Skip to Content

371 Views

سەرنجێکی خێرا لەسەر  شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا …  نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرنجێکی خێرا لەسەر شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Be First!
by December 10, 2016 General, Literature, Theatre
image_print

سەرەتایەکی کورت لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە

ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی مرۆڤایەتی سەرتاپا دەرگیری کێشمەکێش و ململانێی بەردەوامی نێوان چینەکانە. چین و توێژە جیاجیاکانیش لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کارێک بکەن کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان بپارێزن و تای تەرازووی هێز لەم ململانێ بەردەوامە بەلای خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بشکێننەوە. وەک ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی نوێی مرۆڤایەتی دوو چین تیایدا مۆری خۆیان بەدیاردە و ڕووداوەکانەوە دەنێن. بە پێی لێکدانەوەی ماتریالیزم بۆ مێژوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە دوو چینی دژ بەیەک و ڕاوەستاو بەرامبەر بەیەک پێک دێت کە هەریەک هەڵگری تایبەتمەندی و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیەتی. لە سیستەمی سەرمایەداری چینی باڵا یان سەرمایەداری خاوەن هێز و سوپا و زیندان و دامودەزگاو حیزب و میدیای زەبەلاح و ئەدەب و هونەری خۆیەتی و تەواوی دیاردە و دەرکەوتەکان لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی بەسوود و قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت. دەرکەوتەکانی دیاردەگەلی وەک ئایین و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ستەم لە ژنان و تاد بە ئەندازەی سوود و قازانجیان بۆ سەرمایەداران، بەو ئەندازەیەش کۆت و زنجیرن لە دەست کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. چینی کرێکار لەم جەنگە چینایەتییەدا دەست بۆ گەلێ ئامراز دەبات بۆ بەگژاچوونەوەی ستەمی بورژوازی لەوانە شۆڕش و مانگرتن و خۆپیشاندان و دەرخستنی نارەزایەتی و لەهەمان کاتیشدا دەست بۆ ئەدەب و هونەری چینایەتی وەک پێویستییەکی ئەو خەباتە دەبردرێت. ئەدەب و هونەری کرێکاری بەدرێژایی مێژووی خەباتی چینی کرێکار ڕۆڵی گێڕاوە لە جۆشدانی خەبات و بەرچاوڕوونکردنەوەی ئەم چینە بنیادنەرە کە تەواوی ژیانی گۆی زەوی لەسەر ئارەق و ڕەنجی ئەم دامەزراوە. ئەدەب و هونەری کرێکاری وەک بەشێک لە پانتایی تێکۆشانی چینی کرێکار دژ بە ستەمی سەرمایەداری ناسنامەی خۆی لە خەبات و ناڕەزایەتی ئەو چینە خۆیەوە وەردەگرێت. پایەکان و بنەماکانی ئەم هونەرە چینایەتییە خۆی لە لێکهەڵپێکرانی هونەر بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بنیاد دەنێت.

تەمەنی وڵاتی کەنەدا گەرچی کەمتر لە سەد و پەنجا ساڵە، بەڵام لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەیدا گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ بنیادنراوە و ئەو کلتوور و نەریت و زانست و فەرهەنگەی لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەدا برەوی هەبووە، گەیشتۆتە ئەم وڵاتە تازەیە. مرۆڤە گواستراوەکان یان ئەوانەی ئارەزوومەندانە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە خاوەن ئاستێک لە تەوەقوع بوونە بۆ ژیان کە زۆر لە سەرووی تەوەقوعی مرۆڤە نەیتیڤەکانی (خەڵکە ئەسڵییەکان)ی کەنەداوە بوونە. وڵاتی کەنەدا پێچەوانەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپا بەو ڕێڕەوە مێژووییەدا تێنەپەڕیوە. واتە بە تونێڵی قۆناغەکانی “کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری” گوزەری نەکردووە، بەڵکو وڵاتی بەریتانیا بەهەموو توانا مرۆیی و زانستی و سەربازییەکانییەوە پایەکانی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیاڵی مۆدێرنی لەسەر ئەم خاکە دامەزراندووە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە کلتوور و نەریت و پرنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا بە ئاسانی دەگەنە کەنەدا. مرۆڤە نوێیەکانی سەر ئەم زەمینە هەر زوو حەز و خولیا و ئارەزووەکانیان لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە دەربڕیوە.

