Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
کۆمەڵگاى کوردستان چ جۆرە گۆڕانێکی پێویستە؟!

کۆمەڵگاى کوردستان چ جۆرە گۆڕانێکی پێویستە؟!

Closed
by February 3, 2011 گشتی


 
گەردەلولى هەڵپێچانى دەسەڵاتە ستەمکارو دکتاتۆرە بۆرژوازیەکانى دنیاى عەرەب، ترس و خۆفى خستوەتە دڵى هەموو هاوشێوەکانیانەوە. لە میعمەر قەزافیەوە تا عەلى عەبدوڵا و ئەسەد و ئەوانى تر. کوردستانیش لەم چوارچێوەیە بەدەر نیە. چونکە لێکچونێکى زۆر لە نێوان ئەو وڵاتانەو کوردستان هەیە. ئەو ستەمکاریەى لەوێ پەتى تەحەمولى جەماوەرى کرێکارو زەحمەتکێشى پچڕاندوە، لە کوردستانیش ئەو پەتەى بە ئەندازەى تاڵە مویەک باریک کردوەتەوە. لەو وڵاتانە دەسەڵاتى دکتاتۆرى و سەرکوتگەرانە دەیان ساڵە خۆى قایم دەکات بەڵام لە کوردستاندا لە دواى روخانى دەسەڵاتى فاشیستى بەعسەوە، دەسەڵاتى دکتاتۆرە تازە وەسەرپێ کەوتوەکان، تازە خەریکە کۆڵەکەکانى خۆى قایم دەکاتەوە. ئەمەش فاکتەریکە بە قازانجى گەردەلولەکە. دەسەڵات لە کوردستاندا، دروست لەم یەکساڵەى رابردوودا زۆر بە خێرایى خەریکە بەم ئاقارەدا هەنگاو دەنێت. بە دیاریکراوى هێرشى هەمەلایەنە بۆ سەر ئازادى سیاسى و رادەربرین و رەخنەگرتن، یاساى سەرکوتکردنى خۆپێشاندان و ناڕەزایەتى جەماوەرى، بەڕێخستنى سیناریۆى بەکاریزماکردنى رەمزەکانى دەسەڵات و نەریتى کوردایەتى و عەشیرەتى …راستەوخۆ و بە تەکان، روویان لە بەرپاکردنى مەملەکەتى دکتاتۆرەکانە.
دوو دەیەیە کە کوردستان لە رکێفى بەعس رزگارى بوە، بەڵام گرفتارە بە دەست ناسیونالیزم و بۆرژوازى کوردەوە. کارنامەى ئەم دوو دەیەى بۆرژوا-ناسیونالیسنى کورد، نیشانیداوە کە دەسەڵات و ئامانج و بەرژەوەندى ناسیونالیزمى کورد، نەک هەر لە بنەڕەتەوە جیاوازە لەگەڵ دەسەڵات و ئامانج و بەرژەوەندى جەماوەرى ملیونى کرێکاران و کۆمەڵى زەحمەتکێشى کوردستان، بەڵکو بە تەواوى ناکۆک و دژ بەیەکن. ئەو قڵشتە چینایەتیەى ئێستا لە کوردستان هەیە، بە ماناى لەلایەکەوە نوقم بوونى کەمایەتیەکى کەمى دەسەڵاتدار، لە سەرەوت و سامان و ژیانى شاهانە، لەلایەکى تریشەوە نوقم بونى بەشى هەرە زۆرى کۆمەلگا، لە هەژارى و نەدارى و بێبەرى بوون لە پێداویستیە سەرەتایەکانى ژیانى رۆژانە، وەکو ئاو کارەبا و خوراک و دەرمان، ئەم قڵشتە کۆمەڵایەتیە ئەگەر لە قڵشتى چینایەتى تونس و میسر زیاتر نەبێت کەمتریش نیە. ئەو مەملەکەتى ستەمکاریەى لە کوردستان بەرپاکراوە، لە تیرۆرى نەیارانى دەسەڵات و بۆختانى پوچ هەڵبەستن بۆیان، تیرۆرى بە ڵێشاوى ژنان بە پاساوى ناموسپەرستى، لوشدانى ئاشکراى داهاتى کۆمەڵگا لەلایەن سەرانى ئەحزابى حاکمەوە، لە ژێرپێنانى سەرەتایى ترین یاساو پێوانە و مافە مەدەنى و ئینسانیەکانى خەڵک لەلایەن میلیشیا و دام و دەزگاى جاسوسى و سەرکوتگەرى وەکو پاراستن و زانیارى……وێنەیەکى ترن لەو ستەمکاریەى لە تونس و میسرو جەزائیرو لیبیا و ئەردەن و یەمەن و سوریاو…بەرگەردەلول کەوتون. لە هەمان کاتدا ئەمانە کێشەو گرفتە قوڵەکانى کۆمەلگاى کوردستانن. هەر بۆیە ئەگەر کاریگەریەکى خرۆشانى جەماوەرى لە میسر و تونس، لەسەر کۆمەڵگاى کوردستان هەبێت، زەمینە مادیەکەى ئەم واقعیەتیە.
