Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
کەریم پەڕەنگێ هەبوو

کەریم پەڕەنگێ هەبوو

Closed

ئازاد ئەحمەد – بەریتانیا

وێنه‌که‌ :ئازاد ئەحمەدو کەریم پەڕەنگ لە ڤیەنا، نەمسا، ١٥/٣/٢٠١٠

کاتێ سازێ
بەدەستی کچۆڵەیەکەوە پێ دەکەنی
هاتن ژێ یەکانیان هەڵکەند
کچە چوار تاڵی پرچی خۆی
بۆ هەڵکێشاو
ئاوازی ناخی پێ دەژەند..

کەریم پەڕەنگ، شیعری “ساز” ١٩٧٨

لەناو ئەو نەوەیەی ئێمەدا کە لە کۆتایی حەفتاکان دا لە کەرکوک سەری هەڵدا، کەریم پەڕەنگ لەهەمووان دەرکەوتووترو پڕبەرهەمتر بوو. گەرچی لەپاڵ شیعر نووسین دا تەرجەمەی ئەکردو بابەتی رەخنەیی و ئەدەبییی بڵاو ئەکردەوەو ئۆپەرێتیشی بۆ مناڵان ئەنووسی، بەڵام پتر وەک شاعیرێک ناسرا؛ خەیاڵێکی شیعریی بەرفراوان، کوردی یەکی پەتی و رەوان هەتا سەر ئێسقان کاریگەر بە توحفەی مظفریە و رشتەی مرواری و رۆمانەکانی یەشار کەماڵ بە تەرجەمەی شکور مستەفا. لەوێوە نازناوێکی شیعریی زۆر دەگمەن و ناوازەی بۆ خۆی هەڵبژارد؛ پەڕەنگ، واتە پشکۆ.

هاوڕێتیی من و کەریم پەڕەنگ بۆ هاوینی ساڵی ١٩٧٨ ئەگەڕێتەوە، کاتێ لەگەڵ  کۆمەڵێ هاوڕێ دا لە کۆڵان بە بێجامەوە وەستابووم، لاوێکی قۆزی لاوازو باڵا بەرز، سوورو سپی، بە رۆژنامەیەکەوە لێم نزیک بۆوەو وتی:” تۆ ئازاد شەیدای؟”، منیش ئەو کاتە لەسەرەتای تافی لاویدا بووم و تازە دەستم بە شیعر نووسین کردبوو، ئەو نازناوەم بۆ خۆم هەڵبژارد بۆ ئەوەی سیفەتێکی شاعیرانە بەخۆم بدەم!. وتی:” شیعرێکت لە پۆستەی خوێنەرانی پاشکۆی عێراق دا بڵاو بۆتەوە”. شیعرەکەی بۆ خوێندمەوە، من لە خۆشییانا قاچم ئەلەرزی. بۆ چەندین شەو خەوم لێ نەکەوت، تەنانەت کاری لە خوێندنی قوتابخانەشم کرد. پێم وابوو ئیتر منیش ناوم کەوتە نێو ناوان، شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەتیش شیعرم ئەخوێننەوە.

ئیتر لەو رۆژەوە پەڕەنگ بوو بە نزیکترین هاوڕێم . هەموو رۆژێ لە شۆریجەوە تا شەقامی جمهوری و کتێبخانەی ئاسۆو بگرە تا عەرەفەش بەپێ ئەچووین و بەپێ ئەهاتینەوە. هەرگیز نایەتە یادم جارێک لە جاران پێکەوە سواری تێمس بووبین؛ تێمس پاسێکی بچووک بوو لە دۆڵمشەکانی تورکیا ئەچوو ١٢-١٥ نەفەری ئەگرت، لە حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانیشدا ئامرازی گواستنەوەی سەرەکی بوو لە کەرکوک. مام رۆستەم و مامە ڕیشە لە حەفتاکان دا شوفێری تێمس بوون، پێش ئەوەی روو لە چیا بکەن.

