
شانۆ: (ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له‌مدیو
ئه‌فسوون و ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌ر
من وشه کوردیه‌که‌ی (ئه‌فسوون)م پێ جوانتره بۆ ئاماژه‌دان به‌و بارگاویبوون و بارگاویکردنه‌ی ئه‌کته‌ر ئه‌نجامی ده‌دات و پێی ناسراوه.
له که‌لتووری میلله‌تانی هه‌موو دنیادا، ته‌نانه‌ت ئه‌و میلله‌تانه‌شی شانۆیان، ناڵێم نیه (چونکه میلله‌ت نیه شانۆی نه‌بێت، یان جۆره‌ها چالاکی نه‌بێت که بنه‌مایه‌کی شانۆئامێزو شانۆئاسایان هه‌یه) به‌ڵکو نه‌بوه‌ته دامه‌زراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌وڵه‌تی، له که‌لتووری هه‌مویاندا وشه‌ی ئه‌کته‌ر وابه‌سته‌ی وشه‌ی ئه‌فسوونه. شانۆکاران خۆشیان له زۆربه‌ی زمانه‌کاندا به‌م دیارده‌یه ده‌ڵێن (ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌ر).
ئه‌فسوون یان ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌ر له کوێوه دێ؟ چۆن پێناسه ده‌کرێ؟ ئایا ئه‌کته‌ر ده‌توانێ فێریبێ، یان به کارکردن پێی بگات؟
زۆر له ده‌رهێنه‌ره ڕۆژیاواییه‌کان له‌گه‌ڵ وشه‌ی ئه‌فسووندا نین، وشه‌ی ئاماده‌بوونیان پێ ڕاستتره، پێیان باشتره به ئه‌کته‌ره‌کانیان بڵێن، ئێستا‌و لێره، واته له ئێستادا لێره‌به. چونکه ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات، ئێستا ڕووده‌دات و لێره، تۆش خه‌ریکی نواندن نیت، تۆ له ئێستادایت، وه درۆ مه‌که بڵێیت لێره نیم، یاخود دیوارێک له‌نێوان خۆت و بینه‌ردا دروست مه‌که (دیواری چواره‌م).
ئێمه به شتێک ده‌ڵێین ئه‌فسووناوی، که دڵنیا نه‌بین له بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شته، یان که دڵنیابین له‌وه‌ی ناتوانین ده‌ستی لێ بده‌ین. شتێک له ده‌ره‌وه‌ی یاسا فیزیاییه‌کان بێت، خۆی بڕیار بدات له‌سه‌ر بوون و نه‌بوونی خۆی. به شتێکیش ده‌ڵێین ئاماده، که دڵنیابین له بوونی ڕاسته‌قینه‌ی، دڵنیابین ده‌توانین ده‌ستی لێ بده‌ین و هه‌ستی پێ بکه‌ین، شتێکه په‌یڕه‌وی هه‌مان ئه‌و یاسا فیزیاییانه ده‌کات که بوونی خۆمان په‌یڕه‌ویان ده‌کات. باشه چۆن ئێمه ده‌توانین به شتێک بڵێن ئاماده‌و له هه‌مان کاتدا ئه‌فسووناوی؟ چۆن شتێک له دژه‌که‌یه‌وه له‌دایک ده‌بێت؟ چۆن شتێک له هه‌مان کاتدا ده‌توانێت ڕاستی خۆی بێت و باس له نه‌بوونی خۆی بکات؟
تا به‌رتۆڵد برێخت، له شانۆی ڕۆژئاوادا، ئه‌فسوون بریتی‌بوو له: دیواری چواره‌م، وه شێوه‌یه‌کی زیاده‌ڕه‌وانه له نواندن. که برێخت ئه‌و دیواره‌ی تێکشکاند، واته ئه‌کته‌ر وا خۆی پیشان نادات لێره نیه و له‌به‌ر ده‌م بینه‌ردا ئاماده نیه، ته‌نهایه له هۆڵه‌که‌داو بینه‌ری لێ نیه، وایکرد ئه‌کته‌ره‌کانی به شێوه‌یه‌کی سروشتیتر بدوێن و بجوڵێن. بینیمان هیچ له ئه‌فسوونیان که‌م نه‌ده‌بوه‌وه. که‌واته ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر نه له دیواری چواره‌مه‌وه دێت و نه له شێوازێکی زیاده‌ڕه‌وانه له نواندنداو نه له ئاماده نه‌بوونیدا له ئیستاداو لێره‌دا.
