Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە هەر وڵاتێک دەسەڵات کۆنەپەرست بوو، ئەوە بزانە رۆشەنبیرانی ترسنۆکن

لە هەر وڵاتێک دەسەڵات کۆنەپەرست بوو، ئەوە بزانە رۆشەنبیرانی ترسنۆکن

Closed
by February 3, 2011 گشتی



ئەگەر بە پێشکەوتووخواز و روناککەرەوەی رێگە تاریکەکانی ژیان خوێندنەوە بۆ چەمکی رۆشەنبیر بکەین، ئەوە دەبێت رۆشەنبیران لە ململانەیەکی بەردەوام دابن لە دژی بیر و باوڕە تاریک و دواکەوتووەکان، بۆ ئەوەی لەلایەک ببن بە سەرچاوەی هۆشیاریی و بەروپێشچوونی خەڵک، لە لایەکیتر حوکومەت و حزب و هەموو تاکەکانی کۆمەڵ لە سەرۆک تا سادەترین کەس بخەنە ژێر رکێفی یاسایەکی شارستانیانە، کە لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ دامەزرابێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی تاک.
هەرچی لە کوردستانە رەوشی رۆشەنبیری و رۆشەنبیران بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەیە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە ببێتە جێگەی تێڕامانی هەموو ئەو کەسانەی، کە مەبەستیان بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەکەیانە، (بەتایبەت گەنجان). پێویستە گەنجان ئەو پرسە بخەنە بەرباس و لێکۆلینەوە و نەترسانە رووبەڕووی ئەو ناوە زلانە ببنەوە، کە بە هێزی سیاسی خۆیان بەسەر هەموو بوارەکانی رۆشەنبیری سەپاندووە و بوونەتە کارمەندی بچوک و لاوازی دەسەڵاتێکی کۆنتڕۆلکراو بە عەقلیەتی خێلەکی و کۆنەپەرستی دینی.
من لە ئەنجامی تێڕامانەکانی خۆم گەیشتوومەتە ئەو باوڕەی، کە پێشتریش باسم کردووە، رۆشەنبیری کورد زادەی عەقلی سیاسییە، عەقلیەتی سیاسەتیش لە کوردستان بۆ ململانە و بەرژەوەندیە خێڵەکی و بنەماڵەیەکان ئەگەڕێتەوە، هەموو کارەساتە گەورەکان لە مێژووی کورد هۆکارەکەی ناکۆکی و دووبەرەکی میر و ئاغا و شێخ و مەلاکان بووە، لە پێناو بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی خۆیان خەڵکیان بە کۆمەڵ کردۆتە قوربانی، لەسەردەمی نوێی خەباتی سیاسیشدا، کە پێشەوایەتی هەموو بزوتنەوەکان ئاغا و شێخ و مەلا بوون، رۆشەنبیرانی کوردیش سەرەتا بەشێکیان هەر لەو بنەماڵانە بوون، بەشێکیتریشیان بەتەواوەتی لەژێر کاریگەری ئەو بنەماڵانە بوونە، ئەو بەشەشی، کە پێیوابووە ئەم سنورە ئەبەزێنێت و بە هەوڵ و کۆششی رۆشەنبیرانەی خۆی ئەتوانێت گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگە دروست بکات، بەداخەوە ئەم هەوڵانە لە ماوەیەکی کورت نائومێد بوونە و زۆر بە خێرایی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هێزە سیاسیەکان و پەنایان بۆ کەسایەتیە خێڵەکی و ئاینەیەکان بردووە، لە دەرئەنجامدا بزوتنەوە رۆشەنبیریەکان لەناو بزوتنەوە سیاسیەکان ون ئەبن و بزوتنەوە سیاسیەکانیش بە درێژایی مێژووی نوێی کورد رۆشەنبیرانیان خستۆتە خزمەتی خواستە تەسک و کورتبینیەکانی خۆیان، هەرچی مەلا و شیخەکانن بەردەوام سودیان لە بزوتنەوە سیاسیەکان بینیوە و توانیویانە بە ناوی ئەوەی کە زۆرینەی مللەتی کورد ئیسلامە ئەو بزوتنەوە سیاسیانە بخەنە ژێر کاریگەری کۆنەپەرستانەی خۆیان، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی هەموو ئەو بزوتنەوە سیاسیانەی کورد لە دواکەوتوویی و نەزانی خەڵکی کورد بووە، بۆیە بەردەوام عەقلیەتی دینی و خێڵەکی باشترین یاریدەدەر و پاڵپشتی بزوتنەوە سیاسیەکان بووە و بە یەکەوە توانیویانە زۆرترین کۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەم رەوتی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگە، کارەساتی