Skip to Content

393 Views

مارا – ساد نماییشی شۆڕشێکی تەواو نەکراو … حسن حسێن

مارا – ساد نماییشی شۆڕشێکی تەواو نەکراو … حسن حسێن

Be First!
by December 2, 2016 General, Theatre
image_print

لەگەڵ ئەوەی شانۆنامەی مارا ‌ـ‌ ساد، باس لە دۆخی دوای شۆڕشی فەڕەنسی دەکات، بەڵام وەك هەر کارێکی هونەریی و ئەدەبیی زیندوو بازنەی شوێنکات دەبڕێت و بە زمانێکی جیهانی خەم و خەونەکانی مرۆڤی دوای شۆڕش دەردەبڕێت. هەر بۆیە بە نزیکی لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە شۆڕشیان تیا کراوە، جۆرێك لە ئاوڕدانەوە و گەڕانەوە بۆ ئەم شانۆگەرییە هەبووە و هەیە. چونکە بە نزیکی دۆخی دوای هەموو شۆڕشەکان خاڵی لێکچوونیان زۆرە، هەر بۆیە نماییش کردنی بە لای هەر کۆمەڵگەیەکەوە دروستکردنی رایەڵەیەکی پەیوەندی و دۆزینەوەی خاڵە لێکچووەکانی نێوان شانۆنامەکە و دۆخی کۆمەڵایەتی دوای شۆڕشە.
جاری یەکەم کە شانۆگەریی مارا – سادم بینی لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا بوو، کە لەلایەن تیپی شانۆی ئەزمونگەری کوردییەوە نماییش کرا و هونەرمەند شەماڵ عومەر دەری هێنا بوو. ئەو کاتە زۆر لە شانۆگەرییەکە حاڵی نەبووم، ئەمەش لە لایەکەوە بەهۆی پاشخانی رۆشنبیریی خۆمەوە بوو، لە لەلایەکی ترەوە بە هۆی ئەوەی شانۆییەکە خۆی کارێکی سادە و ئاسان نییە و شانۆییەکی ئەزموونگەرییە کە تێیدا پیتەر ڤایس بە شێوەیەکی جیاواز ئایدیا هونەری و فیکرییەکانی دەخاتە روو. لە رووی هونەرییەوە شانۆییەکمان لە ناو شانۆدا بۆ نماییش دەکات و ستەیجەکەیشی نەخۆشخانەیەکی دەروونییە. لە رووی فیکریشەوە شۆڕشی فەڕەنسی دەکاتە پاساوێك تا لەو مێژووەوە بێتەوە و باسو خواسێك لەسەر شۆڕشەکانی سەدەی بیست دروست بکات و تێڕوانینە جیاوازەکان لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە بخاتە روو. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر شانۆی تۆماری (المسرح التسجیلي) و گرنگترین رووداوەکانی شۆڕشی فەڕەنسیمان بۆ دەگێڕێتەوە و بە تەکنیکی جۆراوجۆر و جیاواز لە گۆرانییەوە بۆ دیکۆر، لە جووڵەی ئەکتەرەوە بۆ رووناکی، وێنە و دیمەنەکانی شۆڕشمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئەم شانۆییە پشت بە رووداوی راستەقینە دەبەستێت بە مانای ئەوە نایەت کە نووسەر خەریکی نووسینەوەی مێژوو بێت، بەڵکو ئەم تەکنیکە دەکاتە ئامڕازێك بۆ خستنە رووی بابەتگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دروست کردنی ئیلتیزامی هونەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەك چەوسانەوەی چینایەتی، ستەمکاریی و نەبوونی ئازادی . جگە لەوە ڤایس بە بەکارهێنانی تەکنیکی شانۆ لە ناو شانۆدا دەیەوێت بینەر لەگەڵ رووداوەکاندا تێکەڵ نەبێت و لە بیری نەچێتەوە کە خەریکی سەیرکردنی نماییشێکی شانۆییە و بەمەش بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێنێت. دەرهێنەر هیوا فایەق هەر لە یەکەمین ساتەوەختی نماییشەکەدا ئەمەی بە جوانی نیشان دا کاتێك کە گڵۆپی رووناکی هەڵ دەبێت، مارکێز دوساد هاوار دەکات هێشتا دەستمان پێ نەکردووە. لە چەند دیمەنێکیتریشدا و لە رێگەی گۆڕینی دیکۆرەوە زووزوو ئەوەی بەبیر دەهێناینەوە کە ئێمە خەریکی بینینی شانۆییەکین.
ناونیشانی تەواوی شانۆییەکە بریتییە لە ( ئازاردان و تیرۆرکردنی ژان پۆڵ مارا بەو جۆرەی کە تیپی نواندىی نەخۆشخانەی چاینتۆن بە سەرپەرشتی بەڕێز دی ساد پێشکەشی کرد) و ئەکتەرەکان کۆمەڵێك نەخۆشی دەروونیین کە لە نەخۆشخانەی چاینتۆن کەوتوون. دەرهێنەری شانۆییەکە مارکێز دوسادە کە چێژێکی زۆر لە ئازاردانی مرۆڤ دەبینێت و گەلێك کتێب و نووسینی هەن کە تیایاندا ستایشی ئازار دەکات، هەڵبەتە چەمکی سادیزمیش هەر لە ئایدیا و رەفتارەکانی ئەم بیرمەندەوە داڕێژراوە.