شانۆی ڕۆژئاوا زۆر هه‌وڵی تێگه‌یشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ی داوه، وه هه‌وڵی پێناسه‌کردنی داوه، به‌ڵام تا ئێستا که‌س له‌گه‌ڵ که‌سدا کۆک نیه له‌سه‌ر پێناسه‌و سروشتی ئه‌م دیارده‌ی ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ره. کرابێتیش، وه‌ک هه‌وڵه‌کانی ستانیسلاڤسکی و گرۆتۆڤسکی، ئه‌وا هه‌میشه گه‌ڕان و گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ ئه‌و شانۆیانه‌ی به درێژایی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک کاریان به‌م دیارده‌یه کردووه، ئه‌وانه‌ش شانۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی دوورن (دوورگه‌ی بالی، هیندستان، چین، ژاپۆن).
به‌ڵام ژنوپیاوه گه‌وره‌کانی شانۆ هه‌میشه ویستویانه په‌ی به‌م نهێنیه ببه‌ن. ستانیسلاڤسکی هه‌وڵیداوه له ڕێی ناسینی شێوه شانۆی چینی (ئۆپێرای پکین)ه‌وه له‌م نهێنیه بگات، به‌هۆی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا‌و ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی ئۆپێرای پکین (مای لافانگ)ه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌وردیش سه‌رنجی ڕاهێنان و مێتۆده‌که‌ی بده‌ین کاریگه‌ریه‌کان ده‌بینین. گرۆتۆڤسکی سه‌فه‌رێکی تایبه‌تی کرد بۆ هیندستان بۆ تێگه‌یشتن له‌م دیارده‌یه، وه‌هه‌ر له شانۆی کاتاکالی و سه‌مای بههاراتاناتیامهوه ڕاهێنانه‌کانی خۆی وه‌رئه‌گرت بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌کته‌ره‌کانی، به‌شکوم بگه‌نه ئه‌وه‌ی به خواستی خۆیان ئه‌م ئه‌فسوونه فێربن و به‌کاربێنن.
کتێبه به‌نرخه‌که‌ی یۆجێنیۆ باربا (ئێنێرژیهک له سه‌مادا) هه‌وڵێکه بۆ تێگه‌یشتن و ڕونکردنه‌وه‌و په‌رده‌لابردن له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌ی ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ره. له‌م کتێبه‌دا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک له گه‌وره ژنوپیاوانی نواندن کارکراوه، چارلی چاپلین، ئێتیێن دوکرو (داهێنه‌ری پانتۆمیمی مۆدێرن) جۆن ئیروین (ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی ئینگلیزی سه‌ده‌ی نۆزده) ڕێتسار چیسلاک (ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی گرۆتۆڤسکی) وه کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ری شانۆی ده‌مامکی بالی و سه‌مای هیندی بههاراتا ناتیام و…هتد. له‌م کتێبه‌وه تێده‌گه‌ین ته‌نها ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان هێنده قووڵبونهتهوه له‌م دیارده‌یه‌و توانیویانه نهێنیه‌کانی تا ڕاده‌یه‌ک ئاشکراکه‌ن و ڕژێمێکی ڕاهێنان و کارکردن بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌کته‌ره‌کانیان، تا ڕاده‌یه‌کیش بگه‌نه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌فسوون.
مه‌یێرخۆڵد بۆ تێگه‌یشتن له ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌ر، ئه‌کته‌ر به کرێکارێکی کارگه به‌راورد ده‌کات. کرێکارێک له کاتێکدا خه‌ریکی ئه‌نجامدانی کارێکه، چی له‌له‌شیا ڕووده‌دات؟ له‌شی له چ بارودۆخێکدایه؟
ئه‌و باس له کۆمه‌ڵێک یاسای فیزیایی ده‌کات له‌شی کرێکاره‌که به‌بێ زانین یان ناسینی زانستیانه بۆ ئه‌م یاسایانه، په‌یڕه‌ویان ده‌کا. بۆ نمونه: کرێکار هه‌میشه کاری به هاوسه‌نگی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له هاوسه‌نگیه‌کی ته‌واودا نه‌بێت، ناتوانێت ته‌واوی هێزی له‌شی بخاته گه‌ڕ بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ی. یه‌کێکی تر له یاساکان یاسای کێشمه‌کێشه، کرێکار هه‌میشه له نێوان ڕاکێشان و پاڵپێوهداندایه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره کارێک. قاڵبوون، کرێکار ئه‌گه‌ر قاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر کاره‌که‌یه‌وه هه‌ڵه ده‌کات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره مهترسیداربێ، تووشی کاره‌سات ئه‌بێ. ئه‌مانه‌و هه‌ندێ یاسای تر.
