Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ڕۆژنامە سەربەخۆکان…!

ڕۆژنامە سەربەخۆکان…!

Closed
by September 2, 2010 گشتی

 

 
ڕۆژنامە سەربەخۆکان چەتری ئازادین، وە نوسەر و ڕۆشنبیرە ئازادەکانی نێو ڕۆژنامە سەربەخۆکان پایەیەکی بەردەوامی ئەو چەترەن، کە لە سایە و سێبەری ئەو چەترەدا هەموان دەتوانین دەنگمان بە ئازادی هەڵبڕین..!
ڕٶژنامە سەربەخۆکان :
لاپەڕەی ڕۆژنامە سەربەخۆکان نوسینە ڕەخنەییەکانی نوسەران بە پەرۆشەوە لە سەر سنگی خۆیان دادەنێن، ئەو نوسینانەی  لە لایەک دژ و .. وە لە لایەک پشتیوانە ،پشتیوانی دەنگە ئازادەکانی دەرەوەی دەستەڵاتە.. پشتیوانی کێشە چارە نەکراوەکانی مرۆڤە هەژار و برسیەکانە.. پشتیوانی هەنگاوی مرۆیی‌ و پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانە..! وە لە هەمان کاتدا دژی نا هاوسەنگی و نا حەقی و نا یەکسانی دەستی دەستەڵاتە .. وە دژی کردەوە ناشیرین و نا شایستەکانی  کۆمەڵگاشە..!!
ڕۆژانە هەواڵی ڕۆژنامە سەربەخۆکان یەک بە دوای یەک لە ئاستی باڵاماندا دێن و دەچن..!، پەڕەی ڕۆژنامەکان ڕۆژانە بە سەر بەر بەستەکاندا دەگەنە دەستی مرۆڤە ناڕازیەکانی نێو لانە بێ ناز و بێ نیعمەتەکانی گشت شار و شارۆچکەکان ،لە ڕێگای ئەم ڕۆژنامانەوە نوسراوی ڕۆشنبیرە ڕادیکاڵ و یاخیەکان لە بۆشایی‌یەکانی دەستەڵاتەوە وەک پایزە گەڵا وشە توڕەکانیان لە نێو لاپەڕەکاندا بە سەرماندا دەبارێن، وە وتاری سەر ئەم لاپەڕانە پڕن لە پەیام و هەواڵی بەهاداری مرۆیی ، کە یەکەم سات بە دەستی ڕۆژنامەوانە سەربەخۆکان دەگات .. یان پڕڕن لە ڕەخنەی دروست کە تەنها ڕۆژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان فەرمویان لێ دەکا…وە لە لایەکی دی‌ بەهۆی متمانە بەخشینی ڕٶژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکان بە هاوڵاتیان، یەکەم جار چۆنیەتی پلان و کردەوە – نهێنی‌یەکانی  پیاوانی حیزب و دەستەڵات  زۆر خێرا بە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی دەرەوەی دەستەڵات دەگات، تا بتوانن بە زوویی  پەردەیان لە سەر هەڵبدەنەوە..!.
وە پەڕە بە پەڕەی ڕٶژنامەکان ڕۆژانە بە بێ ویستی دەستەڵاتداران  یەک بە دوای یەک ڕیز دەبێ و زۆر بە خێرایی بە  سەر کۆڵان و شەقامەکانی کوردوستاندا  بڵاوە دەکا، وە هەموو شوێنەکانی کار و ژیانی هاوڵاتیان ڕۆژانە بە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دادەپۆشرێ. وە لە لایەکی دیەوە بەرزبونەوەی رێژەی خوێنەران و نوسەران زیاتر لە ڕۆژانی زوو بە تایبەت لە دوای ڕاپەڕین، بوەتە فاکتەرێک بۆ گەشە کردنی  زیاتری چاپکردن وبڵاوبونەوەی ڕٶژنامە و گۆڤارە سەربەخۆکانی دەرەوەی حیزب و دەستەڵات، وە هاوڵاتیان زیاتر لە زەمەنەکانی پێشوو هۆگری رۆژنامە سەربەخۆکانن، وە بەبێ هەبونی سنوقی پۆستەکان خۆیان بە دوای ڕۆژنامەی هەواڵ و گۆڤارەکانی زانست و زانیاریدا  دەچن و  ڕۆژانە لە ڕۆژنامە فرۆشەکانی دەکڕن..!
