سه‌د ساڵ دوای مردنی چێخه‌ف
سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له ڕێکه‌وتی یازده‌ی ته‌مموزی ساڵی 1904 دا نووسه‌ر گه‌وره‌ی ڕووسی چێخه‌ف جانتاکه‌ی ده‌پێچێته‌وه و به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی، هونه‌رمه‌ندی شانۆیی ” ئۆلگا کنیپه‌ر ” به‌ره‌و ناوچه‌ی ”شوارزوڵد” ی ئه‌ڵمانی به‌ڕێ ده‌که‌ون.
ئه‌م گه‌شته‌ش دوا گه‌شتی چێخه‌ف ده‌بێت و هه‌رگیز جاریکی تر ناگه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا1 و بۆ ماڵه‌که‌ی خۆی.
ئه‌نتۆن پاڤلۆڤیچ چێخه‌ف 1860_ 1904 ته‌مه‌نی زۆر کورت بوو. ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه هه‌ر له هه‌ڕه‌تی لاوێتییه‌وه دووچاری نه‌خۆشی سیل ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ش له شاری یاڵتا و له نیمچه دورگه‌ی کریم ده‌ژیا.
شاری یاڵتا به‌لای چێخه‌فه‌وه تاوارگه‌یه‌کی دوور و گران بووه، به‌ڵام چاری نه‌بووه، ئاو و هه‌وای ئه‌م شاره تاکه ڕیگای هه‌ناسه‌دانێکی پاک و به‌رده‌وامی ژیانی بووه. چێخه‌ف به هیوای ئه‌وه بووه که له یاڵتا ته‌ندروستی باش بێت و هێدی هێدی به‌ره‌و چاکبوونه‌وه‌ش بڕوات. له‌ڕاستیدا چێخه‌ف ده‌یویست له شاری مۆسکۆی پایته‌خت و له‌گه‌ڵ ئۆلگا کنیپه‌ری هاوسه‌ریدا بژی. بیگومان مۆسکۆ سه‌نته‌رێکی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری و چالاکی شانۆیی و ژیانی به‌زم و ڕه‌زمی شه‌وان بووه. چێخه‌ف هه‌میشه وه‌ک کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک”2 خه‌ونی به مۆسکۆوه ده‌بینی. هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، به‌رده‌وام شانۆنامه‌کانی چێخه‌فیان پێشکه‌ش ده‌کرد و ئۆلگا کنیپه‌ریش ئه‌کته‌رێکی سه‌ره‌کی ئه‌و نمایشه گرنگانه بوو. به پێچه‌وانه‌شه‌وه یاڵتا به‌ندیخانه و ته‌نیایی بووه بۆ چێخه‌ف، له زوربه‌ی نامه‌کانیشیدا بۆ ئۆلگا کنیپه‌ر3، ئاماژه‌ی به دڵته‌نگی و هه‌ستکردن به ته‌نیایی خۆی کردووه.
ئه‌مڕۆ دوای سه‌د ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دوایی ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه‌دا، شاری یاڵتا ئاهه‌نگی یادی چێخه‌ف ده‌گێڕێ و هه‌روه‌ها بۆته شارێکی ڕازاوه‌ی گه‌شتوگوزاریش.یادی سه‌د ساڵه‌ی کۆچی چێخه‌ف
له مانگی ته‌مموزی ساڵی 2005 دا به‌شداری هه‌فته‌یه‌کی ڕۆشنبیریم کرد که پێکهاتبوو له سیمینار، نمایش‌کردنی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف، وۆرکشۆپ، پیشاندانی فیلمی دیکۆمینتی و به فیلمکردنی شاکاره‌کانی و به تایبه‌تیش چیڕۆکی ”خانم و سه‌گه‌که‌ی”4 له شاری یاڵتا.