بزووتنەوەى گۆڕان، یەکێکە لەو هێزانەى لە ئێستاى کوردستاندا، نەک بەرامبەر بەو کێشانەى باسکران، بەڵکۆ بۆ خۆگەیاندن بە کورسی دەسەڵات، ئاڵاى گۆڕانى بەرزکردوەتەوەو دەیەوێ ئاڵاکەى خۆى بخاتە بەردەم شنەباى ئەو گەردەلولە. ئەم بزووتنەوەیە لەو رۆژەوە کە پێی ناوەتە مەیدان، هەمیشە لە کەمیندا بوە بۆ ئەوەى فرسەت بقۆزێتەوە تا خۆى سوار شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵک بکات. هەمیشە هەوڵیداوە توەڕەیى خەڵک لە دەسەڵاتى ستەمکارانەى ئەحزابى ناسیونالیست بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەى ئەمە بکاتە رێگاو کەرەسەى گۆڕانى جێگا مەبەستى خۆى. ئەمڕۆش ئەو گەردەلولى گۆڕانەى لە رۆژئاواى دنیاى عەرەبەوە هەڵیکردوەو چاوەڕوان دەکرێت، زوو یان درەنگ، نەسیمەکەى بەسەر عێراق و کوردستانیشدا بێت، وەکو فرسەتێکى تر چاو لێدەکات بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆى. بە تایبەتى ئەمە لە هەڵومەرجێکدا هاتوەتە پێشەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لە کوردستان ناکام ماوەتەوە. دوا پەیامى ئەوان ئەوەبوو کە ئەگەر خەڵکى کوردستان دەنگیان پێبدەن و چەند نوێنەرێکى ئەوان بەرنە ناو پەرلەمانەوە، ئیتر ئەوان دەتوانن وەکو هێزێکى ئۆپۆزیسیون، گوشار لەسەر دەسەڵات توند بکەنەوەو بەو جۆرى نەوشیروان مستەفا ووتى: “دەیگۆڕین”. بەڵام وا ساڵ و نیویک بەسەر بەشدارى گۆڕان لە پەرلەمان و گێڕانى دەورى ئۆپۆویسیون تێدەپەڕێت، لەم ماوەیەدا بۆ جەماوەرى خەڵک رۆشن بوەتەوە، کە بون و نەبونى نوێنەرانى گۆڕان لە پەرلەمان، بە هەموو هەراو هۆسەو پرتە و بۆڵەکانیانەوە، جیاوازیەکى نەبوەو بە ئەندازەى سەرە دەرزیەک ئاڵوگۆڕى لە ژیانى واقعى خەڵکدا پێکنەهێناوە.
گرفتە گەورەو قوڵەکانى کۆمەڵگاى کوردستان ئەمرۆ لە هەموو کاتێک زیاتر وەکو رۆژى رووناک لە پێش چاوى جەماوەرى ملیونى خەڵکى کوردستاندا خۆیان زەق کردوەتەوە. کۆمەڵگاى کوردستان پێویستى بە ئاڵوگۆڕێکى ریشەیى هەیە لە سیستەمى سیاسى و ئابوریدا، پێویستى بە ئازادى هەیە، ئازادى لە سەرکوت و لە تیرۆر و لە ستەم و ملهورى و لە پێشێلکردنى ماف و پێوانە مۆدێڕن و ئینسانیەکان. ئازادى رادەربڕین و رەخنەگرتن و هەڵسوڕانى سیاسى و حیزبى و جەماوەرى، ئازادى بەیان، ئازادى لە رکێفى کاریزماو موقەدەساتى قەومى و دینى، ئازادى لە دەسەڵات و یاسا و نەرێتى دواکەوتوانەى دین و مزگەوت و عەشیرەت و ئاسمان. کە ئێستا سەرتاپاى ژیانى رۆژانە خەڵکیان لە ژێر گوشارى توند داناوە.