مارکێز دو ساد و ژان پۆڵ مارا هەر بە تەنها دوو جەمسەری سەرەکی شانۆییەکە نین، بەڵکو بەرجەستەکەری دوو روانینی جیاوازن بۆ مانای شۆڕش و بەهاکانی و دەسەڵات و رەهەندەکانی. ساد روانینێکی سیاسی – سێکسواڵێتی بۆ شۆڕش هەیە (خێری شۆڕش ئەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێک نەئاڵێن)، ئەو دەسەڵاتەیشی کە وەک دەرهێنەری شانۆنامەکە پێیدراوە لە نماییشکردنی ئازار و ئەشکەنجەدان و تەنانەت ئیغتیساب کردنی یەکێك لە نەخۆشەکان(کە یەکێک بوو لە دیمەنە هەر بوێرەکانی نماییشەکەی کۆڕی شانۆی با) رەهەندێکی سایکۆلۆژی دەبەخشنە دەسەڵات و رووداوەکانی دوای شۆڕش و تەنانەت کردەی تیرۆرکردنەکەی مارا. ژان پۆڵ ماراش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی هیوا و ئاواتە بەدی نەهاتووەکانی کرێکاران و هەژاران و ئازادیخوازەکانەوە نەك وەك خوێنڕێژێك، بەڵکو وەك سەرکردەیەکی سیاسیی چەپڕەو دەردەکەوێت، کە جەماوەر چاوی ئومێدیان تێ بڕیوە و باوەڕی بەوەیە بە هێز دەتوانرێت دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیی بەدی بهێنرێن و دەکرێت لەو پێناوەشدا خوێن بڕژێت ئەمەشیان رەهەندێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی دەبەخشێتە دەسەڵات و شۆڕش.
پیتەر ڤایس لە رێگەی ئەم شانۆگەرییەوە رووداوەکانی شۆڕش و بێئومێدییەکانی دوای شۆڕشمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەمانباتەوە بۆ سەردەمی ناپلیۆن کە شۆڕش بە تەواوی سەرکوت کراوە و ناپلیۆن بە دەستێکی پۆڵایینەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. هەر بۆیە کاتێك کە ئەکتەرەکان لە دەقەکە دەردەچن و حەماسەت دەیانگرێت، کۆڵمی کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە رایان دەگرێت و داوای لێبووردن لە ئامادەبووان دەکات؛ لێرەشدا جگەلەوەی وەك بەڕێوەبەرێکی مەراییکەر بۆ دەسەڵاتی ناپلیۆن دەردەکەوێت، هەرەوەها لە تێگەیشتنە فۆکۆییەکە بۆ رۆڵی نەخۆشخانە و زیندانەکان لە کۆنترۆڵ و سزادانی نەخۆش و بەندکراوەکان نزیکمان دەکاتەوە. بەوەشدا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەمزی دەسەڵات وسیستمە، بۆیە دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی دەرچوونی ئەکتەرەکان لە ریتم و سیاقی شانۆییەکە و هەوڵی کۆنترۆڵ کردنەوەی لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە، وەك رەمزێك بۆ هەوڵ و تەقالاکانی مرۆڤ بۆ دەرچوون لە سیستم و تێپەڕاندنی و کاردانەوەی سیستمیش بەرامبەر بەو هەوڵانە، لێک بدەینەوە. بۆیە بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین ئەکتەرەکان، نەخۆشی دەروونی نین، بەڵکو ئەو شۆڕشگێڕانەن کە رژێم و دەسەڵات وەك سزایەك لە نێو نەخۆشخانەی دەروونیی توندی کردوون. ئەوە بۆیە ژان پۆڵ مارا چەندین جار حەماسەت دەیگرێت و وەك شۆڕشگێڕێك قسە دەکات و تەنانەت لە کۆتایی شانۆییەکەیشدا کاتێك لە دیمەنێکی درامی و کاریگەردا مارا دەکوژرێت ئەکتەرەکان هێرش دەبەن بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.
ئەم نماییشەی کۆڕی شانۆی با، وەک نواندن و کارە هونەرییەکانیتری وەک دیکۆر ، مۆسیقا و رووناکی ، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری تیا ئەنجام درابوو. بۆ نمونە نواندن و جووڵەی ئەکتەر ، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوون. جووڵەی جەستە جگە لە لایەنە ئیستاتیکییەکەی تەواوکەری حیواریش بوو. زۆربەی ئەکتەرەکان جەستەیەکی نەرم و جومناستیکییان هەبوو کە ئەمە هێزێکی زۆر دەدا بە کاری نواندن. مۆسیقاش، کە نەوا موکورجی بە پیانۆ ئەدای دەکرد و بەشێک بوو لە نماییشەکە، رەهەندێکی ئاهەنگسازییانەی دابوو بە نماییشەکە، هەندێکجار دەبووە حیکایەتخوانێکی رووداوەکان و هەندێکجاریش دەبوو بە ریتمێک بۆ جووڵەی ئەکتەرەکان. هەڵبەتە وەکو ئاواز و دەنگیش چێژ و جوانییەکی زۆری دابوو بە نماییشەکە.
دیزاینی گشتی سەر شانۆ، مەقسەڵەکەی لێ دەرچێت سیمایەکی وای پێوە نەبوو کە دەربڕی دۆخی شۆڕش یا فەزایەکی فەڕەنسییانە بێت. بەڵام دابەش کردنی پلیکانەکان، کە رەمزی دەسەڵات یا گەیشتنە پێی لەلای راست و قاوشی نەخۆشخانەکە، وەکو شوێنی شۆڕشگێڕە نەخۆشەکان، لە لای چەپ و ئەو رەنگە شینەی کە پێی درا بوو کە رەمزی حوزنە و پاشانیش حەوزەکە کە زیاد لەبەکارهێنانێکی هەبوو، هەموو ئەمانە ئەو لاوازییەیان شاردبووەوە کە ئاماژەم پێی کرد. لەمە زیاتر لەسەر نماییشەکە ناڕۆم و وردەکارییەکان بەجێ دەهێڵم بۆ شانۆکاران.