شاره‌وانی شاری یاڵتا به بۆنه‌ی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر کۆچکردنی چێخه‌فدا گه‌وره‌ترین فێستیڤاڵ و ئاهه‌نگیان گێڕا. ماڵه‌که‌ی چێخه‌فیش که ئێستا مۆزه‌خانه‌یه، له سه‌نته‌ری ئه‌م چالاکییانه‌دا بوو. ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ش ڕوویه‌کی کولتووری و گه‌شتوگوزاری شاری یاڵتایه و ساڵانه به هه‌زاره‌ها که‌س له‌هه‌موو جیهانه‌وه ڕووی تێده‌که‌ن. زوربه‌ی چالاکی و سیمیناره‌کانی ئه‌م هه‌فته‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و جیاوازی ژیانی چێخه‌ف بوو له شاری یاڵتا. هه‌روه‌ها شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک” و ”باخی گێلاس” یش له‌سه‌ر شانۆکانی ئه‌م شاره و له‌لایه‌ن تیپی جیاوازی ڕووسی و وڵاتانی تری بیانییه‌وه پێشکه‌ش کرا.یاڵتا و چێخه‌ف
چێخه‌ف به‌رله‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له یاڵتا و نیمچه سوورگه‌ی کریم جێگیر بێت، هه‌میشه ڕووی کردۆته ئه‌م شاره و له میوانخانه و ژووری کرێدا ژیاوه. دوای ئه‌وه‌ی پزیشکه‌کان ئاگاداری ده‌که‌نه‌وه که له‌بری مۆسکۆ له شوینێکی تری له‌بار بژی، شوێنێک که ئاووهه‌واکه‌ی گه‌رمتر و خۆشتر بێت. دوای ئه‌م رینماییه‌ی پزیشکه‌کان، چێخه‌ف به ته‌واوه‌تی ده‌گوێزێته‌وه بۆ یاڵتا، سه‌ره‌تا پارچه زه‌وییه‌ک ده‌کڕێ و خانوویه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروست ده‌کات. خانووه‌که له سه‌ره‌تای ساڵی 1899 دا ته‌واو ده‌بێت و دواتر هه‌موو ژیانی تێدا ده‌باته سه‌ر5.
شاری یاڵتا بۆ چێخه‌ف زیاتر له‌دوای ناسینی ئۆلگا کنیپه‌ره‌وه ده‌بێته سیبریا، دۆزه‌خ و دوورگه‌یه‌کی بێ سنووری ته‌نیایی6. چێخه‌ف بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی 1898 دا و له‌کاتی یه‌کێک له پرۆڤه‌کانی شانۆنامه‌ی ”باڵنده‌ی ده‌ریا” دا له شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، ئۆلگا کنیپه‌ر ده‌بینێ. له‌و ده‌مه‌دا ئۆلگا کنیپه‌ر، کیژه ئه‌کته‌رێکی گه‌نج و تازه پێگه‌یشتوو، به‌ڵام به پێچيوانه‌وه چێخه‌ف، وه‌ک نووسه‌رێک ناوێکی گه‌وره و دیاری ئه‌ده‌بی ئه‌وکاته‌ی ڕووسیا بوو. چێخه‌ف هه‌ر له‌دوای ئه‌و چه‌ند کاتژمێره‌وه ده‌بێته عاشقی ئه‌و کیژه گه‌نجه، بۆ رۆژی دواییش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا، چیتر جێگا به‌خۆی ناگرێ.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا، زوربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌خۆشی سیلیان بووه، هاتوونه‌ته ئه‌م شاره. هه‌وایه‌کی پاکی سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش و ئاو و هه‌وای ناوچه‌که زۆر له‌بار بووه بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه و هه‌روه‌ها نه‌خۆشه‌کانیش له‌و بڕوایه‌دا بوون که له شاری یاڵتا چاک ده‌بنه‌وه.خانووه سپییه‌که