کۆمەڵگاى کوردستان پێویستى بە سیستەمێکى ئابورى ئەوتۆ هەیە، کە بوارى کارو داهێنان بەرووى ملیونەها ئامادە بەکارى ئەم کۆمەڵگایەدا بکاتەوە، بۆ ئەوەى بە داهێنانى خۆیان هەرچى پێداویستى ژیانێکى خوش و بەختەوەر هەیە دابین بکەن. پێویستى بە سیستەمێک هەیە کە رێگا بگرێت لەوەى جەماوەرى ملیونى هەڵسوڕین و رەنج بدەن بەڵام خۆیان برسى و بێدەرەتان بمێننەوە، لەو لاشەوە کەمایەتیەک کە دەست لە سارد و گەرم نەدەن، بەڵام سەروەت بەسەریاندا ببارێت. ئەم کۆمەڵگایە پێویستى بە سیستەمێکە کە چارەسەرى هەژارى و نەبونى و بکات، پێویستى بە سیستەمێکە کە ژیانێکى تەسەل، تەندروستیەکى هەمەلایەنە، پێداویستیەکانى رۆژانە لە ئاستى مۆدیۆنى هاوچەخدا، فریاکەوتنێک بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەل، …مسۆگەر بکات.
ئەم گۆڕانە پێویستە، هیچ لێکچونێکی نیە لەگەڵ ئەو گۆڕانەى بزووتنەوەى گۆڕان بانگیشەى بۆ دەکات. ئەو بەرنامەیەى کە گۆڕان رایگەیاندوە، دورو نزیک پەیوەندى بەو ئاڵوگۆڕە پێویستەوە نیە کە دەبێ لە کوردستاندا پێکبێت. ئەو گۆڕانەى بزووتنەوەى گۆڕان بانگیشەى بۆ دەکات و بەرنامەى بۆ راگەیاندوە، تەنها گۆڕانى دەسەڵاتى یەکێتى و پارتیە بە دەسەڵاتى بزووتنەوەى گۆڕان، بە هیچ جۆریک ئازادى بۆ خەڵک بەو مانایەى سەرەوە لە بەرنامەى بزووتنەوەى گۆڕاندا جێگاى نابێتەوە و بەڵکو ناکۆکى قوڵیان لەگەڵ یەک هەیە. بزووتنەوەى گۆڕان وەکو باڵێکى بۆرژوا-ناسیونالیستى کورد، خۆیشى هەر وەکو پارتى و یەکێتى، بە توندى دەستى بەو دابو نەرێت و فەرهەنگ و سیستەمە سیاسیە بیروکراتیک و سەرو خەڵکیەوە گرتوە کە ئێستا خەڵک بەدەستیەوە گرفتارە. لە بەرنامەى بزووتنەوەى گۆڕاندا، ژنان هەر هاولاتى پلە دوەم و کۆیلەى مالو گرفتارى پیاوسالارین، دەست وثێی ئازادى بە جۆرەها قەیدو بەن شەتەک دراوە، لاوان کۆیلەى دواکەوتویى و نەرێتە دارزیوەکانى ئیسلام و ناسیونالیزمن، کرێکاران هەر کۆیلەى بەکرێن، بەم پێیەش هەژارى و بێدەرەتانى و دابەشبونى کۆمەڵگا بۆ کەمایەتیەکى سەروەتمەندو زۆرایەتیەکى بێبەش، لە بەرنامەى گۆڕاندا، نەک باسێک لە چارەسەر کردنى نیە بەڵکو تەنانەت وەکو گرفێتک چاوى لێنەکراوەو بەدەست لێنەدراوى دەمێنێتەوە.
