Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

ڕه‌مه‌زان:مانگی خێرو خۆشییه‌ یا پێشیلكاری ماف و ئازادییه‌…؟!

Closed
by August 20, 2010 گشتی

موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا
mozafar_as@yahoo.com

مانگی ڕه‌مه‌زان هه‌روه‌ك موفتی و مه‌لاو ئیمام و سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رمایه‌و ڕژێمه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌ ئیسلامی یه‌كانو لایه‌نگرانی ئیسلامی ده‌ڵین، جێگه‌و ڕێگه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ سیسته‌می فكری و عه‌قیده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئایینی ئیسلامدا.
دیاره‌ ئه‌وان له‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌یان بۆ فریودانی جه‌ماوه‌ری كرێكارو زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژاران،  به‌ تایبه‌تی مناڵان، له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كانی خۆیانه‌وه‌، به‌ ته‌واوی ڕاست ده‌كه‌ن.ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌رچی ناوه‌ڕۆكی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌م ڕۆژه‌ ده‌شارنه‌وه‌ به‌ پۆشاكی مۆراڵی و سایكۆلۆژی یه‌وه‌،و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ساڵانه‌دا كه‌مپه‌ینێكی به‌رین له‌سه‌ر ئاستی جهان به‌رێ ده‌خه‌ن، هه‌موو بۆ ئه‌وه‌یانه‌ تا ناوه‌ڕۆكی واقعی كه‌ڵك و سوده‌ سیاسی و ئابوری و ئایدیۆلۆژی یه‌كانی چینی باڵا ده‌ستی ئه‌مڕۆی پێ بشارنه‌وه‌، كه‌ چۆن چینی بۆرژوای ده‌سه‌ڵاتدار به‌ هاوكاری مه‌لا و شێخ و موفتی و پیاوه‌ ئیسلامی یه‌كانی تر له‌م مانگه‌دا چ سود و قازانجێك ده‌گه‌یه‌نن بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان.
هه‌موو ئه‌و خوتبه‌و وه‌عزو ئامۆژگاری و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و ترس و تۆقاندن و خورافاندن و وه‌عدو به‌ڵێنانه‌ی كه‌ موفتی و مه‌لاو  شیخ و پیاوه‌ ئیسلامی یه‌كان پێنج فه‌رزه‌ له‌ بڵندگۆی مزگه‌وت و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و فیرَگه‌كان و كۆڕو كۆبونه‌وه‌و شه‌قام و ماڵان و دیوه‌خان و ته‌كیه‌و هه‌موو جێگاكانی تر ده‌یكه‌ن، گوایه‌ ئه‌م مانگه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا ده‌وڵه‌مه‌ندو خواپێداوه‌كان خیرَو بێر بكه‌ن به‌ هه‌ژاره‌كان، و به‌زه‌ییان پیایاندا بێته‌وه‌، و هه‌ست به‌ سكی برسی هه‌ژاران بكه‌ن، و  خوداوه‌ند له‌ گوناهیان خۆش بێت و به‌هه‌شتیان پێ ببه‌خشێت. یاخود ڕۆژو گرتن وه‌رزشی جه‌سته‌و ده‌رون و گیانی مرۆڤه‌كانه‌ له‌ نه‌خۆشی یه‌ جۆراوجۆره‌كان دوریان ده‌خاته‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی  بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا بیروهۆشی و ده‌رونی جه‌ماوه‌ری ستمدیده‌و ژێر ده‌سته‌ی پێ له‌خشته‌ بده‌ن.وه‌به‌و  جێگه‌و ڕێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی یه‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامه‌وه‌ قه‌بوڵی بكه‌ن و هیچ ناڕه‌زایه‌تی یه‌ك ده‌رنه‌بڕن. و به‌وه‌ قسه‌ پوچه‌ ئاینی یه‌ دواكه‌وتوانه‌یه‌ ڕازییان بكه‌ن كه‌ ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حكومه‌ت باوكی میلله‌ته‌ و نوێنه‌ری خوداوه‌نده‌ له‌سه‌ر زه‌وی.بۆیه‌ پێویسته‌ میلله‌ت گوێرایه‌ڵی هه‌موو ئه‌و  ڕێساو یاساو بڕیارو ئامۆژگاری یانه‌ بێت كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چێت. به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئیسلامی بوو.
به‌ڵام هه‌ر مرۆڤێكی وشیار و به‌ ئیراده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی خۆیان ئه‌گه‌ر كه‌مێك سه‌رنجی واقعی بده‌ن له‌ جێگاو ڕێگای خۆیان ، و ورد ببنه‌وه‌ له‌و هه‌موو هیرَش و پێشێلكاری یانه‌ی ته‌نها له‌م مانگه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ریان ئه‌و كاته‌ به‌ ئاسانی بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت چۆن هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرێت له‌و شوێنه‌ گشتی و ده‌زگا جۆراوجۆرانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ته‌نها بۆ زیاتر خورافاندن و گه‌ندڵ كردنی  بیرو هۆشیاری جه‌ماوه‌ری كرێكارو زه‌حمه‌تكێشه‌و به‌س.