چێخه‌ف له‌و ڕۆژگاره‌دا به شێوازێکی مۆدێرن خانووه‌که‌ی دروست ده‌کات، په‌نجه‌ره‌ی گه‌وره و بازنه‌یی، ڕووکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی داگیرده‌کات. خودی خانووه‌که‌ش دوو نهۆم و نۆ ژوور له‌خۆ ده‌گرێت: نهۆمی یه‌که‌م ژووری نووستنه‌که‌ی، ژووری کار و نووسین، هه‌یوانێکی به‌رزی شووشه‌به‌ندی گه‌وره، ژوورێکی میوان و ژوورێکیش بۆ دایکی. له نهۆمی ئه‌رزیشدا، ژوورێک بۆ ئۆلگا کنیپه‌ر، ژوورێکی میوانی تایبه‌ت به‌خۆی، بۆ نموونه له‌م ژووره‌دا میوانداری مه‌کسیم گۆرکی کردووه، ژوورێک بۆ که‌س و کار، بۆ نموونه ماریای خوشکی و میخایلی برای. هه‌روه‌ها له‌م نهۆمه‌شدا ژوورێکی گه‌وره‌ی چا خواردنه‌وه هه‌یه. ئه‌م خانووه گه‌وره‌یه به باخچه‌یه‌کی ئێجگار به‌رفراوان چوار ده‌وری گیراوه و ئه‌رکی دروستکردن و دارایی و ڕاگرتنی ئێجگار گران ده‌بێت بۆ چێخه‌ف، له‌به‌رئه‌وه ناچار ده‌بێت مافی له‌چاپدانه‌وه و نووسینه‌کانی بفرۆشێت، تا دارایی ته‌واوکردن و به‌رێوه‌بردنی خانووه‌که‌ی دابین بکات. ئه‌م خانووه گه‌وره‌یه له‌و سه‌رده‌مه‌دا و ئێستاش هه‌ر به ”خانووه سپییه‌که” به‌ناوبانگه و له سه‌رده‌می دروستکردنیدا زۆر جیاواز، مۆدێرن بووه.سه‌ردانی ماڵی چێخه‌ف
سه‌رله‌به‌یانییه‌کی ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌مموز، له‌ناوجه‌رگه‌ی شاری یاڵتاوه، من و لیزای هاوڕێم به‌پێ به شه‌قامی ”کیرۆڤدا” دا سه‌رکه‌وتین، ماڵه‌که‌ی چێخه‌ف ده‌که‌وێته ژماره 112 ی ئه‌و شه‌قامه‌وه Yl, Kupoba, 112 (7)، خودی ناوچه‌که‌ش به‌شه کۆنه‌که‌ی شاری یاڵتایه. له‌ڕێگا هه‌ندی جار پرسیارمان له داپیره‌یه‌ک یان پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن ده‌کرد، ئه‌وانیش به زه‌رده‌خه‌نه و به ڕوویه‌کی خۆشه‌وه زیاتر ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌وژوورتریان ده‌کردین. که گه‌یشتینه به‌ر ده‌رگاکه، به‌شێوازی جاران و هه‌روه‌ک سه‌رده‌می چێخه‌ف، له‌سه‌ر ده‌رگاکه ناوی ته‌واو و ناونیشانی ئه‌نتۆن پاڤلۆڤیچ چێخه‌ف، به دیواره‌که‌وه داکوتراوه.
دایه‌گه‌وره‌یه‌کی سه‌ر سپی له‌ناو ده‌رگاکه‌ی به‌شی خواره‌وه‌ی خانووه‌که‌دا، به ده‌نگمانه‌وه هات و به فه‌رموو فه‌رموو بردینییه ژووره‌وه. خانووبه‌ره‌یه‌کی ڕازاوه، پاک و خاوێن و هه‌موو که‌لوپه‌ل و شته‌کانی ناو خانووه‌که‌ی سه‌رده‌می چێخه‌فه و هیچ ده‌سکارییه‌ک نه‌کراوه. چێخه‌ف خۆی چۆن له ساڵی 1904 دا بۆ دواجار خانووه‌که‌ی جیهێشتووه، هه‌روه‌کو خۆی ماوه و پارێزگاری کراوه8.
