
مه‌یلی رۆشنبیر‌و خه‌ونی ده‌سه‌ڵات
ته‌نها ئازادیه‌كی شایسته به‌ماناو مه‌غزاكانی ئازادی، ئیتر ئازادی جه‌سته‌یی یان ئازادی هزری یاخود رۆحی، زه‌وتنه‌كردنی ئازادییه به‌مانای وشه، سنوردار نه‌كردنیه‌تی وه‌ك ته‌نها پێویستییه‌كی حه‌تمی له‌پێناو به‌خشینی مانا به‌مانه‌وه‌ی ژیان. ئاخر خۆ له‌سه‌روی مێگه‌لژیانكردنه‌وه مرۆڤ پێویستی ره‌هایی به‌مانه‌وه‌ی ئیراده‌و به‌رده‌وامییه‌كی وه‌ها ئامانجدار هه‌یه كه دواجار بیگه‌یه‌نێته ئاسایش و، ئارامی، ره‌نگه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرای گۆڕانكارییه جیاكانی سه‌د ساڵی ڕابوردوی جیهانی خۆرئاوا به‌سبێ بۆ ده‌رخستنی وه‌ها راستینه‌یه‌ك. كه‌وابوو بێگومان ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌یش هه‌روا ساده‌و عه‌فه‌ویانه به‌ده‌ست نه‌هاتووه، به‌ڵێ زۆری بردووه تا توانراوه مرۆڤ ماف و ئازادیه‌كانی، كار‌و چالاكیه‌كانی، له‌رۆشنایی وه‌ها روانگه‌یه‌كه‌وه ڕیز بكا، تۆ ببینه زۆرینه یا ته‌واوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه به‌شه‌ریانه‌ی رویانكردۆته برینه‌وه‌و سرینه‌وه‌ی ریتمی جه‌نگه‌ڵی، كاتێك پرسی ئازادی و كرانه‌وه تیایاندا له‌خه‌م ره‌خساوه، ڕۆشنبیره‌كانی بووبنه‌ته هێزێكی یه‌كانگیرو باڵكێش به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونگه‌ری باودا، هه‌ر ئه‌و كاته‌یش جه‌ده‌لی نێوان رۆشنبیران و، ده‌سه‌ڵات، بووه‌ته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌و گه‌شه‌كردو تیایاندا كه ئازادی به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه ده‌سته‌به‌ر كراوه‌و، سیسته‌مێكی دور له‌عه‌قڵیه‌تی یۆتۆپیاخوازیش بۆ رێگری له‌خراپ به‌كارهێنانی ئازادییه‌كان جێگیر كراوه.
له‌وڵاتانی دیموكرات و، گه‌شه‌كردودا، هێشتاش زیاد له‌هه‌ر جێگایه‌كی تر، كاریگه‌ریی ڕۆشنبیران له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بابه‌تێكی حه‌تمی و نكۆڵی هه‌ڵنه‌گره، پێچه‌وانه‌ی وڵات و رۆشنبیرانێكی له‌مه‌ر خۆمان، پێكهێنان و ئاراسته‌كردنی ڕای گشتی له‌سه‌ره‌تایترین ئه‌و كاریگه‌رییه ئه‌رێنیانه‌ن كه سبه‌ینێیه‌كی رونتر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن، راسته له‌وڵاتێكا مۆنۆپۆلكردنی چالاكییه سیاسیه‌كان، سۆز بزواندن بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنی خه‌ڵكی، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زۆرینه‌ی بزاوته كۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌یی و، ئابورییه‌كان، كاركردن به‌ئاراسته‌ی زاڵكردنی هه‌یمه‌نه‌ی ئایدیۆلۆژیای حزبی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات، چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و، وڵات به‌گشتی له‌ڕه‌وشێكی نادیاری به‌رده‌وام و نا ئاسایی ئه‌وتۆدا ده‌هێڵێته‌وه به‌شداربوون و هه‌ستكردن به‌ئارامی بۆ تاك و كۆ تیادا وه‌ك مه‌حاڵ ببینرێ، به‌ڵام خۆ نه‌من و نه‌تۆو نه‌هیچ یه‌كێكیشمان هه‌تا ئێره ڕێكه‌وتی دۆخێكمان نه‌كرد رۆژێك له‌رۆژان تیایدا به‌هۆی په‌رتبوون و له‌په‌راوێزدا هه‌ڵسورانی ویستگه‌رایی ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیمانه‌وه ئێمه‌ی رۆشنبیران چوار كه‌سمان هێنابێته سه‌ر جاده‌و، مه‌یلێكی شاراوه‌مان نه‌خستبێته ئه‌ودیوی راستینه‌ی ره‌خنه‌و گوتار‌و جه‌مبوونه‌وه‌كانمانه‌وه، خۆ ئه‌مه ئه‌گه‌ر لای هه‌نێك هێشتا قابیلی ساغكردنه‌وه‌بێ ئاسایی ده‌توانرێت لیستێكی درێژی ئه‌و جۆره نه‌رێته لای ڕۆشنبیرانی كورد به‌به‌ڵگه‌وه ریز بكرێت كه له‌ماوه‌ی 20 بۆ 30 ساڵی رابردووه‌وه باڵیكێشاوه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ماندا، مه‌ترسیه‌كه‌یش له‌وه‌دایه ئه‌م حاڵه‌ته كراوه‌ته به‌ردی بناغه‌و كه‌چی له‌ڕێگه‌یشیانه‌وه ته‌بلیغاتی داهێنان و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و فراوانبوونی ئازادییه‌كان ده‌كه‌ین!، له‌كاتێكدا بۆ كه‌سێكی كارتێنه‌كراوو ناڕازی، پیشه‌ی ڕۆشبیری موژده به‌خشترین رێگه‌یه به‌ره‌و كاریگه‌ری دروستكردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌و هێنانه‌دی وه‌دینه‌هاتووه‌كان.
