Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ره‌سوڵ سوڵتانی، وه‌رگێڕی رۆمانی تاعونی کامۆ

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ره‌سوڵ سوڵتانی، وه‌رگێڕی رۆمانی تاعونی کامۆ

Closed
by September 1, 2010 گشتی

پرس  و باسێک لەگەڵ رەسووڵ سوڵتانی سەبارەت بە وەرگێڕانی رۆمانی (تاعوون)ی ئەلبێر کامۆ

پرسیار: سەرەتا کورتەیەک لەسەر ژیانى خۆت و ئەو بەرهەمانەى چاپت کردوون وەک وەرگێڕان باسبکە؟
33 سی¬وسێ ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی سەر بەشاری بۆکان بە ناوی حاجی لەک، لە کوردستانی کوێستان(رۆژهەڵات)، لە دایکبووم. 10ساڵ لەوەپێش لە  زانکۆی پەیامی نووری بۆکان لە زمان و ئەدەبی فارسیدا بەکالۆریۆسم وەرگرت. با لەپێشدا ئەوە بڵێم بە دڵنیاییەوە جگە لە ئەدەبیات بۆ هەر بوارێکی دیکە دەرچووبایەم وازم لێ دەهێنا، چون نەمدەتوانی جیا لە ئەدەبیات هیچ شتێکی دیکە بخوێنم و سوور دەشمزانی نەک نانی تێدا نییە بەڵکو “نان و دۆ بڕاو”ـیش دەبم. منیش وەکو نزیک بە تەواوی قەڵەم بەدەستانی ئێستا و رابردوومان سەرەتا بە شێعر دەستم پێکرد. ئێستاش بەبێ شێعر ناژیم. بەڵام کاری وەرگێڕانم رێک لە 10ساڵ لەوەپێشەوە دەست پێکرد. ئەو کات بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانمم بۆ رۆژنامەی سیروان دەرناردن کە لە سنە دەردەچوو. چەند دانەیەک لەو وەرگێڕانەم لە کوردییەوە بۆ فارسی بوون. چەند چیرۆکێک.

 وەکوو ئەزموونی کتێب، یەکەمجار، کۆتایی 2003 بوو کە دەستم دایە وەرگێڕانی رۆمانێک لە بەرهەمەکانی مارگرێت دۆراس بە ناوی(ژان). کە لە 2004ـدا پەڕیوە کوردستانی گەرمێن(باشوور) بووم، هێشتا تەواوم نەکردبوو، لەگەڵ خۆم هێنام و لێرە لە کۆیە تەواوم کردو دەزگای موکریانی لە هەولێر چاپی کرد. یەکەم کارم بوو وەک کتێب. کرچ و کاڵیی پێوە دیارە. رۆمانەکە خۆی تەکنیکی گێڕانەوەی زۆر تێدا بەکار هاتووە بۆیە خوێنەری وریای گەرەکە. ئیتر رووم کرایەوە. دیارە حەز دەکەم ئەوە بزانن کە من بەراستی حەزم لە وەرگێڕان بوو و ئێستاش وەک گەورەکچێک لە دوو شت دەڕوانم:1ـ شێعر(بەتایبەتی غەزەل) و2ـ وەرگێڕان.
نموونەش ئەوەیە کاتێ لەودیو بووم بەبێ هیچ پاداشتێک کارم دەکرد و بێ چاوەڕوانی خۆم ماندوو دەکرد و بە پاداشتە مەعنەوییەکەی دەژیام. هەتا ئێستا زیاتر لە 30 وتارم لە پەیوەندی لەگەڵ رەخنەی ئەدەبی و تیۆریی ئەدەب و هونەردا لە فارسییەوە کردووەتە کوردی و زۆربەیان بڵاو بوونەتەوە. هیوادارم ناوەندێک بەرپرسیارەتیی چاپەکەی وەئەستۆ بگرێت و ببێتە کتێب. ئەو کتێبانەشم وەرگێڕاون:
1ـ ژان ـ رۆمان
2ـ ژن لە فەلسەفەی سیاسیی رۆژاوادا
3ـ ئێمیل¬ی ژان ژاک رۆسۆ
4ـ پێشەوای رابوون
5ـ تاعوون
ئەوانە چاپ بوونە و بڵاو بوونەتەوە و ئەوانەشم ئامادەی چاپن:
6ـ لە لینینەوە هەتا پوتین
7ـ ئیمپراتۆریای بیزانس
8ـ کۆیلە کردنی ژن ـ نووسینی جۆن ستیوارت میل
با تەواوی خوێنەرانی ئەم دیمانەیەش لەوە ئاگادار بن، وەختایەک ئەوەندە دەستکورت بووم و کورد گوتەنی: “بە (فڵس)ـم دەگوت فەتاح بەگ”. بۆیە بەناچاری پێشنیاری کابرایەکی خاوەن چاپخانەم قبووڵ کردو کتێبێکی خۆڕافیم بۆ وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی لە بەرامبەر پارەدا. نەمبوو، چارم نەبوو. بۆ ئەوەیان داوای لێبوردن لە نەتەوەکەم و نیشتمانەکەم دەکەم. ناوی خۆمی بەسەرەوەیە.