خانووبه‌ره‌که ئێجگار دڵگیره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چێخه‌ف هه‌ستی به نائارامی کردووه، به‌رده‌وام له نامه‌کانیدا بۆ ئۆلگا کنیپه‌ر باسی ئه‌وه ده‌کات، یادی مۆسکۆ و شه‌قامه‌کانی، ژیانی رۆشنبیری و شانۆکانی ده‌کات. چێخه‌ف له نامه‌کانیدا داوا له ئۆلگا کنیپه‌ر ده‌کات که زۆر به وردی و دوور و درێژی باسی هه‌موو شتێکی بۆ بکات: هه‌ر له ڕۆژانی مه‌شق، شه‌وانی نمایشه‌کان و خوێندنه‌وه‌کانی ستانسلاڤسکییه‌وه بۆ شانۆنامه‌کانی، تا ده‌گاته هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی ژیانی خۆی. هه‌روه‌ها چێخه‌ف په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی به دایکی و خوشکه‌که‌یه‌وه هه‌بووه، به‌رده‌وام سه‌ردانیان کردووه و نامه‌یان بۆ نووسیوه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بووه چ دایکی و چ خوشکه‌که‌ی، یه‌کی ژوورێکی تایبه‌ت به خۆیان له‌و خانووه‌دا هه‌بووه.
چێخه‌ف جگه له نووسین، کاتێکی زۆری به سه‌رپه‌رشتیکردن، چاندن و ئاودانی باخچه‌که‌یه‌وه به‌سه‌ر بردووه. تا ئێستاش به چوارده‌وری دیواره‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌که‌یدا به هه‌زاره‌ها گوڵی جوانی جۆراوجۆر ده‌گه‌شێنه‌وه. دارهه‌نجیر، گێلاس و سنه‌وبه‌ر به‌هه‌ر چوارلادا به‌رزبوونه‌ته‌وه و سنوورێکی سه‌وز و ڕازاوه‌یان به چوار ده‌وری ئه‌و باخچه گه‌وره‌یه‌دا دروست کردووه. داره‌کان وه‌ک چه‌ترێکی گه‌وره سێبه‌رێکی فێنکیان به‌سه‌ر پانتایی و ڕووبه‌ری باخچه‌که‌دا دروست کردووه. لێره و له‌وێ له سووچ و ژێر سێبه‌ری داره‌کاندا، کورسییه ته‌خته‌کانی چێخه‌ف تا ئێستا وه‌ک خۆی ماونه‌ته‌وه. له یه‌کێک له سووچه‌کاندا، یه‌کێک له کورسییه ته‌خته‌کانی چێخه‌ف که به‌رده‌وام له‌سه‌ری دانیشتووه وه‌ک خۆی ماوه. له‌سه‌ر ئه‌م کورسییه ده‌ستی له‌ناو ده‌ستی ئۆلگا کنیپه‌ردا بووه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م کورسییه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌کسیم گۆرکی هاوڕێی دانیشتووه و گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و ژیانه‌وه کردووه. چێخه‌ف له زۆر له نامه‌کانیدا باسی باخچه‌که‌ی ده‌کات و له یه‌کێک له‌و نامانه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که هێنده سه‌رقاڵی باخچه‌که‌یه‌تی، خه‌ریکه له‌بری نووسه‌ر ده‌بێته باخه‌وان.
چێخه‌ف جگه له باخچه‌که‌ی، ئێوارانیش به‌نێو شار، سه‌رشه‌قام و ڕۆخی ده‌ریای ڕه‌شدا پیاسه‌ی کردووه. له یه‌کێک له پیاسه‌کانی ئه‌و ئێوارانه‌یدا بیرۆکه‌ی چیڕۆکی ”خانم و سه‌گه‌که‌ی9” له‌لا دروست بووه. شوێنی ڕووداوه‌کانی چیرۆکه‌که‌ش شاری یاڵتا و ڕۆخی ده‌ریای ڕه‌شه. ئێستا به یادی چێخه‌فه‌وه، رۆژانه هه‌زاره‌ها که‌س له‌م سه‌ری شه‌قامه‌که‌وه ده‌چن بۆ ئه‌وسه‌ری. هه‌روه‌ها بۆ ڕێزلێنان و یادی چێخه‌فیش په‌یکه‌رێکی قه‌شه‌نگی ”خانم و سه‌گه‌که‌ی” یان له‌گه‌ڵ چێخه‌ف پێکه‌وه دروست کردووه. له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، یاڵتا به‌هۆی ئاو و هه‌وا سازگاره‌که‌یه‌وه، بایه‌خێکی زۆر په‌یدا ده‌کات