
په‌تای ته‌له‌ڤزیۆن له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا
ڕوو ده‌که‌یته لای پزیشکێک و نه‌خۆشیت، پێویستت به هێمنی هه‌یه، به‌ڵام گه‌ر له ژووری پزیشکه‌که‌دا ته‌له‌ڤزیۆنێکی تێدا نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان له ژووری چاوه‌ڕوانکردندا دانه‌یه‌ک دانراوه و هه‌موو نه‌خۆشه‌کان به هه‌موو هێزێکی خۆیانه‌وه ته‌ماشا ده‌که‌ن، سکرتێریش به‌شدارییان ده‌کات. ئه‌چیته لای به‌ڕێوبه‌رێک چه‌ند میوانێکی هه‌یه، هه‌موو به یه‌ک ئاراسته ڕوویان له ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌یه و ته‌ماشا ده‌که‌ن، به‌ڕێوبه‌ریش له‌به‌ر ڕووداوه‌کانی زنجیره تورکییه‌که ئاگای لێت نییه. کۆمپانیاکان هه‌مان تابلۆ دووباره ده‌که‌نه‌وه، ده‌زگاکانی میری هه‌مان وێنه. به‌ڵکو هه‌ندێک له پۆستبهرزهکان شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ن، که له ژووره‌که‌یاندا ئامێرێکی ته‌له‌ڤزیۆنی لێیه و هه‌ندێک له پۆستنزمهکان خاوه‌نی ئه‌و ماف و ته‌خشان و په‌خشانه نین. جا زنجیره‌ی ئەم تابلۆیە به‌ردوام ده‌بێت و بنکه‌ی پارت و ڕێکخراوه‌کان ده‌گرێته‌وه و به‌ره‌و دوکان و کۆگا و قه‌یسه‌رییه‌کان ده‌ڕوات. له به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌ره پۆستبهرزهکانهوه ناوه‌ستێت و ده‌چێته ناو وه‌زاره‌ت و به‌ڵکو زۆربه‌ی وه‌زیره‌کانمان خاوه‌نی ته‌له‌ڤزیۆنێکی زۆر ڕێک‌و پێک و گرانبه‌هان لە ناو ژووری وەزارەتدا.
واته ده‌توانین بڵێین په‌تای ته‌له‌ڤزیۆن هه‌موو لایه‌ک و که‌سێکی گرتۆته‌وه و له هه‌موو سوچێک و کونجێکی کۆمه‌ڵگاکه‌دا هەیە. خۆ له ناو خێزاندا په‌تاکه قورستره ، به‌ڵام چۆن؟ پاش به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی داهاتی دانیشتوانی ناوچه‌که، ده‌بینین خه‌ڵک زیاتر له پێشوو ڕوو ده‌که‌نه کڕینی ئامێری نوێ بۆ ماڵه‌وه. به‌ڵام هه‌ندێک له خێزانه‌کان وه له “خۆشه‌ویستییاندا” بۆ منداڵه‌کانیان بۆ هه‌ر منداڵێک له ژووره تایبهتییهکەی خۆیدا ته‌له‌ڤزیۆنێکی تایبه‌تی بۆ دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه “خۆشه‌ویسته‌که” به ئاره‌زووی خۆی وه “به درێژایی کاته‌که” سه‌یری به‌رنامه‌کانی خۆی بکات و که‌س بێزاری نه‌کات و که‌سیش بێزار نه‌کات. له هه‌مان کاتدا دایه و بابه‌ش بۆ خۆیان به‌دیار زنجیره تورکییه‌که‌وه یان میسرییه‌که‌وه دابنیشن هه‌تا وه‌نه‌وز ده‌یانگرێت و ئنجا هێنده هیلاکی سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆنن هه‌ردووکیان وه‌ک لاشەیەکی بێ ڕۆح ڕاده‌کشێن و ده‌خه‌ون. واته چالاکی سه‌ره‌کی خێزانه‌که له سنووری سه‌یرکردنی به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆندا خۆی ده‌بینێته‌وه و دەرناچێت.