ئه‌مه‌یه وامان لێده‌کات کرێکارێکی ده‌سڕه‌نگین ده‌بینین بتوانین بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ته‌ماشای بکه‌ین، وه جووڵه‌و ده‌ست و له‌شی له کاتی کارکردن‌دا وه‌ک موگناتیس چاوه‌کانمان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. من ئه‌م دیارده‌یه‌م زۆر بینیوه‌و خۆشم چه‌نده‌هاجار چووم بۆ دوکانی هه‌ندێ هاوڕێی کڵاشکه‌ر، جۆڵا، یان دارتاش، وه بینیومه که‌سانێک ته‌نانه‌ت له دوای ڕۆژێکی کارکردن شه‌که‌تبوون، هاتوون له‌لای ئه‌م وه‌ستایانه به ته‌ماشاکردنیان ده‌رونیان هێمن بکه‌نه‌وه، وه ئه‌م ته‌ماشاکردنه پشووی پێداون. ئایا ئه‌مه له‌و ئه‌فسوونه ناچێت ئه‌کته‌ر هه‌یه‌تی، وه کارتێکردنی له‌سه‌ر بینه‌ره‌که‌ی، له‌و کاسارسیسه ناچێ ئه‌ریستۆ باسی ده‌کات؟
ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر له لایه‌نێکه‌وه وه‌ک شاعیریه‌تی شاعیرێک یاخود جوانی ئافره‌تێک وایه، به ڕاهێنانی دنیا پێی ناگه‌ین، وه‌ک میوانێک وایه که‌ی ویستی خۆی بڕیار ده‌دات سه‌ر له کێ بدات. کاری ئه‌کته‌ر ئه‌وه‌یه ههـیشه ماڵه‌که‌ی ڕازاوه‌و پاکوته‌میز ڕاگرێت هه‌رکاتێک ئه‌م میوانه ئازیزه سه‌ری لێدا بتوانێ پێشوازی لێ بکات. ئه‌م میوانه‌ش وه‌ک هه‌موو میوانه‌کانی تری دنیا، زۆرتر ڕوو له ماڵێک ده‌کات بزانێ ده‌توانێ تێیدا ئازاد‌و ئاسوده‌بێ، ماڵێکه پڕه له خۆشی و میواندۆستی، جێی خه‌وو خواردنی هه‌یه، جێی یاریکردنی هه‌یه، ماڵێکی ده‌وڵه‌مه‌نده به هه‌موو شتێک، هه‌موو شتێک سه‌لیقه‌یه‌کی گه‌وره پیشان ده‌دات لای دانیشتوان و خاوه‌ن و که‌یبانوی ماڵ.
ئه‌کته‌ری شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتی دوور
پێش ئه‌وه‌ی باسی ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر بکه‌م له شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتی دووردا، پێویسته به چه‌ند دێڕێک هه‌ندێ باسی شانۆکه‌یان بکه‌م.
شانۆی میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی دوور، وه‌ک شانۆ به‌گشتی، دوو سه‌رچاوه‌ی هه‌یه، یه‌کێک ئاسمانی، یه‌کێکیش زه‌مینی. ئاسمانی سه‌رچاوه‌که‌ی له ئایینه‌کانه‌وه‌یه، له په‌رستگاکاندا په‌یڕه‌و کراوه، ئێستاش شێوه‌گه‌لێکی شانۆ هه‌یه له هیندستان و بالی، وه‌ک که‌شی ئایینی په‌یڕه‌و ده‌کرێت و ته‌ماشاچیش وه‌ک ئه‌رکی به‌جێهێنانی نه‌ریته ئایینیه‌کان ئه‌چێت بۆ ته‌ماشای. ئه‌کته‌ری ئه‌م شانۆیانه‌ش ناوێکی وه‌ک ده‌روێش یان پیاوی ئایینی هه‌یه‌و پێی ناڵێن ئه‌کته‌ر، بگره ئه‌وه ڕۆژئاواییه‌کانن به‌م چالاکیه ئایینیانه ده‌ڵێن شانۆ، ئه‌وان خۆیان ناوێکی گشتیان نیه بۆی. ئه‌م شانۆیه که له په‌رستگاکان هاته ده‌ره‌وه له کۆشکی پاشاکاندا خۆی گرته‌وه، بوه سه‌رچاوه‌ی شێوهشانۆکانی کابوکی و (ن‌و)ی کۆنی ژاپۆنی و کاتاکالی هیندی، له ڕۆژئاواش بوه بنه‌مای شێوه‌شانۆی تراژیدیا.
