Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شەوە بەجۆش و سورەکانى ئێوەو شەوە ڕەش و خامۆشەکانى ئێمە…. کەمال ڕەئوف

شەوە بەجۆش و سورەکانى ئێوەو شەوە ڕەش و خامۆشەکانى ئێمە…. کەمال ڕەئوف

Closed
by March 2, 2008 گشتی

   ئێمە وەک هەمیشە لەدەورى سفرەیەکى خاڵى لەخواردنى گرانبەها وڕەگاڵە و پڕ لەهەواڵ دانیشتبوون، سفرەکەى ئێمە هەندێ لە ژمارە کۆنەکانى ڕۆژنامەى ئاوێنەو هاوڵاتى بوو، هەموو بە پەلەپەل نانمان ئەخوارد نەبا کارەباى "نیشتمانى” لێمان ببڕێت! ئێوەش لەدەورى مێزێک دانیشتبوون کە پڕبوو لەخواردنى جۆراو جۆرو بەئەنقەست تاریک و بێ بەشتان کردبوو لەڕوناکى نیشتمان و بۆجوانى مۆمتان لەسەر داگیرساندبوو ،ئێوە بەشێنەیى و بەدەم قسەکردنەوە نانتان ئەخواردو خەریکى نمایشکردنى فەنتازیاى چۆنیەتى نانخواردن بوون و بەئەتەکێت قسەتان ئەکرد، ئێمەش بەدەم نانخواردنەوە خەریکى پرتەو بۆڵەى دوکەڵى سوپاو باسى نەبوونى نەوت وخراپى و گرانى بازار بووین، ئێوە بەدەم پێکەنینەوە باستان لە بازرگەرمى و زۆرى قازانج و چەند موچەیتان دەکرد، ئێمەش بەدەم نانخواردنەوە بەبێدەنگى هەواڵە بەسوێ و جەرگبڕەکانى سەر لاپەڕەى ڕۆژنامەکانمان دەخوێندەوەو چاومان لەو هەواڵانە دەکرد کەباسى لەگەندەڵى و ڕووئەستورى ئێوەدەکرد، ئێوە بە پێڵاوە خاوین و تازەکانتانەوە بەسەر کومبارو فەرشە تازەکاندا دەڕۆیشتن و نازتان بەسەر زەویدا دەکرد، ئێمەش بەپێى خاوسى بەسەر کۆنکرێتە زبرو ساردو سرەکەدا هاتوچۆمان دەکرد،، ئێوە بۆ سورکردنى ڕووى خۆتان، قوم، قوم شەراب ومەیى گرانبەهاى ناو پێکە جوانەکانتان دەنوشى و زەردەخەنەى درۆینەتان بۆیەکترى دەبەخشیەوە، ئێمەش بەدڵە ڕاوکێو و ترس و دوودڵیەوە ئاوى بەلوعەکەمان دەخواردەوەو لەوە دەترساین کە ئاوى زێرابى تێکەڵ بووبێت ومناڵەکان بەرگەرى نەخۆشیەکى تر نەگرن، ئێوە  سەربارى زۆرى و هەمەجۆرى خواردنى سەرمێزەکە کەمتان دەخوارد و دەتان ویست وا بەیەکترى نیشان بدەن کە حەزتان لەخواردنەکانە و بەڵام بەسروشت خۆتان کەمخۆرن و کەسانێکى بەرچاو تێرن، ئێمەش کەمان دەخوارد تاکو خواردنەکە بەشى هەموومان بکات و وامان  بەیەکترى نیشان دەدا کە زۆرمان خواردوە، ئێوە دەستان لەخواردن هەڵنەگرتبوو واتان نیشان دەدا کە بەشخوراوان و مستەهەقى زۆر لەوەزیاترن، ئێمەش دەستمان هەڵنەگرتبوو سوپاس گوزار بوون لەوەى کە هێشتا لەسایەیى چاو چنۆکى ئێوەدا، لەسایەى فرت و فێڵى ئێوەدا، لەوەخراپترمان بەسەر نەهاتووە، ئێوە ئەوکاتە کە هەستى برسێتى سکتان کەمێک ڕەوییەوەو بەرەو مەستى دەچوون، کەچى هێشتا لەژێر کاریگەرى چاوبرسێتى و گیرفان پڕکردندا دەرنەچووبوون،  بیرتان لاى ئەوەبوو کە چ فێڵ و تەڵەکەیەکى تر، چ داهێنانێکى هەڵخەڵەتێنانەى تر، لە بەرانبەر خۆگرى و پشوو درێژى ئێمەدا، بەسەلیقەى نەتەوەیى و سیاسیەوە دروست بکەن و دەرخواردى ئێمەى بدەن، ئێمەش ئەوکاتەى هێشتا تێرمان  لەخۆشى و لەزەتى سفرەکە نەشکا بوو، بۆداکۆکى کردن و لەترسى  فەنابوونى  یەکجارەکى سفرەکەمان و شکاندنى تینوێتى و پاراو کردنى ئازادیمان ، بیرمان لەوە کردەوە کە چیتر وێنەکانى ئێوە، "نەک لەبەر خۆشەویستیتان بگرە بۆناساندنى  کردەوەکانتان" لەسەر سفرەکانمان  بەردەوام بهێڵینەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.