پرسیار: بیرۆکەى وەرگێڕانى رۆمانى ( تاعوون) لاى بەڕێزت چۆن درووستبوو، بەگشتى بوونى ئەو رۆمانە بەزمانى کوردى چ گرنگییەکى بۆ خوێنەرى ئێمە هەیە؟
سەرباز بووم کە تاعوونم خوێندەوە. ساڵی 2000. لە کەرەج. کەشی نێو رۆمانەکە نوقمی خۆی کردم. هەتا ئەم دواییانەش بەری نەدابووم. ساڵی رابردوو کتێبەکەم وەدەست کەوت. شاگەشکە بووم. دیسان خوێندمەوە. پێم حەیف بوو نەکرێتە کوردی. زۆریشی لێ دەترسام. بەڵام من وەکوو گورگ وام و لە خشپەی دەچمە پێشێ. منداڵی گوندم و ترس غیرەتم وەبەر دەنێ. با لەپێشدا ئەوەش بڵێم ئەگەر بزانم دەرەقەتی دەقێک نایەم بۆ سەت ملوێن دیناریش خۆی لێنادەم ئەگەر بزانم خەساری دەکەم. هیوادارم تاعوونم خەسار نەکردبێت. دەمزانی زۆر قورسە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە منداڵیمەوە لەگەڵ بەیت بالۆرە و حەیران و چیرۆکی گوێی ئاگردان گەورە بووم و گوێم بە قسە و حەقایەتی پێرەژنانی گوندی و پرتە و بۆڵەیان ئاودراوە، لێم سوور بوو نامبەزێنێت. ئیتر قۆڵم لێ هەڵماڵی…
 بەڵام گرینگیی رۆمانەکە بۆ خوێنەری ئێمە:
رۆمانی تاعوون رۆمانێکی فرەڕەهەندە. تێم و هەوێنی رۆمانەکە بەرگری و خۆڕاگرییە. بەشداریکردنی تاکە لە خەباتێکی بەکۆمەڵدا. هەڵبژاردنێکە لە نێوان ژیانی تاکەکەسی و خۆقوربانیکردن لە پێناوی کۆمەڵدا.
بەڵا و نەهامەتییەکی سامناک شارێک دەتەنێتەوە. کەس لە پەتای تاعوون پارێزراو نییە. ئەو شارە پێش ئەوەی بەڵای لێ ببارێت و تووشی ئەو پەتایە بێت، شارێکە، کە خەڵکەکەی نوقمی ژیانی رۆژانەیانن و ئەو پەڕی چالاکییەکانیان کار کردن و خواردن و خەوتنە. شارێک بەتاڵ لە هەر چەشنە عەشق و خۆشەویستی و بەزەیی و بیرکردنەوەیەک. مرۆڤەکانی ئەو شارە نوقمی ژیانێکی ماشێنین. بوونەتە رۆبۆت. بیر ناکەنەوە. کەس بیر، نەک لە کەسی¬تر، بەڵکوو لە خۆیشی ناکاتەوە. غیابی بیرکردنەوەیە. تاعوون دێت و ویژدانی نووستووی شار رادەچڵەکێنێت. رەنگە بفەرمووی جا ئەوە چ گرنگییەکی بۆ ئێمە هەیە. سەیرکە بارودۆخی ئێستای کوردستانەکەی خۆمان چۆنە؟ ئێمەش لێرە لە ئاستی سەرەوەدا لە دوای 2003ـەوە پێمانوایە گەیشتووینەتە شاری ئایدیال و خەونەکان(مدینە فاچلە). کەس بیر لە هاتنەوەی تاعوون ناکاتەوە و بە مەحاڵی دەزانین. بەعس تاعوونێک بوو. هەتا ئەو هەبوو، هەموومان بیرمان دەکردەوە. هەموومان بە دڵسۆزییەوە ئیشمان دەکرد. بەس بڕوانە بەرهەمەکانی کۆڕی زانیاریی کورد لەوکاتدا… چ لە گەندەڵی دەبینی؟ ئەدی چ لە دڵسۆزی؟ ئەدی ئێستا؟ لەو شاری ئایدیالە خەڵەتێنەرو درۆزنەی ئێستاماندا چ شتێکمان بایەخی ماوە؟ چ شتێک رێزی ماوە؟ کارم بەسەر ئەوەوە نییە خەتای کێیە. من پرسیار دەکەم. منیش لەگەڵ بە پیرۆزکردندا نیم. لایەنگری رەخنەم،بەڵام لەگەڵ سڕینەوەی تەواوی بایەخەکانیشدا نیم. ئێستا لە نیشتمانەکەی مندا(لێرە) پۆشینی جلوبەرگی کوردی شوورەییە. هەر لەو سلێمانییە، بە گوێی خۆم گوێم لێبووە گاڵتەیان بە جامانە و جلوبەرگی شێخ مەحموودی نەمر کردووە. بۆ؟ لە یەکێک لە فیستیڤالەکاندا یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبێکی کوردستانی هاواری کرد:(بەسە کاکە بەسە،واز بێنن لە شێعری حیماسی و نیشتمانی… سەردەمی ئازادی، شێعری دیکەی دەوێت). هەر ئەو بانگەشەکارانە کە هەست بە هاتنەوەی پەتای تاعوونی بەعس لە رەنگە نوێیەکەیدا دەکەنەوە، کاتێک لەشکری حکوومەتی ناوەندی دێت و داوای خاکی کوردستان دەکاتەوە، یا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، دێن و جلوبەرگی کوردی دەپۆشن و سروودە حیماسییەکان لە TVـەکانەوە بڵاو دەکەنەوە و کە تاعوونەکە دەنیشێتەوە دیسان بایەخە نیشتمانییەکانمان بە هەمان روانگەی پڕ لە سووکایەتییەوە سەیریان دەکرێتەوە. بۆ؟ بۆچی مامۆستای زانکۆ پێی شەرمە بە جلی نەتەوەکەیەوە بچێتە پۆل؟
ئێمە هەمیشە تاعوون رێکماندەخاتەوە. تاعوون نەبێ لە خەوی هەمیشەییماندا بۆگەن دەکەین. بەڵام هیوادارم بەر لەهاتنی تاعوون و داخرانی دەروازەکانی شار بەسەرماندا، فریای خۆمان بکەوین و تاعوون لە خەودا بەسەرماندا نەدات. بەر لەوەی تاعوون بمانهاڕێت هوشیار بینەوە.
لەو شوێنەدا کە دوکتۆر ریڤۆ لە وەڵامی قەشە پانیلۆدا دەڵێت: ئەمن ناتوانم بانگەشەی رزگارکردنی مرۆڤ بکەم. ئەوە بەردێکی قورسە و بە من هەڵناگیرێت. ئەمن تەندرووستیی مرۆڤم گەرەکە. سەیرکە لێرەدا کامو چەندە گرینگیی بە بەختەوەری و تەندرووستیی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی دەدات. ئیمڕۆ لە جیهانی ئێمەدا گرووپە جیهادییەکان بانگەشەی رزگاریمان دەکەن. بەڵام لەپێناوی ئەو بەهەشتەدا کە بانگەشەی بۆ دەکەن لێرە لەسەر زەوی جەحەندەم(دۆزەخ)ـێکیان بۆ نێڵ داوین. ئەوان تەندرووستی و بەختەوەریی مرۆڤیان لە پێناوی رزگاریییەکدا خستۆتە مەترسییەوە کە… بەڵام کامو دەڵێ: لێرە بەختەوەریم پێ ببەخشە.