جیاواز لە بەرنامەى تازە راگەیەنراوى بزووتنەوەى گۆڕان، تاقى کردنەوەکانى پێشوو، بێگانەیى ئەم هێزو بەدیلەیان بە ئاوات و ئامانج و ئاڵوگۆڕ لە بەرژەوەندى چەوساوەکانى کۆمەڵگاى کوردستان نیشانداوە. لە بە ناو هەڵبژاردنى پێشوى کوردستاندا، ئەوان گفتیان بە خەڵکدا کە ئەگەر دەنگیان پێبدەن و بیانێرنە پەرلەمان، ژیانیان دەگۆڕن. بەڵام یەکساڵ و نیو رابردو نیشانیدا ئەوە پڕوپاگەندەیەکى چەواشەکارانە بوو. لە خرۆشانى جەماوەرى خەڵکى کوردستان دژى تیرۆرى سەردەشت عوسمان، بزووتنەوەى گۆڕان سەرەتا هەرایەکى گەورەى بەرپاکرد، بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە بزوتنەوەى گۆڕان، ئەو خرۆشانەى خەڵکى قۆستەوە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانى خۆى. دواى ئەوەى پارتى گفتى پێدا کە مەرام و مەبەستەکانى خودى بزووتنەوەى گۆڕان جێبه‌جێ بکات، ئیتر بزووتنەوەى گۆڕان هەم پشتى لەو خرۆشانە کردو هەم لە هەنگاوى دواتردا کە سیناریۆى تۆمەتى تیرۆریستى بۆ سەردەشت عوسمان هەڵبەسترا، هیچ کاردانەوەو تەنانەت هەڵوێستێکى لە خۆى نیشان نەدا. بزوتنەوەى گۆڕان رۆژێک خەریکى سازش و سات و سەودایە لەگەڵ پارتى و یەکێتى، رۆژێک هاوپەیمانى دەستەو تاقمە ئیسلامیە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکان و دەست بە دامێنى مزگەوت و مەلایە، رۆژێکى تریش دەیەوێ کەڵک لە توڕەیى خەڵک و مەیلى خەڵک بۆ ئاڵوگۆڕ وەرگرێت.
هیچ شتێک لەوە بەڵگە نەویست تر نیە، کە کۆمەڵگاى کوردستان پێویستى بە ئاڵوگۆڕ هەیە، هیچ شتێک لەوە بەڵگە نەویست تر نیە کە تواناى شۆڕشگێڕانەى خەڵکى کوردستان دەبێ بە نەسیمى ئەو گەردەلولە ببوژێتەوە کە لە تونس و میسر و ووڵاتانى ترى عەرەبیەوە هەڵیکردوە. دەبێ ئەو دکتاتۆرانەى تازە لە کوردستان کەوتونەتە سەرپێ، هەر وەکو میعمەر قەزافى کۆنە دیکتاتۆر، لە ترسى هاتنەمەیدانى خەڵک خەو نەچێتە چاویان. بەڵام بە هەمان ئەو ئەندازەیەى ئەم ئاڵوگۆڕە پێویستە، خۆ جیاکردنەوە لە پیلان و بەرنامەى بزووتنەوەى گۆڕان و بزووتنەوە کۆنەپەرستەکانى تر پێویست و حەیاتیە. ئەوان دەیانەوێ خەبات و تێکۆشانى خەڵکى ستەمدیدە بۆ جێگایەک بەرن کە پێچەوانەى بەرژەوەندى خۆیانە. ئێمە نیزکەى 20 ساڵ لەمەوبەر کاتێک بە خەڵکى کوردستانمان دەگوت سیستەمى پەرلەمانى، سیستەمى دەسەڵاتدارێتى خەڵک و نوێنەرایەتى واقعى خەڵک نیە و زامنى ئازادى نیە، ئەگەر ئەوکات خەڵکى کوردستان بە حوکمى نەبونى تەجروبە لەم بارەیەوە، بە هەر ئەندازە حەقیان بووبێ ئاسان بەو بۆچونەى ئێمە باوەڕ نەکەن، بەڵام ئەمڕۆ دواى تەجروبەیەکى تاڵ و درێژ لەگەڵ ئەم سیستەمە، بەو جۆرەى لە عێراق و کوردستاندا زەمینەى پیادەکردنى هەیە. نابێت هیچ گومان و خۆشباوەڕیەک لەوەدا مابێتەوە کە سیستەمى پەرلەمانى شتێک نیە، جگە