Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆلی خوا لە لافاوەکانی پاکستاندا

رۆلی خوا لە لافاوەکانی پاکستاندا

Closed
by August 22, 2010 گشتی

چەند رۆژێک لەمەوبەر، لە یەکێک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنیە رۆژئاواییەکاندا و لە هەواڵێکدا بینیم کە پیاوێکی پاکستانی، لە کاتی قسەکردن بۆ پەیامنێرەکە، گلەیی دەکرد و دەیگوت:” نازانم خوا بۆچی لێمان توڕەیە!” بەڵێ، خوا بۆچی لێیان توڕەیە، چیانکردوە؟ بێ گومان قسەی ئەم پیاوە هەژارە لێقەوماوە لە خۆڕا نایەت، ریشەی ئاینی هەیە. بۆ یەکەم جار، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆجیەکان و مێژوی ئاینەکان، ترسانی مرۆڤ لە دیاردە و کارەساتە سروشتیەکانی وەک بروسکە، گرمەی هەور، ئەردلەرزین، بارین و نەبارینی باران، لافاو، هتد و نەتوانینی لێکدانەوەیان باوەڕبوون بە هێزێکی سەروی سروشتی پەیداکرد کە هۆی ئەم دیاردانەیە و رەنگە ئەم هێزە، کە ناوی خودای لێنراوە لە لایەن ئاینەکان، لە مرۆڤ توڕە بوبێت و بیەوێت سزایان بدات، یانیش لێیان رازیەو بارانی رەحمەتیان بۆ دەبارێنێت، بۆیە ئەوانیش ترساون و هەوڵیانداوە قوربانی پێشکەش بکەن بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی ئەو خودایە.

ئاینە “ئاسمانیەکان” وەک ئاینی یەهودی و مەسیحی و موحەممەدی (ئیسلام) ئەم هەست و بیرۆکەیە لە چوارچێوەیەکی غەیبی و ئاینیدا دادەنێن و توانستەکانی دروستکردن و تێکدانی گەردون یان سروشت، زیندوکردن و مراندنی زیندەوەران و بەرپاکردنی دیاردە سروشتیەکانی، کە تا سەردەمی سەرهەڵدانی ئەم ئاینانە هۆکارە زانستیەکانیان نەزانراو بوون، دەدەنە پاڵ یەهوە، خودا، ئەڵڵاه. ئەو خالقە هۆی روداوەکانە. دیارە لە خۆیەوە شتی وا ناکات و ئەگەر مرۆڤ کارێکی نەکردبێت یان پێویستیەکی نەبوبێت!

ئەمڕۆ لە سەردەمی زانست و تەکنۆلۆجیای مۆدێرن، مرۆڤی عاقڵ توانیویەتی دیاردە سروشتیەکان لێکبداتەوە و هۆیەکانیان بزانێت. بەڵام لەم سەردەمە پێشکەوتوەش مرۆڤی وا هەن هێشتا باوەڕ بە هێزی ون، بە خورافە و ئەفسانە دەکەن و وەڵامی پرسیارە وجودیە فەلسەفیە سەختەکانی پێدەدەنەوە. ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر هەن ئاستی بەرزی فیکری و ئەکادیمیشیان هەیە وەک فەیلەسوف، مامۆستای زانکۆ، زانا، پارێزەر، پزیشک، ئەندازیار و هتد، کەچی کە سەیری کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ دەکەن دەڵێن سوبحانەڵڵا، کە سەیری ئەستێرەکان و رۆژ دەکەن سوبحانەڵڵا دەڵێن، کە دەبینن یان دەبیستن کە لە سەر شوتی چەند هێڵێک دیارە کە لە شێوەی الله یان محمد دەچن، دەڵێن سوبحانەڵڵا لەو موعجیزەیە! کە دەبینن دوای ئەردلەرزین زۆربەی خانوەکان روخاون تەنها مزگەوتێک وەک خۆی ماوەتەوە و نەڕوخاوە دیسان دەڵێن سوبحانەڵڵا! نایەن لە هۆیە زانستیەکان بگەڕێن و بە سوبحانەڵڵایەک لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە! کەسانی لەو ئاستە وا بڵێن، جا پیاوێکی هەژاری رەشۆکی پاکستانی چۆن گلەیی لە خوا ناکات کە توشی ئەو کارەساتە گەورەیەی لافاوی کردوە و بە هەزاران منداڵ، ژن، پیاو، پیر و نەخۆشی بێ تاوان، ئیماندار، بەڕۆژو، نوێژکەر، لە خواترس کوشت و بریندار کرد و ئازاردا یان بێ ماڵ و حاڵی کردن.

