Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
گفتووگۆ له‌گه‌ڵ جه‌بار ئه‌مین

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ جه‌بار ئه‌مین

Closed
by November 4, 2010 گشتی

جەبار ئەمین ئەندامی پەرلەمانی سوید:
نابێ ئەوانە مەحكوم بكەین كە ئەمڕۆ نایانەوێ سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنن
  زۆر گرنگە هەتا تاوانبارانی ئەنفال لە ژیاندا ماون سزا بدرێن
ئەگەر شەریكەیەك بێتە کوردستان و گوێ نەداتە مافی كرێكار و ژینگەپارێزی ئێمە لە هاتنی زەرەرمەندین
  رزگار رەزا چوچانی – سوید
www.nwche.net

جەبار ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەدایكبووی سلێمانی باشوری كوردستانە، لەساڵی ١٩٨٠ وڵاتی جێهێشتووە، لەساڵی ١٩٨١ەوە لەسویدە، هەر لێرەش خوێندنی تەواو كردووە، ماجستێری لە زانستی سیاسی هەیە، وەك خۆی گوتی “ساڵی ١٩٩٨ لەناو پارتی سویدی دەستم بە كاری سیاسی كرد، هەر لەو ساڵەوە ئەندامی پارتی ژینگەی سەوزی سویدم، چوار پێنج ساڵ ئەندامی سەركردایەتی بووم، خولی پێشوو ئەحتیات بووم لە پەرلەمان و ئەم جارەش هەڵبژێردراوم بۆ ئەندامی پەرلەمانی سوید”. ئەمین لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (گۆڤاری سڤیل) لەپرسی حزبەكانی سوید و سیاسەت و ئامانجەكانی پارتی ژینگە و گونجانی بەرنامەكانیان لەگەڵ پرسی كورد دەدوێت.

رزگار رەزا چوچانی: وەك كوردێكی پەنابەر هاتویتە وڵاتی سوید و ئێستا ئەندامی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی، لە سەرەتادا قسەیەكت هەیە بۆ پەنابەرانی كورد لە سوید؟
جەبار ئەمین: ئێمە كە وەك پەنابەر هاتوینەتە ئەم وڵاتە، گرنگترین شت ئەوەیە بەشداربین لەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژین، ئەوەی لە سوید دەژی بەشدار بێ لە كۆمەڵگەی سوید، بۆ ئەوەی ببینە بەشێك لەو وڵاتانەی كە لێی دەژین، نەك لێرە كار بكەین و مێشكمان لە جێیەكی تر بێت، زۆر گرنگە كە لێرەین هەندێ سود لە تەجروبەی ئەم وڵاتانە وەربگرین.
رزگار رەزا چوچانی: زۆربەی لایەنەكانی سوید، لەكاتی هەڵبژاردن تێگەیشتنیان بۆ پرسی نەتەوە ژێردەستەكان هەبوو بە كوردیشەوە، بە بەراورد بە لایەنەكانی تری سوێد چ جیاوازییەك دەبینی لە پارتی ژینگەی سەوز، كە زیاتر لە بەرژەوەندی كورددا بێت؟
جەبار ئەمین: پارتی ژینگەی سەوز، پارتێكی تازەیە، چەند شتێك هەیە بەلایەوە گرنگە، بۆ نمونە سۆلیدارێتی هاوبەشی و پشتیوانی وڵاتانی هەژار و گەلانی چەوساوە و ژێردەست دەكات، بۆ نمونە ئێمە پشتیوانی و پێشوازی لەپەنابەر دەكەین و لەو بارەوە سیاسەتی ئێمە جیاوازترە، لە سیاسەتی پارتی پارێزەران، ئەگەر بەخواستی ئەوان بێ، دەبێت پەناهەندە نەیەت بۆ ئەم وڵاتە. لەرووی ترەوە ئێمە پارتێكین كە زۆر گرنگی بە ژینگە، بە نەوەی داهاتوو، بە خەڵكی هەژار دەدەین.