 پێموایە تا رادەیەک وەڵامی پرسیارەکەتم داوەتەوە. 
پرسیار: زۆرێک لە وەرگێڕکارانى ئێمە تەنها وەک ئارەزوویەک کارى وەرگێڕانى ئەدەبى دەکەن، رەنگە زۆرجار ئاگایىء مەعریفەیان لەسەر دنیاى ئەو رۆمانء تێکستە یان کەلتوورو زمانء شەخسى نووسەەرکە نەبێت، زیانەکانى ئەم وەرگێڕکارانە چینء تۆ ئەم حاڵەتە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
وەرگێڕان تەنیا بە ئارەزوو ناکرێت. کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ. وەرگێڕان شەڕێکی تاقەتپڕووکێنە و پێویستیی بە هەموو ئەو چەک و توانایانەیە کە لەو مەیدانەدا دەبێت بخرێنە کار. من خۆم کاتێ دەست دەدەمە دەقێک بۆ وەرگێڕان، ئەگەر لەگەڵ رۆح و دەروونم سازگار نەبێت و خوێندنەوەکەی چێژم پێ نەبەخشێت، ناتوانم تاقە دێڕێکیش چییە لێی وەرگێڕم. دەبێ لەگەڵیدا بژیم. لەبیرمە پێشەکیی(وەهای گوت زەردەشت)ـی نیچەم دەخوێندەوە. پێشەکیی وەرگێڕەکەی. (داریوش ئاشووری) دەڵێ: نزیک بە سی ساڵ بوو بە زمانی سەرەکی دەمخوێندەوە تازە بە ترسەوە وێرام دەستی بۆ بەرم بۆ وەرگێڕان. بەڵام ئێمە وەرگێڕمان هەیە لەگەڵ پرۆسەی وەرگێڕانەکەیدا دەقەکە دەخوێنێتەوە. برادەرێکم خەرێکی وەرگێڕانی کتێبێک بوو. لە نیوەیدا هاتە لام گوتی: چی لێ بکەم 120 لاپەڕەیم وەرگێڕاوە، ئێستا دەبینم دژی زمانی کوردی قسە دەکات…
 ئەوە کوێی وەرگێڕانە؟! ئەوکەسانە ئەگەر زۆریش زمانزان بن، لانیکەم تووشی هەڵەی زۆر زەق دەبن. چونکە زاڵ نین بەسەر جیهانی دەقەکەدا و لە جیهانبینی و شێوەڕوانینی نووسەرەکەی تێنەگەیون، بە دڵنیاییەوە دەقەکە وەها ئالۆز دەکەن خوێنەر نەتوانێ سەرەدەری لێ دەربکا. ئەگەر بەوحاڵەشەوە تێیدا سەرکەوت پەرجوی کردووە.

پرسیار: بێگومان ( تاعوون) یەکێکە لەشاکارە جیهانییەکانى ( کامۆ) هاوکات لەجۆرى ئەو تێکستانە نین کە بەئاسانى خۆیان بدەن بەدەستى خوێنەرەوە، بەڵام تۆ تا ئەندازەیەکى باش توانیوتە لە وەرگێڕانەکەیدا سەرکەوتووبیت، بەگشتى پێمان بڵێ تۆ چ زانیارىء مەعریفەیەکت لەسەر دنیاى ئەو رۆمانەء نووسەرەکەى هەیەء ئەو زەحمەتانە چیبوون کە لەکاتى پڕۆسەى وەرگێڕانەکەیدا بۆت هاتنە پێشەوە؟
لە پرسیاری پێشتردا کورتە ئاماژەیەکم بە چۆنێتیی ناسینی رۆمانی تاعوون و روانگە و جیهانبینیی نووسەرەکەی، کرد. کامو نووسەرێکە سەر بە رێبازی ئەگزیستانسیالیزم. ئەو بڕوای بە ئازادیی کردەیی(پراکتیکی) هەیە. بە لای ئەوەوە ئازادی لە کردەوەدا مانای هەیە. ئەوان پراگماتیستن. هەر وەک چۆن لە جیهانی دەقەکەشدا دەبینین، دکتۆر ریڤۆ کە دەکرێت کامو خۆی یا سێبەری رۆحی خۆی بێت، بەبێ هیچ دڵەڕاوکێ و ترسێک لە تاعوون قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵێت و دەست دەکات بە پشکنین و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، بیر لەوە ناکاتەوە خۆی دەرباز بکات و بۆ جارێکیش تەرسی ئەوە بە دڵ و مێشکیدا ختوورە ناکات کە لەوانەیە ئەویش تووش بێت. هەتا دوایین چرکەساتەکانیش ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات. ژان تارۆ، خەڵکی ئەو شارە نییە. ئەویش وێڕای د.ریڤۆ شان دەداتە بەر قورسایی ئەو ئەرکە مرۆییە و ناوەندەکانی یارمەتیدان لەگەڵ ریڤۆ دادەمەزرێنێت. رامبێری رۆژنامەنووس کە لەگەڵ داخرانی دەروازەکانی شار، هەموو هەوڵ و تواناکانی بۆ خۆدەربازکردن لەشاری تاعوون لێدراو دەخاتە گەڕ بەڵام لە کۆتاییدا، تەنیا چەند ساتێک بەرلەوەی پاسەوانە قاچاخچییەکان، ئاودیوی بکەن، پەژیوان دەبێتەوە و دێتە یارمەتیی برادەرەکانی. ئەو جیهانە، جیهانێک نییە لانیکەم بۆ ئێمەی کورد نامۆ بێت.