ئەگەر موسڵمانەکان، بۆ ئەردلەرزینەکەی وڵاتی هایتی بڵێن “غەزەبی خوایە” چونکە مەسیحین یان کاری خراپیان کردوە، ئەی بۆ موسڵمانە هەژارەکانی پاکستان دەڵێن چی؟ ئەگەر دیسان بڵێن غەزەبی خوایە چونکە خەڵک لە دین دورکەوتونەتەوە و زیکری خواناکەن و فەساد بونە، هتد، ئێ خۆ لەو چەندان ملیۆن کەسە هەمو ئەو “تاوانانەیان” نەکردوە، ئێ بۆ خودا تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت؟! ئەوە کردەی مرۆڤێکە کاتێک توڕە بو رەنگە تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێت، بەڵام خودایەکی “عادل” و “رەحمان” و “رەحیم” ماقوڵە شتی وا بکات؟

من باوەڕم بە هەبونی خودا نیە. بەڵام با وا داینێین کە خودا، هەر وەک لە قورئاندا باسکراوە، هەیە و موسڵمانی باش پاداشت دەداتەوە و موسڵمانی خراپیش سزا دەدات: دەپرسم، باشە ئەو خودایە بۆچی منداڵانی بێ تاوان بە کارەساتی ئەردلەرزین و لافاو دەکوژێت و دایکیان ” ئەگەر بمێنن” جەرگسوتاو دەکات؟ ئەو خودایە بۆچی مەسیحی و موسڵمانی لە خواترس و چاکەخواز دەکوژێت و خەڵکی کافر و خوانەناسیش لە ژیانێکی خۆشدا بژین؟ رەنگە موسڵمانەکان بڵێن خودا ئیمتیحانیان دەکات یانیش خودا خۆی دەزانێت چی دەکات و ئێمەی مرۆڤ کە ئەقڵمان کورتە لە کار و حیکمەتی خودا تێناگەین! ئەی ئیمانداران چۆن وەڵامی ئەوە دەدەنەوە کە خودا (یەهوا و ئەڵڵاه) وەک لە تەورات و قورئاندا باس کراوە قەومی لوتی جینۆساید کرد، ئێ خۆ منداڵەکان هاوجنسباز نەبون و کاری لیواتەیان نەدەکرد، ئێ خۆ هەمو خەڵکەکە ئەو کارەیان نەدەکرد، ئەی ئاژەڵەکانیان، ئەوان چیانکردبو؟؟!

لە کاتی روداوە سروشیەکان، کە خەڵکێکی زۆر بە هەمو جۆرێکەوە، دەبنە قوربانی و دەمرن، پێویستە مرۆڤی خواناس هۆشیار بێتەوە و ئەو پرسیارە لە خۆی بکات:” باشە تۆ بڵێی خودا هەبێت و هۆی ئەو روداوە سروشتیە کاولکارە بێت؟” نەک ئەو پرسیارە بکات “نازانم بۆچی خوا لێمان توڕەیە؟!”

ئەو لافاو و ئەردلەرزینانە دیاردە و روداوی سروشتین زانست هۆیەکانی رونکردۆتەوە و هیچ پەیوەندیان بە ” بیرۆکەی خوداوە” نیە.

 
کانەبی محەممەد عەوڵا
kanawla@yahoo.com
20/8/2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.