بۆ سه‌لماندنی ناوه‌رۆكی پوچی ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی كه‌ گوایه‌ ڕۆژو گرتن كه‌ڵك و سودی هه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌ و سایكۆلۆژی مرۆڤه‌كان پێویست ناكات ئارگیومه‌نتی زۆر وردی زانستی ته‌ندروستی بێنینه‌وه‌ .ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ بڵێین خواردن نه‌خواردن و ئاو نه‌خواردنه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 10-12 سه‌عات ،به‌ تایبه‌تی له‌ هاوینداو ،بۆ كه‌سانێك كه‌ كار ده‌كه‌ن ،یاخود نه‌خۆشن، یاخود ژنانی دوو گیانن، یاخود مناڵ و هه‌رزه‌ن، چه‌ند زیانبه‌خشه‌، ئه‌وه‌ خودی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌هه‌ر به‌هانه‌یه‌كه‌وه‌ بێت به‌ ڕۆژو ده‌بن زیانه‌كانی باشتر ده‌زانن له‌وانه‌ی كه‌ به‌ڕۆژو نابن.هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێكی جگه‌ره‌ كێش و قومارچی باشتر زیانه‌كانی جگه‌ره‌ كێشان و قوماركردن باشتر ده‌زانن له‌وانه‌ی له‌و خووانه‌ دورن .دیاره‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕۆشنه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ڕۆژو ده‌بن له‌ ئاكامی ترس و تۆقاندن و سوكایه‌تی و گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتو پیاوان و  ده‌سته‌و تاقمه‌ ئیسلامی یه‌كانه‌وه‌ن، یاخود ترس له‌ خورافه‌ی ئه‌ودونیاو سزاو ئاگری دۆزه‌خ و ئه‌م جۆره‌ خورافانه‌وه‌یه‌.
تا ئه‌و جیگه‌یه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و هیرش و پیشیلكاریانه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر ماف و ئازادی یه‌كانی جه‌ماوه‌ر له‌م مانگه‌دا به‌ به‌هانه‌ی ڕێز دانان بۆ ئه‌م مانگه‌و بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ڕۆژو ده‌بن، ئه‌وه‌ زیاتر ناوه‌ڕۆكی پوچه‌ڵ و گه‌نده‌ڵی هه‌موو ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌مان دووباره‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌م مانگه‌دا به‌ڕێ ده‌خرێت له‌ دژی خه‌ڵكی.
گه‌ر گوێ ڕادێرین یاخود چاوێك بخشێنین به‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی خودی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌،بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵ بڕیار ده‌رده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن له‌ خه‌ڵكی كه‌ نابێت كه‌س سه‌رپێچی ئه‌و یاساو بڕیارو ئامۆژگاریانه‌ بكات كه‌ بۆ ڕێزگرتنی مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌رده‌چێت .وه‌ هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات سزای توند ده‌درێت.بۆ نمونه‌ زۆر جار جگه‌ له‌ ئازار دان و سوكایه‌تی پێكردن زیندانیش بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ ده‌كرێن .له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و ئاساییشی هه‌ولیرَ و سلێمانی و دهۆك و شارۆچكه‌كانی تر هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڕه‌شه‌و خۆ گیڤ كردنه‌وه‌و چاو سور كردنه‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر.هاوكات سه‌رانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و یه‌كێتی مه‌لاكانیش له‌ پاڵ ئامۆژگاری و تكاو ڕجاكانیان هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌یان ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرد و وا ده‌زانن  جه‌ماوه‌ر مێگه‌له‌ مه‌ڕه‌و هه‌ر ده‌بێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌و ترس و تۆقان فیرَی ڕێز گرتن بكرێن.
به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌و ترس و تۆقاندنانه‌ی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتو ئیسلامی یه‌كان به‌ یاساو بڕیارو دۆزه‌خ ،هه‌روه‌ها وه‌عز و ئامۆژگاری و وه‌عدو به‌ڵێنانه‌ به‌ به‌هه‌شت، هه‌ر كه‌سێكی ساده‌ ئه‌و پرسیاره‌ی به‌ بیردا دێت باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مانگی ڕه‌مه‌زان و ڕۆژ گرتنه‌ ئه‌وه‌نده‌ لای مرۆڤه‌كان ڕێزدارو خۆشه‌ویست بێت بۆ ده‌بێت به‌ زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌ی لێدان و سزاو زیندان ڕێزی بۆ دابنیرێت و خۆشه‌ویست بكرێت؟؟!
