Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تێروانینی ئەوروپیەکان بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی

تێروانینی ئەوروپیەکان بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی

Closed
by October 21, 2009 گشتی

تاقیکردنەوەی نیشتیمانی نابێت ببەسترێتەوە بەتاقە کتێبێک یا شێوازێکی وانەووتنەوە چونکە لەبنەرەتدا ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ دیاریکردنی لایەنە بەهێزو لاوازەکانی خوێندکاران دانراوە. ئەوە بەس  نیە بڵێین ئەم منداڵە لەکوردی لاوازە. ئایا لەدەربرین، یا لەرێزمان یا …هتد؟ مامۆستا پێویستی بەوەیە خالە لاوازەکان و بەهێزەکانی خوێندکار دەسنیشان بکات بۆ ئەوەی بزانێت چۆن یارمەتی ئەو خوێندکارە بدات. پرسیارەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە دەبێ بەجۆرێک دابرێژرێن  کەئەم خالانە بپێکێت و بتوانێت یارمەتی مامۆستاکان بدات. یەکێک لەدانەرەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە پێە وایە بەهۆی ئەم تاقیکردنەوەیەوە منداڵ بەسەربەرزییەوە دەتوانێت بلێت تەماشاکەن من ئەم شتانە بەباشی دەزانم، ئەمە لەکاتێکدا منداڵ مافی خۆیەتی خالە لاوازەکانی خۆی بۆ بەرجەستە بکرێن.
خالێکی باشی دیکەی ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوەیە کەهەلسەنگاندنی سەرجەمی خوێندکاران بەپێی یەک پێوەری رێکدەخات، ئەمەش لەفرە پێوەری قوتابخانەکان رزگارمان دەکات. ئەم تاقیکردنەوەیە لەکات و پۆل یا تەمەنی جیاواز جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. لەکاتێکدا لەسوید لەپۆلەکانی سێیەم، پێنجەم، نۆیەم و ئامادەیی ئەنجام دەدرێت، لەبەریتانیا مناڵانی 7، 11، 14 و دواتریش ئەنجام دەدرێت.  فینلەندا کەتارادەیەک سیستمی پەروەردەیی لەولاتەکانی دیکەی باکوری ئەوروپا جودایە تاقیکردنەوەی لەم بابەتەیان نیە. ئەمان بەسود وەرگرتن لەسیستمی سویدی توانیان سیستمێکی نوێ بەناوی سیستمی هەلسەنگاندن پیادە بکەن کەتەنها لەچەند قوتابخانەیەکدا پەیرەو دەکرێت . زوربەی ولاتەکان لەناوەراست یا کۆتایی وەرزی دووەمدا ئەنجامی دەدەن لەبەر ئەوەی خوێندکار زوربەی بابەتەکانی خوێندووە، بەڵام  لەفینلەندا مامۆستاکان پرسیارەکان دەکەن بەچەند بەشێکەوە هەر بەشەی ئەو کاتە ئەنجام دەدەن کەئەو مادەیە لەپۆلەکاندا دەخوێنن.
 لەکاتێکدا لەهەندێ ولاتدا هەموو پرسیارەکانی تەنها پەیوەندییان بەو مادەیەوە هەیە کەلەو ساڵەدا خوێندوویانە کەچی لەسوید جۆرێکی دیکەیە. بۆ نموونە پرسیارەکانی پۆلی پێنجەم تەنها باس لەو زانستە ناکات کەخوێندکار لە پۆلی پێنجەمدا خوێندوویەتی بەلکو باس لەو زانستە دەکات کەخوێندکار تا پۆلی پێنجەم دەبێ بیزانێت. لەزوربەی ولاتەکانیشدا مامۆستای پۆلەکان یا بابەتەکان خۆیان تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن و هەر خۆشیان تەماشای وەلامەکان دەکەن و هەلسەنگاندنیان بۆدەکەن.
لەکاتێکدا هەموو جیهان بەرەو نەمان یا کەمکردنەوەی تاقیکردنەوەکان و زیادکردنی هەلسەنگاندنەکان دەچن کەچی لە بەریتانیادا زۆر بەچری تاقیکردنەوەکان پیادە دەکرێن و لە 5- 7  سالیەوە هەیە. نارەزایی قوتابخانەکان بەردەوامن و بۆ ئەمسال نیوچە رێکەوتنێک هەبوو بۆ لابردنی یەکێک لەم تاقیکردنەوانە. بەبۆچوونی خەلک راستە تاقیکردنەوە شتەکان روونتر دەکەنەوە بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاستی خوێندکار بەرز ناکەنەوە. بەشی زۆری خەلکیش دژی ئەوەیە کەئەم تاقیکردنەوەی لەگەل مندالانی 5 – 7 ساڵی ئەنجام بدرێت.