سەبارەت بە زەحمەتەکانی ئەم وەرگێڕانە، ئەوکەسەی بەهەر مەبەستێک رۆژێک لە رۆژان تاقە دێڕێکی لەهەر زمانێکەوە وەرگێڕابێت، دەزانێت هیچ وەرگێڕانێک بێ چەرمەسەری نییە. بەتایبەتی وەرگێڕانی دەقێک کە سەر بە نەتەوەیەکە، کە لە زمان و کولتوور و کەلەپوور و خەیاڵدا، هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نەبێت. ئەوەی وەکوو بەهێزترین خاڵی هاوبەش پێکەوەمان گرێدەدات، مرۆڤ بوونمانە. بەتایبەتی خۆدۆزینەوە لەنێو جیهانی دەقەکەدا، بەهۆی ئەو ئازار و نەهامەتییانەوە کە بەسەر ئێمە هاتوونەو ئێمەش وەکوو شاری (ئۆران) تاعوونمان بەسەردا هاتووە و ئێستاش بەشی هەرەگەورەی نیشتمانەکەمان هەر لەبن بارستایی تاعووندا دەناڵێنێت. بۆیە لێک نزیکین. بەڵام لەگەڵً ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی هەر زمانێک لە داڕشتن و گەیاندنی واتا و مانادا خاوەنی پێکهاتەی تایبەت بەخۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک واتا و ئیدیۆم هەن کە خۆبەدەستەوە نادەن، ناچار دەبێت پەنا بەریتە بەر داهێنان. خۆی وەرگێڕان جۆرێکیشە لە خوڵقاندنەوەو ئافراندنەوە. لێرەدایە کە کاری وەرگێڕ لە پیشە و زمانزانی دەترازێت. لێرەدایە وەرگێڕ جگە لە زانینی زمان دەبێت خوڵقێنەر بێت. بە تایبەتی لە داڕشتندا دەبێت هەوڵ بدرێت کە گونجاوترین وشە نەک هەر لەباری واتاییەوە بەڵکو لەرووی موسیقای ناوەکیشەوە، هەڵبژێریت. ناسینی موسیقای وشە، وشەی خۆش ئاواز، پێویستیی بە ژیانێکی بەردەوام لەگەڵ شێعردا هەیە. لەگەڵ ئەدەبدا. ئەوە رای خۆمە. ئەگەر وەرگێڕ موسیقای ناوەکیی وشە نەناسێت کە زۆربەی هەرە زۆری وەرگێڕانەکەمان لەو خاڵە گرینگە خافڵن، بە دڵنیاییەوە دەقە وەرگێڕدراوەکەیان خوێنەر ماندوو و شەکەت دەکات. وەک ئەوە وایە بە پێی پەتی بەنێو کێڵگەیەکی ناڕێکی پڕ لە دڕک و پێکوڵدا بڕۆیت. بەڵام هەڵبژاردنی وشەی موسیقایی وادەکات کە خوێنەر هەست بکات بەسواری بەلەمێک بەسەر شەپۆلی نەرم و هێمنی دەریادا دەڕوات.

پرسیار: وێڕاى هەوڵى شەخسى خۆتء ئەرکى بەڕێوەبەرێتى چاپء بڵاوکردنەوە، بەڵام خوێنەر هەست بەکۆمەڵێک کەموکووڕى دەکات لە رۆمانە وەرگێڕاوەکەدا، رەنگە خەلەلى چاپکردن ئەو کەموکووڕیانەى درووستکردبێت، بەگشتى پێمان بڵێ ئەو کەموکووڕیانە چین خۆت هەستت پێکردووەء پێمان بڵێ بۆچى زۆربەى جاران کتێبەکان بەخواستى  خاوەنەکانیان چاپء بڵاو ناکرێنەوەء کەموکوڕییان تێدەکەوێت؟
با لە کۆتایی پرسیارەکەتەوە وەڵامت بدەمەوە. بۆ کتێبەکان بە خواستی خاوەنەکانیان چاپ ناکرێن. نامەوێ کەس خەتابار بکەم. بەڵام لە باشووری کوردستان بەگشتی هەوڵێکی کوشندە لە ئارادایە بۆ کوشتنی شێوازە(ستایل) جۆراوجۆرەکان. وەرە با 50 کتێبی جیاواز لە وەرگێڕگەلی جیاواز بە یەک بگرین. زمانەکەیان و شێوازی داڕشتنەکەیان. هەست بە کەمترین جیاوازی لە شێوازی نووسینیاندا دەکەیت. بۆ؟ لەبەر ئەوەی لەبری رێنووسەکە زمانەکەیان یەکدەست کردوون. ئەگینا تۆ لەسەر ئەو باوەڕەیت کە ئێمە هەموومان وەکوو یەک قسە دەکەین؟ من زۆر جاران کە قسەیەکم بۆ دەگێڕنەوە، تاڵ بێت یان نەستەق، بەمەرجێک خاوەنی قسەکەم پێشتر ناسیبێت و قسەم لێ بیستبێت، بەبێ ئەوەی ئاماژەی پێ بکرێت ئەگەر دڵنیاش نەبم لانیکەم مەزەندەی ئەوە دەکەم ئەو قسەیە هی ئەوە. ئێمە هەرکاممان دایکێک گەورەی کردووین. هەموومان کوردین بەڵام ئەوەی پێی دەگوترێت لەبز(لەحن) لەهەرکامێکماندا جیاوازە، تەنانەت لە منداڵەکانی یەک بنەماڵەشدا. بە باوەڕی من شێوازی نووسین و لەبزی ئاخافتنی هەر کەسێک هێندەی دەنگی ئەو کەسە لەکاتی گۆرانی چڕیندا لە ئەویتر جیاوازە. بەڵام لێرە دەبێت نووسینەکانمان بەگشتی یەک لەبز و ستایلیان هەبێت. ئەوە ناوچەگەرێتییەکی سامناک و مەترسیدارە. سەیرکە وەرگێڕانی فارسەکان، ئەگەر تۆزێک بە سەرنجەوە لێی وردبیتەوە شێوازی وەرگێڕانی (محەممەدی قازی و نەجەفی دەریابەندەری و مەهدیی سەحابی و رەزا سەید حوسێنی و ساڵح حوسێنی و…) تەواو لێک جیاوازن. هیچ بڵاوکەرەوە و ناوەندێکیش ئەو ئیزنە بەخۆی نادات سەروگوێی زمانەکەیان تێک بشکێنێت بۆ ئەوەی پێیوابێت خزمەت بە زمان دەکات. ئەوە خزمەت بە زمان نییە. دوور ناڕۆین، با ئاوڕێک لە وەرگێڕە پێشەنگەکانی خۆمان بدەینەوە، سەیری وەرگێڕانەکانی (هەژار موکریانی و هێمن و عەبدوڵا حەسەنزادە و شوکور مستەفا و عەزیز گەردی…) بکە، بزانە چۆن هەست بە جیاوازییەکانیان دەکەیت. هیچکامیشیان نەک غەڵەت نین بەڵکوو سەرچاوەیەکن کە ئێمە بەردەوام دەبێت پشتیان پێ ببەستین. نەک وەکوو برادەرێکی نەخوێندەواری بێ ئاگا لە زمان گوتبووی:”ئەو زمانەی هەژار و هێمن و عەبدوڵا حەسەنزادە پێی دەنووسن کۆن بووە”. بۆیە دەڵێم نەخوێندەوارە، لەبەر ئەوەی نەیزانیوە گەورەترین وەرگێڕی فارس محەممەدی قازی لە وەرگێڕانی (دۆن کیشۆت)دا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئاخافتنی سەدەی چواری کۆچی کە (بەیهەقی) پێی نووسیوە. شاملوی مەزنیش هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەو زمانە. ئەمن لەگەڵ رێنووسی یەکدەستدام. پێمخۆشە لە سەرانسەری کوردستاندا یەک رێنووسمان هەبێت بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکدەستکردنی ستایل و لەبزی تاکەکەسیدا نیم. لەگەڵ ئەوەدا نیم شێوازەکان بتوێنینەوە، ئەوە خزمەت نییە.