ئایا ئەم دیاردە قورسەی نوێی کۆمەڵگا په‌تایه‌ک نییه و کۆمه‌ڵگاکه‌مان تووشی بووبێت؟
لەم بابەتەدا تەنها لە دوو ڕووی ئەم کێشەیە دەدوێم: ڕووی ئەم دیاردەیە لە شوێنی کاردا هەروەها ڕووی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی.
دەتوانم دووپاتی ئەوە بکەمەوە، کە لە هیچ کۆمەڵگا و وڵاتێک‌دا بوونی تەلەڤزیۆنم لە شوێنی کاردا بەدی نەکردووە بەم شێوازە بەربڵاوە جگە لەم کۆمەڵگایە و نیشتمانەی خۆمان وه‌ک لای پزیشک و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی و فه‌رمانبه‌ر و ڕێکخراوه میریی و نامیرییه‌کان، کۆمپانیای گەورە و بچوک و پێشانگا و…. هتد ته‌له‌ڤزیۆن هه‌بێت و ده‌توانین بڵێین عێراق-کوردستان یه‌که‌م ده‌وڵه‌ته له جیهاندا، که به‌و شێوه‌یه تیایدا ته‌له‌ڤزیۆن به‌ربڵاو ببێت و له “شوێنی کار”دا کارکه‌ر، کاره‌که‌ی و پۆسته‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، سه‌یری به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن بکات. ئایا هه‌موو ئه‌و خاوه‌نکار و کارکه‌ر و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی و سه‌ندیکا و … هتد و وو پرسیاریان له خۆیان نه‌کردووه، ئایا په‌یوه‌ندی کار چییه به بوونی ئه‌م ئامێره‌وه؟ ئایا ئێمه لێره‌دا ئه‌رکی سه‌رشانمان چییه؟ ئایا لە شوێنی کارماندا لە “بێکاریمانە” پەنامان بردۆتە بەر تەلەڤزیۆن بۆ بەسەربردنی کات؟ ئایا وەزارەتەکان بەرامبەر ئەم دیاردەیە چی دەڵێن سەبارەت بە بوونی تەلەڤزیۆن لە ناو بنکەی هەندێک لە بەشەکانیاندا؟ ڕاستە دیاردەی بێکاریی شاراوە لە ناو هەموو سوچێکی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بە ئاشکرا هەست پێ دەکرێت، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە بەرپرسیارێک یان خاوەنپۆستێکی ئاستبەرز بە دیار ئەو ئامێرەوە لە کاتی کارەکەیدا لۆشی دابمێنێت، ئەگەرچی کارێکی زۆریشی نەبێت.
خۆ گه‌ر بێینه سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له ناو زۆربەی خێزانی کورددا کەم و زۆر وە بە تایبەتی لە خێزانە خاوه‌ن تواناکاندا ڕوو ده‌دات سه‌باره‌ت به منداڵه “نازداره‌کانیان” ده‌توانم هه‌ر ئه‌مه‌نده بڵێم، که ئه‌مه دیاردەیە دەتوانین هه‌موو شتێکی ناو بنێین ته‌نها خۆشهویسستیی و پەروەردە و ناز نه‌بێت، چونکه منداڵ هه‌میشه پێویستی هەیە به هه‌ستکردنی بوونی دایک و باوکی له‌گه‌ڵیدا، ئەویش بەو پەیوەندییە بەردەوامەی دەبێت هەبێت لە نێوانیاندا. ئەمەش تەنها پابەند نییە بە بوونی جەستەیی دایک و باوک لە ماڵەکەدا و لە ژیانی منداڵەکەدا بەڵکو وتووێژ، پەیوەندی چاوەکان و تێڕوانینەکان، مامەڵەی هەردووکیان وە بواری پەروەردەکە. جگه له‌وه‌ی که منداڵ و به‌ڵکو هه‌رزه‌کاریش ده‌بێت منداڵێتی و هەرزەکارێتی خۆی ببینێت، که ئه‌وانیش ته‌نها به‌شێکی که‌می ڕۆژانه‌ی له ناو به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆندا ده‌بینێته‌وه. کات بەسەربردن بەرامبەر بە تەلەڤزیۆن هۆکارێکی