کورد و شانۆیی مارا – ساد

پرسیارە بەردەوامەکانی کارەکتەرەکانی شانۆییەکە ئەوەیە: شۆڕش بۆچی بە ئەنجام نەگەییشت؟ چۆن بەردەوامی بە شۆڕش بدرێت؟ ئایا شۆڕش کردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرەکییە یا زاتی و ناوەکی؟ بەڵام خۆ ئەوە بە تەنها پیتەر ڤایس و ئەکتەرەکان نین کە ئەم پرسیارانە دەکەن. بەڵکو پرسی شۆڕش و بەها و ئامانجەکانی، مەرج و ئەنجامەکانی و … هتد هەر لە ئەفڵاتون و ئەرەستۆوە تا بە رۆژگاری ئەمڕۆمان دەگات کەڵکەڵەی بیر و فەلسەفەی سیاسی بووە و بە قەولی هانا ئارنێت کێشەیەکی سەنتەریی سیاسەتە و ئەوەش کە هەتا ئێستا پرسی شۆڕشی بە گەرمو گوڕی هێشتۆتەوە هەڕەشەی قڕکردنی مرۆڤ و ئومێدی رزگاربوونە(١).
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کورد لەگەڵ ئەم دوو دەستەواژەیەی قڕکردن و رزگارییدا ئاشنایەتییەکی زۆری هەیە. هەر بۆیە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری کورد بەردەوام دەیانەوێت جووڵانەوە چەکدارییەکان وەك شۆڕش وێنا بکەن و ئەم وێنایەش لە مێشکی مرۆڤی کورددا بچەسپێنن. ئامانجی ئەمەش لە رووی سیاسییەوە دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕشدا و رەوایەتیدانە بە زاتی شۆڕشگێڕ بەچنینەوەی دەستکەوتی سیاسیی و ماددی و دروونەوەی سەرانی دژ بە شۆڕش. لە رووی سایکۆلۆژیشەوە زەوتکردنی زاتی ستەملێکراوی کوردە تا لە پرۆسەی هەڵهاتنی لە زاتی خۆیدا لە نێو زاتی فەرمانڕەوا کوردەکەیدا بتووێتەوە و نەتوانێت بازنەی ئایدیا و جیهانی فەرمانڕەواکەی تێپەڕێنێت(٢). بۆیە ئەم نوخبە سیاسییە هەر بەتەنها بە تیۆریزەکردنی ئەم روئیایەوە ناوەستێت، بەڵکو لە رێی هونەر و ئەدەبیشەوە ئەم تەماهییە لە نێوان ئەو جووڵانەوانە و چەمکی شۆڕشدا تۆختر دەکاتەوە و ئەو رەخنانەش کە لەم سیاقەدا لێی دەگیرێ، کە شانۆگەری مارا – سادیش هەر لەم سیاقەدایە، نەك هەر نیگەرانی ناکەن بەڵکو بەهێزیشی دەکەن. چونکە هەر هیچ نەبێت شکۆی شۆڕشگێڕیی پێ دەبەخشن و مێژوویەکی بۆ دروست دەکەن، مێژووی شۆڕشەکانی کورد!!، کە لە بنەڕەتەوە هەر بوونی نییە.