پەڕەنگ لاوێکی زۆر قسەخۆش و نوکتەچی بوو. بەدەم ڕێوە لەسەر جادە بەدەنگی بەرز شیعری بۆ ئەخوێندینەوەو بە پیکەنینی ئەهێناین، یان گۆرانیی ماملێی بۆ ئەووتین. جارێکیان من و پەڕەنگ و مستەفا گەرمیانی و فایق سەعیدو  نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ، لە شەقامێکی نزیک گازینۆی مەجیدییە ئەپەڕینەوە، فایق و مستەفاو نەوزاد هەڕەمەکییانەو دوور لە خەتی پەڕینەوە کە ئەوسا پەیڕەو ئەکرا، لە شەقام پەڕینەوە، پەڕەنگ رووی لەمن کردو وتی:” کورە ئەمانە زۆر شۆرجەیین”!

نەورۆزی ساڵی ١٩٧٩ یەکێتیی نووسەرانی کورد لە بەغدا کۆڕێکی شیعریان بۆ کردینەوە. لە کەرکوکەوە من و کەریم پەڕەنگ و مارف عومەر گوڵ و ئەحمەدی مەلاو عەبدوڵلا دارتاش بانگ کرابووین. ئەبوو دڵپاک تاهیریش بەشداریی بکات، بەڵام باوکی نەیهێشت بۆ بەغدا بچێت!. هەروەها لە شارەکانی دی یەوە، مەوجود سامان و ئەبوبەکر خۆشناوو کەریم سۆفی و هەندێ شاعیری دیش بەشدارییان کرد. لەتیف هەڵمەت کۆڕەکەی بەڕێوە بردو، دکتۆر عزەدین مستەفا رەسول، کە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو، وتاری پێشەکیی لەسەر شیعری لاوان خوێندەوە. لەبەر ئەوەی یەکەم کۆڕی شیعری بوو لە ژیانمان دا هەموو شڵەژابووین، کەریم پەڕەنگ تەنانەت پێش ئەوەی ناوی بانگ بکرێ، لەتیف هەڵمەت پارچەیەک لە شیعرەکەی ئەخوێندەوە، خۆی گەیاندە سەر سەکۆ، لە کاتی شیعر خوێندنەوەشدا دەستی ئەلەرزی و لەگەڵیا کاغەزەکانی دەستی ئەلەرینەوە. منیش‏ بەهەمان شێوە شڵەژابووم، ئاگام لەخۆم نەبوو چۆن گەیشتمە سەر سەکۆ، دەستم کرد بە قیڕەقیڕو دەست راوەشاندن، وام ئەزانی رووبەڕووی پیاوانی رژێم وەستاوم و دەست ئەکەم بە چاویانا. گوێم لێ بوو لەتیف هەڵمەت لە پشتەوە بە چرپەوە وتی:” تۆزێ هێواش، دەنگت داگرە”!

کەریم پەڕەنگ لەو کۆڕەدا، کە بەناوی عەبدولکەریم پەڕەنگەوە بەشداریی کرد، یەکێک لە جوانترین شیعری خۆی خوێندەوە؛ شیعری “خەونێکی تر لە رەشماڵەکەی زەرێ دا”. بەڕای هەمووان، شیعرەکەی پەڕەنگ و مارف عومەر گوڵ جوانترین شیعری ئەو کۆڕە بوون. کەریم دەشتی بابەتێکی بەعەرەبی لەسەر کۆڕەکە نووسی و لە رۆژنامەی (العراق)دا بڵاوی کردەوە، هەمان ڕای دەربڕی. ئەحمەدی مەلا لەو کۆڕەدا، کە بەناوی تەواوی خۆی (ئەحمەد محەمەد مەلا عومەر) بەشداریی کرد، شیعری “ئەحمەد ئاغا”ی خوێندەوە، کە لەسەر ئەو کرێکارانە بوو بەیانیان زوو لەمەیدانی ئەحمەد ئاغای ناوجەرگەی شاری کەرکوک کۆئەبوونەوە تا خاوەن کارەکان بێن و بیانبەن بۆ کار بەڵام زۆربەیان بەنائومێدی و بێ کار ئەگەڕانەوە.  ئەبوبەکر خۆشناو، بەڕیش و کاسکێت و کراسێکی خاکی یەوە کە هەر لە گیڤارا ئەچوو کۆمەڵێ شیعری  کورتی خوێندەوە، لەوانە شیعرێک بۆ کەرکوک، لەو بارودۆخە سیاسی یە ئاڵۆزەدا هاواری ئەکرد: بۆنی بێدەنگی ناخۆشە ئەی شاری ژان. خۆشناو زۆرترین چەپڵەی بۆ لێدرا.