لە ڕووی مێژووییەوە چینی کرێکاری کەنەدی گەرچی لەداکبوونێکی زەحمەتی هەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی دروستبوونی ئەم وڵاتەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەهامەتی و کرێی کەم و ناتەندروستی هەلومەرجی کارو بیمەی بێکاری و بێمافی کۆمەڵایەتی و بەگشتی لەگەڵ نزمی ئاستی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی نەرمکردووە. ئەم چینە هەوڵیداوە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو کارەکتەری خۆی گەشە پێبدات و پێ بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی، ئەمیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و وریاتر بۆتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر ناسیوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی دیار و بەرچاوی باوکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری کەنەدی (دانیاڵ ئۆ دۆنیهۆ)لە یاد بکەین کە سەرتاپای ژیانی هەوڵیدا و تێکۆشا لەپێناو ڕێکخستن و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران(1). هەروەها بڵاوبوونەوەی (Labour Gazette) گۆڤاری کرێکاری یان گۆڤاری کار لەساڵی 1901 ڕۆڵیکی زۆری گێرا لە هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەنەدی.
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدی سەرەتای خۆڕێکخستن و بەرەو یەکگرتوویی چینی کرێکار بوو لەدژی چڵێسی سەرمایەداران. بورژوازی کەنەدی لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بووە و تێکۆشاوە لەم دۆخە نائینسانییەی کاردا زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بورژوازی کەنەدی و دامودەزگاکانی لەهەوڵی بەرێخستنی کەمپینێکی دژە سەندیکا دابوو، بەڵام ئارەزووی کرێکاران بۆ ڕیکخراوبوون تا دەهات پەرەی دەسەند و بۆیە دەبینین ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی کۆنگرەی کار و بازرگانی ( (Trades and Labour Congress کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاران بوو لە ساڵی 1902 بۆ 1914لە 13,000 ئەندامەوە بوو بە 80,000(2). ئەم گەشە سەندن و هۆشیاربوونەوەیە و ڕێکخراوبوونە دۆخێکی هێنابووە ئاراوە کە خوازیاری ئەدەب هونەرێک بوو کە گوزارشت بێت لە خەبات و ئامانجی خەباتکارانەیان. شانۆ هۆکارێکی گونجاو بوو کە نووسەرانی کرێکاری هەر زوو دەستیان بۆ برد و هونەرمەندانیش کاریان لەسەر کرد.
گەرچی خودی هونەری شانۆ زۆر لەو مێژووە زووتر هاتۆتە کەنەدا هەروەک” مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ بەرێز هامفره‌ی گیلبێرت و “کۆمپانیایەکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌کان” له‌ساڵی 1583دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می 1606 و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا هەرێمی نۆڤه‌سکۆشیایه‌) یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی سیستمێکه‌وه‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که ‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ده‌کرا و‌ ڕوخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی که‌ وه‌کو ڕوخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن”.(3)
سەرەتای ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە کەنەدا لەقۆناغێکی پڕ لەگەشەو بەرەوپێشچوون دا دەژیا.

بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی دانەبڕاو لە چینی کرێکار و ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕەکانی بەپشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدا هەنگاوی دەنا و ڕۆڵی خۆی دەگێڕا. ئەدەب و شانۆی چەپ لەدەیەی سییەکاندا وەک بزووتنەوەیەکی دانپیانراو و هەمەچەشن بووە و هەڵگری شوێنێکی ئیستاتیکی دیار و بەرچاو بووە لە مێژووی ئەدەبی نەتەواتەتی(میللی) لە کەنەدا((4. ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی گەرچی بەوردی لەسەر مێژوو و بزووتنەوەی شانۆ کەنەدی دواوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی باوەڕپێكراو پشتی پێدەبەسترێت، کەچی لە ئاماژە و باسکردنی شانۆی کرێکاران لەو وڵاتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و بچووکترین ئاماژەی بەو هەوڵ و کۆششانە نەکردووە کە هونەرمەندە چەپ و کرێکارەکان لەبڕگەیەکی زەمەنی و لەناو ڕێڕەوی مێژووی شانۆی کەنەدی ئەنجامیان داوە. بۆیە ئاشکرایە کە چینە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن مێژوو بشێوێنن یانیش هەر وەلای بنێنن. بۆیە ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی دەکرێ بوترێت تەنها ئینسکلۆپیدیای شانۆی چینی فەرمانڕەوا یان ئەو بزووتنەوە شانۆیەیە کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیان و داهاتووی چینی فەرمانڕەوای کەنەدا نەبووە و نییە.

