Skip to Content

Friday, July 1st, 2022

‌پێویسته‌ دۆسیه‌ی تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان ‌ببرێته‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهای

Closed

به‌دوای تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان، له‌ ماوه‌‌ی رابردودا چه‌ند هه‌نگاو و هێرش و سایسه‌تی سه‌رکوتگه‌ریانه‌ی ترمان له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتییه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئازادی و هه‌وڵدان بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادی به‌گشتی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ده‌ربرینی بیرورا به‌تایبه‌تی بینی. سه‌ره‌تا لیستی ئه‌و داوایانه‌ بوو که‌ به‌بری چه‌ندین ده‌فته‌ره‌ دۆلار له‌لایه‌ن‌ سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی، فازل میرانی، به‌ پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی په‌رله‌مانی کوردستان و به‌ پێی یاسای 1969 ی رژێمی به‌عس، له‌سه‌ر رۆژنامه‌کانی هاوڵاتی و ئاوێنه‌و لڤین و رۆژنامه‌.. تۆماری کردوون. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پێشێلکاریه‌کانی پارتی و به‌رپرسه‌کانیان ئاشکرا کردوه‌ و ئه‌و هێڵه‌سورانه‌یان به‌زاندوه‌ که‌ ته‌نها به‌قازانجی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کێشراون و پیرۆزکراون. مه‌به‌ستی ئه‌م داوا سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ش زه‌مینه‌خۆشکردن بوو بۆ هێرشێکی قێزه‌وونتر که‌ ئه‌ویش ده‌رهاویشتنی ئه‌نجام و سیناریۆی چه‌واشه‌کارانه‌و ساویلکانه‌ی لیژنه‌ی به‌ناو لێکۆلینه‌وه‌ کارتۆنی و نهێنییه‌که‌ی بارزانی له‌ رفاندن و تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان و کردنی به‌ تیرۆریست و هاوکاری گروپه‌ ئیسلامیه‌کان بوو. عه‌جه‌ب لیکۆلینه‌وه‌یه‌ک!!
به‌ڵام له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کی زۆر پێچه‌وانه‌، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی پارتییه‌وه‌، زۆر موعه‌زه‌ز و موکه‌ره‌م، پاراستن و داڵده‌دانی تاوانبار و کۆنه‌ موسته‌شاری رژێمی دیکتاتۆری به‌عس قاسم ئاغای ده‌ست سور بوو به‌ خوێنی ده‌یان پێشمه‌رگه ‌و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و یه‌کێک له‌ قاره‌مانانی پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌نفالمان به‌ چاوی خۆمان بینی. هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی که‌مپینی داواکردن بۆ  ده‌ستگیرکردن و دادگایکردنی قاسم ئاغای کۆنه‌ موسته‌شاری به‌عس له‌ کۆیه‌ له‌ لایه‌ن که‌سوکاری قوربانیانی ده‌ستی ئه‌م تاوانباره‌، هه‌ر به‌هه‌مان شیوه‌ موعه‌زه‌ز موکه‌ره‌م له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی پارتی و پاریزگاری هه‌ولیره‌وه‌ له‌ فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولیره‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات کرا. ئه‌مه‌ش تا له‌ده‌ستی سزای که‌سوکاری قوربانیان و ته‌نانه‌ت ئه‌و یاساو دادگا گاڵته‌جاریانه‌ی خۆیان رزگاری بکه‌ن و به‌ سزا نه‌گه‌یه‌نرێت.