کەریم پەڕەنگ ساڵی ١٩٨٠، کە شەڕی عێراق – ئێران تازە دەستی پێ کردبوو، لەگەڵ ئەدیب نادردا وڵاتیان بەجێهێشت و بەرەو تورکیاو بوڵگاریاو رۆمانیا بەڕێ کەوتن، بەڵام ئەدیب غهریبیی کەرکوکی ئەکرد، خۆی بۆ نەگیراو گەڕایەوە، پەڕەنگ لەکۆتایی ئەو ساڵەدا خۆی گەیاندە نەمساو تا ئێستاش لەوێ لە ڤیەنا ئەژی. لەماوەی ئەو ٣٠ ساڵەی لەوێ ئەژی، تەنیا چەند شیعرێکی بڵاو کردۆتەوە کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێ و، لەهەمان مەداری شیعریی حەفتاکان دا ئەخولێنەوە. ساڵی ١٩٩٢ کۆمەڵە شیعرێکی بەچاپ گەیاند بەناوی “گوڵەئەستێرە” کە لە ٢٢ شیعر پێکهاتووەو بەرواری نووسینیان بۆ حەفتاکان و هەشتاکان ئەگەڕێتەوە . بەڵام پەڕەنگ ئێستا زۆر چالاکە لە بواری وەرگێڕان دا، یەکێکە لە باشترین وەرگێڕ لە ئەڵمانی یەوەو، دەقێکی زۆری شیعرو رۆمان و شانۆی کردۆتە کوردی، لەوانە شیعرەکانی برێخت و دوو شانۆنامەی؛ (دایکه ئازا)و (بازنەی تەباشیری قەوقاز)، شانۆنامەی (ڤاتسڵاڤ)ی سڵاڤۆمیر مرۆژەک، رۆمانی (عەتر)ی پاتریک زویسکیند، هەروەها (هونەری رۆمان)ی میلان کوندێرا. گەرچی ئیشوکاری بژێو پهیدا کردن زۆربەی کاتی لێ گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێ خۆی بە وەرگێڕانەوە خەریک ئەکات.

کەسانێکی وەکو کەریم پەڕەنگ و خەبات عارف و زۆر وەرگێڕی لێهاتووی دی، کە زۆریش نین، ئەبوو لەبری خۆ خەریک کردن بە بژێوەوە کە کاتێکی زۆریان لێ ئەکوژێ، کاتی خۆیان بۆ وەرگێڕان تەرخان بکەن. بریا وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگا رۆشنبیری یە حکومی یەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی ماددییان بۆ دابین ئەکردن تا هەموو کاتی خۆیان بۆ وەرگێڕان تەرخان بکەن. لەبری ئەوەی ئەو پارەیەی لەو گۆڤارو رۆژنامە زۆرو بۆرەی خەرج ئەکەن کە زۆربەیان ناخوێندرێنەوە، لە وەرگێڕە لێهاتووەکانیان خەرج ئەکرد، ئنجا بزانە چ شۆڕشێکی وەرگێڕان لە بواری رۆشنبیریی کوردی دا بەرپا ئەبوو!    

azadaswad@yahoo.co.uk

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.