و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بۆ گه‌شتوگوزار ڕووی تێده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی ”نیکۆلای دووه‌م” ی ڕووسیای قه‌یسه‌ری له ساڵی 1911 دا کۆشکێکی گه‌وره‌ی هاوینه‌ی بۆ خۆی و خێزانه‌که‌ی به‌ناوی ”لیڤادیا”10 ه‌وه له ده‌وروبه‌ری شاری یاڵتا دروست ده‌کات، هێنده‌ی تر ناو و ناوبانگی ئه‌م شاره به‌ناو هه‌موو ڕووسیادا بڵاوده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها زوربه‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کانی ڕووسیاش، هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌رده‌وام سه‌ردانی ئه‌و شاره‌یان کردووه.شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ له یاڵتا
له پاییزی ساڵی 1900 دا ستانسلاڤسکی و تیپی هونه‌ریی مۆسکۆ، له گه‌شتیکی هونه‌رییاندا سه‌ردانی شاری یاڵتا ده‌که‌ن. له‌و گه‌شته‌یاندا هه‌ردوو شانۆنامه‌ی ”لالۆ ڤانیا” و ” باڵنده‌ی ده‌ریا” پێشکه‌ش ده‌که‌ن. دوای دوا نمایشی ئه‌و وه‌رزه‌ی هونه‌ری مۆسکۆ له یاڵتا، ستانسلاڤسکی ئاهه‌نگێکی گه‌وره بۆ رێزلێنان له چێخه‌ف ده‌گرێت. هه‌روه‌ها تێکڕای گرووپه‌که بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له ماڵی چێخه‌ف ده‌مێننه‌وه. دوای ئه‌و ڕووداوه هونه‌رییه، هه‌موو ساڵێک له پایزدا ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ، سه‌ردانی یاڵتایان کردووه، له‌م سه‌ردانانه‌دا شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف و سیمینار و کۆڕ و گفتوگۆیان گێڕاوه11.
چێخه‌ف هه‌میشه میوانی هاتووه، له وه‌خت و ناوه‌ختدا له ده‌رگای ماڵه‌که‌ی دراوه. زۆر له که‌سایه‌تییه کولتوورییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، بۆ نموونه مه‌کسیم گۆرکی، ئیڤان بیونی، سیرگێی ڕه‌حمانۆڤ سه‌ردانیان کردووه، ئه‌مه جگه له کۆمه‌ڵێ ”میوانی ناوه‌خت”.
چێخه‌ف له به‌شێک له نامه‌کانیدا ناڕه‌حه‌تی خۆی بۆ ئۆلگا کنیپه‌ر ده‌ربڕیوه که هێنده میوانی زۆره ناتوانێ کار بکات. چێخه‌ف له سه‌رده‌می خۆشی‌دا، وه‌ک نووسه‌رێکی گه‌وره و مه‌زن ناوبانگی هه‌موو ڕووسیای گرتبووه‌وه، له‌به‌رئه‌وه زۆرجار خه‌ڵکی له‌چوارده‌وری ماڵه‌که‌ی کۆبوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیبینن. له ئه‌نجامدا چێخه‌ف ناچار ده‌بێت خانوویه‌کی تری بچووک له ده‌ره‌وه‌ی شاری یاڵتاوه بکڕێت12.
له‌م خانووه‌یدا به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌راسانی بکات شاکاره‌کانی نووسیون. هه‌روه‌ها به‌شێکی زۆری نه‌خۆشه سیلاوییه‌کان ده‌رگایان به چێخه‌ف گرتووه تا چاره‌سه‌ریان بکات، هه‌ندێ له‌و نه‌خۆشانه زۆر هه‌ژار بوون و چێخه‌ف هه‌ستی به په‌ژاره و نه‌هامه‌تییه‌کی زۆر کردووه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی داوه یارمه‌تییان بدات.
بۆ نموونه له‌نێو هاوڕێکانیدا هه‌وڵی پاره کۆکردنه‌وه‌ی داوه، له ڕۆژنامه‌کاندا ڕاسته‌وخۆ له باره‌یانه‌وه نووسیویه‌تی و باره دژواره‌که‌یانی بۆ خه‌ڵکی و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ڕوون کردۆته‌وه.13.
