Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
عەلی سیاسی…قوربانییەکی تری ئازادی لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان

عەلی سیاسی…قوربانییەکی تری ئازادی لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان

Closed

 

سەرلەبەیانی دووی شوباتی 2011 حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشاری هەولێر هەستا بەدەستگیرکردنی کاک عەلی مەحموود ناسراو بە عەلی سیاسی سەرۆکی پێشووی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید – چاک و ئەندامی ئێستای دەستەی کارگێڕیی هه‌مان ڕێکخراو و وته‌بێژی ئێستای (که‌مپینی ڕاپرسی بۆ دیارکردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان). ئەمیش وەک پەرچەکردارێک لەبەرامبەر  بەشداریکردن و ڕیکخستنی خۆپیشاندانی 29 ی کانونی یەکەم لەبەردەم قونسڵخانەی کۆماری ئاخووندەکان لەدژی لەسێدارەدانی چالاکوانی سیاسی کورد لە ئێران. کەتیایدا قونسوڵخانە بەردبارانکرا و وێنەکانی سەرۆک و ڕابەرانی ئەو کۆمارە ڕەشەش درێندران. کاک عەلی سیاسی گیراوە بەتۆمەتی دڕاندنی وێنەی مام جەلال. ئینجا  مام جەلال سەدام حوسێن نییە خەڵک لەسەر دڕاندنی وێنەکانی بگیرێن. هەرچەندە ئەم تۆمەتە ئەگەر ڕاستیش بێت(کە وا نییە) هێشتا دڕاندنی وێنەی سەرۆکی عێراقی عروبە هی ئەوە نییە چالاکوانێکی خەباتی مەدەنی لەسەر زیندانی بکرێت. کاک عەلی سیاسی نەدەبوایە دەستگیر بکرێت، بەڵکو دەبوایە چەپکە گوڵی پێشکەش بکرێت چونکە دەنگی ناڕەزایی بەڕووی ئەو تاوانبار و جەللادانەی کۆماری ئاخوندەکانی ئێران بەرزکردەوە لەدژی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد. کاک عەلی سیاسی نەدەبوایە دەستگیر بکرێت، بەڵکو دەبوایە ئەو جاسوس و تێکدەرانەی ڕژێمی ئاخوندەکان لەهەولێر و کوردستان دەربکرێن. کاک عەلی سیاسی نەدەبوایە لەگرتووخانەی خانەقا بەند بکرێت، بەڵکو دەبوایە گرتووخانەی خانەقا و سەرجەم گرتووخانەکانی تری باشووری کوردستان ببێتە شوێنی نەخشەدانەر و پێلانگێڕەکانی کۆماری ئاخوندەکانی ئێران، ئەوانەی نەخشەی تیرۆرکردنی سەرانی ئەم حکومەتە کوردییەیان لەتاران داڕشت و دایانە دەست چەقۆکێشەکانیان لەعێراق بۆ ئەوەی تیرۆریان بکەن. ئەوانەی خەریکی جێبەجێکردنی نەخشەی وشککردنی کوردستانن لەڕێگەی گرتنەوە و بەنداو دروستکردن لەسەر ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان.
دەستگیرکردنی بەڕێز کاک عەلی سیاسی نیشاندەری دوو ڕاستی گرنگ و حاشاهەڵنەگرن :
یەک : حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق حکومەتی دژی ئازادی و دژی خەڵکی کوردستانە. حکومەتێکە تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دواکەوتووە و ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسی و بنەماڵەییەکانی خۆی هەموو عەلی سیاسییەکانی کوردستان لە گرتووخانەکانیدا توند بکات.
دوو : حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق نۆکەر و ئەڵقەلەگوێی ڕژێمی دژی مرۆیی جمهوری ئاخوندەکانی ئێرانە. دەستگیرکردنی کاک عەلی سیاسی وەڵامدانەوەی حکومەتی هەرێمە بەخواستی ئاخوندەکانی ئێران و دڵ ڕازیکردنی ئەو تاوانبارانەیە کە درێخی ناکەن لەکوشتنی هەر شتێکی جوان لەشیعرەوە بیگرە تا ژن، لە منداڵەوە بیگرە تا خەون.
دەستگیرکردنی کاک عەلی سیاسی ئەو هەڕەشە – پەیامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە هەرکەسێک لەدەرەوەی خواستەکانی بەرژەوەندی سیاسی بنەماڵە و حیزب بجوڵێتەوە چارەنووسی زیندان و گرتووخانەکان ئەبێت. ئەمەش جگە لەدەرخستنی ماهییەتی دژی ئازادی و دژی مرۆیی حکومەتی هەرێم هیچیتر نییە. کاک عەلی سیاسی ئازاد بکرێت یان نا هیچ لەناوەڕۆک و مەرامی نامرۆڤانەی حکومەتی هەرێم ناگۆڕێت و مێژووی ڕەشی ئەو حکومەتە و حیزبەکانیان لەهەمبەر ئازادی سیاسی لە باشووری کوردستان تۆختر و تۆختر ئەکاتەوە.

    عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
    02-02-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.