له‌ ڕویه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنجی كۆمه‌ڵێ دیارده‌ی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری تر بدرێت له‌م مانگه‌دا، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ پێی ڕاپۆرتی خودی ئه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌بینین چۆن هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ هه‌موو پێویستی یه‌ سه‌ره‌كی یه‌كانی ژیان له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر نرخه‌كانیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌. بگره‌ زۆرجار به‌ نرخی چه‌ند قات زیاتریش ده‌ست ناكه‌وێت.ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ چۆن ئه‌م مانگه‌ به‌ كرده‌وه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانیان نه‌ك مانگی خێرو خۆشی و هه‌زرانی نی یه‌ به‌ڵكو مانگی گرانی و هه‌ژاری و قاتو قڕی زیاتره‌.
ته‌نانه‌ت به‌هۆی یاساو بڕیاه‌ قه‌ره‌قوشی یه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ داخستنی زۆربه‌ی ڕیستۆران و یانه‌و چایخانه‌و مه‌یخانه‌كانه‌وه‌ بێكاری زیاتر ده‌بێت. وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌م مانگه‌دا كار له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و بێ به‌ش ده‌بن له‌و ده‌ستهه‌ق و پاره‌ كه‌مه‌ی كه‌به‌هۆی فرۆشتنی هێزی كاریانه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بۆ بژیوی خۆیان و ماڵو مناڵایان.
 جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا، له‌م مانگه‌دا فه‌زایه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر كۆنه‌په‌رستی و دژی ئازادی یه‌ فه‌ردی یه‌كان به‌رێ ده‌خرێت هه‌ر له‌ قه‌ده‌غه‌ كردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك ،تا ده‌گاته‌ هێرش بۆ سه‌ر ماف و ئازادی یه‌ فه‌ردی یه‌ سه‌ره‌تایی یه‌كانی تر. به‌ تایبه‌تی هێرش بۆ سه‌ر ماف و ئازادی یه‌كان ژنان و لاوان و ڕێگه‌ گرتن له‌هه‌ر خوده‌رخستنێكی لاوانه‌و گه‌نجانه‌و مۆدێرنانه‌و تێكه‌ڵاو بون.
له‌م باره‌یه‌وه‌ مزگه‌وته‌كان و فه‌رمانگه‌و شوێنه‌ گشتی یه‌كان ده‌بنه‌ مه‌یدانی سوكایه‌تی و ترس و تۆقاندو گاڵته‌ كردن به‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببرێت به‌رامبه‌ر به‌و فه‌زایه‌.هه‌موو ئه‌مانه‌ش دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بانده‌ ئیسلامی یه‌كان له‌ پشتی یه‌وه‌ راده‌وه‌ستن .چونكه‌ قازانجی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی تیا به‌دی ده‌كه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیان.
بۆیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و فه‌زایه‌و به‌رامبه‌ر هه‌ر یاساو بڕیارێك كه‌ ماف و ئازادی یه‌كانی خه‌ڵكی پێشێلده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی و ده‌سته‌و تاقمه‌ قومی و عه‌شیره‌تی و ئیسلامی یه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز، له‌ كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و لاوان و قوتابیان و ژنان و ڕۆشنبیرانه‌وه‌، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن و سه‌رپێچی له‌و یاساو بریار و ئامۆژگاری و ڕێوڕه‌سمانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ دژی جه‌ماوه‌ر ده‌رده‌چێت. وه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێرێت.
له‌ كۆتایی دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ ناوه‌ڕۆكی ئیسلام به‌ وێنه‌ی یه‌ك سیسته‌می فكری و  سیاسی و ئابوری، وه‌ك پیشه‌سازی و بازرگانی یه‌كی به‌كه‌ڵك بۆ سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له‌م مانگه‌دا له‌هه‌ر كاێكی تر زیاتر ئاشكرا ده‌بێت. بۆیه‌ ده‌رخستنی ناوه‌ڕۆكی گه‌نده‌ڵی ئه‌م پیشه‌سازی و بازرگانی یه‌ی سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاته‌ قومی و ئیسلامی یه‌كه‌یان  له‌ لایه‌ن كۆمۆنیسته‌كان و كه‌سانی رۆشنبیری یه‌كسانیخوازو ئازادیخوازه‌وه‌ ئه‌ركی گه‌وره‌و ده‌سبه‌جێمانه‌ بۆ زیاتر وشیار كردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز بۆ به‌دی هێنانی دونیایه‌كی ئازاد و یه‌كسان و دابڕینی  ئیسلام له‌ ده‌وڵه‌ت و خوێندن و فێركردن و په‌روه‌رده‌ كردن.

15ئابی 2010

 

Previous
Next