هه‌ڵچوون …. سه‌عید ئه‌مانی
هاته جۆش بوڕكانی
قینی گه‌ل هه‌ڵده‌چێ
شۆلاوگه‌ی بۆگیانی
خوێن مژان
زۆر به‌خوڕ كه‌وته رێ.
گوێ هه‌ڵخه‌ن!
قه‌ف قه‌فی زنجیری زۆرداره
كرته كرت
له‌یه‌كتر به‌رئه‌بێ و ئه‌قرتێ.
شكۆفه‌ی هیوایه، یه‌ك بوونه
یه‌ك به یه‌ك ئه‌پشكوێ.
ته‌وژمێ له‌ڕێدا
په‌یامی وه‌هایه:
هه‌ناسه‌ی په‌نگ خواردووی
نێو ناخی ده‌ریایه
گشت ئه‌بێ به هه‌ور و
گه‌واڵه و گه‌واڵی یه‌ك ئه‌گرێ و
له‌پاڵ یه‌ك ئه‌ترنجێ.
چه‌خماخه‌ی توڕه‌یی
وه‌ك شمشێر
شه‌وگاری ئاسمانی
ئه‌م نه‌زمه ئه‌سمێت و
به‌ر چاوان ڕوون ئه‌كات
نم نمه‌ی بارانی
زه‌وی و زار ئه‌دوێنێ
چرۆی دار ئه‌پشكوێ و
سه‌وزایی ئه‌ڕوێنێ.
یان ئه‌بێ به جۆگه و لافاوی
زبڵ و زاڵ ئه‌ماڵێ و ئه‌ڕفێنێ.
ئه‌گه‌ر بێ و دیوه‌زمه‌ی
خه‌ڵتان
سوارشانی شه‌پۆلیان نه‌بووبێ
داخوازی
ژیانێكی ئینسانی بۆ هه‌موان
به‌رز بێ و
كه‌ژاوه‌ی ئاواتی یه‌كسانی
بۆ لارێ نه‌چووبێ
یه‌قینه‌ن:
به‌سته‌ڵه‌ك ئه‌فه‌وتێ
به‌هاری بژوێنی
بۆ ژیان ئه‌ڕازی و
ئه‌رزانی ئه‌هێنێ.
سه‌عید ئه‌مانی
2011/1/29