پەیوەندی ئەم تاقیکردنەوەیە بەنمرەشەوە بەپێی ولات و قۆناغەکان جیاوازە. لەکاتێکدا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەسوید هیچ رۆلێک لەنمرە دانان لە پۆلی سێیەم و پێنجەمی بنەرەتیدا نابینێت ( چونکە نمرەدانان لەپۆلی هەشتەمەوە دەست پێدەکات) بەڵام لەپۆلی نۆیەمی بنەرەتی و قۆناغی ئامادەییدا پشتی پێدەبەسترێت بەڵام هەموو شتێکیش نیە. لەنەرویج و دانیمارک ئەم تاقیکردنەوەیە هیچ رۆلێک لەدانای ئەو نمرانەدا نابینێت. 
لەبواری راستکردنەوەو پێداچوونەوەی و نمرەدانان لەسەر دەفتەری خوێندکاران سوید خاوەنی ترادیسیۆنێکی 150 سالەیە کەبریتیە لەوەی خودی مامۆستای وانەکان بەرپرسیارن لەراستکردنەوەی و نمرەدانانی هەموو تاقیکردنەوە ناوەندی یا سەرتاسەرییەکان. ئەم ترادیسیۆنەی سوید لەسەر ئاستی نێودەولەتیدا شتێکی باو نیە. یەکێک لەو نامە فەرمیانەی لەسلێمانیەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە رۆشتووە دژی ئەوەیە مامۆستای وانەکان خۆیان نمرە بۆ خوێندکارەکانیان دانێن. هە ندێکی تر لەکوردستان بەخۆمیان راگەیاند، ئەگەر وابێت ئەوە هەموو مامۆستایەک نمرەیەکی باش بۆ خوێندکارەکانی دادەنێت چونکە ئەگەر وانەبێت مامۆستاکان سزا دەدرێن. لەراستیدا ئەمە گرفتێکی جەوهەرییە ئەگەر مامۆستا کتێب تەواو نەکات یا هەموو خوێندکارەکانی دەرنەچن ئیدی ئەو مامۆستایە خراپە.
دانانی پرسیارەکان لەکوردستان بەپێی بریاری وەزارەتی پەر وەردە لەئەستۆی دەزگاکانی وەزارەتی پەروەردە دایە. لەسەر ئاستی نێودەولەتیشدا گروپی زۆر پسپۆر کار لەو پرسیارانەدا دەکەن. لەبەر ئەوەی سوید تێروانینێکی تایبەتی بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی هەیە بۆیە دانانی پرسیارەکان هیچ پەیوەندییەکی بەوەزارەتی پەروەردەوە نیە بەلکو بەتەواوی دراوەتە دەست زانکۆکان و کۆمەلێک پسپۆر و توێژەر کاری تێدا دەکەن. هەر خۆشیان پێش تاقیکردنەوەکان ئەو پرسیارانە لەچەند شوێن و ئاستێکدا تاقیدەکەنەوە. دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەش جارێکی دی لەبەر رۆشنایی دەرئەنجامەکان کاری توێژینەوەو لێکۆلینەوە دەکەن. نەرویج و دانیمارک تەنها لەکاتی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا ئەم مێتودەی سوید پەیرەو دەکەن. ئەوەی پەیوەندی بەولاتەکانی دیکەی باکوری ئەوروپاشەوە هەیە ئەوان زۆر لەدوای سویدەوەن.
بەبۆچوونی من مەسەلەکە پەیوەندی بەچاولێکەرییەوە نیە بەلکو بەکورتی پسپۆرە بەرزەکانی زانکۆ زۆر لەکادیرەکانی وەزارەتی پەروەردە شارەزاترن و من بەش بەحالی خۆم کەلەنزیکەوە شارەزای تاقیکردنەوەی دیکەم، پێم وایە شێوازی پرسیارەکان و کارکردن لەسەر دەرئەنجامەکان  توانیویەتی جۆرە پێگەیەکی تەندروست بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەسوید بەرجەستە بکات و ببێتە هۆی لەدایکبوونی سەدەها هەزار لاپەرەی لێکۆلینەوە. تاوەکو ئێستاش  لەکوردستان نارەزاییەتیەکی گەورە لەسەر شێوازی پرسیارەکان هەیە. من پێشتریش ئەوەم نووسیوە کەشێوازی هەلبژاردن خراپ نیە بەڵام هەموو تواناکانی خوێندکاریش دەرناخەن بۆیە پێم باشە ئێمە چاوێکی زۆر جیدی بەم بابەتەدا بگێرینەوە بۆ ئەوەی پرسیارەکان توانای بیرکردنەوەی مەعریفی، توانای وێنەکێشان، ئەندازەگیری، گوێگرتن، قسەکردن، وشەسازی … هتد خوێندکار  دەربخەن. لەلایەکی دیکەوە من کاتی تاقیکردنەوەکانم پێ باش نیە. لەم بوارەشدا تاقیکردنەوەی فینلەندام پێ باشترە، واتە دابەشکردنی تاقیکردنەوەکان بۆ چەند بەشێک بەمەرجێک هەر بەشەو لەمانگێکی جیاوازدا ئەنجام بدرێت.
    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.