له‌وه‌ها دۆخێك‌دا مرۆڤ له هه‌ر پله‌و پایه‌و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كارگێڕیدابێ، به‌و مانایه‌ی چ ده‌سه‌لاتدار یا له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتبێ، ده‌بێ به‌شوێن دۆوینه‌وه‌ی باشترین رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ندیگرتن یا دروستكردنی جه‌ده‌له ته‌ندروستیه‌كانی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه‌و، كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه بێ، ده‌بێ لای هه‌مووانیش رون و راشكاوبێ ده‌سه‌ڵات دراوه به‌چی و چۆنیش ماف و ئازادییه‌كان فه‌راهه‌م و سنوردار ده‌كرێن، راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆش ده‌سخستنی هه‌ریه‌ك له‌وڵامی ئه‌م پرس و بابه‌تانه ده‌توانێ تێگه‌یشتنێكی هه‌میشه‌یی و بابه‌تیمان بداتێ، به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌بینینی وه‌ها بینه‌زمییه‌ك، ده‌ستنیشاننه‌كردنی هۆكاره‌كانی ئه‌و بێنه‌زمییه‌و، گوێ نه‌دانه خستنه رووی رێگه چاره‌كان له‌ژێر هه‌ر دروشم و برو بیانوو یا سیناریۆو بۆ هه‌ر جۆره خۆپارێزییه‌ك بێ، تێكهه‌ڵشێلانه ناوه‌كیه لاوه‌كیه‌كان قوڵده‌كاته‌وه‌و چه‌نده‌ش پاشه‌كشێ به‌كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌كات، ئه‌و ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه زاڵه‌ش ده‌كاته فشارێكی ناوه‌كی خۆكوژ.
ئاخر خۆ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه بوار نه‌داته هه‌ڵكشانی ئه‌م ڕێچكانه، جیا له‌ته‌وای بزاوته جیاكانی تر هیچ پاڵپشتییه‌كی رۆشنبیرانیشی نابێت و لێره‌وه مه‌علومه كه دواجار ئه‌و ده‌سه‌ڵاته شكست ده‌خوات، بێگومان ڕۆشنبیری جیددی، به‌هه‌موو مه‌یلی خۆیه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێره لێی ده‌خوازێ هه‌رگیز گرنگی نادات به‌ورده‌كارییه ته‌كنیكییه‌كان، هه‌رگیز گرانی و ده‌رگیرییه عه‌مه‌لییه‌كان نه‌ئیشی ئه‌ون تا شانیان بداته به‌رێ و، نه‌خه‌می ئه‌ویشن تا وابكه له‌خه‌میان بڕه‌خسێنێ، ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی ئه‌و راده‌كێشێت بریتیه له‌هه‌ڵێنجانی دیدگه فراوانه‌كان و، خستنه رویان، كاری ئه‌و به‌ده‌ستهێنانی تێگه‌یشتنی به‌ربڵاوه له‌ریزبه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه سیسته‌مێكی پلانرێژكراو په‌یمانی هێنانه‌دی ده‌دات.