گرنگه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی منداڵ و دوورخستنه‌وه‌ی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی و فێرکردنی خۆشه‌ویستیی و سۆز. له هه‌مان کاتدا ئه‌م شێوازه ژیانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نییه به پەروەردە، بوژاندنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی ئیندیڤیدوالیزم یاخود کەسایەتی، بەڵکو بە پێچەوانەوە چونکە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی زۆر لەوە زیاترن، کە ئێمە دەتوانین بیانبینین، گەر بە وردی سەرنجیان لێ بدەین وەکو ته‌سککردنه‌وه‌ی بواری مه‌عریفیی و چه‌مکی زانستی له ناو خێزانه‌که‌دا. گەر لە گۆشەنیگای ئەوەوە تەماشا بکەین، کە منداڵ هەمیشە بەدوای وێنە نموونەییەکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیکات بە نموونەی کەسایەتییەک بۆ خۆی و زۆربەی کات ئەو وێنەیە لە دایک و باوک‌دا دەدۆزێتەوە. جا گەر دایە و بابە عەشقی ئامێرێک بووبن و زۆربەی کاتیان لەوەدا بە فیڕۆ بدەن، ئایا چاوەڕوانی چی دەکەین لە منداڵەکە؟ تەسککردنەوەی تێڕوانینی منداڵ بۆ جیهانەکەی دەر لە تەلەڤزیۆن و ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر باری دەروونی و کەسایەتی ئەنجامی ئەم کێشەیەیە، کە لە هەندێکدا دەگاتە ئاستی فەنەتیزم لە هەموو ئاستە جیاوازەکانی تەمەندا وە بە تایبەتی منداڵ، کە لە زۆربەی کاتدا دایک و باوکەکان دەرکی پێ ناکەن. لێرەدا دەتوانین خەسڵەتی ئاڵوودەبوون بدەین بەو کەسانەی، کە هەمیشە ڕادەکەن بە دوای تەلەڤزیۆندا و ئەمەش کێشەیەکی دەروونییە هەروەک هەموو جۆرەکانی تری ئاڵوودەبوون.
به‌رفراوانبوونی ئه‌م دیارده‌یه جۆرێکه له ئاوێنه‌ی به‌تاڵیی که‌سایه‌تیی و هه‌وڵی تاک بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کاته‌کانی خۆی، جگه له به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گرژیی و فشاره‌ی که له‌ناو زۆربه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا خۆی حەشار داوە. به‌ڵام هێنده‌ی ته‌ماشاکردنی ته‌له‌ڤزیۆن فشاری سه‌ر تاک زیاد ده‌کات و گرێکانی دەروونیی و کەسایەتیی ئاڵۆزتر دەکات، هێنده یارمه‌تی نادات له که‌مکردنه‌وه، جگه له‌وه‌ی که ئه‌و ته‌ماشاکردنه وه‌ک ئامرازێکی ده‌ره‌کی بۆ له‌بیرچوونه‌وه‌ی خود کاریگەری خۆی دەبێت لە ژیانی تاکدا. سەرتاپای ئەم دیاردە-پەتایەش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بێبنەما و بێپلانی ناوچه‌که‌یە، دوور لە ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئاستە جیاوازەکانی کەسایەتی تاکه‌که‌س و بەرفراوانکردنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و کۆنترۆڵکردنی ڕێچکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه، بە شێوەیەک تاک بتوانێت خۆی بدۆزێتەوە لە ناو ئەو گۆڕانکارییە تەکنەلۆجیی، زانستیی، ڕامیاریی و ئابوورییەی کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە.
کامه‌ران چروستانی
chrostani@hotmail.com