رزگار رەزا چوچانی: ئەوە چەند هەڵبژاردنێكە لەسەریەك، پارتە چەپەكان لە بەرانبەر بەرەی راست شكست دەهێنن، هۆی ئەمە چییە؟
جەبار ئەمین: ئەمە یەكەم جارە كە بەرەیەك دروست بكەین وەك چەپ، پێشتر نەمان بووە، ئەم بەرەیە هەر بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەبوو، ئەم جارەش زۆر نزیك بوین لەوەی كە لەبەرەی راسترەوەكانی ببەینەوە، هەڵبەتە ئێستا پارتی ئێمە پارتی ژینگە بەرەو پێشەوە چووین، جاران ١٩ كەسمان لە پەرلەمان هەبوو، ئێستا ٢٥ كەسمان هەیە، ئەوەش خۆی لەخۆیدا نیشانەی پێشكەوتنە، بەڵام لەهەمان كاتدا ئێمە پێمان خۆش دەبوو وەك بەرەی چەپ، حكومەتیش بگرینە دەست و لە راستڕەوەكانی بەرینەوە، بەڵام بەداخەوە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئێمە متمانەی زۆرینەی خەڵكی سویدی بەدەست نەهێنا، بۆیە دەكرێ لەداهاتوو هەموو لایەنەكان هەڵسەنگاندنی ئەوە بكەین، ئایا دروستكردنی بەرە شتێكی باش بوو یان باش نەبوو، زیانی پێگەیاندن یان سودی هەبوو؟.

رزگار رەزا چوچانی: خەڵكی پەنابەر و بەتایبەت كورد زیاتر خۆیان لەناو لایەنە چەپەكاندا دەبیننەوە یان لەناو لایەنەكانی تری ئەو وڵاتە؟
جەبار ئەمین: خەڵكی كورد زیاتر لەناو رێكخراوە چەپە سەوزەكاندا بەشدارە، ئەوەش هۆی خۆی هەیە، وەك ئەوەی دەبینن كاتێك لەوڵاتی خۆمان هاتوینەتە دەرەوە، لەبەر كێشەی سیاسی و چەوساندنەوە و داگیركاری و زوڵم رامان كردووە، بەرەی چەپ لە زۆركاتدا پشتیوانیان لە كێشەی ئێمە كردووە، پشتیوانیان لە پەناهەندە و مافی مرۆڤ كردووە و دژایەتی دیكتاتۆرەكانیان كردووە.
رزگار رەزا چوچانی: لەدنیادا گۆڕینی پرسی ژینگە لە پرسێكی مەدەنیەوە بۆ پرسێكی سیاسی و دواتر بۆ ئامانجی گەیشتنە دەسەڵات تاچەند سەركەوتنی بەدەست هێناوە؟
جەبار ئەمین: هەموو پارتەكانی ژینگە لە ساڵەكانی ٨٠ و ٩٠دا پەیدا بوون، لە زۆر وڵاتدا هەموو ساڵێك دەبینی ئەحزابی سەوزی زیاتر دێتە ئاراوە، چونكە ئێستا بەرەو كێشەی ژینگەی جیهانی دەڕۆین، ئەم كێشەیەش رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دیار دەدات، ئێستا لەزۆر وڵاتدا باسی ئەوە دەكرێت، كە ئەم كێشەیە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەپێناویشیدا ئەحزابی سیاسی دروست دەبێت و بەرەو پێشەوە دەڕۆن، چونكە كێشەی ژینگە كێشەیەكی ئانییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئەم گەرمبوونی زەمینە هۆكەی ئێمەین، ئینسانەكان، بۆیە دەبێ باس لە چارەسەری بكەین، ئەگەرنا ئەنجام زیانی بۆ هەموومان دەبێت و بەتایبەت بۆ وڵاتانی هەژار، رەنگە بۆ وڵاتێكی وەكو سوید، بەرزبونەوەی پلەی گەرما بە ٢-٣ دەرەجە كاریگەرییەكی وای نەبێت، بەڵام بۆ وڵاتێكی وەكو ئێمە بۆ وڵاتێكی وەكو بەنگلادش و بۆ وڵاتانی ئەفریقا زۆر زۆر كاریگەری دەبێت، رەنگە كشتوكاڵ نەهێڵێت، ژینگەیان لێ بشێوێنێت، ئەمانە هەموو كێشەی گەورەن، بۆیە ئێستا دەبینی ئەم ڕێكخراوانە بەرەو پێشەوە دەچین.