بەڵام لێرە نابێت خوێنەر هەست بەوە بکات من خەڵکی موکریانم و تۆ خەڵکی … و ئەویتر خەڵکی فڵان ناوچەی کوردستانە. کتێبەکە لەهەر شارێک چاپ بکرێت دەبێ وەرگێڕەکە بە شێوەزاری ئەو شارە بنووسێت یا دەقەکەی لێدەکرێتە شێوەزاری ئەو شارە. بیانووەکەش ئەوەیە کە خەڵکی شارەکەی ئێمە لە شێوەزاری شار و ناوچەکەی ئێوە تێناگەن. هیچ وانییە. با بێین فەرهەنگۆک بۆ وشەکانمان بنووسین کە ئەوە زمانیش دەوڵەمەندتر دەکات. نەک قەتیسکردنی لە لەهجەی ناوچە و شارێکدا. ئەمن راشکاوانە دەڵێم خوێندەواری ئێمە نەک لە شێوەزاری موکریان بەڵکوو لە زمانی ئەو پیرەژنە گوندییانەی دەوری شارەکانی خۆیشیان تێناگەن. کامە خوێندەواری ئێمە لە وشەی نێو گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان ورد دەبێتەوە؟ کێهە نووسەرمان سەر بەماڵی دەوڵەمەندی بەیت و حەیران و لاوکەکاندا دەکات بۆ ئەوەی وشە و داڕشتنی پەتییان لێ فێر بێت؟ ئەوە تاوانی ئێمەی وەرگێڕ و نووسەرە خوێنەرمان قەڵب و تەوەزەل بارهێناوە. پێوەر و بنەمای من بۆ نووسین وهەڵبژاردنی وشە، بەڕاستی خوێندەوارەکانمان نییە. بەڵکو لە خەیاڵی خۆمدا ئەوکاتەی خەریکی وەرگێڕانم، بەردەنگی من پیرە پیاو و پیرە ژنە نەخوێندەوارەکانی کوردستانە. ئەوانەی کە ئێمەی خوێندەوار دەبێت زمانیان لێ فێر بین. مامۆستا هێمن لە پێشەکیی “تاریک و روون”ـدا باس لەوەدەکات کە شێعرەکانی خۆی بۆ ئەو پیرەپیاوە نەخوێندەوارانە دەخوێندەوە کە لە بەربەڕۆچکەکان خۆیان وەبەر تیشکی خۆر دەدا. ئەگەر ئەوان پەسندیان کردبا ئەوا خۆیشی پەسندی دەکرد. کێ دەتوانێ بڵێ دەقەکانی هێمن کۆن بوونە؟ من ناڵێم وەرن فەلسەفەش بە زمانی نەنکمان بنووسین. بەڵام دەکرێت هەر لەو وشانە کەڵک وەرگرین کە لەوان فێریان بووین و بۆ چەمکە نوێیەکانیش بگەڕێینەوە سەریان. با بزانین هەژار بۆ وەرگێڕانی (چوارینەکانی خەیام) چۆن کەڵک لەو زمانە وەردەگرێت. مەگەر چوارینەکانی خەیام ناچنە نێو خانەی بیری فەلسەفییەوە؟  خوێندەوارەکانمان خوویان بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی قامووس گرتووە بۆ دۆزینەوەی سادەترین مانای وشەکان و کە لاپەڕەکەش دادەنەوە ماناکەیان لەبیر دەچێتەوە. بۆیە ئەوەم بۆ باس کردیت تا بزانیت کەموکووڕییەکانی ئەو رۆمانە بەرهەمی چین. بەرهەمی ناشارەزایی ئەو (خەبیرە)یە کە بە کتێبەکەدا چۆتەوە. راستە ئەو چەند وشەیەکی گونجاوی بۆ داناوم و پێویستە بۆ ئەوەیان سوپاسی بکەم. بەڵام هەر لەیەکەم لاپەڕەوە بەکەیفی خۆی دەستی داوەتە تێکدانی دەقەکە. تێکدانێک کە ئەگەر بە ئانقەستیش بیکەیت هەروا دەبوو. کە دەڵێم تێکدان مەبەستم رێنووس و رێزمان نییە. ئەوەیان بەقوربانی چاوەکانی ئەو بێت. بەڕێزیان وشەی گۆڕیوە و نەشهاتووە وشەیەک دابنێت لە جێگەیان کە لانیکەم مانایەک بداتە خوێنەر. وشەی وای داناوە کە لە هیچ قامووسێکدا نییە. بۆ وێنە لە وشەی باڵندە تێنگەیشتووە کردوویەتە: بیتڵندە. هەر وشەیەک کۆتاییەکەی (ێ) بووبێت لەخۆوە (ت)ـێیەکی پێوەناوە.
