
ئێوارەیەك توڕەیی دەڕوات ….. فەرمان ساڵح
من بەشێكم لە توڕەبوونی زەوی
لەیەكەم هەڵكردنییدا با لەگەڵ خۆی بردمی و نەیهێنامەوە
ئێٍستە من لێرەنیم
لەوێ بەتەنیشت ئاگردانێكەوە دانیشتووم و
سێوی سوور دەبرژێنم
بین بە لێوی رووبارەوە دەنێم و
قومێك سادەیی لەگەڵ تەنیایی دەخۆمەوە
من ئێٍستە لێرەنیم
لەوێ لە قەراخ رووتی ئاسماندا
خەیاڵی گەڕانەوە دەكەم
گەڕانەوە بۆ ژێر سێبەری ئاو
بۆ نیشتمانی بەفرو
بۆ سەر پشتی هەتاو
من ئێٍستە لێرەنیم
ئێٍستە تاقەتی تەڕبوونم نییە لە پێش باران
دەمم پڕە لە دوعا
ناولەپم پڕە لە غەریبی
خەیاڵی گەڕانەوە دەكەم
گەڕانەوە بۆ كۆڵانەكانی قسە
گەڕانەوە بۆ پیاسەی ئێوارانی ئەوێ
من ئێستە لێرە نیم
ئەوەتام لە ئامێزی مەنفادام
ئەوە منم بانگت دەكەم
ئەوە منم دێمە دیدەنیت
ئەوە منم پرچی مانگ دەكەمە كەزی
تۆ هێشتا ئاوڕێكت نەداوەتەوە
هێشتا تەنیایی گەسك دەدەی
هێشتا لەپەنجەرەوە ئەستێرە دەژمێری
من ئێٍستە لێرەنیم
رۆحم بەسەر دەریادا رادەكات و
پڕم لە وەسوەسەی نەگەڕانەوە
ئێرەم لێ بۆتە ژان
رقم لە وشككردنەوەی عەشقە لەبەر هەتاو
حەزم لە چنینی گوڵە لە پێش ماڵەكەتان
من ئێستە لێرەنیم
تۆ و رووتبوونەوەی گەڕەكەكان
تۆ و باوەشێك دوو دڵی
لێرە چاوەڕێ بن
ئێوارەیەك توڕەیی دەڕوات
من و تەنیایش دێینەوە..