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada1.jpg
ئەندامە سەرەکییەکانی شانۆی کرێکاران

بەڵام جگە لە هەوڵەکانی چینی باڵا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو، هەوڵی تر لەئارادایە کە دەیەوێت بەپێچەوانەی ویست و خواستی چینی باڵا و دەسەڵاتدار، ڕاستییەکان بگەێنێتە خوێنەر و ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو نیشان بدات. لەوانەش دکتۆر کاندیدا ڕیفکایند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی وینیپیگ، بەوردی ئیشی لەسەر ئەدەب و کلتووری وڵاتی کەنەدا کردووە بەتایبەتی ئەدەب و کلتووری نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، دەیەی بیستەکان دەیەی سەرهەڵدان و نەشونمای بیری ناسیونالیستی و ئابووری و کلتووری بوو لەکەنەدا. ئەوەبوو بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ڕەخنەگر دەستیان کرد بە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و بەریتانی. بەڵام لەساڵی 1929 بەدواوە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر کەوتنە نووسینی بەرهەمی چەپ و کۆمۆنیستی. باڵی چەپی ئەدەبی مۆدێرنیزمی کەنەدی کە دکتۆر کاندیدا لە کتێبی “کۆمۆنیستەکان و ڕەخنەگران : ژن و ئەدەب و چەپ لەدەیەی سییەکان لە کەنەدا” دا بەوردی بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت” ئەدەبی چەپی کەنەدی لەو بڕگە زەمەنییە دوو ئەرکی لەسەرشان بووە. لەلایەکەوە گوزارشتی داهێنەرانە بوو لە سۆشیالیزم و لەلایەکی ترەوە هەڵگێڕانەوەی ئەدەبی ترادیسیۆنی زاڵ بوو”(5). ساڵی 1929 مایکڵ گۆڵدی نووسەری پرۆلیتاری بەئایین جولەکە شانبەشانی هەریەک لە ئیدا ڕەوه و چۆن هوۆرد لاوسن و جاسپەر دیدەر هەوڵی دروستکردنی شانۆی کرێکارانیان داو و ناویان نا(Workers Worke Drama). بەڵام ئەفسوس ئەم هەوڵە بەناکامی مایەوە و نەیتوانی هەنگاوێکی بەرچاو بنێ لەبردنە پێشەوەی شانۆی کرێکاران.
شانۆ و بزووتنەوەی شانۆیی کرێکاران لەئەنجامی ئەو هەلومەرجە لەبارەی گۆمەڵگەی کەنەدی نەشونمای کرد و هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. مێژوونووسانی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی دەستەواژەی “بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران” یان بەو ژمارە لە شانۆی ئەزموونگەری سیاسی باڵی چەپی کەنەدی دەگوت کە لە دەیەی سییەکان هاتنە دەرهێنان و نمایشکردن. زۆربەی ئەم شانۆگەرییانە بەسپانسۆری (یانەکانی هونەری پێشکەوتووخواز)) و بەدنە(تحریض)ی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی و پشتیوانی ئەو حیزبە هاتوونەتە نمایش. لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران دوو جۆر تێڕوانین دەبینرێت کە یەکێکیان کۆمۆنیستییە و ئەویتریان سۆشیال دیموکراتە(6). یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا لەساڵی 1933 خانمە نووسەر تۆبی گۆردۆن ڕایەنە. تۆبی گۆردن ڕایەن نەک هەر بە نووسەرێکی چەپ بەڵکو بە پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی چەپ دادەنرێت.
ئەم خانمە پێشکەوتووخوازە دوای ئەوەی ئۆسکار ڕایەن دەناسێت، لەساڵی 1949 دەبنە هاوسەری یەکتر و تا مردن بەیەکەوە دەژین. تۆبی تەنها نووسەرێکە کە نووسینەکانی لەم دواییانە لەلایەن ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی گەڵف وەک تاکە مەتریاڵێک دەربارەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لەدەیەی بیستەکان کەتائەمڕۆ چنک کەوتبی و لەبەردەستدا بێت، کەڵکی لێوەرگیراوە(7). تۆبی ڕایەن کۆمەڵێ هەوڵی لەبواری شانۆی کرێکاران هەیە لەوانە : شانۆی چەپ و شانۆی کەنەدا و دەیەی سییەکان-یادەوەری جگە لەتۆبی گۆردۆن ڕایەن، هەندێ ناوی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی ئەو مێژووە دیارە لەوانە ئالن فایلود، هارۆڵد گریفن(لەشاری ڤانکۆڤەر-هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا)، جۆ زاکن(لەشاری وینیپیگ- هەرێمی مانیتۆبا)، ڕۆز کاشتان(لەشاری مۆنتڕیاڵ- هەرێمی کێبێک)، ئۆسکار ڕایەن، ئێدوارد سیسیڵ سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆڵدبێرگ و وەینو شاستەر، دۆەسی لایڤسەی، ئان ماریۆت، ئیرینا بەیرد. بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی بەگشتی و شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە کەنەدا وەک هەر جێگایەکی تر پیاو نەخشی بەرچاوی زیاتری هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان ڕۆڵی داهێنەرانەیان نەگێڕابێت لەو بوارەدا. بەچاوگێڕان بەسەر ناوە بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە ژمارەیەک ئافرەت دەبینین کە ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێڕاوە. دیارە نابێت وا بزانین کە بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بەردەوام ڕوو لەسەر هەنگاوی ناوە.

نەخێر لەساڵانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخێکی نالەبار لەدژی ئەم بزووتنەوەیە هاتە ئاراوە و لەزۆر لاوە دژایەتی دەکراو تەنانەت شانۆگەرییە چەپە توندڕەوەکان قەدەغە کران. دواتر خانمە نووسەر تۆبی رایەن تیپێکی شانۆیی تر دادەمەزرێنێت بەناوی ( Play Actor) کە کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی توێژی گەنچ دەکرد لە کۆمەڵگای کەنەدی. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر بەهەوراز و نشێوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی تێدەپەڕێت و دواجار لەسەر ئەو سەکۆیە لەنگەر دەگرێت کەپێی دەلێن شانۆی کەنەدی. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە هەر پێشڕەوییەکی شانۆیی و هەر هەنگاوێکی هونەری لەبەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی لەو سەردەمە دژ بە شانۆی بورژوازی و هونەری بورژوازی بوو.


گەی گلۆڤەری ئەکتەر لە دیمەنێک لە شانۆی ” لەچاوەڕوانی لیفتیدا”، لە فیستیڤاڵی دۆمینیۆن دراما لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەساڵی 1936

بەرهەمە شانۆییەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران

کاتێ گروپی شانۆنامەنووسانی نوێ لە ساڵی 1926 دامەزرا، ئۆتۆ خان بوو بەدابینکەری سەرچاوەی دارایی و بڕی 30,000 دۆلاری ئەو سەردەمەی خستە بەردەستیان، ئەمەش نەک هەر نووسەرانی چەپ بەڵکو نووسەرانی تریشی هێنایە ناوەوە کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری ئەوروپا بوون. جان هەورد لاوسن ئەو کاتەی لە پاریس دەبێت، هەردوو دەقی ( ڕۆجەری تازە پێگەیشتوو)لە ساڵی 1923 کە شانۆگەرییەکە دەربارەی گەنجێکە کە خەریکی خەباتکردنە لە جیهانی واقیعی، و (ئاواز و مۆسیقای نمایش) لە ساڵی 1925، دەنووسێت. دواتریش لە سەرەتای دەیەی سییەکان شانۆی کار (Theatre of Action) دێتە ئاراوە و دەرهێنەر لە شاری نیویۆرکەوە دێنن و ستافی بەردەوامی دەبێت و قوتابخانەی هاوینی دەکاتەوە گەلێ نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدات و بەرهەمەکانی دەگەنە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی دۆمۆنیۆن بۆ دراما لە شار وینیپیگ. هەرچەندە شانۆی کار خەڵاتەکەی نەبردەوە بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری گەیشتنی نمایشێکی کرێکاری بۆ ئەو پلە باڵایە. شانۆی کار سەرباری ستراکتۆری گورپیی و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و قوتابخانە هاوینییەکەی و خۆ تەرخانکردنی بۆ شانۆی کەنەدی، کەچی شانۆی کاری تۆرۆنتۆ پێشەنگێک بوو بۆ ئەلتەرناتیڤی شانۆی ئەمڕۆ(8).

یەکێک لەو کارە بەرچاوانەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران، شانۆنامەی “هەشت پیاو دەدوێن”ە کە لە نووسینی کۆمیتەیەک بوو لەوانە ئۆسکار ڕایەن، ی،سیسیل سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆلدبێرگ و تۆبی گۆردۆن دەریهێنا بۆ شانۆ. ئەم شانۆگەرییە لە ساڵی 1933 دا نووسراوە کە دەربارەی پەروەندە(فایل)ی ئەو پاسەوانەیە( کینگستۆن پەنیتێنتەری) کە ویستی لیدەری حیزبی کۆمۆنیست(تیم باک) بکوژێت. ئەم شانۆگەرییە دوای ئەوەی لە شاری تۆرنتۆ مۆڵەتی نمایشی لێ سەندرایەوە، لە شاری وینیپیگیش پۆلیس مۆڵەتی نمایشیکردنی لێ سەندنەوە و قەدەغە کرا. ئەم دەقە وەک میتا-تێکست لە ساڵی 1934 هاتە نمایشکردن لە ئاهەنگی ئازادکردنی لیدەری حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی. هەروەها “لە چاوەڕوانی لیفتی”دا بەرهەمێکی تری کرێکارییە کەلەلایەن شانۆنامەنووسی ئەمریکی “کلیفۆرد ئۆدێتس”ەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە باسی کۆمەڵێ (شوفێر) سایەق تەکسی دەکات کە بە نیازن مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەم شانۆنامەیە شەش دیمەنە و ناوەڕۆکەکەی لە واقیعی مانگرتنی سایەق تەکسییەکانی شاری نیویۆرکەوە وەرگیراوە کە لە شوباتی ساڵی 1934 مانگرتنێکی گەورەیان ڕاگەیاند، هاتە نمایشکردن.

شایانی باسکردنە ستافی ئەم شانۆنامەیە و بەڕێوەبەرانی هونەری هەموو کرێکارانی بێکار بوون. هەروەها شانۆنامەی (Stevedore- کرێکاری بارگەڵگری بەندەر) یەکێک بوو لە بەهێزترین شانۆنامە کرێکارییەکان لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم نمایشە دەربارەی ستەمی ڕاسیستی پیاوانی سپی پێست بوو دەرهەق بەو ڕەش پێستانەی کە پێیان دەوترا ڕەوەندی ئەفریقی- ئەمریکی. شایانی ئاماژەیە دۆخی جوگرافیا و کلتووری ئەمریکا و کەنەدا بەجۆرێکە کە تێکەڵییەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و سەدەها جار بەرهەمە شانۆییەکان لەسنوور پەڕیونەتەوە. بۆیە نمایشێکی کرێکاری گەرچی لەدایکبووی ئەمریکایە بەڵام لەکەنەدا دەخرێتە سەر شانۆ و بەهونەری کرێکاری کەنەدییش دێتە ئەژمار و پێچەوانەکەشی ڕاستە. جگە لەمانەش کورتە شانۆگەری “جەنگ لە ڕۆژهەڵات”، ناشتنی مردوو ساڵی 1936، ئاسنی قایم ساڵی 1938 لە هۆڵەکانی ” هارت هاوس یان مارگرێت هیتن” نمایشکراون(9). تۆبی گۆردۆن نەک هەر لە شاری تۆرۆرنتۆ ، بەڵکو لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە سەرتاسەری کەنەدا بەتایبەتی لەشارەکانی وینیپیک و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر. هەرچی ئالن فایلودە بە کتێب و نووسینەکانی ئاوڕی لەم لایەنە داوەتەوە. ئالن فایلود لە کتێبی ( شانۆی ئیلتزام، شانۆی ڕادیکاڵیزم و دەستدرێژی سیاسی لە کەنەدا)، کە کتیبێکە بەپێی بۆچوونی میشیڵ ویڵڵەر خوێندنەوەی مێژووی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدییە(10).

ئەم پرۆفیسۆرەی زانکۆی گۆیلف کە لەبوارەکانی خوێندن و دەرهێنانی شانۆدا وانەی دەوتەوە، چالاکانەش لە بوارەکانی مێژووی شانۆی کەنەدی و شانۆی ڕادیکاڵی سیاسی کاری کردووە. ئالن فایلود لە نووسینی (بەسەرمایەداریکردنەوەی شانۆی میللی)دا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ گرفت کەڕەنگە باسکردنیان لێرە پێویست نەبێت چونکە پەیوەندی بەباسەکەی ئێمەوە نییە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە بورژوازی کەنەدی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری کەنەدی بەلارێدا ببات و لە ئامانجە چینایەتییەکانی دوور بخاتەوە. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی زیاتری چینی سەرمایەداری کەنەدی و پەرش و بڵاوبوونەوەی زیاتری چینی کرێکار، بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران تا دەهات لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هونەرمەندانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە هەندێ ئاڵوگۆڕیان لەو بزووتنەوەیە پێکهێنا لەوانە گۆڕینی ناوی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری بۆ شانۆی میللی. وەک ئاڵن فایلود دەڵێ ” لە گوتاری شانۆی کەنەدی بزووتنەوەکان ناوی جیا جیا وەردەگرن، وردبوونەوەش لەمە ئەوە دەردەخات کە کرداری ناونان لە زۆربەی کاتەکاندا ستراتیژیەتی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکانە. (11)

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada3.jpg

وێنەی دیمەنێک لە کاتی نمایشی شانۆگەری هەشت پیاو دەدوێن. ئەم وێنەیە لە ساڵی 1977 گیراوە لەسەر شانۆی ستاندارد لە شاری تۆرنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا

یەکێک لە ئەو خەسڵەتانەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا پێی دەناسرێتەوە بریتییە لە یاخیبوون لە سەرجەم نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە و لادان لەهەموو ئەو نەریتانەی کە شانۆی کەنەدی شوناسی خۆی لەسەر بنیاد ناوە. هەڵگەڕانەوە لەشوناسی کۆن یان باو خۆی بە مانای گەڕانە بەدوای شوناسێکی نوێ کە هەم بونیادێکی نوێ بەشانۆ دەبەخشێت و هەمیش دەبێتە مایەی تەکان و بەرەو پێشچوون. هەرچەندە ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ بەقوڵی ڕەگیان بەناو ترادیسیۆنی کلتووری کۆمەڵگای کەنەدی ڕۆچۆتە خوارێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەگەزانە دوور لە گۆڕان و لە گۆشەیەکی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە بن. زمانی دەقەکان یان زمانی بەکارهاتوو کە زمانێکی سادەیە و بەئاسانی بینەر تێی دەگات. سادەیی زمان کەناڵێکی گونجاوە بۆ گەیشتنی پەیام و مەبەستی دەق. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی ژیانی چینی کرێکاری کەنەدا و ئاستی خوێندەوارییان دەبێ ئەو مافە بدەینە نووسەری دەق تا بەو زمانە سادەیە مەبەستەکەی دەربڕێت چونکە لەو سەردەمە واتە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتوانی کەنەدا هەشت ملیۆن و سەد و شەست و نۆ هەزار و شەش سەد و بیست و دوو کەس بووە و ڕێژەی نەخوێندەواری 4.3 % بووە(12). ئەم ڕێژەیە بۆ وڵاتێکی وەکو کەنەدا کەم نەبووە و نووسەرانی شانۆ و ئەدەبی کرێکاری کەنەدی نەیان دەتوانی چاوی خۆیان لە ئاست ئەم واقیعە بنوقێنن. ئەمەش بە پێی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت داگرتنی ئاستی هونەری نمایشەکانە بۆ ئاستێکی خوارتر، نەخوازراو ڕەتکراوەیە، چونکە لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە زمانی دەق دەبێت لە ئاستێکی باڵادا بێت. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە ناوەڕۆکی دەقە شانۆییەکان کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ناڕەزایەتی چینی کرێکارە دژ بە چینی سەرمایەدار. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە بەهەموو جۆرەکانی و لەهەموو ئاستەکانیدا لە دەقەکان و کارە هونەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. مانگرتن و داستانی پڕ لە قارەمانی و سەروەرییەکانی کرێکاران دەبوونە هەوێنی بەرهەمی هونەری. کارەکتەرەکان هەر لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵبژێردراون و ئاشنان بە خودی خەڵک. ڕەگەزە هونەرییەکانی تر بەتایبەتی ڕەگەزی شوێن بریتییە لەشوێنی کار و ژیانی کرێکاران و ڕووداوەکان هەر لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن. ڕەخنە ئەدەبی و هونەرییەکانیش لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی هەنگاویان ناوە و کارە هونەرییەکانیان شیکردۆتەوە و لێکداوەتەوە. بۆیە پێیان وابووە باشترین دادوەر بینەران خۆیانن و ئەوە گرنگ بووە کە بینەران یان گوێگران لە کوێی کارە هونەرییەکانەوەن. شانۆی ئەزموونگەری شانۆیەکی یاخییە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەو یەکێک لە پایەکانی ئەم شانۆیە پرسیارکردنە لە پەیوەندی نێوان نمایشکەران و بینەران و بەرپرسیارەتی نێوانیان و شوێنی ڕوودانی شانۆگەرییەکە و ڕێگا جیاوازەکانی حیکایەتخوان و گرنگی و بایەخی حیکایەت و پرسیاری ئەوەی ئایا کارەکتەر بوونی هەیە؟ ئەم پرسیار و سۆراخانەی شانۆی ئەزموونگەری لەمێژە لەلایەن شانۆی باوەوە پشتی تێکراوە. سەرباری ئەمانەش شانۆی ئەزموونگەری ڕووی لە هەموو ئایدۆلۆژیاو بۆچوونە جیاوازەکانە. لەم دۆخەدا شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری ڕووی دەمی لە چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە.



ڕێپێوانی بێکارانی شاری ڤانکۆڤەر لەسەر شەقامی هەیستینگز کاتێ بە بەردەم هۆڵی شانۆی ئیمپرێس تێدەپەڕن لە حوزەیرانی 1938

شانۆی میللی و پەیوەندی بەشانۆی ئەزموونگەری کرێکارانەوە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، شانۆی کرێکاری تا دەهات لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کەنەدی و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکان ئەویش بەرەو کەنارەگیر ڕۆیشت )دیارە لە ڕووی تییۆرییەوە)، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە مەیدانی چۆڵ نەکرد. گوتاری ئەو بزووتنەوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شانۆی میللی جێی شانۆی کرێکاری گرتەوە. لە دەیەی سییەکان مۆدێرنیزمی شوشیالیستی بەردەوام بوو لە گەشەکردنی خۆی بە ئیحتیکاک و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کەنەدی کە لە ساڵەکانی دواتردا ئەم دوو بزووتنەوەیە تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕێک بووە لە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵگە و جیهانبینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە کۆمۆنیست و کرێکارییەکان. بۆیە دەبینین کاتێ قورسایی بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی لەسەر شۆڕشی پرۆلیتاریایە، نووسین و خوڵقاوە ئەدەبی و هونەرییەکانیش هەمان ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاتێکیش حیزبەکان دیدگای سیاسیان دەگۆڕێت و لەبری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەیانەوێ زۆرترین ژمارە لە ئەدەیب و هونەرمەند لەناو بازنەی (خەبات لە دژی فاشیزم) کۆبکەنەوە، ئەوسا ڕەنگدانەوەی ئەم دیدە پۆپۆلیستییە بە بەرهەمەکانەوە دەردەکەون. ئیتر لەو خاڵەوە لەبری جەغدکردنەوە لەسەر میتۆدی کرێکاری لە بواری شانۆ، دەبینین جۆرێکی تر لە شانۆی سیاسی دێتە ئاراوە کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم جۆرە شانۆ سیاسییە بەشانۆی میللی ناوزەدکراوە. شانۆی میللی (Popular theatre ) لەوپەڕی پێناسەی سادەی خۆیدا یانی شانۆی خەڵک،کە بەتێگەیشتن و زمانی خەڵکەوە لە گرفت و چارەسەرەکان دەدوێت. ئەم شانۆیە شانۆی خەڵکە چونکە پەیوەستە بەهەموو خەڵکەوە نەک تەنها گروپێک لە خەڵک.
هەروەها تواناییەکانی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت و ڕەگ و ڕیشەشی لەناو ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدایە و لەهەمان کاتیشدا دەبێ واقیعی و ڕەخنەگر و ئازاد بێت (13). شانۆی میللی وەک درێژراوەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران دەرئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو لە جیهانبینی و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە لە شانۆ لەسەر کۆمەڵێ بنەما کاری دەکرد کە پوختەکەی بەمجۆرەیە : یەک : ئێمە شانۆ بۆ کۆمەڵگەکان و هەر لەناو ئەوانیشەوە شانۆ هەڵدەبژێرین. دوو: بینەران دادوەرمانن. سێ : بڕوامان بەوە هەیە شانۆ بەرینە ناو خەڵک نەک ئەوان بهێنینە لای خۆمان. چوار : دەبێ کارەکانمان وابەستەبن بە ڕۆشنبیری میللیەوە . پێنج : باوەڕمان وایە کارەکانمان لەگەڵ نمایشی شانۆگەرییەکان دەست پێناکەن و تەواو نابن. شەش : باوەڕمان وایە کارەکانمان دەبێ بەزمانی خەڵک بدوێ. حەوت : ئێمە قایلین بەوەی بەڕێزەوە بەرخورد بە شانۆی میللی کرێکاران بکەین. هەشت : ئێمە دانی پیا دەنێین کە مەرجەکانی کارکردنمان دەبێ لەگەڵ پێویستی کۆمەڵگەکان بگۆردرێن و ئێمەش دەبێ بە نەرمی وەڵامی ئەو گۆرانە بدەینەوە( 14). ئەم پرنسیپانە (بنەمایانە) نەخشەڕێگای شانۆی میللین کە شێوازێکی سیاسیانەی هەیە. لێرەدا ئێمە ئەوە بەڕوونی دەبینین کە هەم شانۆی کرێکاران و هەم شانۆی میللی لەپەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ بینەر یان جەماوەر، یان وەک پیتەر بروک دەڵێت ” شانۆی پێویست یان خوازیار ، ئەو شانۆیەیە کە یەک جیاوازی پراکتیکی هەیە لەنێوان ئەکتەر و بینەر، نەک جیاوازییەکی بنەرەتی” ( 15). هەرچەند پەیوەندییەکی ورد لە نێوان شانۆی میللی و شانۆی ئەزموونگەریدا هەیە بەڵام ناتوانین ئەم دوو جۆرە لەشانۆ لەژێر یەک سەقف و پێناسە و ناودا کۆبکەینەوە.

دواجار
شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری توانی لە دوو ئاستدا کاریگەرییەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی کەنەدی نیشان بدات. لەلایەک توانی ئاڵوگۆڕێک لە بنەما و پێکهاتەکانی شانۆ بێنێتە ئاراوە بەتایبەتی لە بوارەکانی شوێن و زمان و جووڵە و میزاج و ڕەمزو ڕەگەزەکانی تر. وە لە لایەکی ترەوە توانی لەبڕگەیەکی زەمەنی لەمێژووی کرێکاری کەنەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرا ببینێت لە بەرجەستەکردنەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری و لە هەمان کاتیشدا بەڕۆڵی خۆی کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە بەردەم گەلێ پرسیاری گەورە گەورەدایە و هێشتا نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاویان بداتەوە.

———————————————
سەرچاوەکان :

1- The story of union in Canada by Jack Williams 1975 p32
2- The Canadian Labour movement 1902-1960 by Irving Abella Ottawa 1975 p, 5.
3- مێژووی شانۆی کەنەدی نووسینی ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی http://www.canadiantheatre.com/HistoryofCanadianTheatre
4- لێکۆڵینەوەی شانۆ لە کەنەدا ڕۆبین بێڵتسکی ئێندەرس http://journals.hil.unb.ca/index.php/tric/article/view/7488/8547
5- http://www.uwinnipeg.ca/index/research-2009-rifkind-c
6- جۆوان سەنگستەر ..دووبارە ئەزموونکردنی فیمینیزم لە ئەدەبی چەپی کەنەدی ل ٢٢٠
7- شانۆی ئاکشن خوێندنەوە بۆ کتێبی شانۆی چەپ شانۆی کەنەدی لەسییەکانی سەدەی رابردوو – یادەوەری نووسینی شێڕڵ گرەیس بڕوانە سایتی ئەدەبی کەنەدیhttp://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
8- شانۆی کار نوووسینی تۆبی گۆردن رایەن ڕانانی شێڕڵ گرەیس وەرزنامەی ڕەخنەیی ئەدەبی کەنەدی بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
9- http://www.lib.uoguelph.ca/resources/archival_&_special_collections/collection_update/11/16af
10- میشیڵ ویڵڵەر یاداشکردنی دووبارە سەرنجدان لە ڕەگەکانی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدی . بۆ زانیاری زیاتر بروانە
http://rabble.ca/books/reviews/2011/11/committing-theatre

11- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf

12- زانیاری زیاتر بروانە ئەم سایتەی خوارەوە یۆنیسکۆ ئاماری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی خوێندەوار و نەخوێندەوار لەوڵاتانی جیهان.بۆ
http://unesdoc.unesco.org/images/0000/000028/002898EB.pdf

13- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
14- ناونی بزووتنەوەکان..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی سانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلود http://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
15- بۆشایی بەتاڵ نووسینی پیتەر بروک ساڵی ١٩٦٨
http://en.wikipedia.org/wiki/Experimental_theatre

Previous
Next

Leave a Reply