مه چاره‌سه‌ره؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره خۆزگه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌م قوتابیانه بۆ ساڵی خوێندنی 2008_2009 تا ببینن چ كاره‌ساتێك ڕوو به ڕووی توێژێكی فراوان له‌م جیله ده‌بێته‌وه!تا دوو ساڵیش پێش ئێستا " كه‌واته هه‌تا ئه‌و كاته‌ی سه‌ردانتان كردین" پۆلێكی ته‌مهیدی هه‌بوو ئه‌م قوتابیانه تیایدا ده‌یانخوێند و فێری زمانه‌كان ده‌كران (عه‌ره‌بی و كوردی و ئینگلیزی) , وه‌لێ ئه‌و كاتیش گرفته‌كه به شێوه‌یه‌كی تر بوو له هه‌مووشیان گرنگتر ئه‌وه بوو كه هیچ میتۆدێكی گونجاو نه‌بوو تایبه‌ت به‌م قوتابیانه ؛ به میتۆدێكی سه‌ره‌تایی و نه‌گونجاو فێری زمانه‌كان ده‌بوون و ئینجا بۆ ساڵی دواتر ده‌بووایه بچنه ناو پۆله دیاریكراوه‌كان و ڕوو به‌ڕووی چه‌ند وانه‌یه‌ك ببنه‌وه كه پڕاو پڕه له زمان و زاراوه‌و تێكه‌ڵاویه‌كی بێسه‌روبه‌ر كه ئه‌مان هیچی لێنازانن .
ئه‌م قوتابیانه له گه‌ڵ هاتنه‌وه‌یان له وڵاتانی ڕۆژئاواوه و به فه‌رمانێكی كه له په‌روه‌رده‌وه هاتووه , دێن , به كوڕ‌و به كچه‌وه له وڵاتانی وه‌ك ئه‌ڵمانیا و نه‌رویج و كه‌نه‌دا و سوید و دانیمارك و ئوسترالیا و ئیسپانیا‌و هه‌موو وڵاته رۆژئاوایه‌كانه‌وه و هه‌ڵده‌ڕژێنرێنه ناو پۆله‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه به پێی قۆناغه‌كانی كه بۆیان دیاری كراوه تێكه‌ڵی قوتابیانی قوتابخانه‌كه ده‌كرێن ,ئه‌مه له كاتێكدا ده‌یان جیاوازی له نێوان ئه‌مان و قوتابیه ئه‌سڵیه‌كانی قوتابخانه‌كه هه‌یه ئه‌مه‌ش ده‌بێته زه‌ره‌رێكی دوولایه‌نه و ئه‌و لایه‌نه‌ی زیانه گه‌وره‌كه‌ی به به‌رده‌كه‌وێت قوتابیه گه‌ڕاوه‌كانن كه له ناو قوتابخانه‌كه‌دا به (خارجیه‌كان) یاخود ئه‌وروپیه‌كان ) ناوده‌برێن!
جه‌نابی سه‌رۆك,
له گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن , ئه‌مساڵیش وه‌كو پار و پێرار قوتابیه‌كان چاو به فرمێسك یاخود تووڕه دێن و داوای چاره‌سه‌ر له من ده‌كه‌ن, منیش كه باشده‌زانم جه‌نابتان به ده‌یان مه‌سه‌له و كێشه ی سیاسیه‌وه سه‌رقاڵن و له به‌ر درككردنم به گرنگی مه‌سه‌له‌كه له باری ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییدا ئه‌م ئه‌ركه به داوای لێبوردنه‌وه ده‌خه‌مه ئه‌ستۆی ئێوه .
ته‌رزه جاف
رابه‌ری په‌روه‌رده‌یی