Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
هەڵویستی قوربانیانی كوردو بێباكی جەلادەكانی

هەڵویستی قوربانیانی كوردو بێباكی جەلادەكانی

Closed

هەڵوێستی قوربانیەكانی ئێمە لەگەڵ هەلوێستی قوربانیەكانی هۆڵۆكۆست جیاوازیەكی زۆریان لەنێواندا هەیە قوربانیەكانی هۆڵۆكۆست ئەوانەی لەمردن دەربازبوون هەروا  لێنەگەران بەدەم ئازارەوە بمردن‌و جەلادەكانیان بەپێشچاویاندا بێ‌ باك تێپەڕن . ئەوان لێنەگەران‌وهەتا ئێستاش لێنەگەراون جەلادێكی ئەو تاوانە بەئاشكرا بگەرێت‌و لەیاسا بێمنەت بێت. ئەگەرچی هۆكاری ئەم هەڵوێستە خراپەی قوربانیانی ئەنفال بەشی سەرەكی دەگەرێتەوە بۆ بەنەبوونی ئازادی‌و نەبوونی دادگای سەربەخۆو پشتیوانی‌و داڵدەدانی تۆمەتباران لەلایەن حزبەكانی كوردستانەوە، بەڵام بەشێكیشی دەگەرێتەوە بۆ بێدەنگی خودی قوربانی لەمافی خۆی . 
ئەوەتا  “عوزێر” دەربازبوویەكی گۆری بەكۆمەڵەو قوربانی دەستی قاسماغاو جاشەكانێتی كە لە 10 ی نیسانی 1988دا كاتێك بازنەی گەمارۆی ئەنفالی گەرمیان تەگی پێهەڵچنیون. ئەوان خۆیان لەناو هەردەو جەوڵەكانی گەرمیاندا شاردبووەوە، دواتر بەپروپاگەندەی لێبووردنێكی كاتی لەناوچەی قادركەرەم، فریویانخواردووە‌و وەكو هەزاران كەسی ناوچەكە خۆیان داوە بەدەست جاشەكانی قاسم ئاغای كۆیەوە..  ئەوە بەڵگەیەكی تری زیندووی بەشێك لەتاوانەكانی قاسماغاو جاشەكانێتی كەبێجگە لەوكەسانەی دەشتی كۆیە دەستیان لەگرتن‌و دانەدەستی هەزاران كوردی ناوچەی گەرمیانیشدا هەیە، ئەو پروپاگەندەیەی لەئەنفالی سێهەمدا بووە واتەوات  گوایە لێبوردنێكی كاتی هەیە لەبنەرەتەوە جگە لە فێڵ‌وتەڵەی جاشەكانی قاسماغا هیچی ترنە بوو، كە لەزۆرشوێنی تر خەڵكیان پێخستبووە داوەوە، وەكو ئەو گرتە ڤیدیوییەی كەدەبینین بەسەر بریندارێكی پێشمەرگەوە دەڵێت : ( قسانبكە بابە قسان بكە دەتبەین بۆ خەستەخانەی كەسی كاكی ) هەرلە دوای خۆتەسلیم كردنی بۆیە عوزیریش وەكو ئەو هەزاران كوردەی خۆیان دایە دەستەوە رادەستی ئەمن كراو ئەو ئۆتۆمبیلەی ئەمی گواستەوە بۆ ئۆفیسی ئەمنی ناوچەكە یەكێك بوو لەو كاروانەی كە بەرەو لیوای چەمچەماڵ بران‌و لەوێ‌ خەڵكی شاری چەمچەماڵ پەلاماریاندان‌و گەلێك كەسیان رزگاركرد، بەڵام لەو كاتەدا عوزێر نەیتوانی دەربازبێت و دواجار لە 14 ی نیساندا لەگەڵ هەزاران كەسی تری ئەنفالكراودا گەیشتنە تۆپزاوا.
هەربۆ بەڵگە لەسەرتاوانەكانی قاسماغا قوربانیەكی تربەناوی واحید، كە لەوەختی ئەنفالدا تەمەنی بیست‌ودوو ساڵ بوو, ئەویش لەگوندی خدر ڕەیحان گیرسابۆوە. كاتێ‌  پەلامارەكانی ئەنفالی سێ‌  دەستیان پێكرد ( واحید)یش بۆخۆشاردنەوە هەڵاتبووە ناوهەردەوجەوەلەكان لەدەست هێزەكانی سوپاو جاش بەڵام ئەویش دوای دوو ڕۆژ خۆی دابوو بەدەست جاشەكانی قاسم ئاغاوە. دواتر ئەویش رەوانەی لیوای چەمچەماڵ كرابوو لەوێ‌ لەگەڵ عوزیرو ئەو عەشاماتەی كە زۆربەیان لەلایەن جاشەكانەوە گیرابوون‌و رادەستی ئەمن‌و سوپا كرابوون  پێكەوە بردبوونیان بۆ تۆپزاوا.
سەرئەنجام عوزیرو واحید پاش  دوو رۆژ لەتۆپزاوا بەبێ‌ نان‌و ئاو هێشتبوویاننەوە بێ‌ ئەوەی هیچیان لێبپرسن، بۆ رۆژی سێهەم هەرلەحەوشەی گرتووخانەی تۆپزاوا دەستیان بەستبوون‌و بەهەژدە پاسی داخراو پەردەپۆش ماوەی 6 سەعاتی رێك بەرێگایەكی گڵدا بردبوویانن‌و لەبیابانەكانی سەماوە هەموو قوربانیەكانیان گوللە بارانكردبوو، كەلەكۆی سەدان هەزار لەئەنفالكراوانی كورد تەنها بەخت یاوەری شەشە كەس بوو كەدەربازبوون‌و وەكو شایەتحاڵ مانەوە.. ئەم دوو قوربانیە كە هەم بۆ میدڵ ئێست ۆچ‌و هەم لە دیداروچاوپێكەوتنی جیاوازدا باسیان كردووە، خۆیان داوەتە دەست قاسماغای كۆیەوەو جەختیش لەوە دەكەنەوە كە ئەوان بە پروپاگەندەی هەڵەخەڵەتێنەرانەی لێبوردنی جاشەكان خۆیان داوەتە دەستەوە . كەچی هیچ كام لەو قوربانیانە كەئێستا لەئەمریكا دەژین نە پشتیوانیان لەخۆپیشاندەرانی كۆیەكردونەخۆشیان داوای یاساییان لەسەرقاسماغاوجاشەكانی تۆماركردووە..! 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.