رزگار رەزا چوچانی: شارەزایەکی ژینگەی سوید لە کۆرشێک نیگەرانی خۆی بە ئێمە گەیاند، کە سەرمایەدارانی دنیا، شەریکە گەورەکانیان لە وڵاتانی خۆیان دوور دەخەنەوە تا ژینگەی خۆیان پیس نەکەن و ئەیان بەنە وڵاتانی هەژار، بەوە هەم ژینگەی خۆیان دەپارێزن، هەم کرێکاری هەرزانیان دەست دەکەوێت، بەڵام ئەمە لە ئەنجام بۆ ژینگەی هەموان خراپە. ئێستا لەکوردستانیش کاتی بەنگهێشت کردنی کۆمپانیا گەورەکانی دنیایە، پێت وایە لەم کاتەدا لەکوردستان دەبێت چی بکرێت؟
جەبار ئەمین: پیسبوونی ژینگە كێشەیەكی جیهانییە، بۆ نمونە ئێمە دراوسێكەمان ژینگەی پیس بێت، كەشوهەوا ئەی گوازێتەوە بۆ ئێمەش، بەڵام لە روویەكی ترەوە بەكارهێنانی كرێكار و دانی پارەیەكی كەمتر و نەبوونی مافی كرێكار زۆربەی كۆمپانیا جیهانیەكان پەنای بۆ دەبەن، بۆیە گرنگە ئێمە ئاگادار بین كاتێك كۆمپانیا گەورەكان ئایا خۆیان بێن یان داوەتی كوردستانیان بكەین، باسی مافی كرێكارەكان لە كاتی كار و موچە و خەرجیان بكەین، باسی پاراستنی ژینگە و مەرجەكانیان لەگەڵ بكەین، لەو بارەوە زۆر هۆشیار بین، نەهێڵین ئەوانە وڵاتی ئێمە بەكار بهێنن بۆ ئەوەی ژینگەی وڵاتەكەمان هێندەیتر پیس بكەن، نابێت ئێمە ئاگامان لەخۆمان نەبێت و بهێڵین ئەوان ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ شتی تر بەكار ببەن، ئەگەر ئێمە شەریكەیەك بێتە وڵاتەكەمان مەرجەكانی ژینگەپارێزی هەبێت و مافی كرێكار بدات، كەس ناتوانێ رەخنەی بكات، بەڵام ئەگەر شەریكەیەك بێت گوێ نەداتە مافی كرێكار و گوێ نەداتە ژینگەپارێزی و تەنها بۆ ئەوە بێت قازانجی خۆی زیاد بكات، ئەوە ئێمە لە هاتنی زەرەرمەند دەبین.

