Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە بارەى پیشەى سیاسەت و سووکایەتى پێکردنیدا*

لە بارەى پیشەى سیاسەت و سووکایەتى پێکردنیدا*

Closed
by March 6, 2008 گشتی

فالح عەبدولجەبار….
و: محەمەدى مشیر…..


داوێکى زراڤ لە نێوان (مهنە)واتە پیشە کە بەماناى (کار، پسپۆڕى، چالاکییە) لە گەڵ (امتهان)، واتە سووکایەتی پێکردن، کە لە وشەى (اهانە یان هوان) هەڵگۆزراوە، هەیە. بە قسەى عەلى وەردى رۆشنبیریى عەرەبى وای بۆدەچێ کە ئەنجامدانى هەر کارێک (جگە لە غەزو و تاڵان)بە سووکایەتى پێکردن لە قەڵەم دەدرێت، ئالێرەوە رەگى هاوبەشى (امتهان) لە گەڵ وشەى ((مهنە))دا رووندەبێتەوە. لە بەرامبەریشدا وشەى پیشە ( occupation)لە زمانەکانى ئەڵمانى و فەڕەنسى و ئینگلیزى دا ئاماژە بە جۆرە بانگەوازێکى پیرۆز یان عیبادەت دەکات. خەریکى ئەوە نیم بەرزەخى جیاکەرەوەى نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، یان نێوان ئاوەزگەرى و نائاوەزگەرى کەگوایە دژیەکن، زیندوو بکەمەوە. رۆشنبیریى عەرەبى وشەى دیکەى تێدایە کە واتاى میهنە
(پیشە)دەبەخشن، وەکو: کارکردنێک کە بە پیرۆزییەکى دیار شەفاعەتى بۆکرابێ: وەکو رێزلێنان لە((کارى چاک))و پاداشتکردنى یان وەک دەڵێن(( خێرترینى عیبادەتەکان کارە)). ئەم جیاوازییە لە نێوان پیشە و کاردا لە ناو رۆشنبیریى عەرەبیدا هەروەها لە نێوان سووکایەتى پێکردن و بانگەوازى پیرۆز لە رەگى وشەى((مهنە))دا لە هەردوو رۆشنبیریى عەرەبى و خۆرئاوادا حاڵى بە پیشەکردنى سیاسەت لە عێراقدا دەخاتەوە یادم، چونکە سیاسەت لە عێراق و، لەوانەشە لە تەواوى جیهانى عەرەبیشدا،  لە سووکایەتى پێکردن نزیکتربێت نەک لە بە پیشەکردن(الامتهان). هەرچەندە لە چینى سیاسى نوێى عێراق ووردتر دەبمەوە دەبینم کە بەدەر لە هەندێ حاڵەتى کەم نەبێت لەم وەسفکردنە نزیکتر دەبێتەوە. ڤەکۆڵەرانى مێژووى سیاسى و کۆمەڵایەتى کارکردن لە سیاسەتدا بە ماناتازەکەى بەوە پێناسە دەکەن کە هەڵقوڵاوى پەرۆشى و خۆشویستنى سیاسەتە و سیاسەتوانیش بە پێى گوزارەى یەکێ لە بیرمەندان بۆ سیاسەت دەژی نەک لە رێگەى سیاسەتەوە خۆى بژیێنێ، چونکە داهات و بەرژەوەندە ئابوورییەکان لە دەرەوەى گۆڕەپانى سیاسەتەوە وەدەستدێن، رەنگە ئەمە تارادەیەک بۆ سەرکردەکانى حزبەکانى کارى نهێنى یان نیمچە نهێنى بگونجێ، چونکە ئەوان بە پەرۆشى و خۆشەویستییەوە سیاسەت دەکەن و لەمەشدا سامان وەدەست ناهێنن بەڵکو سامانى کەسایەتى خۆیان و داهێنان و کات و تەنانەت دارونەداریانى بۆ تەرخان دەکەن. لە دەوڵەتى تازەو ئاشکرادا توێژگەلێکى نوێ سەریانهەڵداوە