
پشتگیری لەداوای ڕەوای كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوان دەكەین
گەڕانەوەی ” قاسم فارس ئاغا” بۆ هەرێمی كوردستان گەلێك واتای مەترسیداری لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، لەپێشی پێشەوە پێشیلكاریی مافی مرۆڤو بەسوك تەماشاكردنی خوێنی شەهیدانو ئەنفالكراوانو بێبەهاكردنی یاسا دەسەلمێنێت لەم هەرێمەدا، گەڕانەوەی گەورە تۆمەتباری ئەنفالو بكوژی چەندین مرۆڤی بێتاوان، هەر سوكایەتی نیە بە قوربانیانی ئەنفالوخوێنی شەهیدەكانو هەستو سۆزی كەسوكاریان، بەڵكو سوكایەتیەكی بێپەردەشە بەئازادی، چونكە قاسم فارس ئاغاش وەكو هەرگەورە تۆمەتبارێكی تری ئەنفالو تۆمەتباری كوشتنی پێشمەرگەوخەڵكی بێتاوان خرایە سەرو یاساو مافی گشتیو مافی ئەو هاوڵاتیانەی قوربانی دەستی ئەو كارەكتەرە دڵرەقودزیوەی بەعس..! جیاوازیەك كە قاسم ئاغا لەوانی تر جیادەكاتەوە ئەو بەڵگەنامانەن كە دەیسەلمێنن ئەو چ كارەكتەرێكی دزێوبەدكار بووە، شایەتحاڵەكانی ناوچەی كۆیەوئەنفالكراوەكانی ئەو ناوچەیەن، بەدكاریەكانی ئەو لەگومانو تۆمەتدا قەتیش نەماون، ئەو تاوانەكانی دەكەونە دەرەوەی لێبوردنەگشتیەكەی بەرەی كوردستانیش نەك هەرلە راپەرینی ئازاری ساڵی 1991 بەڵكو پاش روخانی بەعسیش ئامادەنەبوو بێتەوە بۆكوردستانو چوو لە سوریا نیشتەجێ بوو، بەو حاڵەشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە سۆزەوە جێگەیان بۆكردووەتەوەو پێشوازیان لەگەرانەوەی كردووە..!! خۆشبەختانە كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوانیش ئەمجارە دیواری بێدەنگیان شكاندو لەگەرانەوەی وەها كەسێكی بەدكار خۆش نەبوون، بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەتەنگ داوای سكاڵای كەسوكاری قوربانیانی دەستی ئەوكۆنەموستەشارەوە بێنو بدرێتە دادگا، نەك بەبێ منەتی بگەرێتەوە بۆ كوردستان.
ئێمەلە ناوەندی هەڵەبجە دژ بەئەنفالكردنو جینۆسایدكردنی گەلی كورد- چاك بەگەرمیەوە پشتیوانی لەداوای ڕەوای خەڵكی كۆیەو دەوروبەریو ئەوسكاڵاكارانە دەكەینو پشتیوانی كەمپینەكەیانینو جەخت دەكەینەوە كە داكۆكی كاری مافەكانیانینو قاسم فارسو هەر تۆمەتبارێكی تری ئەنفال دەبێت بدرێنە دادگاو ناشێت بخرێنە سەرو یاساو مافی قوربانیان.. بەپێچەوانەوە هەرپشتیوانیەك لەوەها تۆمەتبارێك بە سوكایەتی بەمافی قوربانیو بێبەهاكردنی یاسا دەزانین، بۆیە ئێمە هەموو رێگایەكی یاساییو مەدەنی دەگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی قوربانیان .
ناوەندی هەڵەبجە
دژبە ئەنفالكردنو جینۆسایدی گەلی كورد – چاك
30/9/2010