 بە چەند نموونەیەک بەرگری لەخۆم دەکەم بۆ ئەوەی بەبێ بەڵگە کەسم تاوانبار نەکردبێت:

لاپەڕەی 7: بێ کۆتر و بێ دار کراوەتە بێکۆتر و بێدار، بەبێ ئەوەی خەبیرەکە بیر لەوە بکاتەوە کە (بێدار) مانایەکی دیکە بەدەستەوە دەدات و بە مانای بەخەبەر دێت.
لاپەڕەی 14: دیتووتانن. ئەگەر بڵێین لەهجەکەى موکریانییە دەکرآ بێکەینە(بینیوتانن) ئیتر (دینیوتانن) چ مانایەک دەدات؟
لاپەڕەى 22 پەرەگرافی یەکەم: (گەورە بۆوە) کراوەتە (گەورەبو).
لاپەڕەی 23 پەرەگرافی دووهەم: (گرێی دار) وەسەریەک خراوە و کراوەتە (گرێدار) کە گرێی دار مەبەست ئەو گرێیەیە کە لە دارێکدا هەیە. بەڵام گرێدار بەمانای خاوەن گرێیە.
دێڕی دوای ئەو: (تین پێو، دابنێ) کراوەتە (توون پێودانی)…
دێڕی دوای ئەو: هیچ دوور نییە پەتایەکی “تەشەنە ئەستێن بێ”… کراوەتە (….. تەشەنەئەستێنیی.) 
لاپەڕەى 43(نیانتر) کراوەتە (نیتر)
لاپەڕەى 46: باڵندەکان کراوەتە (بیتڵندەکان)…
لاپەڕەى48: ( باقی) کراوەتە (بیتقی)
لاپەڕە52: (نەشی دەتوانی) کراوەتە (نەشێت دەتوانێت)…
لاپەڕەی 57: “پەرەئەستێنیی” کراوەتە پەرەئەستێنیییت….
لەگەڵ هەمووی ئەوەشدا با خوێنەران ئاگاداری ئەوەش بن کە د.فەرهاد پیرباڵ پێشەکییەکی بۆ وەرگێڕانەکە نووسیبوو، بەڵام لەوێ لە چاپخانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی خۆم دەریانهاویشتبوو. ئەوەشیانم دوای بڵاوبوونەوەی زانی. چ بکەم؟
و زۆر شیتی تریش…
دەزانم بەو قسانە شەڕێکی گەورەی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەم بۆخۆم کڕیوە و نان و دۆی خۆشمم بڕیوە، تاوانباریش دەکرێم بەوەی سپڵە و پێنەزانم و ئەوان چاکەیان لەگەڵ کردوومە و کتێبیان بۆ چاپ کردووم بەڵام ئەمن لەبری سوپاس و پێزانین رەخنەیان لێدەگرم. هیوادارم ئەو خۆشەویستانە بە سینگفراوانییەوە رەخنەکانم لێ وەرگرن و لە هەر شوێنێکیش پێیانوایە ناهەقیم گوتووە، با هەڵەم بۆ راست بکەنەوە مەمنوونیان دەبم.
پرسیار: بەگشتى ئەو خەسڵەتانە کامانەن کە وەرگێڕى سەرکەوتووى پێدەناسرێتەوە، ئایا تەنها شارەزابوون لەزمانێکى جیهانیدا بەسە بۆ ئەوەى دەست ببرێت بۆ وەرگێڕان؟
بە باوەڕی من هەموو وەرگێڕێکی کورد، پێویستە بە قووڵی نەک رووکەشیانە موتاڵای فولکلۆری کوردی بکات و بەوردی بیخوێنێتەوە. بەیت و حەیرانەکان خەزێنەیەکی گەورەی زمانن. خوێندنەوەی بەردەوامی ئەو دەقە کوردییانەی کە پاراون. پێشەکیی شەرەفنامە و دەقەکەی، “لەکوێوە بۆ کوێ” پێشەکییەکی تاریک و روون، حەمەدۆک، وەرگێڕانەکانی شوکور مستەفا، وەرگێڕانەکانی د.عەزیز گەردی و ئەو رۆمان وچیرۆکانەی کە لە کتێبخانەی کوردیدان. ئێمە کۆمەڵێک نووسەری باشمان هەیە کە رۆمان و چیرۆکەکانیان وەکوو قوتابخانەیەک دەکرێت تێیاندا فێری زمان بین. هەرچی بە کوردی قسەی کرد یا لە مەکتەب و زانکۆ کوردیی خوێند کوردیزان نییە. کوردیزانینیش جۆرە عیشقێکە. خۆ ماندووکردنی گەرەکە. با باوەڕ بەوە بێنین وەرگێڕان بە یارمەتیی قامووس ناکرێت و ئەو وەرگێڕانەی کە بە یارمەتیوەرگرتن لە قامووس دەکرێت، نەک سەرکەوتوو نابێت بەڵکوو کەس تەنانەت وەرگێڕەکەشی تاقەتی نابێت بیخوێنێتەوە.
باشترین وەرگێڕانیش ئەوەیە کە، لە دەقی وەرگێڕداودا هەست بەوە نەکەیت وەرگێڕداوە. سەرکەوتوویی دەقی وەرگێڕدراو ئەوکاتە دەسەلمێندرێت کە خوێنەر وابزانێت نووسراوە. ئەوەی (رەزا سەید حوسێنی) دەڵێ:”لە دەقی وەرگێڕدراودا نابێت هەست بە حوزووری وەرگێڕ بکەیت”. کە تۆ دەقەکەت خوێندەوە و هەستت بە ناسرووشتیبوونی زمانی داڕشتن و ئاخافتنەکەی کرد ئیتر ئەوە وەرگێڕان نییەو کارەساتە.