لە شێوەیەک لە شێوەکانى بیروکراتیکى سەرو خەڵکى بورژوازى. ئەو پەرلەمانەى کە تازە بزووتنەوەى گۆڕان دەیکاتە مژدەدرى “دەیگۆڕین” و رزگارى خەڵک لە زوڵم و ستەم، شتێک نیە جگە لە ناردنى نوێنەرانى ئەحزاب و بزووتنەوە بورژوازیە دەست رۆیشتوەکان، بۆ ئەوەى بڕۆن لە هۆڵى پەرلەماندا بە چاوى خەواڵو بە ناوى نوێنەرانى خەڵکەوە، دەستى بەلێ وتن بۆ سیاسەت و بڕیارەکانى دەسەڵاتى ستەمکاران و دکتاتۆرەکان هەڵبێنن و هوتافى بۆ بکێشن. بە ناوى نوێنەرانى خەڵکەوە پەنجەمۆر بۆ داپڵۆسینى خۆپێشاندانى خەڵک و خنکاندنى دەنگى ناڕەزایەتى خەڵک و پاساو هێنانەوە بۆ نەبونى سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکان و …هتد بکەن.
ئەم رەوتى ئاڵوگۆڕەى لە ناوچەکە دەستى پێکردوە، هەر لە بنەڕەتەوە جیاوازى زۆرى لەگەڵ ئەو گۆڕانە هەیە کە بزووتنەوەى گۆڕان مەبەستیەتى. ئەمە هاتنەمەیدانى جەماوەرى کرێکارو زەحمەتکێش و بەگەڕکەوتنى ئیرادەى ئەوانە، ئەگەرلە کوردستانیش بجوڵێت و بەگەڕ بکەویت، نە میلیشیاى یەکێتى و پارتى و نە دەزگاى زانیارى و پاراستن ناتوانن لە ئاستیدا خۆیان راگرن. بەڵام مەسەلەى زۆر گرنگ و حەیاتى و چارەنوس ساز ئەوەیە کە هاوشان لەگەڵ ئەم رەوتى گۆڕانە لەگەل ئەوەى کە دەبێ خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێشى کوردستان بەخۆ بکەون، پێویستە بە ئاڵایەکى سەربەخۆ لە ناسیونالیزم و بزووتنەوەى گۆڕان و بەدیلى کۆنەپەرستى ئیسلامى، لە دەورى بەرنامەى رۆشن و جیاوازى خۆیان، لە پێناو داهاتویەکى روناکى پیناسەکراو بە هەموو لایەنەکانیەوە، بینەمەیدانەوە. دەبێ زۆر بە وردى لایان روون بێت کە چیان دەوێ و چۆن بە خەبات و قوربانیدانى خۆیان ژیانى واقعى خۆیان بەرەو باشتر دەگۆڕن؟ نابێ ئەم فرسەتە لە دەست بدرێت. بەڵام مەرجیکى هەرە سەرەکى لە دەست نەدانى ئەم فرسەتە، ئەوەیە وەکو بزووتنەوەیەکى سەربەخۆ بۆ ئامانجى سەر بەخۆ بە سیاسەت و تاکیتکى سەربەخۆوە بەرێکەوێت و تا کۆتایى رێگا هەر بەو جۆرە بڕواتە پێش.
بەرنامەى ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانە بە قازانجى جەماوەرى کرێکارو ستەمدیدەى کوردستان، دەبێ رووى لەوە بێت سیستەمێکى سیاسى ئازادو پێشکەتوانەى پشت بەستو بە ئیرادەى راستەوخۆو بەردەوامى خەڵک بەرپا بکات. نەک وەکو سیستەمى پەرلەمانى 4 ساڵ جارێک پەنجە مۆرى خەڵک بدەن بە تاقێمک بۆ ئەوەى بڕۆن بڕیار لە دژى بەرژەوەندى خەڵک مۆر بکەن، بەڵکو سیستەمێک بێت کە هەمیشەو بەردەوام، لەژێر چاودێرى و ئیرادەى خەڵکدا بێت. هەرکات پێیان خوار داناو پێچەوانەى بەرژەوەندى خەڵک جوڵانەوە، خەڵک بتوانن لە نوێنەرایەتیان بخەن و کەسى دیکە لە جێگایان دابنێن. سیستەمى شورایى بە باشترین شێوە دەتوانى ئەم ئیرادە راستەوخۆ و بەردەوامەى خەڵک مسۆگەر بکات.