چێخه‌ف هه‌رچه‌نده خۆی پزیشک بووه، به‌ڵام هه‌رگیز دانی به‌وه‌دا نه‌ناوه که خۆیشی زۆر به توندی نه‌خۆشی سیلی هه‌یه و پێویستی به چاره‌سه‌رکردنه. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا نه‌خۆشی، ڕاسته‌وخۆ ته‌نگ به چێخه‌ف هه‌ڵده‌چنێ، به‌رده‌وام تای لێهاتووه، که کۆکیوه خوێنی فڕێ داوه و هه‌ندێ جار به‌ته‌واوی بێ هیوا بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌خۆشی، هه‌ستکردن به ته‌نیایی، دووری له ئۆلگا کنیپه‌ر، مۆسکۆ و شانۆکانه‌وه، به‌شێکی زۆری له به‌رهه‌مه گه‌وره‌کانی، ج له بواری چیرۆک یان شانۆ، له یاڵتا و نیمچه دورگه‌ی کریم نووسیوه. سه‌رده‌می یاڵتا بۆ چێخه‌ف کاتێکی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ له به‌رهه‌م ده‌بێت. جگه له چیرۆکی ”خانم و سه‌گه‌که‌ی” 1899، هه‌ر بۆ نموونه شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک” 1901 و ”باخی گێلاس” 1904 ی له یاڵتا نووسیون.
به‌ر له سه‌د ساڵ، هاوینی ساڵی 1904، چێخه‌ف ده‌رگای ماڵه‌که‌ی داده‌خات و له‌گه‌ڵ ئۆلگا کنیپه‌ری هاوڕێ و دۆست و خێزان، به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ونه ڕێ.
هۆکاری ئه‌و گه‌شته و به‌تایبه‌تیش بۆ ناوچه‌ی ”شوارزواڵد” بۆ چاره‌سه‌رکردن بووه، به‌ڵام چێخه‌ف هه‌رگیز جارێکی تر ناگه‌ڕێته‌وه بۆ یاڵتا و له پازده‌ی ته‌مموزدا کۆچی دوایی ده‌کات.
ئۆلگا کنیپه‌ر له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا به‌م شێوه‌یه مه‌رگی چێخه‌ف ده‌گێڕێته‌وه:” کاتژمێری یه‌کی شه‌و چێخه‌ف له خه‌و هه‌ستا، باری ده‌روونی و ته‌ندروستی باش نه‌بوو، هه‌ناسه‌ی بۆ نه‌ده‌درا. دوای کاتژمێرێک، پزیشکێک گه‌یشته‌جێ. ئه‌نتۆن هه‌ستایه سه‌ر پێ و به پشتێکی ڕێک و ده‌نگێکی به‌رز و ڕوون و ئاشکرا، به زمانی ئه‌ڵمانی گوتی:( هه‌رچه‌نده ئه‌نتوان زمانی ئه‌ڵمانی باش نه‌ده‌زانی ) شه‌مپانیام ده‌وێ. پزیشکه‌که فه‌رمانی پێدام که شه‌مپانیای بۆ بێنم. ئه‌نتۆن په‌رداخه‌که‌ی لێوه‌رگرتم، به‌باشی تێیڕوانی، به ڕوویه‌کی پڕ له زه‌رده‌خه‌نه‌وه ڕووی تێ‌کردم و گوتی:” زۆر له مێژه شه‌مپانیام نه‌خواردۆته‌وه.” په‌رداخه شه‌مپانیاکه‌ی خوارده‌وه، به‌بێ جووڵه و به‌سه‌ر لای چه‌پیدا ڕاکشا و من به ته‌واوه‌تی فریا نه‌که‌وتم ڕابکه‌مه لایه‌وه، خۆم به‌سه‌ر جێگاکه‌یدا شۆڕکرده‌وه و هاوارم لێکرد، به‌ڵام ئه‌و چیتر هه‌ناسه‌ی نه‌ده‌دا و هه‌روه‌ک منداڵێک خه‌وی لێکه‌وت.”