کە بۆ سیاسەت دەژین و لەویشەوە ژیانیان دابین دەکەن و تێکەڵەیەکى مشەخۆریشیان تێدایە لە سەر سیاسەت دەژین نەک بۆ سیاسەت بژین. ئەم بە پیشەکردنەى سیاسەت زۆرانێکى لە بیرمەندان و زانایانى قانوون هاندا تا نەخشەى بنچینەکان دابڕێژن و سنوورێک دابنێن بۆ کردنى سیاسەت بە پیشە و نەهێڵن سووکایەتى پێبکرێت. کۆمەڵناسى ئەڵمانى ماکس فیبەر پێیوایە مەرجى کردنى سیاسەت بە پیشە، واتە کردنى بە سەرچاوەیەک هەم بۆى بژیت و هەمیش لێى بژیت، متمانەدەکاتە سەر سێ توخم کە بریتین لە : پەرۆشى بۆ چالاکى سیاسى بەو مانایە بوونى بەهرە بسەلمێنێت، لێ ئەم مەرجەى یەکەم بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەى شەرعییەت ببەخشێتە خاوەنەکەى مەگەر پەرۆشییەکەى پەیوەست بێت بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتى بەرامبەر ئەوانیتر و قانوون و شتى لەم جۆرە، کە ئەمەش مەرجى دووەمە، مەرجى سێیەم بریتییە لە دابڕینى سۆز لە واقعەکان و شتەکان و خەڵک بۆ ئەوەى هەستیان پێبکا و بە شێوەیەکى هاوسەنگ درکیان پێبکات. ئەم سێ مەرجە لە دۆخى عێراقدا بۆ من پێکەنیناوین، چونکە پەرۆشى بۆ سیاسەت لە دۆخى عێراق و هى دیکەش بریتییە لە خولیاى پلەوپایە و نازناو کە لە پێناویاندا مرۆ هەموو حەرامکراوەکان دەخاتە ژێرپێ یان لە هەموو دەرگەکانى خزمایەتى و واستە و واستەکارى دەدات. هەستکردن بە بەرپرسیارەتیش، واتە کوچکەى رەوشتەکى لە بە پیشەکردنى سیاسەتدا، بریتییە لە تەزویرکردنى بەڵگەنامەکان تاوەکو کورسییەک لە پەرلەمان وەدەستبهێنى، نوێنەرگەلێک هەن لە پەرلەمانى عێراقدا ((بەڵگەنامەکانیان))لە بازاڕى ((مریدى))، کە ناودارترین بازاڕى تاوانى نزمە لە بەغدادا، کڕیوە. بەڵکو یەکێک لە پارێزگاران بەڵگەنامەى دەرچوونى ئامادەیى تەزویرکردووە کە دواتر دەرکەوتووە قوتابخانەکە هى کچانە، بەهاى ئەم تەزویرکارییە بڵقاوییە کورسییەکى پەرلەمانە کە مووچەى پێنج هەزار دۆلارى بۆ خاوەنەکەى دەستەبەرکردووە و دە هەزار دۆلاریشى کردۆتە مووچەى پاسەوان و دەستوپێوەندەکانى کە لەسەر کاغەز نەبێ لە هەقیقەتدا بوونیان نییە. هەرچى دابڕینى سۆزیشە لە شتەکان و مرۆڤەکان لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بەرپرسیاران گاڕانێک راوێژکار و وەکیلى وەزارەتەکان و سەرۆکى دامودەزگا گرنگەکان لەو کەسانە دەستنیشان دەکەن کە پێڕەوانى خۆیانن و ماستاوچین یان نیمچە خوێندەوارن و بگرە کۆڵەواریشن. مافورفرۆشێک بەچاوتروکانێک لە دوکاندارییەوە دەبێتە سەرۆکى دەستەیەکى پەرەپێدان کە چەند ملیارۆکەیەک دۆلار بەمەبەستى وەبەرهێنان هەڵدەسوڕێنێ، یان