ئه‌و شانۆیانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی زه‌مینیان هه‌یه، دوو جۆرن، یه‌کێک کۆمێدی، که زۆرتر بۆ خه‌ڵکی گشتی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئامانجی سوککردنی باری سه‌ختی ژیانی کرێکار‌و جووتیار و هه‌ژارانه. نمونه‌ی ئه‌م جۆره شانۆیه (کیۆگێن)ی ژاپۆنیه. دووه‌میان سۆزئامێزه، وه‌ک سه‌مای (باهاراتا ناتیام)ی هیندی که له‌لایه‌ن سۆزانیه‌کانه‌وه په‌یڕه‌و ده‌کرا، نه ته‌نها بۆ بینه‌ری پیاو بگره بینه‌ری ئافره‌تیش. نمونه‌یه‌کی تر، هونه‌ری گهیشاکان (جۆرێک له سۆزانی)ی ژاپۆن، ئه‌م جۆره له سه‌رده‌می سۆمه‌ریه‌کانیشدا له مێزۆپۆتامیادا هه‌بووه. به ڵام شێوه شانۆ گرنگه‌کان له تێکه‌ڵبوونی ئه‌م دوو جۆره شانۆیانه‌دا دروستبوون، وه‌ک شانۆی (نۆو کیۆگێن)ی ژاپۆنی، شانۆی (کاتاکالی)ی هیندی، له ڕۆژئاواشدا، شانۆی ئیسپانی و ئیتالی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست که بونه سه‌رچاوه بۆ (شانۆی زمانی باڵا)ی فه‌ڕه‌نسی.
ئه‌کته‌ر له‌م شانۆیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا نزیکه له فه‌لسه‌فه‌ی ئاینیه‌وه، ڕاهێنانه‌کانیشی په‌یڕه‌وی ئامانجه باڵاکانی فه‌لسه‌فه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان ده‌که‌ن، بنه‌ماکانی بیری فه‌لسه‌فی بونه‌ته بنه‌ما بۆ جیهانبینی و کارکردنی. له‌و شانۆیانه‌دا ئه‌کته‌ر له‌خۆی ناپرسێت بۆ شانۆ ده‌کات، ئامانجی چیه. فه‌لسه‌فه‌ی قووڵ و فراوانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌نده‌ها سه‌ده پێش ئه‌و ئه‌م پرسیارانه‌ی کردوه‌و وه‌ڵامیشی داونه‌ته‌وه. ئه‌و پرسیاره‌ی (من بۆ شانۆ ده‌که‌م) وه‌ک پرسیاری (من بۆ ده‌ژیم) وایه بۆ هه‌ر مرۆڤێک ئه‌کته‌ر نیه.
چونکه له‌وێ، وه‌ک بۆ هه‌موو پیشه‌کانی تر، شانۆ بۆماوه‌یه له باوکه‌وه بۆ مناڵه‌کانی. که پیشه‌ی خێزانێک شانۆبوو هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و خێزانه بێ ویستی خۆیان و هه‌ر له منداڵیه‌وه ده‌بنه ئه‌کته‌ر. ئێستا که له هه‌موو جیهاندا دابونه‌ریتی میلله‌تان له گۆڕاندایه، خوێندنگای فێربوونی شانۆ درووسسبوون و خێزانه شانۆکارهکانیش له زۆر شوێن که‌م بونه‌ته‌وه، هه‌ر خێزانێک پیشه‌ی شانۆ نه‌بێت و بیه‌وێت مناڵه‌که‌ی بنێرێت ببێت به ئه‌کته‌ر بۆی هه‌یه، ئه‌و شته تا سه‌ده‌یه‌کیش له‌مه‌و پێش نه‌ده‌کرا. ته‌نانه‌ت له ژاپۆن شه‌ش سه‌د ساڵه تا ئێستاش شانۆی (ن‌و) پیشه‌ی ته‌نها پێنج خێزانه‌و هه‌موو که‌س بۆی نیه به ئاره‌زوی خۆی ببێته ئه‌کته‌ری (ن‌و).
به‌و پێیه ئه‌کته‌ری باش یان گه‌وره له شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌و ئه‌کته‌ره نیه گۆڕان له هه‌موو ڕاهێنان و یاساکانی شانۆکه‌دا درووست ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌و ئه‌کته‌ره‌یه زۆرترین شاره‌زایی هه‌یه له دابونه‌ریتی شانۆکه‌یدا، وه نزیکترینه له کۆنترین شێوه کارکردنی باوباپیرانی. بۆیه کرداری دوباره‌کردنه‌وه و لاسایی کردنه‌وه، مێتۆدی ئه‌م شانۆیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته. کارکردنیان له کارکردنی مۆزیککارهکانی خۆمانه‌وه نزیکه، قوتابی به دوباره‌کردنه‌وه‌و لاسایی کردنه‌وه‌ی ئوستاده‌که‌ی ده‌گاته پله‌ی سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ری، واته دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو وانه‌کانی ته‌واو هه‌رسکرد، گه‌یشته ئه‌وه‌ی نه‌هاوه‌ند جیاکاته‌وه له عه‌جه‌م و به‌یاتی و حیجازو کوردی و نه‌واو ڕاست و سه‌باو سێگا، که زانی هه‌ر یه‌ک له‌م ده‌زگاو مه‌قامانه لق‌وپۆپی هه‌یه‌و هه‌ندێکیان بونه‌ته مه‌قامی سهربهخۆو ناکرێ تێکه‌ڵ بکرێن، ئه‌گه‌ر بشکرێن ته‌نها ئوستادێک ئه‌توانێ ئه‌م کاره بکات. ئه‌کته‌ری شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیش چه‌نده‌ها کۆدو یاسا به ڕاهێنانێکی سه‌خت و درێژخایه‌ن له‌به‌رئه‌کات ئینجا ده‌بێته ئه‌کته‌ر.