 دەتوانین بڵێین لە ئێستادا خوێندنەوە خەریکە لە ئاستێکی دیاری کراودا دەبێتە کولتور و ئەرکی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، چونکە  ئەم وڵاتە ئەو جێگایەیە کە جیا لە وڵاتانی دی، خاوەنی زۆرترین  ڕوداو و کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئاینی‌یە.
وە لە لایەکی ترەوە خۆ سەپاندنی بەردەوامی بڵاوبونەوەی ڕۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆکان وای کردوە کە نوسەرە سەربەخۆ و ئازادەکانیش نەترسانە پێنوسەکانیان بخەنە کار و رۆژانە لە بەرامبەر ڕووداو و کارە نا شایستە و نا ئینسانیەکاندا بێنە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان بە تیۆری و عەمەلی دەر ببڕن و کاریگاری خۆیان لە سەر هەل ومەرجی  سیاسی  کۆمەڵگا دابنێن.
لەم هەل و مەرجە سیاسیەی کوردوستاندا، نوسەران یەکەمین کەسن کە دەبنە کۆڵەکەی ژێر  پەڕەکانی ڕۆژنامە سەربەخۆکان تا کەپری ئازادی بە ڕۆژنامەکانیان لەسەر سەری کۆڵان و شەقامەکان بۆ ڕەخنە و ناڕەزایەتی‌یەکانی هاوڵاتیان بگێڕن..! ،ئەم کەپرە بۆ فراوانکردنی فەزاو و هەلومەرجی ئازادانەیە  دژ بە هەڵپەی چاوچنۆکان و پاوانکارانی سامانی گشتی،وە دژی هەڵمەتی دزی و گەندەڵی  سەرکردە و بەرپرسە درۆزنەکانن، فەزای ژێر کەپری ڕۆژنامە سەربەخۆکان بۆ ئامادەکردنی گیانی بەرگری زیاتری هەژاران و بێکارانی بێ ژیان و بێژەر و نوسەری ناڕازی و ڕەخنەگرە، تا لە سایە و سێبەری  ئەم کەپرەدا لە کاتی هەڵوێست و ڕەخنەو قبوڵ نەکردندا یەکگرتوو و یەک دەنگ  بن، وە بۆ ئەوەی بە ئازادی لە ژێر باڵی ئەم کەپرەدا  سەنگەر بگرین و خەباتی قەڵەم و نوسین بۆ ئازادی و مافی ژیانی خۆمان دەست پێ بکەین، بەبێ سڵەمینەوە لە گوللە حازر و ئامادە کراوەکان و.. چەکە بێ کۆنترۆل و بێ هۆشەکانی دەستی ڕەشی باندە شاراوەکان…!
 لاپەڕەکان  ڕۆژانە لێوان لێون لە هەواڵ و وتە و وشە و بیر و زهری نوێ..!  بنوسی لاپەڕەکان  هێندە چالاکن وە هێندە سەنگ و پەیگرن دەستەڵات بە هەڕەشە ناتوانێ نوسینی سەر لاپەڕەکانیان سپی بکاتەوە و  لە بەر نیگایانی بفڕێنێ ..! وە لە بەر  بەردەوامی  هەڵچونی شەپۆلی دەنگە ئازادەکان… دەستەڵات ناتوانێ  پەردەی هەڵدانەوەی نهێنی‌یەکان  لە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتە ئەلکترۆنی‌یەکاندا بوەستێنێت..! بەڵێ سەردەمێکە لە بەر ڕۆشنایی نوسینی نوسەرە سەربەخۆ و دەستەمۆ نەکراوەکانی نێو  ڕۆژنامە سەربەخۆکان زۆربەی پلان و ڕووداوەکانی دەستی دەستەڵات شەفاف و ئاشکرا دەکرێن، لە بەر ئەوە دەستەڵات  ناتوانێت بە ئاسانی هیچ شتێکمان لێ وون بکا و دوور بخاتەوە و بیبات بۆ ژوورە  تاریک و نهێنی‌یەکان …! وە چاوی سوری دەستەڵات نە دەتوانی شەپۆلی  ڕەنگ و دەنگی ڕووداوەکان لەسەر ئاواز و ڕیتمی سەربەخۆی خۆی لا بدات ..!وە نە دەتوانێ  بە لورەی دەنگە دەنگەکانی و ژاوە ژاوەکانی ، گوێمان .. دەنگمان.. بۆ لەحزەیەک کپ بکات ..!!