گەورە لەوە بووە، کە لەتەک ئەو نەهامەتیە بەشێکی زۆری خوێندەوار و نوسەر و رۆشەنبیری کورد لە پێناو بەرژەوەندیە تەسک و تایبەتیەکانی خۆیان چوونەتە ژێر رکێفی ئەو بزوتنەوە سیاسیانە و بوونەتە داردەستی سەرکردایەتیەکی دواکەوتوو و کۆنەپەرست، کەواتە ئەو رێگە هەڵە و ناتەندروستەی ئەو دەستەو کەسە بەناورۆشەنبیرانە لە رابردوودا گرتوویانەتە بەر لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان ئەمڕۆ بۆتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئازادی و بەرەوپێشچوون، لەهەمان کاتدا بۆتە رێچکەیەکی چاولێکەریانە بۆ بەشێک لە نوسەر و هونەرمەندە گەنجەکان کە ئەوانیش لە پێناو بەرژەوەندیە تەسک و کورتەکانی خۆیان هەمان رێگەی بەناوڕۆشەنبیرانی پێش خۆیان ئەگرنەبەر و لە دواڕۆژدا ئەبنەوە بەربەست لەبەردەم ئازادی و پێشکەوتن، بەم شێوەیە نەبوونی بوێری بۆ رووبەڕووبوونە بۆتە باشترین زەمینە بۆ بەناوسیاسیەکان، کە هەموو بوارەکانی ژیان بە رۆشەنبیریشەوە بئاخنە ناو چوارچێوەی حزب، کەواتە هەموو ئەو کەسانەی، کە لەناو حزب یان دامودەزگەکانی سەر بە حزب کار ئەکەن هەموو بەرهەماکانیان لە خزمەتی حزب دائەبێت نەوەک لە خزمەتی رۆشەنبیری ئەگەر بەرهەمەکە تەواو ئەدەبی یان هونەریش بێت. پاساوی زۆر لەو بەناوڕۆشەنبیرانەی، کە لە ناو حزب و دامودەزگەکانی حزب کار ئەکەن ئەوەیە، کە ئەوان ئەتوانن یان توانیویانە حزب بخەنە خزمەتی خۆیان و خزمەتی ئەدەب و هونەر و رۆشەنبیری، کە ئەوەش جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکانێکی سادە و ساویلکە بترازێ هیچیتر نییە، تا ئەو کاتەی رۆشەنبیرانی دەرەوەی حزبەکان و دامودەزگە حزبیەکان نەتوانن خۆیان لەو بەناوڕۆشەنبیرە هەڵپەرست و مشەخۆرانە جیابکەنەوە ئەوە ئەبێت، ئەوە بزانن، کە دواجار هەر کار و کردەوەیەکی رۆشەنبیرانی دەرەوەی حزبەکانیش ئەچێتەوە چوارچێەوەی خزمەتی حزب، بۆ ئەو مەبەستەش حزبەکان وەک تاکتیک کۆمەڵێک لەو بەناورۆشەنبیرانەیان بە شێوەیەکی رووکەش لە خۆیان جودا کردوونەتەوە و بە ناوی لایەنی بەرهەڵستکار ئەیانخەنە روو، بۆ ئەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان پێبکەن، کە گوایە ئازادی بیر و ڕا هەیە و رێگە دراوە بە چەندین رێکخراو و حزب و رۆژنامە، کە بە ئازادانە رەخنە لە دەسەڵات بگرن، ئەوە رووکەشەکەیەتی، بەڵام لەناوەڕۆکدا هەموو ئەو کارانەی ئەو بەنارۆشەنبیرانە ئەیکەن بریتیە لە خزمەتی حزب، بۆیە ئەوەی، کە بۆ ئەوان رێگە ئەدرێت بۆ کەسێکیتر رێگە نادرێت، چونکە دەسەڵات چاک ئەزانێ، کە کاری بەرهەڵسکارانەی ئەو بەناورۆشەنبیرانە لە ساردکردنەوە و خاوکردنەوەی توڕەیی خەڵک تێپەرناکات، لە کاتی پێویستیش بەکاریان دێنەوە بۆ ترساندی خەڵک لە هەیمەنەی حزب و دەسەڵات، بەوەی، کە دەسەڵات توانای کپکردن و لەناوبردنی هەموو دەنگێکی ناڕەزایی هەیە، هەر هیچ نەبێت خەڵک بە شەڕی ناوەخۆی نێوان دەسەڵاتە حزبی و سیاسیەکان ئەترسێنن، بەو شێوەیە داوا لە خەڵک ئەکەن، کە بێدەنگ بن و بە هەموو ئەو بار و دۆخە رازیبن، کە لە کوردستان هەیە، ئەگەر ناڕەزایەکیش هەبێت با لە رێگەی ئەوانەوە بێت، بە هەمان عەقلیەتی دەسەڵات بیر ئەکەنەوە چۆن دەسەڵات رێگە بە هەموو کارێک ئەدات، کە لە رێگەی ئەوانەوە بێت، ئەو بەناوڕۆشەنبیرانەش شەرعییەت تەنها بەو ناڕەزایانە ئەدەن، کە لە رێگەی ئەوانەوە بێت، بەم شێوەیە داخوازی خەڵک لە نێوان دوو بەردەئاشی دەسەڵات و بەناوبەرهەڵسکاران وورد و خاش ئەکرێت.

هەندرێن حەمەدەمین
Handren88@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.