په‌راوێزه‌کان
1. یاڵتا یه‌کێکه له شاره گرنگ و ڕازاوه‌کانی نیمچه دورگه‌ی ”کریم” و ده‌که‌وێته سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش. ئه‌م شاره له سه‌رده‌می یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا به‌هه‌شت و جێگای گه‌شت و گوزار و حه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی پارتی کۆمۆنیستی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وکاته و خێزانه‌کانیان بووه. دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش، ده‌رگاکانی ئه‌م شاره بۆ خه‌ڵکی ڕووسیا و جیهانیش ده‌کرێته‌وه.
شاری یاڵتا و نیمچه دورگه‌ی کریم ئێستا ده‌که‌وێته وڵاتی ئۆکرایناوه و نزیکه‌ی سه‌د هه‌زار که‌سی تێدا ده‌ژی.
2. هه‌ر سێ کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک” ئۆلگا، ما‌سییه و ئیرینه له شارێکی بچووکی دووره ده‌ستی ڕووسیادا ده‌ژین، به‌ڵام هه‌میشه خه‌ون به مۆسکۆوه ده‌بینن و به‌و هیوایه‌ن ڕۆژێک له ڕۆژان بۆ مۆسکۆ بگه‌ڕێنه‌وه.
3. چێخه‌ف و ئۆلگا کنیپه‌ر له ماوه‌ی پێنج ساڵدا، به‌رده‌وام ڕۆژانه نامه‌یان بۆ یه‌ک نووسیوه. نامه‌کانیش گفتوگۆیه‌کی قووڵی ژیانی رۆژانه، به هه‌موو ساکارییه‌کیه‌وه، به هه‌موو دژوارییه‌که‌وه ده‌گرێته‌خۆ. کۆی ئه‌م نامانه و له به‌رگێکی گه‌وره‌ی تایبه‌تدا و به ناوی ”خۆشت بوێم و بنووسه!” _ نامه گۆرینه‌وه‌ی نێوان ئه‌نتوان چیخۆف و ئۆلگا کنیپه‌ر 1899_ 1904 دا به زمانی سوێدی و له ساڵی 1999 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
4. له ساڵی 1979 دا ”جه‌لال ته‌قی” چیرۆکی ”خانم و سه‌گه‌که‌ی” و چه‌ند کورته چیرۆکێکی تری چێخه‌فی له ڕووسییه‌وه کردووه به کوردی و له چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین له سلێمانی چاپ کراوه.
5. له ساڵی 1899 دا که چێخه‌ف خانووه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و ده‌چێته ناوی، له‌هه‌مان ساڵدا یادی له‌دایکبوونی سه‌د ساڵه‌ی (پۆشکین) ده‌بێت، چێخه‌ف بۆ رێزلێنان له‌و شاعیره گه‌وره‌یه، سه‌د گوڵه‌باخ له باخچه‌که‌یدا ده‌ڕوێنێ.
6. هه‌رچه‌نده چێخه‌ف دڵی به یاڵتا نه‌کراوه‌ته‌وه و نه‌یویستووه له‌م شاره‌دا بژی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاریکارییه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بووه له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری ئه‌م شاره‌دا. بۆ نموونه پشتگیری دامه‌زراندن و کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی کچانی کردووه و کتێبخانه‌یه‌کی گشتی بۆ شاره‌که کردۆته‌وه. ئێستا ئه‌و کتێبخانه‌یه به‌ناوی چێخه‌فه‌وه ناونراوه.
7. ناو و ناونیشانی شه‌قامه‌که‌یه به زمانی ڕووسی.
8. دوای کۆچی دوایی چێخه‌ف، خوشکه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی په‌نجا و هه‌شت ساڵ له‌و خانووه‌دا ژیاوه، هه‌ر ئه‌ویش دوای یه‌ک ساڵ به‌سه‌ر مردنی چێخه‌فدا، خانووه‌که‌ی کردووه به شوێنێکی گشتی و خه‌ڵکی توانیویانه سه‌ردانی بکه‌ن.