کانزێ مۆتۆکیۆ زیئامی
کتێبی (کتێبی نهێنی نۆ)ی کانزێ مۆتۆکیۆ زێئامی، سه‌ده‌ی 14 له ژاپۆن نوسراوه‌و یه‌که‌م کتێبه باس له بنه‌ماو یاساکانی پیشه‌ی ئه‌کته‌ر بکات. ئه‌م کتێبه بۆ ماوه‌ی شه‌ش سه‌د ساڵ ته‌نها گه‌وره‌ی خێزانه‌کانی شانۆکاری (ن‌و) بۆیان هه‌بوو هه‌یانبێت، ته‌نانه‌ت ئه‌کته‌ره گه‌نجه‌کانیش بۆیان نه‌بوو ڕاسته‌وخۆ بیخوێننه‌وه. له ساڵانی سی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له ژاپۆن کۆمه‌ڵێک هه‌ڵبژارده‌ی ده‌قه‌کانی ئه‌م کتێبه بڵاوکرانه‌وه، له ساڵانی حهفتاکانیشدا له فه‌ڕه‌نسا به‌شێکی وه‌رگێڕدرایه سه‌ر فه‌ڕه‌نسی، ئێستا ئه‌م کتێبه بۆ زۆر له زمانه‌کان وه‌رگێڕدراوه‌و به نهێنی نه‌ماوه‌ته‌وه.
له‌م کتێبه‌دا، به پێی زێئامی ئه‌کته‌ر له دوای 15 ساڵ فێربوون ئینجا بۆی هه‌یه له‌به‌رده‌م بینه‌ردا نواندن بکات. هه‌ڵبه‌ته ئه‌کته‌ره‌کانی ن‌و، وه‌ک ئه‌کته‌ره‌کانی تری شانۆ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان، له مناڵیه‌وه ده‌ست به فێربوون ده‌که‌ن. هه‌ر به‌پێی زێئامی، ئاماده‌بوون یان ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر، که ئه‌و پێی ده‌ڵێت (گوڵی ناسکی ئه‌کته‌ر) له‌ڕێی کۆمه‌ڵێک ڕاهێنانی درێژخایه‌نه‌وه به‌ده‌ست دێت. کاری سه‌خت به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و گوڵه نیه به‌ته‌نها، به‌ڵکو سه‌ختتر له‌وه پاراستنی ئه‌و گوڵه‌یه. بۆیه زوربه‌ی ئه‌کته‌ره‌کان له هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا جۆره جوانیه‌کیان هه‌یه زۆر له‌م گوڵه ده‌چێت، به‌ڵام چاوێکی شاره‌زا ده‌توانێت ببینێت ئایا ئه‌مه گوڵه ڕاسته‌قینه‌که‌یه یان نا. گوڵی ڕاسته‌قینه (ئه‌فسوونی ڕاسته‌قینه) وشک نابێت و تا ته‌مه‌نی 80 ساڵیش ئه‌توانێت هه‌ر سه‌وز بێت، به‌ڵکو له پیریدا زۆرتر سه‌رنجی بینه‌ر ڕاده‌کێشێت، چونکه وه‌ک گوڵێکی نایاب وایه به‌سه‌ر دارێکی پیره‌وه، ئه‌م داره له‌هه‌ر باخێکدابێت، خه‌ڵک به‌سه‌ر هه‌موو گوڵه‌کانی تردا ده‌ڕۆن بیبینن. بۆیه لای زێئامی بۆ پاراستنی ئه‌م گوڵه یان ئه‌فسوونه هه‌ر ته‌مه‌نه‌و ڕاهێنانی خۆی هه‌یه.
ئامانجی ئه‌کته‌ر له شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیدا وه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی (بودایی، هیندۆیی، تاویزم..هتد) به یه‌ک گه‌یشتنی جه‌سته‌و ئه‌ندێشه‌یه، واته بوون به یه‌کی ئه‌م دوانه، له ڕۆژئاوادا به‌مه ده‌وترێت (ئۆرگانیهت، ئۆرگانیبوون). لای ئه‌کته‌رێکی ئۆرگانیک، کاتێک خه‌ریکی نواندنه، هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی له‌شی به‌شدارن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی نواندنی (ژیرانه)یه، ئه‌و نواندنه‌ی پشت به بیرکردنه‌وه‌و عه‌قڵ ده‌به‌ستێ. بۆیه ستانیسلاڤسکی ده‌ڵێت (له‌سه‌ر شانۆ ئه‌کته‌ر بیرناکاته‌وه).
بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر
ئه‌کته‌ر که له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه، ئه‌بێ هه‌میشه له په‌یوه‌ندیه‌کی نهپچڕاودابێ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو له هه‌مان کاتدا له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا. هێڵێک له شێوه‌ی په‌تێکی راکێشراو سه‌رێکی به‌سترابێته‌وه به دوورترین شوێنی گهردونهوهو سه‌ره‌که‌ی تریش به قووڵترین شوێن له ناخیدا. ئه‌م هێڵه‌ش به بینه‌ر و دیکۆرو ئه‌کته‌ره‌کانی تر‌و تێکست و..هتد، تێده‌په‌ڕێت، وه له‌هه‌ر شوێنێکدا بپچڕێ کوتوپڕ ئه‌فسوونی شانۆ نامێنێ. بیرکردنه‌وه گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه بۆسه‌ر ئه‌م هێڵه، وه‌ک مه‌قه‌ستێک وایه له چرکه ساتێکدا ده‌توانێ بیقرتێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر بیر له خۆی بکاته‌وه یان بیر له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بکاته‌وه.
بیرکردنه‌وه په‌یوه‌ندی و په‌یوه‌ندیکردن نیه نه به ده‌ره‌وه نه به ناوه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر، بیرکردنه‌وه وه‌ستانه به‌رامبه‌ر به شته‌کان و هه‌وڵدانی شیکردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنیانه. بۆیه، که ئه‌کته‌ر بیر ده‌کاته‌وه ده‌بێت له‌شی ببه‌ستێته‌وه‌و ته‌نها سه‌ری کاربکات، ته‌نها ته‌ماشاکه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی. له‌سه‌ر شانۆ، بیرکردنه‌وه ناتوانێ خۆی بیربکاته‌وه، که‌واته ئه‌کته‌ر له خۆی داده‌بڕێ. به‌م پێیه نه له خۆیدایه‌و نه په‌یوه‌ندیشی به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه.
ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بیرده‌کاته‌وه لێره نیه، له ئێستادا نیه، ئه‌و ته‌نها نیه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئاماده‌بوونه. بیرکردنه‌وه واته نه‌کردن، کاری ئه‌کته‌ریش درامایه، واته ڕوودان، ئه‌نجامدان، ژیان. بۆیه ته‌نها به ئۆرگانیبونی ئه‌کته‌ر ئاماده‌بوون دێته ئاراوه، ئه‌کته‌ری ئۆرگانیک له په‌یوه‌ندیه‌کی به‌رده‌وامدایه، چ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه چ له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی خۆیدا. له هونه‌ری (تایچی چوان)ی چینی‌دا به له‌شێکی ئۆرگانیک ده‌ڵێن (له‌شێکی به‌خه‌به‌ر).
ئۆرگانیبوونی ئه‌کته‌ر
وشه‌ی ئۆرگانیبوون له وشه‌ی ئۆرگانه‌وه هاتوه، ئه‌ویش له وشه‌ی (ئۆرگانوس)ی لاتینیه‌وه هاتوه، واته ئه‌ندامه‌کانی له‌شی زینده‌وه‌ر یان گیاندار. دواتر ئه‌م وشه‌یه چوه ناو زۆر بواره‌وه، وشه‌ی ئۆرگانیسیزمی لێ دروستبوو. له بواری ته‌ندروستیدا ئۆرگانیسیزم به ڕێبازێک ده‌وترا باوه‌ڕی وابوو هه‌موو نه‌خۆشیه‌ک هۆکه‌ی کێشه‌یه‌کی ناوچه‌ییه، تووشی ئه‌ندام (ئۆرگان)ێک هاتووه له ناو ئۆرگانیزم (ئه‌ندامه‌کان)ی ناوه‌کی له‌شدا. له بواری فه‌لسه‌فه‌دا به‌و تیۆریه ده‌وترا که هه‌موو دامه‌زراوو ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی به له‌شێکی زیندوو به‌راورد ده‌کرد، بۆیه له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده به‌دواوه وشه‌ی (ئۆرگانیزم) بۆ هه‌موو دامه‌زراوێکی ده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوێکی سهربهخۆو پارتێکی سیاسیش به‌کاردێ.
هه‌ر له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ئه‌م وشه‌یه هاته ناو شانۆشه‌وه. له شانۆدا بۆ ئه‌کته‌رێک به‌کار دێ له کاتی نواندندا، هه‌موو هه‌سته‌کانی و ئه‌ندامه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی له‌شی به هه‌ماهه‌نگیه‌کی ته‌واو بکه‌ونه‌کار. کار‌و کاردانه‌وه‌کانی ڕاسته‌وخۆ به‌سترابنه‌وه به ڕژێمی هه‌ستیاری ده‌رونییه‌وه. ئه‌کته‌رێک عه‌قڵ و هۆش و بیر‌و جه‌سته‌و هه‌سته‌کانی ته‌واو به‌خه‌به‌ربن و هیچ ناکۆکیه‌کیان له‌نێواندا نه‌بێ له کاتی نواندندا.