کاری فیکر، هەروەها هونەر و ئەدەبیش، لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا تێکدان و شێواندنی ئەو وێنایەیە کە نزیکەی یەک سەدەیە جووڵانەوە سیاسی – چەکدارییەکانی کورد لەژێر ناوی شۆڕشدا لە ئەندێشەی مرۆڤی کورددا دەی چەسپێنن. گۆڕینی رێچکە و ئاراستەکانی مرۆڤە لە گەڕان بە شوێن بەهەشتەوە بۆ پەیجووری کردنی جەهەننەم. ئەوەی کە قەشە(جاك رۆ) قاچێکی رووەو ئاسمان هەڵدەبڕێت و پەنا دەباتە بەر شەیتان تا نەك بە تەنها حوکمی جەهەننەم بەڵکو حوکمی زەویش بکات، لەبەرئەوەیە کە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان هەموو پیرۆزییەکان و خودا و بەهەشتیان داگیر کردووە و لە رێگەی ملکەچ پێکردنیانەوە بۆ خودا، لە پێناو چوونە بەهەشت، ملکەچی مرۆڤیان بۆ دەسەڵات وسیستم بە دەست هێناوە. لە رێگەی بە پیرۆزکردنی خوداوە پایەکانی دەسەڵاتیان پیرۆزکردووە. چونکە ملکەچ بوون بۆ خودا هیچ نییە جگە لە دەلالەتێکی رەمزیی بۆ ملکەچ بوون بۆ دەسەڵات و سیستم. ئەگەر بەهەشت دوا مەنزڵی مرۆڤە ملکەچ و کۆیلەکان بێت، کەوایە دەبێت مرۆڤی یاخی لە سیستم و دەسەڵات، مرۆڤێکی جەهەننەمی بێت، رێکەوتنێکی فاوستییانە لەگەڵ پرۆمسیۆسدا(*) مۆر بکات بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵ کە جەهەننەمە. شۆڕشەکان و دەسەڵاتدارەکان تا ئێستا مرۆڤیان بە ناوی رزگاری و ئازداییەوە بردۆتەوە بۆ مەملکەتی کۆیلەکان” بەهەشت”. ئەم وێنە و رێگە ئاوەژووە بەرهەمی سیستمێکی مەعریفییە کە وابەستەی سیستمێکی ئابووری ـ سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ستەمکارە. بۆیە جەهەننەم و‌ێنە راستەقینەکەی مەملەکەتی ئازادی و رزگارییە و شوینی مرۆڤی یاخی و بیرکەرەوەو ئازادە.

پەراوێز:

1. حنا ارندت، ” في الثورة” ترجمة عطا عبدالوهاب، الطبعة الاولی ، بیروت، ٢٠٠٨، ص ١٣.
2. د. مصطفی الحجازي، التخلف الإجتماعي او مدخل الە سیکولوجیة الإنسان المقهور، الطبعة التاسعة بیروت، ٢٠٠٥، ص ١٢٣.
• پرۆمسیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا بەرامبەر ئینکی لە ئەفسانەی سۆمەری و لۆسیفەر(واتە هەڵگری رۆشنایی)ی گەورەی فریشتەکانە لە باوەڕی مەسیحییەتدا، هەموویان لە فەرمانی خواوەند یاخی دەبن و دەبنە هاوڕێی مرۆڤ. لە شانۆیی ( د. فاوستۆس)ی کریستۆفەر مالرۆدا لۆسیفەر بە د. فاوست دەڵێت:” ئەگەر رێکەوتنەکەت لەگەڵماندا مۆر بکەیت، دەبمە کۆیلەت و چیت دەوێت بۆت دەکەم…”.

http://hasanhosen.blogspot.com

وێنەکە: دیمەنێك لە (شانۆیی مارا – ساد)ی کۆڕی شانۆی با

Previous
Next

Leave a Reply