ڕۆژانە دەنگ و ڕەنگ و وێنە و نوسینی نێو ڕۆژنامە و پەڕتوک و نامیلکەکانی دەرەوەی دەستەڵات لە نێو شەقام و ماڵەکانمان دێن و دەچن، کاتێک کە پێمان دەگەن، بەبێ وەستان بە دەنگی بەرز زۆربەی نهێنیەکانی دەستەڵاتمان پێ دەگەیەنن..! وە  کاتێ کە نیگا لە یەک بە یەکی وشەکانیان دەکەین .. کاتێ گوێ لە دووبارە کردنەوەی دەنگی وتەکانیان دەگرین، چەندەها فەنتازیای ئازاد و جوان و بەهای مرۆیی لە وتار و نوسینەکانی نوسەرانی سەر لاپەڕە و ماڵپەڕەکان دەبینرێن و دەبیسترێن ..! وە چەندەها پەیامی خەمخۆریی و دڵسۆزی بۆ ماف و ئازادیەکانمان  لە ناوەڕۆکی ئەم وتارانە دێنە بەر چاومان و بەر گوێمان دەکەون،  وە چەندەها بابەتی سیاسی و فکری لە سەر نەبونی هاوسەنگی و هاوتایی .. نەبونی خۆشی و بەختەوەری .. لە ژیانی هاوڵاتیانی کوردوستاندا لە ڕێ‌ی پەڕە و وشە و ووتەکانی ئەم نوسەرانەوە بە ئێمە و بە جیهان دەگا ..! وە چەندەها  خەیاڵی بەراورد لە نێوان ژیانی بێ هیوایی نەوەی بەجێماوی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاپەڕین لە گەڵ ژیانی بەهەشتی و لە هیچ کەم نەبوی بارۆن و فیرعەونەکانی کوردوستان ، لە رێگای ئەم نوسەرانەوە بە زهنی ئێمە دەگات..! هەندێ لە نوسەرە پێگە خوازەکان رەخنەی ئەوە دەگرن و دەڵین ( کە نوسەر و رۆژنامە نوس زۆر بونەو نوسین و رۆژنامە نوسی بووەتە فەوزا ) لە سایەی دەستەڵاتێکی بێ مەعریفە و فەوزا و شیواودا ، کۆمەڵگا و کار و چالەکیەکانی نێویشی دەبێتە فەوزا ، وە دەبێت هەموو بزاڤەکان لە ئاستی خۆیاندا هەوڵ بدەن .. پەلامار بدەن .. تا جێگای خۆیان بگرن و خۆیان بناسێنن و کاریگەری خۆیان دابنێن …!! وە لە لایەکی دیشەوە بۆ وەڵام دانەوە بە نا عەدالەتی و بێ مافیەکان لە ئێستادا زیاتر ئەم رێگایە بوونی هەیە ، لەوانەیە لە زەمەنیکی تردا ڕەخنەکان شێوازێکی تر بگرێتە بەر یان بگٶڕێت بە ڕێگایەکی باشتر و ڕادیکاڵانەتر.. !!
هەڵوێستی دەستەڵاتداران :
دەستەڵاتداران جۆرەها ڕێگاو پلانیان بەکارهێناوە و بەکار دەهێنێن تا  چەمکی ئازادی بە ناو و ناتۆرە لە هاوڵاتیان بشێوێنن.. !! وە دەیانەوێت ئازادی بگەڕێننەوە بۆ سەر ڕێگای بکوژ و جەلادەکان تا کەس جورئەت نەکات دەستی بۆ بەرێت..!! یان  دەیانەوێت تاوانە شاراوەکانی دژ بە ئازادی کە لە ژێر سایەی دەستەڵاتی خۆیاندا ڕوو دەدا بە دەستی دەرەکی و دەستی دوژمنەکانی دەرەوەی دەستەڵاتی کوردوستانی بسپێرێن و پەردە پۆش بکەن و بۆ هەتایە تروسکایی ئازادی لە بەر چاومان  وون بکەن…!