نواندنی ئاژه‌ڵئاسا
ئه‌کته‌ری باش یان ئه‌کته‌ری گه‌وره له شانۆی ڕۆژئاوادا به ئه‌کته‌رێک ده‌وترێت ته‌واو پێچوانه‌ی ئه‌کته‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کار ده‌کات بۆ گه‌یشتن به هه‌مان ئامانج که ئۆرگانیبوونه. ڕیگاکان جیاوازن به‌ڵام هه‌مویان ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ک شوێن. ئه‌مریکیه‌کان وشه‌یه‌کی تریان هێنایه کایه‌وه له سه‌رده‌می (ئه‌کته‌ر ستۆدیۆ)دا، ئه‌ویش (ئه‌کته‌ری ئاژه‌ڵئاسا)یه، ئه‌کته‌رێک کرداره‌کانی له‌کاتی نواندندا وه‌ک ئاژه‌ڵه‌کان ده‌روونین، ده‌روون نه به مانای ده‌رونناسی به‌ڵکو ده‌روونی دووری مرۆڤ، واته ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤ ده‌گاته‌وه به ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆی که ئاژه‌ڵه. ئه‌مه‌ش هه‌مان سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌که‌ی هه‌یه له‌وه‌دا که له‌ش و ناخ تێکه‌ڵی یه‌ک ده‌بن. ئاژه‌ڵه‌کان، که ئه‌وان وه‌ک ئێمه له سروشت دوور نه‌که‌وتونه‌ته‌وه، له‌شیان ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانه‌کانی خولیا ده‌رونیه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌م وشه‌یه‌ش له ده‌رهێنه‌رێکی سینه‌مای ئه‌مریکیه‌وه هات بۆ ناو شانۆ، له وه‌سفکردنی ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی هۆڵیوود (مارلۆن براندۆ)دا وشه‌ی نواندنی ئاژه‌ڵانه‌ی به‌کارهێنا.
ئه‌کته‌ر لای ئاریان منوشکین
ئاریان منوشکین دژی ئه‌م وشانه‌ی ئه‌فسوون یان ئاماده‌بوونه، چونکه وشه‌کان هه‌میشه ئاراسته‌یه‌ک پیشان ده‌ده‌ن زۆرتر به‌رهه‌می شانۆکاران خۆیان نیه، به‌ڵکو به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌گرانه یاخود به‌رهه‌می بینه‌رانه. له‌وه‌وه دێت ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی شانۆوه ناوی شتێک ده‌نێن، زۆرتر ناوی وێنه‌ی شتێکه نه‌ک بوونی شتێک وه‌ک ته‌نێکی هه‌ستپێکراو. به تایبه‌ت که بینه‌رو ڕه‌خنه‌گران ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر به شتێک ده‌بینن هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به کارکردنه‌وه نیه‌و گفتێکی ئاسمانیه‌و هیچی تر.
قوتابی ئه‌کته‌ریش کاری به‌و ناوانه نیه له ده‌ره‌وی کارکردنی خۆیه‌وه دروسدهکرێن، وه‌ک چۆن نازناوێک یان ناووناتۆره‌یه‌ک پێناسه نیه بۆ که‌سێک. وه قوتابی ئه‌کته‌ر کاری ڕه‌خنه‌و فه‌لسه‌فه نیه کاتێک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه. بێگومان ئه‌کته‌ر ده‌بێ ڕۆشنبیربێ، به‌ڵام ئایا گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌کته‌ر هه‌موو شتێک له‌باره‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه بزانێت، یان هه‌ست به خۆشه‌ویستی بکات؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو کتێبه‌کان له‌سه‌ر شکسپیرو هاملێت بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر باوک مردن، دوودڵی، ڕاڕایی، گومان، په‌یوه‌ندی کوڕودایک… هه‌موو ئه‌مانه له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌و ڕه‌وانناسی و کۆمه‌ڵناسی و هه‌موو زانسته مرۆییه‌کانه‌وه تاوتوێ بکات، له‌سه‌ر شانۆ هه‌ستی به هیچ نه‌کرد بێسووده. ئه‌کته‌ر کتێبخانه نیه، ئه‌کته‌ر بونه‌وه‌رێکی زیندوه، وه‌ک بینه‌ره‌که‌ی له گۆشتوئێسقان پێکهاتووه.