شارەزابوون لە زمان، مەرجی پێویستە بەڵام هەموو مەرجەکان نییە. مەرجی یەکەمە. ئەو هەمووە خەڵکەی فارس هەیە ئینگلیزییش دەزانن بەڵام چەند وەرگێڕێکی سەرکەوتوویان هەیە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی جگە لە زانینی زمان وەرگێڕان پێویستیی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیکە هەیە. یەک لەوان ناسینی رەهەندەکانی زمانە. ناسینی تواناکانی زمانە. ناسینی مۆسیقای وشەیە. ناسینی کەلتوور و کەلەپووری خۆی و ئەو گەلەیە کە لە زمانەکەیانەوە وەردەگێڕێت. توانای نووسینە. ژیانە لەگەڵ وشەدا. لەهەمووی گرینگتر ئازایەتییە لەوەدا کە ئەگەر دەرەقەتی دەقێک نەهات بوێرێت بڵێ بەردێکی قورسە و بە من هەڵناگیرێت. لەوەش گرینگتر عیشقە. عیشقی وەرگێڕان.
پرسیار: تۆ پێشتر جگە لەوەرگێڕانى رۆمانء بەرهەمى ئەدەبى کارت لەبابەتى فەلسەفىء سیاسىء فکریشدا کردووە، هەر یەک لەوجۆرە وەرگێڕانانەش شێوازى زمانء دەربڕینء گوزارشتء وێناکدنى جیاوازى دەوێت، گەر بکرێت باسى ئەو حاڵەتەمان بۆ بکە، واتە جیاوازى لەرووى زمانەوە بۆ وەرگێڕانى بوارە جیاجیاکان؟
با ئەوەمان لەبیر بێت کە تەنانەت لە رۆمانیشدا ناتوانیت هەموو رۆمانێک بە یەک زمان وەربگێڕێت. زمان مەبەستم شێوازی ئاخاوتنە. هەر رۆمانەی شێوازی خۆی هەڵدەگرێت کە ئەگەر وردبین نەبیت دەیشێوێنیت. ئەگەر تۆ هەموو بەرهەمەکانت بە یەک لەبز و شێوازی وەرگێڕا، مانای ئەوەیە تەواوی ئەو نووسەرانە وەک یەک دواون. تۆ بڵێی کافکا و کامو و هیدایەت و مەحموودی دەوڵەت ئابادی و هووشەنگی گوڵشیری و مارکیز و ساراماگۆ وەک یەک بنووسن؟
 زمانی ئەدەبی زمانێکی فرە رەهەندە. زمانێک نییە تەنیا بۆ گەیاندنی مەبەستێک. لە ئەدەبیاتدا زمان لە حاڵەتی ئامرازبوون دێتە دەرێ. وشە خۆی دەبێتە مەبەستی سەرەکی. بەڵام لە دەقی مێژووییدا زمان ئاوێنەی واتایە. وشە ئامرازی گواستنەوەیە. لەسەرێتی ماناکە بگوازێتەوە و بەس. بەڵام زمانی ئەدەب خوێنەر تووشی رامان و بیرکردنەوە دەکات و بەرەو رەهەندەکانی مانای دەبات. ئەوەیە جیاوازییەکانیان.
پرسیار: یەکێک لە خەلەلەکانى ئەدەبى ئێمە نەبوونى وەرگێڕانى پێچەوانەیە، واتە دەقێک لەکوردییەوە وەرگێڕدرێت بۆ سەر زمانێکى جیهانى، تۆ ئەم خەلەلە بۆچى دەگەڕێنیتەوە، ئایا لەئەدەبى ئێمەدا کۆمەڵێک تێکست نین شایانى ئەوەبن بچنە ناو کەلتوورى بیانییەوە؟
ئەو بۆشاییە، بۆشایی نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی و نابەرپرسیارەتیمانە. هێشتا هەستمان بەوە نەکردووە کە پێویستە گەلانی دیکە هەروەک چۆن ئێمە لە رێگەی وەرگێڕانی دەقەکانیانەوە دەیانناسین، ئەوانیش ئێمە با لەرێگەی ئەدەبیاتمانەوە بناسن. ئەو بۆشاییە هی ئەوە نییە ئێمە دەقی شیاوی وەرگێڕانمان نەبێت. ئێمە دەقی زۆر گەورەمان هەیە. دەقی سەرکەوتوو کە دڵنیام ئەگەر بیانییەکان بتوانن بیانخوێننەوە سەریان سووڕ دەمێنێت. کورتە ئاوڕێک لە رابردوومان بدەینەوە، ئەو رۆژهەڵاتناسانەی کە رێیانکەوتووەتە کوردستان و ئەدەبی زارەکیی ئێمەیان ناسیوە سەریان لێی سووڕ ماوە. ئەوەتا ئۆسکارمان دێت بەیتەکانی ناوچەی موکریان کۆدەکاتەوە و دەیاننووسێتەوە. ئەدی ئێمەی لەگوێی گادا خەوتوو بۆچی خۆمان ئەوکارە ناکەین؟ سوارەی ئیلخانەیزادەی شاعیر لە نووسینێکیدا لەسەر تراژیدیای بەیتی(سەیدەوان) دەڵێت: بەیتی سەیدەوان لە هاملێتی شکسپیر گەورەترە. بەڵام کەس نایەت ئەو بەیتانە و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئێستامان وەربگێڕێتە سەر زمانی گەلانی دیکە. بۆچی؟ چونکە خۆمانمان پێ سووکە. خۆمان لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە خەڵکانی دیکە کەمترین. ئەوە ئەوان بەو باوەڕە چەوتەیان گۆشیان کردووین کە خۆمان پێ کەم بێت. هەر وەکوو چۆن ژنان لە رەوتی زەمەندا کۆمەڵگەی پیاوسالاری و کولتوور و ئایین وای لێکردوون خۆیان لەناخەوە باوەڕ بە کۆیلەبوونیان بێنن. باوەڕ بەوە بێنن کە لە پیاو کەمترن. ئێمەش وامان لێهاتووە. خۆمان پێ کەمە و هیچیتر. سەیر نییە، نەتەوەیەک، کە بێزی لە جلوبەرگی خۆی هەڵدەستێت و بە هێمای نەخوێندەواری و دواکەوتوویی دادەنێت چۆن دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە دەقی شیاوی وەرگێڕانی هەیە؟ چۆن دەتوانێ رێز لە ئێستای خۆی بگرێت ئەو نەتەوەیەی بە چاوی سووک لە رابردووی دەڕوانێت. ئەو نەتەوەیەی کە ئەگەر پرۆفیسۆرێکیش جلوبەرگی کوردیی لەبەردا بێت، خەڵکەکەی پێیانوایە نەخوێندەوارە و پێیان سەیرە چۆن لە جلی کوردیدا دەتوانێت بیر بکاتەوەو رۆشنبیریی هەبێت،  ئەوە خۆ بەکەمزانین نییە ئەدی چییە؟