سیستەمێکى سیاسى بەم جۆرە دەبێ دەستبەجێ رابگەینێت کە لە کوردستاندا، ئازادى بێقەیدو شەرتى سیاسى، ئازادى رادەربڕین و رەخنەگرتن و هەڵسورانى سیاسى و حیزب دروستکردن بەرقەرارە. دین لە دەوڵەت جیایە، دین کارى تایبەتى هەرکەسێکە، هەرکەس دەتوانێ هەر دینێکى هەبێت یان هیچ دینێکى نەبێت، دەخاڵەتى دین لە دەوڵەت و لە پەروەردەو خوێندن قەدەغەیە. ژنان وپیاوان لە هەموو مافێکدا یەکسانن، هەموو هاوڵاتیانى کوردستان بەدەر لە زمانى قسەکردن و بیروباوەرو …یەکسانن و هەر جۆرە هەڵاواردنێک قەدەغەیە. گەندەڵى و تاڵان و بڕۆى ئەم 20 ساڵەى پێشوو لێکۆڵینەوەو دادگایى بۆ دەکرێت و داهاتى بە تاڵان کەڵەکە کراوى حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرانیان دەستى بەسەردا دەگیرێ و دەخرێتە سەر بودجەى وڵات، میلیشیاکان هەر ناوکیان هەیە هەڵدەوەشێنەوەو هێزى چەکدار بەدەست شوارکانەوە ئەمنیەتى کۆمەڵگا لە هەموو مەترسیەک دابین دەکەن، کارى گونجاو یان بێمەى بێکارى پێویست بۆ ژیانێکى تەسەل بۆ هەموو ئامادە بە کارێک دابین دەکرێت، پێداویستیەکانى ژیانى رۆژانەى خەڵک وەکو ئاوو کارەبا و دکتۆرو دەرمان و خوێندن و….بە پێوانیەکى مۆدێڕن و بە خۆڕایى بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین دەکرێت، هەروەها چارەنوسى ئەم کۆمەڵگایە بۆ یەکجارى لە دڵەڕاوکیی نێوان رێگاچارەى کۆنەپەرستانەى فیدراڵیزم و هەڕەشەى هەر رۆژەى دارودەسەتە ناسیونالیستە عەرەبیەکان و مەترسى پێکدادانى قەومى، رزگار دەکات و بە بەرپاکردنى ریفراندۆمێکى ئازاد و گشتى، بڕیار لە سەر چارەنوسى ئەم کۆمەڵگایە بە جیابونەوەو پێکهێنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆ یان مانەوە لەگەڵ عێراق، دەسپێرێت بە راو ئیرادەى راستەوخۆى خەڵک.
کاتى قۆڵ هەڵماڵین بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە پێگەیشتوە. کاتى دەسکۆتاکردنى حیزبە ناسیونالیستە میلیشیایى و عەشیرەتیە تاڵانچیەکان پێگەیشتوە. هەروەها کاتى تێپەڕاندنى یەکجارى بەرنامەو فڕوفیشاڵى فریوکارانەى بزووتنەوەى گۆڕانى ناسیونالیستى ئاوێزان لەگەڵ کۆنەپەرستى ئیسلامیش پێگەیشتوە. حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى، حیزبى ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتى و شۆڕشگێڕانەیەیە و هەر لەم پێناوەشدا دروستبووە. جەماوەرى کرێکاران و ستەمکێشانى کوردستان بە راوەستان لە دەورى بەرنامەى کۆمۆنیستى و لە پشتى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریەوە دەتوانن هەلومەرج بە قازانجى خۆیان بگۆڕن.


31ى کانونى دووەم 2011

رێبوار ئەحمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.