خوشکه‌که‌ی چێخه‌ف له ساڵی 1957 دا مردووه و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و خانووه مۆزه‌خانه‌یه‌ی کردووه، به‌ڵام دواتر ده‌وڵه‌ت ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر خانووه‌که‌دا و کردوویه‌تییه مۆزه‌خانه‌یه‌کی گشتی.
9. چیرۆکی خانم و سه‌گه‌که‌ی باسی (گێورۆڤ) ی نووسه‌ر و خاتوو (ئانا سه‌رگێڤنه) ده‌کات. گێورۆڤ ته‌مه‌نی مامناوه‌ندییه و ژنی هێناوه، ئاناش گه‌نجه، به‌ڵام شووی کردووه. ئه‌م دوانه به‌ڕێکه‌وت له ئێواره‌یه‌کی هاویندا، له شاری یاڵتا یه‌کتری ده‌بینن و په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت. خۆشه‌ویستییه‌که‌یان بێ ئه‌نجام و پڕ له سه‌رئێشه‌یه. ئانا سه‌رگێڤنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای مێرده‌که‌ی و گێورۆڤیش بۆ مۆسکۆ، به‌ڵام جار به‌جار به دزییه‌وه یه‌کتری هه‌ر ده‌بینن.
10. هه‌ر له‌م کۆشکه‌دا و له‌نێوان رۆژانی 4 بۆ 12 ی مانگی شوباتی ساڵی 1945دا، شرشلی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا، ڕۆزفێڵدی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و ستالینی سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی سۆڤێت. له دوا ڕۆژه‌کانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و که‌وتنی هیتله‌ردا، ئه‌وروپایان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش کرد و سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌ی جیهانیان کێشایه‌وه. ئه‌و ڕێکه‌تننامه‌یه‌ش له مێژوودا به ڕیکه‌وتنی یاڵتا ناسراوه.
11. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا و وه‌ک یادکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌و ڕووداوه هونه‌رییه، هه‌موو ساڵێک له‌نێوان مانگی مارت و ئه‌پریلدا، له شاری یاڵتا فێستیڤاڵێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ چێخه‌ف سازده‌کرێت.
12. چێخه‌ف له ساڵی 1900 دا خانوویه‌کی بچووکی له شارۆچکه و هاوینه‌هه‌واری ”گۆرزۆڤ” کڕیوه. خانووه‌که ئێستا به پاپۆڕ و له ناوجه‌رگه‌ی شاری یاڵتاوه یه‌ک کاتژمێر ده‌خایه‌نێ و به‌سه‌ر لوتکه‌ی چیایه‌که‌وه‌یه. دوای مردنی چێخه‌ف، ئۆڵگا کنیپه‌ر ئه‌م خانووه وه‌ک جێگای حه‌وانه‌وه و کات به‌سه‌ربردنی هاوینان به‌کارده‌هێنێ. له‌دوای مردنی ئۆڵگا کنیپه‌ریشه‌وه له ساڵی 1959 دا، ئه‌م خانووه‌ش بووه مۆزه‌خانه و هه‌موو ڕۆژێک له کاتژمێری نۆی به‌یانییه‌وه تا حه‌وتی ئێواره کراوه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی چێخه‌ف شانۆنامه‌ی ”سێ خوشک” ی له‌م خانووه‌دا نووسیوه، دیواره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌یوانی ژووره‌که‌ی چێخه‌ف و مۆزه‌خانه‌که به ئه‌ڤیش، وێنه‌ی ستانسلاڤسکی، ئه‌ندامانی شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ، وێنه‌ی مایرهۆڵدێکی گه‌نج و دیمه‌نه‌کانی شانۆنامه و نمایشی ”سێ خوشک” ڕازاوه‌ته‌وه.
13. چێخه‌ف دوای دوو ساڵ هه‌وڵ و پاره کۆکردنه‌وه، توانیویه‌تی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی تایبه‌تی و جێگایه‌کی ڕازاوه‌ی چاره‌سه‌رکردن بۆ ئه‌و نه‌خۆشه سیلاوییانه دروست بکات. هه‌رچه‌ند خۆی زۆر نه‌خۆش بووه، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌رکردن له‌م شوێنه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه.