Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ناڕەزایەتی شەقامەكان نەك پاڕانەوە لە پەرلەمان…!

ناڕەزایەتی شەقامەكان نەك پاڕانەوە لە پەرلەمان…!

Closed
by January 2, 2011 گشتی

 

   (وەڵامێك بە ڕوونكردنەوەكەی بارزانی لەمەر یاسای خۆپیشاندان )
موزەفەر عەبدوڵا
mozafar_as@yaoo.com

دوا بە دوای پەسەند كردنی یاسای بەناو ڕێكخستنی خۆپیشاندان لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانەوە،و ڕەوانە كردنی بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم ،تا ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدرێ و واژۆ بكرێ لە لایەن مەسعود بارزانی یەوە، دەنگی ناڕەزایەتی لە ناو جەماوەردا بە شێوەی جۆراوجۆر بەرز بۆوەو داوادەكرا تا بارزانی یاساكە واژۆ نەكات ،و بیگێرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ دەستكاری كردنی . بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی و داواكانی بەشێك لە رۆشنبیران لە بارزانی، ئەو یاساكەی  بێ ھیچ ڕوونكردنەوەو تیبینی یەك واژۆ كرد.
بۆیە ھەر بە دوای ئەمەدا جەماوەری ئازادیخواز لە زۆربەی زۆری شارو شارۆچكەكانی كوردستان لە یەك دوو ھەفتەی رابردوودا لە دژی یاساكەو و ڕەزامەندی نیشاندانی بارزانی، بە ھەزاران كەس ڕژانە  شەقامەكانەوەو چەندین دروشمیاندا لە دژی ئەو یاسایەو سەرجەم دەسەڵاتی پارتی ویەكێتی.
 جا لە ئاكامی ڕووكردنی جەماوەر بۆ ناو شەقامەكانو نارەزایەتی دەربڕین، بارزانی ناچار بوو ،ڕوونكردنەوەیەكی، بە ڕواڵەت دیبلۆماسی و بە ناوەڕۆك چەواشەكارانە ، بدات بۆ  خامۆش كردنەوەو گێرانەوەی جەماوەری نارازی لە شەقامەكانەوە بۆ ماڵەكانیان .وە پێییان بڵێێت شەقامەكان چۆڵ كەن و ئەگەر ھەر كەس و لایەنێك ھەر سەرنج و تێبینی یەكیان ھەیە لەسەر ھەر بەندو بڕگەیەك ئەوە ڕەوانەی  پەلەمانی بكەن بۆ دەستكاری كردنی  .
دیارە بارزانی وەك ھەر دەسەڵاتدارێكی بۆرژوازی ،جا چ بە تاقی كردنەوەی خۆی بێت یا بە ئەزمون وەرگرتن لە تاقیكردنەوەی دەسەڵاتە سەركوتگەرەكانی ھاوشیوەی خۆی، ئەوە دەزانێ كە ئەوەی چارەنوسی زۆربەی یاساو بڕیارەكانی دەسەڵاتداران یەك لایی دەكاتەوە ڕوھێنانی جەماوەرە بۆ ناو شەقامەكان نەك بۆ پەرلەمان و پارانەوە لە بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەكان و فەرمانبەران و سكرتێرەكانیان لە چوارچێوەی نوسینگەو بنكەو بارەگاكانیان .بەو مانایەی ھەرچەندە جەماوەری ئازادیخواز، لە پێشیانەوە چینی كرێكار، و توێژە ستەمدیدەكان ،ریكخراو بن و ئاسۆ وئامانج و ستراتیژ و تاكتیكی ڕۆشنیان بێت  ئەوە زیاتر ترازوی ھێز بە قازانجی ئەوان دەشكێتەوە.وە ھەرچەندە پەرش و بڵاو بن، و كەوتبێتنە ژێر ئاسۆ و ئامانجە سیاسی یەكانی دەسەڵاتداران و خۆشخەیاڵ بن بە دەسەڵاتی ئەوان ،و ئەوان وەك دەسەڵاتی گشتی چاولێبكەن ، ئەوە بێگومانە كە ھەمیشە دەسەڵاتداران بە ئاسانی ھەموو یاساو بریارەكانیان بۆ دەردەكرێت و جیێەجێ دەكەن بەسەر جەماوەری خەڵكیدا.دیارە ئەم داوەری یە نەك ھەر لە نێوان جەماوەرو دەسەڵات لە كوردستان دروستە بەڵكو بۆ دیموكراتترین دەوڵەتەكانی جھان كە فراوانترین ئازادی سیاسی وخۆپیشاندان و ڕادەربرینی تیا بەرقەرارە ھەر دروستە.
بەڵام واقع ئەوەیە كە ئەمڕو دوای دوو دەیە لە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە قەومی عەشیرەتی میلیشیایی یە و ھاوكارەكانیان ، ئیستا زیاتر ناوەڕۆكی دەسەڵاتی سەرو خەڵكی و سەركوتگەری و گەندەڵیان ڕوون بوتەوە.بۆیەش جەماوەر ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕازی تر دەبن لە دەسەڵاتیان و ناڕەزایی بە شیوەی جوراوجۆ دەردەبڕن.
  دەسبردنی دەسەڵاتدارانیش بو دەركردنی یاسای لەم چەشنە ھەر لەم روانگەیەوەیەو بۆ لە قالب دانی ناڕەزایەتی خەڵك و سەركوتكردنی  جەماوەرو بەرتەسك كردنەوەی ئەو پەراوێزە لە ئازادی یەیە كە بە ھێزی  جەماوەر لە دوای ڕاپەڕینەوە بەدی ھاتووە.
 ھەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ڕوونكردنەوەیەی بارزانی بدەین و بیخۆێنێتەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بازرانی لە لایەك بە خەڵكی نارازی و ئازادیخواز دەڵێت ،مادام زۆرینەی پەرلەمان ئەو یاسایەی پەسەند كردوە ئەوە لای ئەویش یاساكە پەسەندە. چونكە ئەو زۆرینەیەی پەرلەمان خودبەخود بەلای بارزانی یەوە یانی زۆرینەی ڕاو دەنگی خەڵكی كوردستان .دیارە وەك بارزانی خۆشی دەڵێت ئەویش رێز  بۆ ئەو زۆرینەیە دادەنێت.ھاوكات بەلای ئەوەوە پەرلەمان وەك بەرزترین دەزگای یاسادانان و زۆرینەكەی ئەوانیش زیاتر شەرعیەتی ھەیە.لە كاتێكدا جەماوەری ئازادیخوازو نارازی كوردستان ئەوە باش دەزانن كە ئەو پەرلەمانەو بەدەستھێنانی ئەو زۆرینەیەش لە لایەن ھەردوو حزبەوە ئاكامی چ پرۆسەیەكی ھەڵبژاردنەو لە سایەی چ ھەلومەرجیكی سەركوتگەرانەی ئەوانەوە پێكھاتووە.
ھەر لێرەشەوەیە بارزانی بە خەڵكی ناڕازی ناو شەقامەكان دەڵێت من گوێ لە قسەو داوای ئێوەی نارازی ناگرم . ئەگەر ھەر كەس و لایەنێكی  نارازی ھەر سەرنج و تێبینی یەكیان لەسەر ھەر بەندو بڕگەیەكی ئەو یاسایە ھەیە ئەوە بیگەیەننە دەستی پەرلەمان و برۆن داوا لە نوێنەرەكانی پەرلەمان بكەن و بپارینەوە تا گۆیتان لێبگرن بەڵكو ڕازی بن بەندێك یان بڕگەیەكی ئەو یاسایە دەستكاری بكەن.
لە كاتیكدا دەنگی بەرزی دروشم و خواستەكانی جەماوەری ناڕازی لە شەقامەكانەوە ئەوە دەدات بە گوێی بارزانی و ھەموو بەرپرسانی تریاندا كە قسە لەسەر بەندو بڕگەیەك نی یە، بەڵكو قسە لەسەر تەواوی ئەو یاسایەو، ئەوانەشە كە لەپشتی دانان و پەسەند كردنی ئەو یاسایەوەن.
تەنانەت ئەوە ترس لە ئاپۆرەی جەماوەرە لە شەقامەكان و پەرەگرتنی ناڕەزایەتیەكانە كە بارزانی ناچار كردوە بە  زمانێكی بە ڕواڵەت دیبلۆماسی و ناوەڕۆك چەواشەكارانە ئەم ڕوون كردنەوەیە بدات .بۆیە ئەگەر نارەزایەتی كانمان زیاتر پەرەبسێنی ئەوە بێگومانە لابردن و گۆرینی ئەو یاسا قەرەقوشی یە ممكینە. چونكە بە تاقی كردنەوە بۆ ھەموو لایەك ڕۆشن بۆتەوە كە ئەم دەسەڵاتە تا ئێستا بە بێ نارەزایەتی شەقام لە ھیچ یاساو بریارێكی پاشگەز نەبۆتەوە.
 بە واقعی ڕوون كردنەوەكەی بارزانی روونكردنەوە نی یە بۆ واقعی واژۆ كردنەكەی وئەو یاسایەی ناویان لێناوە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان ، بەڵكو لە راستی دا ئەوە بە خەڵكی نارازی كوردستان بە گشتی و ئەوانەی رژاونەتە شەقامەكانەوە بە تایبەتی، دەڵێت شەقامەكان چۆڵ كەنو بگەرێنەوە بۆ پەرلەمان و ئەوان سەرچاوەی یاسادانان و دەستكاری كردنی ھەر یاسایەكن دەبێت ھەموتان مل كەچ بن بۆ ھەر یاسایەك كە ئەوان دەریدەكەن ونارازی بوونیش لەو یاسایانە یانی سەرپێچی كردن لە یاساكان، لەوبارەشدا ئەوان ئامادەن بە ھەموو شێوەیەك بەرگری لەو یاسایانە و دەسەڵاتەكەیان بكەن.   

 

     كۆتایی 2010

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.