ئه‌مه‌ نموونه‌ی ئه‌و سیستمی دادپه‌روه‌ری و یاسای سزادان و دادگایانه‌یه‌ که‌ له‌ کوردستان له‌ لایه‌ن پارتی وده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت. له‌سه‌ر ده‌ربرینی ئازادانه‌ی بیرورا و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌سه‌ر نوسین و ره‌خنه‌ی مه‌ده‌نیانه‌ له‌ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان، له‌سه‌ر داواکردنی ئازادی و دابینکردنی مافه‌کانی خه‌ڵک ، له‌سه‌ر ئاشکرا کردنی گه‌نده‌ڵیه‌کان و پێشێلکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان، رۆژنامه‌ و نوسه‌ره‌کانیان ده‌درێنه‌ دادگا و بۆ ده‌مکوتکردن و داخستنی ده‌رگاکانیان به‌سه‌دان هه‌زار دۆلار غه‌رامه‌ ده‌کرێن. له‌سه‌ر نووسینی چه‌ند ووتارێک له‌سه‌ر بارزانی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌که‌یان سه‌رده‌شتی رۆژنامه‌نووس له‌ لایه‌ن پاراستنه‌وه‌ ده‌رفێنرێت و تیرۆرده‌کرێت. له‌ جیاتی ئاشکراکردنی تیرۆریستانیش، قوربانی‌ ده‌کرێته‌ تیرۆریست و هاوکاری گروپه‌ تیرۆریستیه‌ ئیسلامیه‌کان، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه‌ ئازاد و نارازیانه‌ی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتیان سه‌رکۆنه‌و ریسواکرد و له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا ناره‌زایه‌تیان هێنایه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و به‌رده‌م په‌رله‌مان.
به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ به‌رۆژی رووناک و له‌ناو گه‌رماوگه‌رمی دۆسیه‌ی تیرۆرکردن و به‌تیرۆریستکردنی سه‌رده‌شتدا، پێشوازی له‌ تاوانبار و کۆنه‌ موسته‌شاری رژێمی به‌عس و قاره‌مانی ئه‌نفال قاسم ئاغا ده‌که‌ن و له‌ نزیک باره‌گاکانی سه‌رۆکی پارتی جێگای بۆ ده‌رازێننه‌وه‌ و ده‌یپارێزن و دواتریش به‌ رێزه‌وه‌ له‌ جیاتی ده‌ستگیرکردن و دادگاییکردنی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتی ده‌که‌ن.  
ئه‌مه‌ ئه‌و سه‌روه‌ری ئه‌و یاسایه‌یه‌ که‌ هه‌موو رۆژێک به‌رپرسانی پارتی و ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ خه‌ڵکی کوردستانی ده‌فرۆشن. به‌ڵام زۆر ده‌مێکه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌ زۆر باش ئاشکرا بووه‌ که‌ ئه‌م سه‌روه‌ری یاسایه‌ ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نوسه‌ران و رۆژنامه‌کان و رۆژنامه‌نووسان و ئازادیخوازاندایه‌ و ساده‌ترین به‌رپرس وکاربه‌ده‌ستی ناو حیزب و بنه‌ماڵه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان ناگرێته‌وه‌‌. رۆژێک نه‌مان بینی ئه‌ندامێکی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی یان به‌رپرسێکی پارتی و ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی وحیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی له‌سه‌ر تاوانه‌کانی شه‌ری ناوخۆ و 31ی ئاب و بێسه‌روشوێنکردن و زیندانیکردن و کوشتنی سه‌دان که‌س  و پێشێلکاری و گه‌نده‌ڵیه‌ دارایی و رامیارییه‌کانیان بدرێنه‌ دادگاو سزا بدرێن. به‌ڵام رۆژنامه‌نووسان تیرۆر ده‌کرێن و هه‌موو رۆژێک به‌ رێگای دادگاوه‌ن تا له‌سه‌ر داوای به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کان سزا بدرێن!!
هه‌رچه‌نده‌ له‌ چاو سیستمی دادوه‌ری تا راده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆ و مۆدێرنی زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهان، دادوه‌ری و یاسای سزادان و دادگاکان له‌ کوردستان له‌ راده‌به‌رده‌ر دواکه‌وتوو و دیکتاتۆریانه‌ن‌، که‌ نه‌ک هه‌ر سه‌ر به‌حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارن،‌ به‌ڵکو به‌ته‌واوی له‌خزمه‌ت بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردایه‌ ‌و تا ئێستا هه‌مان یاساکانی رژێمی دیکتاتۆری رژێمی به‌عس به‌کارده‌برێن، به‌ڵام به‌دوای تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانی رۆژنامه‌نووس و راپێچکردنی رۆژنامه‌ ئازاده‌کان بۆ دادگا له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌، هه‌روه‌ها‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی گاڵته‌جاریانه‌ی لیژنه‌ی لێکۆلێنه‌وه‌ له‌ تیرۆری سه‌رده‌شت و پاراستنی قاسم ئاغآ و ره‌وانه‌کردنی بۆ ده‌روه‌ی ووڵات، هیچ مسداقییه‌ت و شه‌ه‌رعییه‌تێکی ته‌نانه‌ت بۆ خودی ئه‌و یاسا دیکتاتۆری و دواکه‌وتوه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ و به‌ته‌واوی که‌وتۆته‌ ژێر پرسایر و جیگای متمانه‌ی هیچ که‌سێک نه‌ماوه‌.
هه‌ربۆیه‌ له‌ژیر سایه‌ی هه‌لومه‌رجێکی سیاسی و سیستمێکی دادوه‌ری له‌م شێوه‌یه‌ی که‌ پارتی پیاده‌ی ده‌کات، ئومێد به‌ستن و چاوه‌روانیکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتێک و لیژنه‌یه‌کی نهێنی و سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و تیرۆریستانی سه‌رده‌شت و دادگایکردن و به‌ سزاگه‌یاندنیان له‌ دادگاکانی کوردستاندا ئاکامێکی له‌وه‌ باشتری نابێت که‌ ئه‌مرۆ ئه‌م لیژنه‌یه‌ رایگه‌یاندوه، که‌ قوربانی و ئازادیخوازان ده‌کاته‌ تاوانبار و تاوانبارانی راسته‌قینه‌ش ده‌شارێته‌وه‌ یان ره‌وانه‌ی ده‌روه‌ی وڵاتیان ده‌کات.
لێره‌وه‌یه‌ پێویستی وه‌گه‌رخستن و هێنانه‌ ئاراوه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی تر بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دادگایی گه‌یاندن و ئاشکراکردنی تیرۆریستانی سه‌رده‌شت گرنگی خۆی په‌یدا ده‌کات و پێویسته‌ ئازادیخوازان بیری لێبکه‌نه‌وه‌و به‌ده‌ستیه‌وه‌ بگرن و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ بنێن. په‌له‌کردن و چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و فشاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان له‌ پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌ نهێنی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یه‌ی ئێستا و پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ئاشکرا له‌ پسپۆڕانی شاره‌زا له‌ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی تیرۆر و تاوان و هه‌ڵسواراوان و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و رۆژنامه‌نووسان و که‌سوکاری سه‌رده‌شت و چاودێرانی رێکخراوه‌ مرۆڤ دۆسته‌ جیهانییه‌کان، یه‌کێک له‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤانه‌یه‌ که‌ ده‌بیته‌ فشارو ئامرازێکی کاریگه‌ری ناوخۆیی و جیانی به‌هێز و پێشمه‌رجێک له‌ پیناو ئاشکراکردنی تیرۆریستانی سه‌رده‌شتدا. له‌هه‌مان کاتدا به‌هۆی ناسه‌ربه‌خۆبوون و نامه‌ده‌نی بوونی دادگاکان و به‌کاربردنی یاسایه‌کی دواکه‌وتوو و سه‌رکوتگه‌ریانه‌و نایه‌کسان له‌ کاتی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادوه‌ریدا، پێویسته‌ دۆسییه‌ی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان که‌ له‌ لایه‌ن حیزبێکی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌ک پارتییه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ بکرێت و بدرێته‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهای له‌ هۆڵه‌ندا تا له‌ لایه‌ن نیهادێکی نێوده‌وڵه‌تی و دوور له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی پارتی و ده‌سه‌ڵاتی کوردی په‌یگیری لێبکرێت وله‌ هه‌وڵی به‌ئاکام گه‌یاندن و سزادانی تاوانباراندا بین.

06/10/2010‌

Previous
Next