رزگار رەزا چوچانی: وەك سیاسیەكی كورد لە پەرلەمانێكی ئەورپیدا، خوێندنەوەت بۆ پرسی كورد لە عێراق و كێشەكانی هەرێم و ناوەند چییە؟
جەبار ئەمین: من پێموایە لەم كاتەدا كە ئێمە خەریكی دانوساندنین لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا، دەبێت زۆر پێدابگرین لە سەر كێشە نەتەوەییەكان، چ لەو بەشە خاكەمان كە بەداگیركراوی ماوەتەوە، لە شێوەی حوكمڕانی فیدڕالیزم، لەدابەشكردنی داهات، لە نوێنەرایەتیمان لە دەرەوەی وڵات، دەبێت هەوڵ بدەین بۆ هەموو ئەمانە ڕێككەوتن و بەرنامەی سیاسی هەبێت، لە جێبەجێكردنیشی سەقفی زەمەنی هەبێت، نەك تەنها بەقسە، تاكو ئێستا بەداخەوە زۆرربەی پرسەكانمان بە قسە بەڕێكردووە، بۆنمونە پرسی شوێنە داگیركراوەكانی وەك كەركوك و خانەقین و شەنگار، تاكو ئێستا ٧ ساڵ تێ دەپەڕێ بەسەر نەمانی رژێمی عێراقدا، بەڵام كێشەكان هەر وەك خۆی ماوەتەوە، بۆیە بەبڕوای من دەبێت بەشێوەیەكی تر كار بكەین و تەئكید لە دیاریكردنی زەمەن بكەینەوە.
رزگار رەزا چوچانی: خەڵكێك پێیانوایە دەسەڵاتی كورد لە رانەگەیاندنی سەربەخۆیی كەمتەرخەمە، رات چییە لەو بارەوە؟
جەبار ئەمین: من پێم خۆش دەبوو ئەگەر بمانتوانیایە سەربەخۆی رابگەیەنین، بەڵام لەوەش تێدەگەم ئەگەر هەندێ ڕێكخراو و ئەحزابی كوردی ئێستا ناتوانن رایبگەیەنن، هەندێكیان راستە نایانەوێ، بەڵام هەندێكیشیان دەیانەوێ و رەنگە زروفەكە بەگونجاو نەبینن، من پێموایە ئەگەر ئێمە ئەوەش رانەگەیەنین، دەبێ كاری گرنگ بۆ هەندێ شتی گرنگ بكەین، بۆ نمونە فیدرالیزم و بەشمان لەداهات بچەسپێت، كێشەی كەركوك و خانەقین و شەنگار و ناوچەدابڕاوەكان چارە كرابێت، هەنگاوێكی بەهێز دەبن بۆ ئەوەی لەداهاتوو سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، ئەمە هەنگاوێكە بەرەو ئەوێ، بۆیە نابێ ئێمە ئەوانە مەحكوم بكەین، كە ئەمڕۆ نایانەوێ سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنن.

رزگار رەزا چوچانی: لەكوردستان ئێستا خەڵك داوا دەكات موستەشارەكان و ئەوانەی دەستیان هەبووە لە تاوانی ئەنفال و كوردكوشتن بدرێنە دەستی دادگا، رایەكیش پێیوایە ئێستا كاتی ئەو باسە نییە، بەهۆی كێشە چارەنوسسازەكانی تر ئێوە چی دەڵێن؟
جەبار ئەمین: تاوان تا تاوان جیاوازی هەیە، خەڵكێك هەیە رەنگە لەبێ نانی و لەبێ ئاوی و لەپێناو ژیاندنی ماڵ و منداڵی بوبێت بە بەعسی، خەڵكێكیش هەن دەستیان لەتاوانی گەورەدا هەبووە و تاوانباری دیارن. بۆیە دەبێت لەیەك جیا بكرێنەوە و ئێمە دەبێت هەندێك لێبوردەبین و خوێندنەوە و تیگەشتنمان بۆ هەندێ كێشە هەبێت، بەڵام تاوانە گەورەكان و خەڵكێك كە مەسئولیەتی زیاتر لەسەرشانیان بووە، لەزۆربەی وڵاتانی دنیا نەك تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەهەر شوێنێكی دنیا بن، دەبێت ببرێنە بەردەم دادگا، ئەوە بۆ ٢٠ ساڵ دەچێت ناوچەكانی كوردستان ئازاد بوون ئێستا كاتی ئەوە نەهاتبێ ئەو خەڵكەی كەتاوانی گەورەی كردووە بدرێنە دادگاو سزا بدرێن، ئەی كەی سزا بدرێن؟ ٢٠٠ ساڵی تر؟ دەی ئەو كات تاوانبارەكان لەژیان نەماون، بۆیە زۆر گرنگە و كاتیەتی خەڵكێك كە تاوانی گەورەی كردووە سزا بدرێن.

rzgarchuchani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.