ئاریان منوشکین زۆرتر وشه‌ی ژیان به‌کار ده‌هێنێت بۆ کاری ئه‌کته‌ر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، واته تۆ نانوێنیت، پیشان ناده‌یت، تۆ ده‌ژی که له‌سه‌ر شانۆیت. ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر به شێوه‌یه‌کی خۆڕسک ئه‌فسوون یان ئاماده‌بونی هه‌بێ، ئه‌وا ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی کورتی ژیانی ئه‌کته‌ری ده‌کرێ میوانی بێ، بۆیه بۆ پاراستنی، که له بوونی گرنگتره، پێویستی به پێشکه‌وتنی به‌رده‌وامه، ته‌نهاش به کارکردنی درێژخایه‌ن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ڵ بینه‌ردا پێشده‌که‌وێت.
ناوه جیاکانی ئه‌کته‌ر
ئه‌گه‌ر له ڕۆژهه‌ڵاتدا، مۆرکی بنچینه‌یی شانۆ شوێنپێ هه‌ڵگرتنه‌وه‌و درێژه‌پێدانی کاری باوباپیران بێت، له شانۆی ڕۆژئاوادا دروسکردنی دابڕانه له‌گه‌ڵ کارکردنی پێشتردا. هه‌ر ده‌رهێنه‌رێک هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی شێوه‌یه‌ک له کارکردن ده‌دات ده‌ربڕینی جیهانبینی خۆی و بینینی تایبه‌تی خۆی بێ بۆ شانۆ. بۆیه به‌پیی ڕێباز‌و شێوهکارکردنهکان، ده‌رهێنه‌ره‌کان ناو له پێکهێنه‌ره‌کانی شانۆکانیان ده‌نێن. لای هه‌ندێک کاری ئه‌کته‌ر نواندن و پیشاندانه، لای هه‌ندێکی تر به‌رجه‌سته‌کردنه، لای هه‌ندێکی تر ژیانکردنه، لای هه‌ندێکی تر په‌یوه‌ندی دروستکرنه بۆ گه‌یاندنی وشه‌کانی نوسه‌ر. ناوی کاره‌کته‌ریش لای هه‌ندێ که‌سایه‌تییه، لای هه‌ندێکی تر که‌سه، له‌ی هه‌ندێکی تر فیگه‌ره، لای هه‌ندێکی تر ته‌نێکی بارگاویه به ئاماژه‌کان..هتد به‌ڵام شانۆکاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ک تێبگه‌ن ناوێکی گشتی هه‌ڵده‌بژێرن، یاخود خۆی خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ناوه‌کانی تردا له هه‌ر زمانێکدا. ئه‌وه‌ی نواندن ده‌کات پێی ده‌وترێ ئه‌کته‌ر، ئه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر پێی هه‌ڵده‌ستێ پێی ده‌وترێ نواندن، ئه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر به‌رجه‌سته‌ی ده‌کا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ پیی ده‌وتری که‌سایه‌تی (کاراکته‌ر).
له مێژووی شانۆدا ناو زۆره ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌کته‌ر ده‌بێ وابێ، تا پێی بڵێن ئاماده، ئهفسووندار. ناوه‌که خۆی له‌خۆیدا چۆنیه‌تی و سیفه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌م دیارده‌یه ده‌سنیشان ده‌کات لای شانۆکاره‌کان. هه‌ندێک نمونه‌ی ئه‌م ناوانه: ئه‌کته‌ری ماریۆنێت لای گۆردۆن کرێگ، ئه‌و ئه‌کته‌ری باش دهشونهێنێ به ماریۆنێت. ئه‌کته‌ری سه‌رئاوکه‌وتوو لای یۆشی ئۆیدا، ئه‌کته‌ر ده‌شوبهێنێ به له‌شێکی سه‌رئاوکه‌وتوو که خۆیداوه‌ته ده‌ست شه‌پۆله‌کان. ئه‌کته‌ری توندوتیژو گه‌یه‌نه‌ری ئافه‌ت لای ئه‌نتۆنان ئارتۆ، ئه‌کته‌ری ڕوناک، ئه‌کته‌ری نه‌بینراو..هتد. ئه‌مانه هه‌ریه‌ک بینینێکی جیاوازیان هه‌بوه بۆ چۆنیه‌تی بوونی ئه‌کته‌ر، وه به‌پێی ئه‌و وێنه‌یه‌ی هه‌یانبووه بۆی ناویان ناوه، ئه‌و ناوانه‌ش هه‌ریه‌ک ئه‌کته‌ر له شێوه‌یه‌کدا وێنا ده‌که‌ن، وێنه‌کانیش دروسبووی ساڵانێکی گه‌ڕان و کارکردنن بۆ گه‌یشتن به ئاماده‌بوون و ئه‌فسوونی ئه‌کته‌ر. به‌شی یه‌که‌م ته‌واو.