وە لە بەر ئەوەی لاپەڕەی ڕٶژنامەکان پڕڕ بوون لەو باباتە فکریانەی ، کە سەرۆ و بەچکە سەرۆکەکان بە خوێندنەوەیان  زەندەقیان دەچێ ..!! وە پڕڕ بون لە هەواڵی ئەو ڕووداوانەی کە پێش دەستەڵات هاوڵاتیان دەیانبیستێ..!  بۆیە دەستەڵات بە دەم لەرزینەوە دەقیڕێنی و  دەقیژێنێ .. تا زەنگ و دەنگی ئازادی لە نێو قوڵایی هێڵە سورە خوێنینەکان غەرق بکات و بخنکێنێت..! ، چونکە  زۆر لەوە دەترسن کە بڵاوبونەوەی وتە و دیدە ئازادەکان  لە بیر و زهنی گشت خەڵکی ئازادیخوازی کوردوستان جێگیر ببێت ،لە بەر ئەوەی جێگیربونی دید و بیرە ئازادەکان  دەستەڵاتی ڕەها و بێ سنوری ئەوان لاواز دەکات و دەوەستێنێت..!
وە دەستەڵاتدارانی کوردوستان  تا ئێستاش بالۆرە بە ئاوازی کۆن لێ دەدەن، کەم جوانی و  زۆر ناشیرینی  و کەم پاکی و زۆر پیسی و فکری دواکەوتو و وەستاوی مێژووی دەستەڵاتیان، بە ڕەهایی بە( پێشکەوتویی و ئینسانی و جوانی و پاکی و پیرۆزی ) بە ئێمە دەبەخشن و دەفرۆشن.. وە ئامانج و هیوا و خەیاڵی تەواوی شەهیدان و قوربانیانی ساڵانی خەبات بە گەندەڵی و ناشیرینی دەستەڵاتی ئەمڕۆی خۆیان هاوتا و یەکسان دەکەن !!
دەستەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردوستان، هەست بەوە ناکەن بێجگە لەوەی کە لاوەکانی ئەمڕٶ چەند بەرابەر لە بەڕێوەبەرانی ئەم وڵاتە شێواو و پڕلە ژانە، چەندە ئاگاداری مێژووی بەربەریەت و خوێنڕێژی داگیرکەرانن .. وە چەندە ئاگاداری کاولکاری و دەربەدەری و قوربانیەکان و ژمارەی زۆری شەهیدانن، ئەوەندەش ئاگاداری مێژووی مەلەفە کۆن و تازەکانی دەستەڵاتدارانی کوردوستانن..!
 با بە لامانەوە سەیر نەبێت ..! کە لاوەکانی ئەمڕۆ هیج ئەشکەنجەیەکی بەعسیەکانیان بە فیزیکی و جەستەیی نەچەشتوە ، بەعسیەکان لە زهنی لاوەکانماندا حەکایەتێکی مێژوویی‌یە..!  ئەوان تەنها  ژەهری ڕژاوی ئازاری دزی و گەندەڵی .. ناعەدالەتی .. دەردی هەژاری و بێکاری و نەبونی .. وە کوشت و بڕی واقیعی و زیندوو لە سایەی  دەستەڵاتی حالی حازردا دەبینن و هەست پێ دەکەن .. وە تەنها لەمسی  ئازار و ئەشکەنجەی جەستە و دەروونی خۆیان لەم چەند ساڵەی دوای ڕاپەڕیندا  دەکەن ..! تەنها هەست بە بێ برایی و بێ باوکی هاوڕێکانیان دەکەن،کە ئەم دەستەڵاتەی ئێستا لە شەڕە بێ سودە ناوخۆی‌یەکانیاندا، بەفیڕۆ و بە کوشتیاندا ..! وە هەست بە ئازاری  کوشتنی ڕٶژنامە نوسە ئازاو ئازادەکانی وەک سۆرانی مامە حەمەو  سەردەشت عوسمان دەکەن …! وە هەست بە کوشتن ولوت بڕین و بەردبارانکردنی ژنان وکچانی وەک( دۆعا ) دەکەن لە ژێر سایەی دەستەڵاتی ئەم بارۆن و فیرعەونانەی ئەمرۆی کوردوستاندا .
 بەڵێ لاوەکانی ئەمڕۆ کەمترین جوانی لە پلان و بەرنامەی ئەم دەستەڵاتە نابینن و نابیستن..!بۆیە ڕەخنەی لاوەکان توڕەیی و توندی بە نوسینەکانیانەوە  دیارە ..  وە وەک  خۆیان دەبێژن  قەڵەمەکانیان  بەرەنگاری و دژایەتی دەستەڵاتی  پێوە دیارە ..! یان وشەی ( ڕەق و زەق و زبر ) دژ بە پیرۆزی  سەرۆک و سەرکردەکان بە وتارەکانیانەوە دیارە..!!

31.08.2010

کامەران عەزیز

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.