گرنگترین ڕێگرییه‌كانی مرۆڤی رۆشنبیریش كه پرسی فراوانبوونی ئازادییه‌كان و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاستینه‌یی له‌ناخیدا خه‌مڵیووه‌و، جیایده‌كاته‌وه له‌و مرۆڤانه‌ی له‌بواره رامیاریه‌كاندا بڕیار ده‌ده‌ن بریتییه له‌بێمتمانه‌یی و گوێپێنه‌دانی ده‌سه‌ڵات، بریتییه له‌و بابه‌ت و باسانه‌ی به‌لای سیاسیه‌كانه‌وه ره‌خنه‌و پاساوی رۆشنبیران هیچ بایه‌خێكی نیه‌و بێپه‌روا تاوانباریان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش زیاد له‌هه‌ر شتێكی دیكه، ڕێگرییه‌ك ده‌خوڵقێنێت كه تێپه‌ڕاندنی مه‌حاڵه تایبه‌تیش له‌نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانه‌ی خۆیان ته‌رخانكردوه بۆ سه‌رخستنی هه‌مان ئه‌و پرس و بابه‌ته پاڵپشتیبكه‌ن، دیاره توانای تێگه‌یشتن و گه‌ڕان به‌ناو پێگه نوێیه‌كانداو توانای ئه‌زموونكردنی دیدگه نوێیه‌كان مه‌علومه ژینگه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێ، به‌بێ ئه‌و ژینگه‌یه‌ش ڕۆشنبیران ناتوانن هه‌ناسه بده‌ن.
ئاشكرایه له‌هه‌ر شوێنێك ئارامی و به‌خته‌وه‌ری له‌ئارادا بوون، بیانووێك بۆ وه‌ها هه‌ڵڵاو هه‌ڵیسانێك وجودی نامێ و، هیچ لایه‌كیش بێئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه بگه‌رێته‌وه، ناتوانێ وه‌ها كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یا له‌دژی ئه‌وانی تر به‌كار به‌رێ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌برێ و، له‌سایه‌یدا مرۆڤی كورد له‌هه‌ر چاڵێك بێته ده‌ره‌وه ده‌كه‌وێته چاڵێكی تره‌وه، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر به‌و چه‌شنه هه‌موومان له‌گه‌ڵ یه‌كتری خه‌ریكی شه‌ڕ كردن بین، ئه‌گه‌ر رێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان هه‌روا به‌حزبی بكرێن و ئاسایشی تاكه كه‌سیمان هه‌روا به‌ره‌و نه‌مان بچێت، ئه‌گه‌ر هه‌روا كێشه‌كانمان له‌كێشه‌ی جیهانییه‌وه به‌ره‌و بچوكبوونه‌وه‌و ناچه‌یی و كه‌سی به‌رین و، هاوڵاتیبوونمان بخه‌ینه به‌رده‌م پرسیار‌و مه‌ترسی له‌ناوچوونه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌روا تۆهمه‌و دڕدۆنگی ببه‌شینه‌وه، ئه‌گه‌ر جه‌ده‌لی نێوان رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌روا دیوار كوتانبێ و، گوێچكه‌كانی نه‌كاته‌وه، نه‌ك هه‌ر ده‌ستمان له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه گیر نابێ بگره دواجار زه‌ره‌رو زیانێكی له‌وه چاوه‌رێنه‌كراوتر ده‌چێژین كه له‌رابردودا چه‌شتوومانه‌و، ئه‌وكاته‌یش له‌ره‌هه‌نده جیاكانی ئازادی و كرانه‌وه تێده‌گه‌ین كه له‌ده‌ستمان چووه، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌رۆ ئێمه نیمانه پرۆگرامێكی جیددییه بۆ ده‌رباز بوون له‌و مه‌ترسیانه نه‌ك داكۆكیه‌كی په‌تی له‌شته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌ن، چیتر ده‌سه‌ڵات له‌ژێر دروشمی ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌كاری سیاسی‌دا شیاوه نابێ خۆی و خه‌ڵكیش كۆتوبه‌ند بكات، هه‌روه‌ك چۆن ئێمه پێویستمان به‌سه‌ركرده‌ی ڕۆشنبیری هه‌یه‌و هه‌رچه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری به‌دیهێنانی ده‌ستبه‌جێی خواسته‌كان كه‌م بێت ده‌بێ ئاماده‌بێ له‌و پێناوه‌دا رێبه‌ری و رێنوێنی بكا‌و كاربكه‌ین، با سازشكاریه عه‌مه‌لییه‌كان جێبهێڵن بۆ سیاسه‌تمه‌داران، لێ ده‌بێ ئه‌وه بزانرێ شلكردنی كۆنترۆڵه‌كان هه‌روا به‌شێوه‌ی په‌تی نه‌له‌ڕوی ڕۆشنبیرییه‌وه جێگای ڕێزن و نه‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یشیان هه‌یه هیچ هه‌ڵكشانێكی بابه‌تییان لێبكه‌وێته‌وه.