تایە فرۆشێک رۆژى دواتر دەبێتە بەڕێوەبەرى گشتى دەزگاگەلێکى هەستیار، یا رۆژنامەنووسێکى ئاسایى دەبێتە راوێژکارێکى ترسناک و پەرستارێکیش دەبێتە وەزیر یان وەکیل وەزیر. ئەو دامەزراندنانە کە نزیکترن لە دابەشکردنى بەرژەوەندەکان، دەزگاى نوێى دەوڵەتیان کردۆتە لەوەڕگەى چینێکى لۆمپن، لۆمپن بە گوزارە پیشەییەکە نەک مەجازییەکە، ئەگەر سێ مەرجەکەى فیبەر بۆ بە پیشەکردنى سیاسەت بەلاوەنێین تاوەکو بۆ سیاسەت بژین و لێیوە بژین و ئاوڕێکیش لە رێسا قانوونییەکانى بە پیشەکردنى سیاسەت بدەینەوە دەبینین کە لەهەموو رێساکان گرنتر قەدەغەکردنى کۆکردنەوەى فەنکسیۆنى سیاسى ناو دەوڵەتە لە گەڵ فەنکسیۆنى ئابوورى لە دەرەوەی دەوڵەتدا، ئیدى ئەو فەنکسیۆنە ئابوورییە کۆمپانیا بێت یا دامەزراوە، بەقسەیەکى دیکە، پێویستە بە پێى پڕەنسیپى پێکدادانى بەرژەوەندى گشتى دەوڵەت لە گەڵ بەرژەوەندى بەشەکى تاک، ئاوێتەکردنى دارایى گشتى(جانتاى دەوڵەت) لە گەڵ دارایى تایبەت(جزدانى بەرپرس) و گرێبەستکارى  نێوان دەزگاکانى دەوڵەت و ئەو دامەزراوانە حەرامبکرێت.
 لێ خەمناکتر چییە؟ بەرپرسانى ریزى پێشەوە نزیکەى هەر هەموویان خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژەى ئابوورى کەسایەتین لە کەرتى تایبەتدا و ملیۆنها قازانجیانە. هەندێ راپۆرت بە شێوەیەکى قێزئاوەر  ئاماژە بە زیادبوونى ئەم دیاردەیە دەکەن. ناچینە نێو رێگاگومڕاکارەکانى بەتاڵانبردن و قاچاندنەوە کە هەر ساڵێ چەند ملیارۆکەیەک لە بودجەى دەوڵەتى عێراق هەڵدەلوشن، بەڵێ ملیارها دۆلار، بەڵام دەچینە نێو رێگا پێچاوپێچەکانى پەرۆشى سەرکردە سیاسییەکان و راوێژکارەکانیان و نوێنەرەکانیان بۆ ژیان لە رێگاى سیاسەت و لە دەرەوەى سیاسەتیشدا.
ئەم پەرۆشییە بووەتە هەوسێکى نەخۆشانە و وڕێنەیەکى دەستەجەمعى لە نێو ئەو چینە سیاسییە نوێیەى تاکو ئێستاکە ناتوانێ پاشەڕۆکان لە پایتەخت کۆبکاتەوە یان قوتابخانەیەک چاکبکاتەوە. بدزن، بدزن، هەموو موڵکى ئەم سەرزەمینە هى ئێوەیە. تاڵانى کەن، تاڵانى کەن هەر قروشێکى خەزێنەکان بۆ ئێوەیە. بسووتێنن، فایلەکانى دان و وەرگرتن لە وەزارەت و بانکەکان بسووتێنن بۆ ئەوەى ئاسەوارەکان نەهێڵن. ئیمپراتۆریەت بۆ ئێوە و کڵۆڵیش بۆ عێراقییەکان.

• * تێبینى:لە زمانى عەرەبیدا وشەى (امتهان) بە هەردوو واتاى بەپیشەکردن و سووکایەتى پێکردن دێت نووسەریش بە ئەنقەسد ئەم وشەیەى بەکارهێناوە تا لێکنزیکردنەوەیەکى زمانەوانى بۆ ئەو مەبەستەى گەرەکیەتى ئەنجامبدات.  
• * سەرچاوە marafea.org .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.