پرسیار: وەک زۆربەى کایەکانى ئەدەبء هونەر، خەریکە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبیش زۆرى و بۆرى تێدەکەوێت، لەم رێگەشەوە زۆر دەقى بیانى شێوێنراون بەڵام نەبوونى رەخنەء قسەلەسەرکردنى ئەو دیاردەیە بوارى زیترى بەوان داوە، لێرەبەدوا دەزگایەکى چاودێرى ئەو بەرهەمانە بەگرنگ نازانیت بۆ ئەوەى بەر بەو بێسەرو بەرییە بگیرێت؟
کام رەخنە؟ کامە رەخنەگر؟ ئەوەی من دەیبینم زیاتر نان بە قەرز دانە. ئەوانەی خەریکی شێواندنن من بەش بەحاڵی خۆم ناوێرم رەخنەیان لێ بگرم. دەرەقەتی دەسەڵاتی ئیدارییان نایەم. دەزگای چاودێریی دڵسۆز لەکوێ بێنین؟ ئەوانەی ئێستا هەن بڕۆ بزانم دەوێریت پێیان بڵێی تۆ  دڵسۆز نیت؟ چۆن پێیان دەڵێی؟ دەزانم یەکێک لە رێگەکان ئەوەیە بەرهەمە لاوازەکانیان بخەیتە بەردەستی و پێیان بڵێی ئەوەتا ئەوە بەڵگەیە. بەڵام دەتوانی لەوە زیاتر چ بڵێی؟
کتێب هەیە بیخوێنیتەوە گریانت دێت. وەرگێڕان نییە کارەساتە. کتێبی 1500 لاپەڕەیی کراوەتە 600 لاپەڕە و هیچ ئاماژەیەکیشی پێ نەکراوە کە کورت کراوەتەوە. سەرچاوەیەکی زانکۆییشە. لە فارسییەوە کراوەتە کوردی. لەگەڵ ئەوەشدا پڕ پڕە لە تێنەگەیشتن لە زمانە سەرەکییەکەی. کەسیش بۆی نییە رەخنەی لێ بگرێت. چونکە هی فڵانە مامۆستایە. ناوەکە گرینگترە لە ناوەرۆکەکە.

پرسیار: دووا پرسیارم ئەوەیە بەگشتى چیبکرێت بۆ ئەوەى بزووتنەوەى وەرگێڕان لە وڵاتى ئێمەدا بەشێوەیەکى تەندرووست پێش بکەوێت؟
با تیتۆڵێک لە خەڵکانی پێشکەوتووی تێگەیشتووی پێشگەیشتوو دادڕین. ئەوەش نایەتەدی مەگەر تاکی کۆمەڵگەمان هۆشیار بێتەوە. تاک دەبێت لەهەمبەر خۆیدا هەست بە بەرپرسیارەتی بکات. لەگەڵ ئەوەدا کە خەسڵەتەکانی تاکێتیی خۆی بپارێزێت، بەبێ ئەوەی لە کۆمەڵ و باوەڕە باوەکانی کۆمەڵدا بتوێتەوە، هەست بەوە بکات کە لە هەمانکاتدا کە ئەو تاکێکی سەربەخۆیە، خۆیشی هێمای کۆمەڵەکەیەتی. هەست بەوە بکات خۆی کۆمەڵە و کۆمەڵیش ئەو. با بێین تیتۆڵێکیش لە پێشەنگەکانی خۆمان دادڕین. ئەوان لە نەبوونی ئیمکاناتدا چییان خوڵقاند. بۆچی هەتا ئێستاش هیچ وەرگێڕانێک خۆی لەقەرەی (داغستانی من) و (حەمەدۆک) و (شەرەفنامە) نەدایەوە؟ ئەوان وەکوو ئەوبرادەرەی ئاماژەم پێکرد بەو زمانە کۆنەوە ئەو شاکارانەیان خوڵقاند، ئەدی بۆچی ئێمە بەو زمانە نوێیەشمان تۆزی پێیانمان نەشکاند؟
شتی دیکەش پێویستن بەڵام من نامەوێت باس لە محاڵ بکەم. بەڵام قەیناکا با بیڵێم: هەرچەندە مەحاڵە، پێویستیمان بە ناوەندگەلی دڵسۆزی بەدوور لە گەندەڵی هەیە. ناوەندگەلێک کە خزم خزمێنەی تێدا نەبێت. بەڵێ مەحاڵە. هەرکەس رەخنەی لەو قسەیەم هەبوو دواتر بە بەڵگەوە پێی دەڵێم چ کتێبگەلێک بەبێ پێداچوونەوە چاپ کراون تەنیا لەبەر ئەوەی تەرجەمەی کردووە برادەری سەرۆکی دەزگاکە بووە یان نەخێر ناوێکی قەبەی پێ بڕاوە و بەو ناوەوە ناسراوە.
ناشوێرم بڵێم با لە زانکۆکان وەرگێران بکرێتە وانەیەکی رەسمی. بەڵام ئاخر ئەوانەی وانەکە دەڵێنەوە کێن؟ کوا هەژارەکان و مەلا شوکرەکان و ….
***

تێبینی:

ئەو دیمانەیە لە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێدا بە سانسۆرکراوی بڵاو کرایەوە. بەبێ ئەوەی پرسم پێ بکەن لە کوێ کەیفیان بە قسەکانم نەهاتبوو هەڵیانپاچیبوو. لە حاڵێکدا بە مافی خۆمم دەزانی ئەگەر بڕیار بوایە کورت بکرێتەوە ئەوە من بووم دەبوایە کورتی بکەمەوە. بۆیە دەینێرم بۆتان و
داوام هەیە بە تەواوی بڵاوی بکەنەوە بەبێ سانسۆر.
رەسووڵ

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.